په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٤

کورد و راسیزم (کوجا مەرحەبا).


ستار محەمەد قادر   


وەرگرتن یان داتاشین یانیش میتافۆڕکردنی هەر زاراوەیەک بۆ هەر مەبەستێک بێت بەبێ خوێندنەوەو ناوەندێکی ئەکادیمی هیچ جۆرە دەرەنجامێی باشی لێناکەوێتەوە، ئیستاتیکای کوردو خاکی کوردستان وەکو سەرمایەیەکی رەمزی لەبنەچەدا خۆی لەو پێکەوە ژیانەدا وێنا دەکات کە بەشێوە سروشتیەکەی لەواقیعدا بەرجەستەیە.


بەداخەوە روداوەکانی ئەم دواییە بون بەهۆکاری ئەوەی زاراوەیەکی نامۆ تێکەڵ بە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریمان بکرێت، کە ئەویش گوزارشت لەنەتەوە پەرستی دەکات، بەڕاستی زۆر ئەوە بەلامەوە سەیرە کە میللەتێک تا ئێستا سیاسی و سیاسەتمەدارەکانی سەرقاڵی موجامەلە کردنی عارەب و تورک و فارس ببن، چۆن ئەم میللەتە دەتوانێت ببێت بەڕاسیزم ؟


کورد ئەگەر تا ئێستا خاوەنی خیتابی قەومی و خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆی نەبێ و خوازیار بێت لەچارچێوەی وڵاتی عێراق و جێبەجێکردنی دەستورەکەیەوە هەناسەیەکی وەبەردا بێتەوە، چۆن دەتوانێت راسیزم بە باڵای خۆیدا بدورێت؟


ئەوانەی وا ئیدیعای ئەوە دەکەن، تەنها بریتیە لەدەربڕین و هەڵچونێکی کاتی، نەک کارکردن بۆ دروستکردنی رەوتێک بەرەو راسیزم، راسیزم لەخۆیەوە دروست نابێت، تا کاری بۆ نەکرێ و بەرگێکی ئیلاهی وەبەردا نەکرێت؟


کورد میللەتێکی موسڵمانەو بارگاویە بە ئیسلام، ئەمەش فاکتەرێکە بۆ ئەوەی راسیزمی کوردی بەرانبەر بە دوژمنکانی بەهیچ شێوەیەک سەرهەڵنەداو دروست نەبێت، ئەگەر لەئایدۆلۆژیای پارتە کوردیەکان بنواڕین، ئەو هێڵە جیاکاریە نابینین کە کورد وەکو نەتەوەیەکی جیاوازتر، پیرۆزتر لەوانیتر پێشانی کۆمەڵانی خەڵکی بدات، هەروەها تاک و کۆمەڵگەی کوردی سەرباری ئەو زوڵم و ستەمەی کە دوژمنانی دەرهەق بەو ئەنجامیان داوەو رەوایەتی پێدەدەن، تا ئێستا نەپەرژاوەتە سەر ئەوەی نەتەوە پەرستی و راسیزم لەدونیا بینیاندا چەکەرە بکاو سەرهەڵبدات.


راسیزم پێویستی بەئایدیا یان ئایدۆلۆژیایەک هەیە بۆ ئەوەی لەنێو هزرو ناخی تاکەکاندا تەوزیف بکرێت، شتێکی هەڕەمەکی و خۆڕسک نیە لەخۆیەوە سەرهەڵبدات، پێویستی بەسەرکردەیەکی کاریزمی و ئابوریەکی بەهێزو ماکینەیەکی ئیعلامی گەورەو سوپایەکی بەهێزو کیانێکی سەربەخۆ هەیە بۆ ئەوەی وەکو عەقیدەیەک تەماشا بکرێت، کورد بەم فۆرمەی ئێستای کە بەدەستی کۆمەڵێک کێشەی نێو خۆیی و دەرەکیەوە گیرۆدە بووە، نەک بواری ئەوەی بۆ نەڕەخساوە تا وەکو راسیزم بیر بکاتەوەو وەکو راسیزم هەڵس و کەوت بکات، بەڵکو تا ئێستا نەیتوانیوە قۆناغی قوربانی بونی خۆی بخاتە پەراوێزەوە، کورد تا حاڵی حازر مامەڵەی برا بچوک لەگەڵ دەورو دراوسێکەیدا دەکات، هەر ئەمەش بووە بەهۆکاری ئەوەی ئەوان خاکی کوردستان بە ماڵی خۆیان بزانن و بەلێشاو روی تێ بکەن، ئەو بچوک بینیەیش لەدونیای ئێمەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد تا ئێستا بێدەوڵەتەو لەڕوانگەی ئەوانیشەوە لەبەسرەوە تا زاخۆ خاکی عێراقەو بۆ هیچ کەسێک نیە منەت بەسەریاندا بکات، ئەم دیدە لای ئەوان بەشێوەیەکی رەها نەگۆڕەو بەردەوام کاری لەسەر نوێبونەوەی دەکرێت!


سەردانەکەی هادی عامری بۆ کەرکوک و لێدوانە ئاگراوینەکەی، ئەوەمان بۆ پشتراستدەکاتەوە، کە کورد تا چ ئەندازەیەک شەرمنانە مامەڵە بەخۆیەوە دەکاو تەنانەت روی ئەوەی نیە لەسەر مافە سروشتیەکانیشی بێتە دەنگ؟ ئەم بێدەنگیە ئەوەمان پێدەڵێت: میللەتێک ئەو جۆرە لێدوانانەی پێهەزم بکرێت و مافی بەرگریکردن بۆ خۆی بەڕەوا نەبینێت، ئەم و راسیزم (کوجا مەرحەبا)؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک