٢١\١٠\٢٠١٥
کورد و پرسی
سەربەخۆیی.

ستار محەمەد قادر
فڕێدانی قسەو زەقکردنەوەی وەکو درووشم، لەگەڵ ھەنگاو نان بۆ گەیشتن بە
ئامانج، دووشتی تەواو لەیەکتری جیاوازن، ئەو دونیا بینیەی شتەکان تەنھا
لەقسەدا کوورت دەکاتەوە، یان وەکو درووشم تیشک دەخاتە سەریان، جیاوازە
لەو دونیا بینیەی کە ھاوتەریب لەرووی کردارییەوە کار بۆ
پراکتیزەکردنیان دەکات!
کاتێک قسەکردن بەھای خۆی لەدەست ئەدات، کەھەنگاوی کرداریی بەشوێنی
خۆیدا نەھێنێت، ئەو کاتە بێ ئەرزش تەماشا ئەکرێت، دیاردەیەک بێت لەنێو
خۆدا دەرخواردی بەشێک بدرێت و لەنێو بازنەی ململانێیە نێو خۆییەکاندا
دەق وەربگرێت!
زۆرجار ئەم پرسە لەلایەن سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە
دەوورووژێنرێت، بەوپێیەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیشە، لەزۆر شوێن ئەوەی
دووپات ئکاتەوە، کەکورد وەکو ھەر گەلێکی دیکە مافی رەواو شەرعی خۆیەتی
دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی رابگەیەنێت، ھەندێک کاتیش وەکو کارتێکی فشار
بەرانبەر بەناوەند بەکاری ھێناوە!
تا ئێرە شتێکی ئاساییە، بابێین بزانین ئەم پرسە تا چەند لەنێو خۆی
ھەرێمی کوردستان قسەو راوێژی لەسەر کراوە، وەکو دەبیستین، ئەم پرسە تا
ئێستا پەیوەستە بەھێزێکەوە، کەواتا لەرووی خوودییەوە کاری بۆ نەکراوە،
لەرووە بابەتیەکەیشەوە تەنھا وەکو نموونەیەکی ئاسایی ھێتراوەتەوە،
ئەگەر قسەکردن، یان تیشک خستنە سەر ئەم پرسە بۆ ئەوە بووبێت تا زەمینە
سازیی بۆ بکرێت، ئێ خۆ دەبوایە لەنێو خۆی ھەرێمی کوردستان شەقڵ
وەربگرێت!
چونکە بابەتەکە ئەگەر لەھەر دوو رووی بابەتیی و خوودییەوە ھاوسەنگی
وەرنەگرێت، دەچێتە قاڵبی مەحاڵەوە، ئەدی باشە چ ھۆکارێک لەپشتی
ئەوەوەیە کە لەرووی بابەتییەوە قسەی لەسەر بکرێ و لەرووی خوودییەوە
پەراوێز بخرێت؟
بۆ ئەوەی بەنێرینی گوومانەوە لەپرسێکی وا ھەستییار نەنواڕین، یان
بڕیاری یەکلاییکەرەوە نەدەین، دەبێت بەرچاو روونی ئەوەمان ھەبێت،
بزانین کورد چۆن و بەکام میکانیزم دەیەوێت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات؟
ئەگەر لەرووی باریی داراییەوە تەماشای رەوشی ھەرێمی کوردستان بکەین، تا
ئێستا مووچە خۆری ناوەندەو سەرەڕای فرۆشتنی نەوتیش لەقەیرانێکی
ئابووریی قووڵدایە، کاتێک قسە کردن لەسەر ئەو پرسە ناچێتە قاڵبی
موزایەدات و ململانێی حیزبیەوە، ئابوورییەکی سەربەخۆی لەپشتەوە بێت،
ئەوەی روون و ئاشکرایشە، ئابووریی سەربەخۆ بەتەنھا سێکتەرێک وەدی نایات.
دەکرێت لێرەدا پرسیارەکە بەشێوەیەکی دیکە بوورووژێنین، ئەگەر پرسی
سەربەخۆیی لەئەجێندای حکومەتی ھەرێمی کوردستاندایە، بۆ کاری بۆ
بووژانەوەی سێکتەرەکانی تر نەکردووە؟ بۆ ئەوەی لەکاتی راگەیاندنی
دەوڵەتی سەربەخۆدا تووشی شکست نەبێت، مادام کارکردن بۆ وەگەڕ خستن و
پێشخستنی سێکتەرەکانی تر لەبەرنامەو پلانی حکەمەتدا نابینرێن، کەواتا
ئەو پرسە بەسیاسیی کراوەو کراوە بەقسەو بەخەڵکی دەفرۆشنەوە!
ئەگینا حکومەت دەبوایە شەوی بخستایەتە سەر رۆژ، بۆ ئەوەی خۆی سازو
ئامادە بکردایە بۆ پێشوازیکردن لەپێشھات و گۆڕانکاریەکان، چونکە
دەرەنجام بەم فۆرمەی ئێستای، بەچۆکدا دێت لەژێر بارێکی قوورس و گراندا
ناتوانێت ھەناسەیش بدات!
ئەوەی لەئەنگیزەی ئەم بابەتەوە دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم، ئەم پرسە بۆ
بەلای حکومەتەوە بەھەند وەرنەگیراوە؟ بەتایبەتیش سەرۆکی حکومەت و
سەرۆکی ھەرێم دوو کاراکتەرو سەرکردەی ناو یەک پارتی سیاسیین و لەھەردوو
رووی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە زۆر لەیەکەوە نێزیکن، ئێ خۆ نابێت ... یان
لۆژیکیش ئەوە قبووڵ ناکات، بۆ پرسێکی وا گرنگ، بێ ئاگا بێ و ھیچ راوێژی
پێ نەکرابێت!
لێرەوە دەبێت بکەوینە گوومانەوە، کە تائێستا وورووژاندنی ئەو پرسە، بۆ
دەسکەوتی حیزبی و شەخسی دەجووڵێنرێ و قسەی لەسەر دەکرێت، پرسێکی بابەتی
و جیددی نییەو ھێندەی وەکو قسە ئاماژەی بۆ دەکرێت، لەرووی کرداریەوە
ھیچ ئامادەکاریەکی بۆ نەکراوە، ئەوەتا بەچاوی خۆمان ھەرێمی کوردستان
دەبینین، کە سیخناخە لەقەیران، لەرەوشێکی وا قەیراناویدا پرسی
سەربەخۆیی چی شین دەکاو چی دەرەنجامێکی لێ ئەکەوێتەوە؟
لەسۆنگەی قەیرانەکانەوە، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کورد ئەگەر گڵۆپی
سەوزیشی بۆ ھەڵبکرێت، ناتوانێت بڕیارێکی لەوشێوەیە بدات، چونکە تا
ھەنووکە ئەوەی بەقسە دەریبڕیوە، بەعەمەلی پێچەوانەکەی ئەنجام داوەو دژی
وێستاوەتەوە!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|