په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠١٨

کورد و سەدەیەک گۆڕانکاریی.

 

ئارام ئازاد


شتێکی حەتمیە کە ھەموو نەتەوەیەک بە تایبەتی نەتەوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خولیای گۆڕانکاریین ، کورد سەرداری ئەم خولیای گۆڕانکارییەیە ، ئارەزوو و خۆزگەی ئەوەیە کە گۆڕانکارییەک بکا کە داینەمۆکەی نەوەیەکی تازە بێ بە رۆحیەتی کوردانەی ھاوچەرخ و بیرکردنەوەیەکی ئەوروپیانەی سەردەم بۆ بنیادنانی سیستەمێکی نوێی ناوازە کە ھەموو پایەکانی ئازادی ، مافی مرۆڤ ، دیموکراسی و خۆشەویستی نیشتیمان لەو نەوە تازەدا بەدی بکا، بۆ ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەیەش ھەمیشە دژ و لایەنگر ھەبووە بەوەی کە کۆمەڵێکی بەرژەوەندی ھەمیشە وای نیشان دەدەن ئەوەی دژی دەسەڵات بێ 'ئاژاوەچی و بەڵتەجیە' ، ئەوان لەوە بێ ئاگان کە ئاگرێک سەری ھەڵداوە کڵپەکەی ئەو چینەیە کەوا ئاستی تێگەیشتنیان گەیشتۆتە قۆناغێک کە دەیانەوێ ببینن کاریگەریی تێکشکاندنی چینە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکان لە کات و قۆناغی جیاوازدا لەلای گەلانی پێشکەوتوو چۆن و بەھۆی چی بووە و چۆن زاڵ بوون بەسەر سیستەمی دەرەبەگایەتی دەسەڵات، ئەوانە نایانەوێ وڵاتەکەیان بکەوێتە لێواری مەترسی و باوەڕیان بە دیموکراسی و دەستاو دەست کردنی ئاشتیانە ھەیە و دروشمی دەستاو دەست کردنەکەیشیان ئەوەیە کە چی تر نابێ دەسەڵات لە دەست کۆمەڵێک بێ کە شایستەیی و لێھاتویی ئەوەیان تێدا نەبووە کە رابەرایەتی گەل و نەتەوە بکەن چونکە لە بەد بەختی زیاتر بەرھەمی تریان نەبووە.


تەنھا لێرەدا بە ڕوونی رۆل و کاریگەری پیاوانی ئایینی دەبینین کە ئایا دین چۆن بەکاردێنێ و چۆن ئەو ھاوکێشەیە بۆ خەڵکی دیندار روون دەکاتەوە چونکە ئەو چەکەی پیاوی ئایینی بە دەستیەوەیەتی فیشەکەکەی سەد ھێندەی فیشەکی چەکی ئاسایی کاریگەرە ئەویش ئەو مینبەرەیە کە خەڵکی لە چوارچێوە کۆ دەکاتەوە ، نمونەی بەرجەستکاریش زۆرە کاتێک کە پاپای ڤاتیکان لەناو ئاپۆڕای جەماوەری لایەنگرانی ئایینی مەسیح لە ساڵی ١٩٨١ درایە بەر دەستڕێژی گولە خۆشبەختانە نەکوژرا و دوای دەستگیرکردنی تاوانبار 'محمد ئاغا'ی تورکی موسڵمانی ئیسڵامی ، پاپا دوای چاک بوونەوەی سەردانی کرد لە زیندان و لێی خۆش بوو ئەوەش ھەموو بۆ ئەوەی بیری توندوتیژی لەبیری لایەنگرانی مەسیح بباتەوە کە چاوەڕێی ئەوەبوون پاپا ڕەزامەندی ئەوەیان پێ بدا ھێرش بکەنە سەر موسڵمانی دانیشتووی ئیتاڵیا بەڵام پاپا ھەموو ئەو دڵەڕاوکێیانەی ڕەواندەوە و لێبوردە بوو بەرامبەر بەو کەسەی کە ڕەنگە جەنگێکی خوێناوی لەنێوان مەسیح و ئیسلام بەرپا کردبا لێرەدا گرنگی بەکارھێنانی ئایین دەبینین بۆ ئەوەی بیری توندوتیژی لە مێشکی خەڵکی دیندار بھێنێتە دەرەوە لەبڕی ئەوەی ھانیان بدەن بۆ ئەوەی پشتێنی تی ئێن تی بەخۆیاندا ببەستن و لەژێر ناوی پیرۆزی 'اللە اکبر' خۆیان بە خەڵکی ھەژار و کاسب کاردا بتەقێننەوە یا لە بڕی ئەوەی لە کەنیسەکان دا فەتوای کوشتنی کەسێکی باوەڕداری ئیسلامی لە بۆڕما دەربکەن ، فێریان بکەن کە بتوانن کارامەیی خۆیان لە دروست کردن و بنیادنان دا بەکار بخەن.


خراپترین جۆری بیرکردنەوە و تێگەیشتن ئەوەیە کە چەمکی "چاکسازی" و "کۆدەتا" و "ڕاپەرین" لەگەڵ شۆرش تێکەڵ بکرێ ئەو تێگەیشتنە وڵات بەرەو وێرانە دەبا و ھەموو جوانیەکان دەسرێتەوە و بە توندوتیژی کۆتایی دێ ، لە ھەمان کاتدا ئەو پرسیارانەی کە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی لەخۆی بکا ئەوەیە کە "بۆچی ئە سیستەمە سیاسیەی ئەوان پەیرەوی دەکەن زیاتر لە سیستەمە سیاسیەکانی تری وڵاتانی تر روبەرووی مەترسیی راپەڕین دەبێتەوە ؟" بۆچی لەو وڵاتە خەڵک لە ورد و درشت ناڕازییە؟ " "بۆچی ڕێژەی بێکاریی زۆرە؟".


نەتەوەی کورد لە نەتەوەکانی تری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە ئەو بەھارە عەرەبیەی کە نەتەوەکانی عەرەبی شانازی پێوەدەکەن کورد لە ساڵی ۱۹۹۱ دا ئەنجامی داوە کەواتە قۆناغێک لە پێش عەرەبەوەیە کە تەمەنی ئەو قۆناغە نزیکەی ۲٠ ساڵە بەڵام ئایا بزوێنەرانی ڕاپەرین لە بەڕێوەبردنی دەستکەوتەکانی راپەرین سەرکەوتوو بوون ! ، وەلێ بەبەراورد بە نەتەوەکانی ئەوروپی سەد ساڵی تەمەن لە دواوەین کاتێک کە میللەتانی دوای جەنگی جیھانی دووەم ئەسپی خۆیان تاودا و کەوتنە خۆ بۆ دروست کردنی نەتەوە و نەوەیەکی بیر ھاوچەرخ و دوور لە فاشیستی و پڕ لە نیشتمانپەروەری ، نەتەوەی کورد بە پێی واقیعە جوگرافیە خراپەکەی سەرەتای دەست پێ کردنەوەی شۆڕشی چەکداری بوو دژی ئەو دەوڵەتە زلھێزانەی دەوریان گرتبوو ، بەو پێیە دەبوو ھێمای شکست و سەرکەوتن بکەنە ئەگەری یەکەم و ئەخیر و نەدەبوو چاویان لە دورتر بێ بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بھاتایە قابلیەتی ئەوەیان تێدابوایە کە دەوڵەتێکی وەک بەریتانیا لەسەر خاکەکەیان بھێڵنەوە و حوکمی ئەوانیان بۆ چەند ساڵێک زیاتر قبوڵ بوایە ئەوا ئەگەری ئەوە ھەبوو چەند دەیەیەک دواتر وەک نەتەوەکانی ناوەڕاست و باشوری ئەفریقیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان ڕاگەیاندبا و لە کۆلۆنیالیزم رزگاریان بوایە ، بەوەش تەنھا چەند ساڵێک دەکەوتنە دوای دەوڵەتانی ئەوروپی ، لە ئاکامی ئەوەی کە دابەشببون بەسەر تیرە و عەشیرەت و ھەر یەکێک خۆی لەوەی تر پێ قارەمانتر بوو لە خزمەت کردنی بێگانە لە ژێر ناوی نیشتیمانچێتی و مافی کورد ئەوەشیان لەباربرد ، ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدرێ ئەوەیە کە ئەو نەوەی دوای جەنگ چەندە خەتا باربوون لەوەی بەسەر کورد دێ ، نەوەی جەنگیش بە ھەمان پێوەر و بگرە زیاتریش خەتابار بوون، ھەموو ئەوەش لە ئاکامی یەکنەگرتویی کورد بووە لە گشت موناسەبەکان نەک بەھێزی داگیرکەر چونکە ھەرچەند داگیرکەر بەھێزبووبێ ھەمیشە رێنیشاندەرێک ھەبووە کە دەجار زیاتر بەھێزی کردوون و بەداخەوە ئەو ڕێ نیشاندەرەش کورد بووە.


کورد دەبێ چاوی لەو ئاسۆیە بێ کە ھەمیشە ھیواو ئومێد ببەخشێتە نەوەی ئایندە ، بەڵام حەزی پارە و دەسەڵاتی دوو ڕۆژە بەرچاوی تاریک کردووە لە ھەموو سەردەمێک و ھەمیشە دوژمن ئەو دەرەچەی دۆزیوەتەوە کە چاو ساغێک لەناوماندا بچێنێ و بۆ بەیانی ئیشی پێ بکا و دووبارە خەونی چەند دەیەیەکی تری پێ لەناو ببا.
 


aram.galaly95@gmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک