١\٩\٢٠١٠
کورسی دەسەڵات و
زانکۆکانی کوردستان.
(٣
-
٥)

دوکتۆر حوسێن
موحەممەد عەزیز*
سەیر ئەوەیە، لە پڕ کۆلێژێ یا زانکۆیەکی نوێ،
وەک قارچک و دوومەڵان، لە شوێنێ هەڵدەتۆقێ، هەر پێشەکیش، دەسەڵاتدارانی
هەرێم، هەموو پۆستەکان بە خەڵات، بە سەر کۆمەڵێ هەواداری خۆیاندا
دەبەخشنەوە، بێ ئەوەی کۆڵینەوەیەکی ورد و زانستانە، دەربارەی کردنەوەی
ئەو هەموو دەزگایانە کرابێ، پێداویستییەکانی لە مامۆستا، تەلار و شتی
دیکە دابینکرابێ. ئایا ووڵاتێکی وەک {کوردستان}، دانیشتووانەکەی {4 –
5} میلیۆن بێ، پێویستی بە بیست زانکۆی میریی و تایبەتیی هەیە؟!
زۆربەی ئەو کۆلێژ و زانکۆیانەش، یا لە سەر داواکاریی خەڵکی ئەو نێوچانە
دەکرێنەوە، یا سەرکردایەتی ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە، لە کاتی
بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێن بە دانیشتووانی ئەو نێوچانە دەدەن، تا
دەنگیان بدەنێ. یا گەر لایەکیان زانکۆیەکی کردەوە، بۆ ئەوەی هاوسەنگیی
نیوان زانکۆکانی بندەسیان تێک نەچێَ، ئەوی دیکەشیان، خێرا زانکۆیەکی
نوێ قوتدەکاتەوە. ئەمەش تەنیا هەر لە سەر زانست و زانیاریی دەکەوێ.
بەڵام ئەوان، هێندەی بە تەنگ سەرکەوتنی خۆیان و جێبەجێکردنی
پلانەکانیانەوەن، هێندە نە بە تەنگ زانستەوەن، نە بە لاشیانەوە گرنگە،
ئاییندەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، چی بەسەردێ!
سەرانی ئەم دەسەلاتە گەندەڵە، کارێکی وایان کردووە، لە هەموو بوارەکانی
دەزگەکانی میریی هەرێمی گەندەڵستاندا، ئەو کۆمەڵە کادێرانەیان
خەساندووە، فێری کورسیپەرستییان کردوون، تووشی دەردێکی وایان کردوون،
مەگەر سەرلەبەری سیستەمی فەرمانڕەوایی لە {کوردستان}دا بگۆڕرێ، ئینجا
هۆشێکیان بە بەردا بێتەوە، واز لە دەسەڵات و کورسی بەخشینەوە بێنن.
لەبەرئەوە دەبینین، زۆربەی مامۆستایانی زانکۆ، باوەڕیان بە هیچ نەماوە،
بێ هەڵوێستییان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە، پتر دوای پارە کەوتوون و هەوڵ بۆ
دەسەڵات دەدەن، تەنانەت هێندێکیشیان دەترسن، نانبڕاوکرێن! کارێکیان
ئەفراندووە، بیرۆکراتییەتێکی زۆر لە دەزگە و بەشەکانی زانکۆدا دەبینرێ،
چەندین جار، نووسراو ونبووە و بۆیان نەدۆزراوەتەوە، یا نووسراویان بۆ
هاتووە، بێ ئەوەی وەڵامیبدەنەوە، لە ئەرشیف پاراستوویانە!
هەر دوو ڕێکخراوی خوێندکاران و قوتابیان، پتر لە پێویست دەسەڵاتیان
هەیە، هەرچییەکیان بوێ، ئەوە دەکەن و بۆشیان دەچێتەسەر. گەر کارێکیشیان
بۆ نەکەن، ماندەگرن، تا بە ئامانجەکانی خۆیان دەگەن. هێندێ جاریش، لە
زمانی خوێندکارانەوە هێندێ زانیاریی دەبیستین!
هێندێ خاوەنپۆست، دەسەڵاتەکانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان
بەکاردێنن، بە ترومبیلی زانکۆ هاتوچۆدەکەن، کاری تایبەتیی خۆیان، بە
شۆڤێر و بەردەسەکانی خۆیان ڕادەپەڕێنن و پێویستی ماڵەوەیان پێ
جێبەجێدەکەن، وەک ئەوەی ئەو کەسانەیان، لە کۆمپانیایەکی بیانیی
ڕاژەکردنەوە بەکرێگرتبێ!
وەنەبێ، باری زانستیش هێندە باش و پێشکەوتووبێ. باوەڕ ناکەم، زانیاریی
نوێ بە خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێم بدرێ، بەڵکوو ئەوەی هەیە، زۆربەی
هەرە زۆری، لە سەرچاوە کۆنەکانەوە وەردەگیرێ و دەرخواردی خوێندکاران
دەدرێ. ئاخر خوێندنی بەکەلۆریۆس خۆی لە خۆیدا نییە، کەچیی خوێندنی
ماستەر و دوکتۆراشیان کردووەتەوە. بە ڕاستیی، کارێکی زۆر خراپە، پلەی
دوکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمدا بدرێ، چونکە گەر خوێندکاران لە دەرەوەی
ووڵات بخوێنن، هەم زمانێکی نوێ فێردەبن، هەم شارەزای ژیان و کەلتوورێکی
تازە دەبن، هەم هەموو جۆرە پێداویستییەکانی خوێندنیش، بە ئاسانیی لە
بەر دەسی خوێندکاراندا دەبێ.
ئەو دوکتۆرایەی دەشخوێندرێ، جگە لە ئەوەی، لە هەموو ڕوویەکەوە توانا
نییە و کەموکووڕیی تێدا هەیە، کارنامەیەکی قەبەش دەنووسن، کۆمیتەیەک
دادەنیشێ، هێندێ جار ئەندامانی کۆمیتەکەش، هەموویان لە بەشەکانی خۆیان
پێکدێنن و شارەزایەکی دەرەکیی تێدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، چوار کاژێر لە
هۆڵێکدا دادەنیشن و دەمەتەقێ، لە سەر بابەتەکانی دەکەن، بەشێکی زۆریشی
هەڵە دەردەچێ و خوێندکارەکەش ناتوانێ، وەک پێویست وەڵامی زۆربەی
پرسیارەکان بداتەوە، کەچیی، بە پلەی نایابیش دەردەچێ! ئەوە لە کاتێکدا،
زانایەکی گەورەی وەک {ئەلبێرت ئێنشتاین 1897 – 1955}، ژمارەی پەڕەکانی
کارنامەی دوکتۆراکەی، تەنیا {17} پەڕە بوو، بەڵام پەڕە بوون، نەک بە
گاڵتە قووتکرابنەوە و کارەکەیان پێ قەبەکرابێ! کەچیی لە زانکۆکانی {کوردستان}،
نەک تەنیا هەر بڕوانامەی دوکتۆرا، بەڵکوو بڕوانامەی دیپلۆمی باڵاش،
نزیکەی پەنجا لاپەڕە دەبێ!
لە هەمووشی خراپتر ئەوەیە، چەندین بڕوانامەی ماستەر و دوکتۆرایان،
هەروا بە خۆڕایی، بە لێپرسراوانی پارتەکان بەخشیوە، بێ ئەوەی هێندێکیان،
لە هۆڵەکانی خوێندندا ئامادەبووبن، یا خۆیان بڕوانامەکانیان نووسیبێ،
بەڵکوو زۆربەیان، مامۆستا سەرپەرشتیارەکان بۆیان نووسیون. بە ڕاستیی،
جێی شەرم و شوورەییە، ئەو جۆرە کەسانە بڕوانامە وەرگرن و بە ئەو
سەرپەرشتیارانەش بگوترێ، مامۆستای زانکۆ!
یا هێندە دەزانی و دەبیستی، فڵانە خاوەنپۆست، لە سەر حسێبی پارەی زانکۆ،
بە بیانووی خوولی نوێ، یا ئامێرکڕینەوە، بۆ دەرەوەی هەرێم دەنێررێ. وەک
تا ئێستە چەن جارێ، یەکێ لە کۆلێژەکان، گەشتێکیان بۆ دەرەوە سازکردووە
و بە ئارەزووی دڵی خۆیان، پارەیان تەخشان و پەخشان کردووە، زۆربەی
کاتیش، نزیکەی هەر ئەو کەسانە بوون و چەن جارێ، ئەو کارەیان پێ
سپێرراوە!
ئاخر، ئەنجوومەنی زانکۆی {سولەیمانیی} و دەسەڵاتدارانی میریی هەرێم،
توانای ئەوەیان نەبێ، لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا، {140} خانووی {هەواری
زانکۆ} تەواوکەن و بە سەر مامۆستایانی زانکۆدا دابەشیکەن، ئیدی دەبێ، چ
کارێکی باشیان کردبێ، تا شانازیی پیوە بکەن؟! لە کاتێکدا، هەر
کۆمپانیایە و لە ماوەی دوو ساڵدا، بە سەدان باڵەخانە، خانوو و ڤیللا
تەواودەکەن. بۆ نموونە: کۆمپانیای {نالیا}، لە ماوەی سێ ساڵدا،
شارۆچکەیەکیان لە شاری {سولەیمانیی} درووستکردووە! تۆ بڵێی، ئەمەش دەسی
دوژمنان و داگیرکەرانی {کوردستان}ی تێدا بێ، وا بە ئەو شێوەیە و
کیسەڵئاسا، کارەکانیان بەڕێوەدەچێ، یا زێڕی سپی بۆ گیرفانی ڕەش دەچێ؟!
**
ئاخر، کەی سەرۆکی زانکۆکان و یاریدەدەرەکانی، ئەو دەسەڵاتەیان هەبووە،
نەک هەر کەسێکی شیاو، لە پۆستێکی شیاودا دانێن، بەڵکوو تەنانەت کەسێکی
ناشیاویش دامەزرێنن! جا ئەمە خەوشێکی گەورە نییە، تەوێڵی ئەم دەسەڵاتە
گەندەڵەی میریی هەرێمی سواغداوە؟! ئەدی سەرۆکی زانکۆ کێیە؟ دەسەڵاتی
چییە؟ کامەیە ئەو کەسایەتییە یاساییەی هەیەتی؟ هەڵبەتە کە ئەمانەی
نەبوو، ئەویش بە هیچ جۆرێ، بیر لە هیچ شتێ ناکاتەوە، تا زانکۆکەی بەرەو
پێشتر بەرێ، گۆڕانکاریی و چاکسازیی تێدا بکا، بەڵکوو تەنیا هەر، بیر لە
خودی خۆی و دەسەڵاتەکەی دەکاتەوە، کورسی دەسەلاتەکەی خۆی، لە بەڵای
ناگەهان و تیری قەزا بپارێزێ!
__________________________________
*
نووسەر و مامۆستای زانکۆ.
**
ئەز لەگەڵ هێندێ مامۆستای
بەڕێزی دیکەدا، وەک هەر دوو دوکتۆر{تەها عەلی ئەمین} و {رەفیق ساڵح
مەستوور} خۆبەخشانە، کارێکی زۆرمان لە ئەو خانووانەدا کردووە، دەرگە
نەماوە، نەیکوتین، بۆ ئەوەی کارەکان زوو جێبەجێبکرێن و خێراتر
بەڕێوەبڕوا، چونکە مەبەستمانبووە. بەڵام ئەوانەی خانووی تایبەتیی خۆیان
هەیە، بەرژەوەندیییان لە تەواوکردنی خانووەکان و دابەشکردنیان بە سەر
مامۆستایاندا نەبووە و نییە، مێش میوانیان نەبووە! ئێمە ئەو هەموو
هەوڵەماندەدا، بەڵێنێکی زۆریان پێ دەداین، کەچیی کەس نەیدەزانی،
کارەکان لە کوێدا دەوەستان؟ کێ قۆرتی لە بەردەمدا قوتدەکردنەوە و بۆچی
دەچەقێَن؟ تەنانەت لە دوا دیدارمدا، بە دوکتۆر {عەلی سەعید}ی سەرۆکی
زانکۆم گوت: بۆ خۆت باشترە، لە سەردەمی تۆدا، ئەو خانووانە تەواوکرێ و
بە سەر مامۆستایاندا دابەشکرێ. چونکە تۆ دەڕۆی و سەرۆکێکی دیکە دێ،
تەواویاندەکا و دابەشیاندەکا، ئینجا بە یەکێ لە کارە گرنگەکانی خۆی
دادەنێ و شانازیشی پێوە دەکا. کەسیش نازانێ، خەڵکی دیکە چەن
هەوڵیانداوە و چەن پێوەی ماندووبوون!
هەروەها، ساغکردنەوە و وەرگرتنی {235} پارچە زەوی {200 } مەتریی، بۆ
ئەو مامۆستایانەی وەریان نەگرتبوو، هەر ئەو کۆمەڵە مامۆستا خۆبەخشانە
کردیان و لە سەریشیان تاپۆکردن. تەنانەت کار بە ئەوە گەیشت،
کۆبوونەوەیان سازکرد و هەڕەشەی مانگرتنیشیان لە ئەنجوومەنی زانکۆ کرد.
ماڵپهڕی دوکتۆر حوسێن محهممهد عهزیز
|