په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٦

کورد و راسیزم.


ستار محەمەد قادر   


زۆرجار لێرەو لەوێ، لەزاری ئەم سەرۆکی حزب یان ئەویتر، گوێبیستی ئەوە دەبین، کەکورد گەلێکی مبهرەبانەو تینووی گیانی تۆڵە سەندنەوە نیەو دوورە لەرەگەزپەرستیەوە، ئەگەر ئەم دیدە وەکو پێوەرێک وەربگرین، بۆ ئەوەی ئەوەمان بۆ روون و ئاشکرا بێت، کەبەحەقیقەت کورد لێبووردەیەو ئەو لێبووردەییەیش لەبیر فراوانیەوە سەرچاوەی وەرگرتووە، ئەی باشە بۆ لەنێو خۆیدا تەنها بەگیانی تۆڵە سەندنەوەوە مامەڵە دەکات؟!


بەبڕوای من، ئەو لێبووردەییەی کورد، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کەکورد راهاتووە ستەمی لێ بکرێ و دوا جار قبووڵیشی بکات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کەژێر دەستەیی کورد، یان دابەشکردنی خاکەکەی و داگیرکردنی، رەنگدانەوەی هەیە لەبیرکردنەوەو دونیا بینی ئەوی کورددا، بەواتایەکی تر، کورد ناتوانێت، یان ئەو بووارەی پێ نەدراوە، کەبتوانێت وەکو ئەوانیتر بیر بکاتەوە، لەئەدەبیاتی حزبە سیاسییەکانیشدا گیانی تۆڵە سەندنەوە نابینرێت، بۆ پشتراسترکردنەوەی ئەوەیش، وەکو بینیمان، دوای کارەساتی ئەنفال و کیمیا بارانی هەڵەبجە، جارێکی تر، وەکو ئەوەی هیچ رووی نەدابێت، سەرکردەکانی کورد روویان لەناوەند کردەوەو، بەماچ هەموو دونیایان تووشی شۆک کرد!


نەژاد پەرستن، یان راسیزم، لەخۆیەوە لەزیهن و دونیابینی تاکەکاندا بەرجەستە نابێت، بەتایبەتیش لەنێو گەلانی ژێر دەستەدا، چونکە راهاتووە لەگەڵ ئەوەدا کەدەبێ ئەویتر ستەمی لێ بکاو وەکو ئەرک دەبێ ئەمی ستەملێکراو قبووڵی بکاو بیانیش بوورێت و هیچ جۆرە ئەزموونیک وەرنەگرێت، حاڵەتی ئەزموون وەرنەگرتنیشی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کەزاکیرەی لاوازەو توانای کۆکردنەوەی نیەو بەردەوام پەنا بۆ سۆزو بەزەیی دەباو عەقڵ و مەنتیق پەراوێز دەخات، بەهیچ شێوەیەکیش ئەوە لەلای درووست نابێت، یان ناتوانێ خۆی لەژێر هەژموونی سۆزداری رزگار بکات، بۆیە بەردەوام دەیەوێت پەیامی خۆی لەو رێیەوە بگەیەنێت، کەئەم دووژمن و ستەمکار نییەو نابێت بەهەڕەشە بۆ سەر هیچ شتێکی ئەوان.


ئەم پەیامە، ئەوەندە لەژێر کاریگەری سۆزداریدایە، مۆرکی عەقڵ و مەنتیق پێیەوە نابینرێت، چونکە هەموو ئەو شتانەی کورد، کاردانەوەیە، نەک کار، ئەوەی ستەمکارو دڵ رەقە، ئەوە ئەوانن، نەک کورد!


لەکاتێکدا دەبووایە، لەدوای پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و کارەساتی کیمیا بارانی هەڵەبجەو قڕکردنی کوردەوە، کورد دیوارێکی کۆنکرێتی لەنێو زیهن و ناخیدا درووست بکردبایە، بۆ ئەوەی جارێکی تر سۆزو سۆزداریی و عاتیفە زاڵ نەبوونایە بەسەر بیرکردنەوەو دونیا بینیدا.


ئەوەی دەیبینین، بەداخەوە بەوە دەکات، کورد تائێستا واقیعی خۆی نەناسیبێت، کەئەوە ئەوی کوردە ستەملێکراوی دەستی ئەوانیترە، نەک بەپێچەوانەوە، هەر گەلێکیش خۆی نەناسێت، بەیەقینەوە توانای ئەوەی نابێت، ئەوانیتر بناسێت، ئا ئەمەیە هۆکاری راستەو خۆی ئەو سینە فراوانی و دڵ گەورەییەی کورد، کە هەندێک لەبێ ئاگاییانەوە، دەیانەوێت بەشێوەیەکی زۆر کۆمیدی ئاسا وێنەی بکەن، دەنا ئەگەر بەگوێرەی شەرعیش ببوایە، دەبوایە " العین بالعین، والسن بالسن " مان لەبەرانبەریاندا بەکار بهێنایە، نەک لەبەرانبەر دڵ رەقی ئەوان، لەلۆکە نەرمتر خۆمان بنوێنین!


بەدڵنیاییەوە کورد تەنها خاکی داگیر نەکراوە، بەڵکو زیهنیشی لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە داگیر کراوە، هەر ئەوەشە وایلێکردووە بەردەوام باس لەنیاز پاکی خۆی بکاو فۆکس بخاتە سەر برایەتی و ئاشتی و پێکەوە ژیان، دەنا ئەوان بەهیچ شێوەیەک ئامادە نین بەنێرینی هاوڵاتیش تەماشای کورد بکەن، بەڵکو بەردەوام لەڕێی گەمە کردن بەزاراوەکانەوە، دەیانەوێت کورد بگەڕێننەوە بۆ نێو چوار گۆشەی سفر!


ئەگەر خاڵی بەهێزی دووژمنانی کورد، ئەو دیدو تێڕوانینەیان بێت کەلەزاکیرەیاندا بەرانبەر بەکورد دەقی وەرگرتووە، ئەوا خاڵی لاوازی کورد لەلاوازی زاکیرەیدایە، کەناتوانێ لەناخ و هزریدا حەقیقەتی ئەوان بەرجەستە بکات، لاوازی زاکیرەیش، کوردی خستۆتە ژێر بارێکی زۆر قوورسەوە، کەئەوەندەی لەخۆی بەگوومان بێت، سڵ لەوان نەکاتەوە، هێندەی لەژێر کاریگەری دووژمنانیدا بێت، بچووکترین کاریگەری بەسەر ئەوانەوە نەبێت، وەکو دەشبینین، هەمیشە ئەوە ئەوانن، دەتوانن ماڵی کورد بەئارەزووی دڵیان لێکبترازێنن و پەرتی بکەن!


بیرۆکەی راسیزم لەنێو گەلانی ژێر دەستەدا بەسانایی درووست نابێت، چونکە راسیزم پێویستی بەئایدیاو ئایدۆلۆژیایەکە، بەرگێکی ئیللاهی بپۆشێت، کورد لەم رووانگەیەیشەوە ناتوانێ لەخۆیدا بەرجەستەی بکات، چونکە شووناسە دینیەکەی ئەوەی پێ نادات، هەروەها پێویستی بەسەرکردەیەکی کاریزمی هەیە تا رێبەری بکات، بەداخەوە وەکو دەبینین سەرکردەکانی کورد بەردەوام سەرقاڵی موغازەلەو موجامەلەی داگیرکەران و دووژمنانی کوردن!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک