په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠٢٤

کورد، زیانمەندی هەر دوو پڕۆژەکەیە!

شوان سدیق      


شیعە و سونەی عێراق، رێکەوتنی هاوبەشیان هەیە بۆ هەردوو پرۆژەی تایبەت بە هەمواری یاسایی باری کەسێتی و پرۆژە یاسایی لێبووردنی گشتی!


ئەو ناڕەزاییانەی دژی هەمواری یاسایی باری کەسێتین بەتایبەت لە عێراق کاریگەری نابێ و ناتوانێ ڕێگری بکات.


لەبەر دوو هۆکار یەکەم شیعەکان دەنگ بە پرۆژە یاسایی لێبووردنی گشتی دەدەن، هەزاران عەرەبی سونە ئازاد دەبن.


دووەم: لە بەرامبەریش سونە دەنگ بە پرۆژەی شیعە دەدات بۆ هەمووارکردنی یاسایی باری کەسێتی. کورد هیچ ڕۆڵێکی نییە پەرلەمانتارەکانی بەشێکیان لە گەشت و خەڵوەتن و ئەوانی دیکەش بوونەتە پەیامنێری کەناڵەکان!


بۆچی شیعە دەتوانێ پرۆژەکەی خۆی بەسەر عێراقیەکان بسەپێنێ؟ وەکو گوتم؛ ڕێکەوتن هەیە و سونە پاڵپشتیەتی.


لە ڕووی دەستووریشەوە شیعە بە ئاسانی پشت بەمادەی ٤١ی دەستوور دەبەستێت.


ماددەى (٤١)ی دەستوور دەڵێت: عێراقيەكان ئازادن لە پابەندبوون بە بارى كەسێتيان بەپێى ئاين و ئاينزا و بيروباوەڕ و هەلَبژاردنى خۆيان، ئەمەش بە ياسا ڕێكدەخرێت.


هەروەها سەیری ماددەى (٤٢)ی دەستوور بکەن چی دەڵێت "هەر تاكێك مافى ئازادى بيروباوەڕى هەيە".


ئەم مادەیە بۆ شیعە و سونە گونجاوە بەڵام کەسێکی دیکە یان رێکخراوێک بێت باسی هەر جۆرە ئازادیەک بکات بە میزاجی ماددەی دووەمی دەستووری عێراق کە دەڵێت "نابێ هیچ یاساییەک پێچەوانەی ئایینی ئیسلام/ زۆرینە بێت" ڕێگری لێ دەکرێت.


ئەگەر دژایەتیەکی شەقام هەبێ ئەو کاتە شیعەکان دەڵێن ئادەی بگەڕێنەوە بۆ ماددەی دووەمی دەستوور ئایە هاوسەرگیری منداڵان پێچەوانەی ئایینی ئیسلامە؟ لە ئایینی ئیسلامیش شتێک نەهاتووە بە ناوی ئەوەی تەمەنی ١٨ ساڵان بۆ هاوسەرگیری، ئەوە یاسایی مەدەنییە دێت ١٨ ساڵی دیاری کردووە، شیعە و زۆرێک لە سونەکانیش بە تایبەتی ئیسلامی سیاسی باوەڕیان بە یاسای مەدەنی نییە!!


کەواتە، هەر پرۆژەیەک دژی ئایینی ئیسلام نەبێ سەردەگرێت، ئەوەندی پرسی ئایین و دابونەریت لهبەرچاو دەگیرێ، مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە عێراق گرنگ نین.
پرۆژەی لێبووردنی گشتی کەپرۆژەی سونەکانە و یەکێکیشە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن تایبەتە بە کەسانی سونە کە پێشتر لەسەر داعش و تیرۆر تێوەگلاون، ئەگەر پرۆژەکە سەربگرێ چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی ١٠ هەزار هاوڵاتی سونە ئازاد بکرێن.


ئازادکردنی سونەکان بەشێکیان پەیوەندیان بە داعشەوەیە لێرەدا کورد زیانمەندی سەرەکی داعش بووە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی زەرەر و زیانەکانی خەڵکی کوردستان تۆمەتباران ئازاد بکرێن، کورد دەبێ هەڵوێستی هەبێ و داوای وردبینی بکات، نابێ کەسانی تاوانبار ئازاد بکرێن!


پەیوەست بە هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ کە پرۆژەی شیعەکانە ئەوان دەیانەوێ مەزهەبی شیعە لە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری جێگر بکەن.


پاشان یاسایی مەدەنی کە تەمەنی دیاری کردوە هەژدە ساڵ بۆ هاوسەرگیری ئەمەش بە پێی پرۆژەکەی شیعە هەڵدەوەشێتەوە، وەکو پێویست کاری پێناکرێ بە تایبەتی بە لای شیعەوە.


شیعە ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکات لە عێراق دەستی بەسەر حکوومدا گرتووە و وردە وردە دەیەوێ یاساکانیش بگۆڕێ ئەم هەنگاوەیان هێندەی دیکە کورد وەکو نەتەوە و هەم وەکو بەشێکی زۆرینەی سونە مەزهەب بە تەواوی دوور دەخاتەوە بۆ کەمینەیەکی بێدەسەڵات.


هەستنەکردن بە مەترسی لە لایەن بە ناو نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە هەموو پێکهاتەکانی بەرامبەر پرۆژەکانی شیعە و سونە مایەی شەرمەزارییە ئەو گروپەی لە نێو پەرلەمان و هەم حکوومەت و سەرۆکایەتی کۆمارن.
 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک