٥\١١\٢٠١٥
کورد و پرسی دیموکراتی.

ستار محەمەد قادر
کورد حەزی بەچارەی دیمۆکراتی نیە، بەناچاری خۆی پێیەوە هەڵئەواسێ و
ناوی دەهێنێ، پێی خۆشە بڕواتە خوازبێنی دیمۆکراتی، بەڵام بۆ ئەڵقە
گۆڕینەوەکەی خۆی ئەدزێتەوە!
دۆستەکانمان ئامۆژگاریمان ئەکەن، بۆ ئەوەی زیاتر هاوکاریی و پشتگیریمان
بکەن، پابەند بین بەبنەماکانی دیمۆکراسیەتەوە، لێ ئێمە نامانەوێ دڵی
دووژمنەکانمان لەخۆمان بڕەنجێنین!
رۆژێک لای بەرپرسی یەکێک لەم پارتە سیاسیانە دانیشتبووم، وتی
بەژەنەڕاڵێکی هێزەکانی ئەمریکام وتووە، ئەو دیمۆکراسیتەی لای ئێوە،
لێرە ناتوانێت وەکو پەنابەریش بمێنێتەوە، چونکە لێرە سەربازێک ناتوانێت
لەبەرانبەر ئەفسەرەکەیدا پێ بخاتە سەر پێ و بەکەماڵی ئیسراحەت دابنیشێت،
ئەو راست ئەکات، ئاخر بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لەدەست نەدەن و بەچاوی
رەعیەتەوە لەخەڵک بنواڕن، دەبێ دیمۆکراسیەت وەکو مۆتەکە تەماشا بکەین!
پارتە سیاسی و سەرکردەی حیزبەکان زۆر ئەزانن، بۆ ئەوەی دیمۆکراسیەت
لەپێش چاوی هەموان خەوشدار بکەن، سازانیان داتاشی، چونکە باش لەوە تێ
گەیشتبوون، ئەو دەسکەوتەی لەتەوافوق دەیچننەوە، دیمۆکراسییەت لێیانی
دەسێنێتەوە، ئەوەی تەوافوق پێیان دەبەخشێت، ناتوانن لەگیرفانی
دیمۆکراسییەت بیگرنەوە، سازان کرا بەتایتڵی هەموو شتێک، حکومەتی
یەکڕیزی نیشتیمانی بەحەوت مانگی بوو بەنۆبەرەی سازان، کەچی ئەویش
بەهەتیوی سەری نایەوە!
ئەوە زۆر راستە، پارتە سیاسیەکان، زۆر حەز بەوە دەکەن وەکو پارتێکی
دیمۆکراتخواز پەنجەیان بۆ درێژ بکرێ و بناسرێن، ئەوە لەئاستی دەرەوە،
بەڵام بۆ ناوەوە، حەزیان لەدیمۆکراسیەتێکی شکڵییە، حەز بەوە دەکەن
سەرپۆشی دیمۆکراتی لەسەر بنێن، لێ بەئەقڵێکی پاوانحوازی، وەکو سەرجەم
رژێمە شمولیەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوان شاگەشکەن بەدیمۆکراسیەتی
روواڵەتی، دەچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، بەڵام بەڕێژەیەکی نەگۆڕەوە!
پرسی دیمۆکراتی لەلای کورد، پرسێک نیە گرنگی پێ بدرێ و دەست و پەنجەی
لەگەڵدا نەرم بکرێت، بەڵکو لەنێو هەر دوو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا،
رۆژانە بەر شەق و زلە ئەدرێت، لەهەر وێستگەیەکدا هەوڵ ئەدەین
بەشێوەیەکی زۆر ناشیرین لەزیهنماندا وێنای بکەین، ئاخر ئەگەر لەچەمکی
دیمۆکراتی بەباشی بگەین، دەبێت دەسبەرداری زۆر شت ببین، چونکە بتەوێت
شتێک بەدەست بهێنی، دەبێت لەبەرانبەریدا شتێک بدەیت، لەحەقیقەتدا کورد
نایەوێت دەسبەرداری هیچ شتێک ببێ و هیچیش وەربگرێت!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|