په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٠

کورسی دەسەڵات و زانکۆکانی کوردستان.
- ٥)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*

 

ئەز نە پڕۆفیسۆر {دلاوەر} دەناسم و نە داکۆکییش لە خودی خۆی دەکەم، بەڵکوو داکۆکیی لە سیستەمی نوێ و پشتگیریی پڕۆژەی چاکسازیی دەکەم. چونکە خەونەکانی خۆمی تێدا دەبینمەوە و بە گیانم ئاشنایە. ئەگینا، کاتێ ئەز دژی پەتای گەندەڵیی بووم و هەوڵمداوە، لە بنوبێخەوە ڕەگی گولی گەندەڵیی هەڵًکێشم، چاکسازیی لە هەموو بوارەکاندا بکەم و چەندین پڕۆژەم نووسیوە، مەگەر هەر خوا بۆ خۆی بزانێ، پڕۆفیسۆر لە کوێ بووە و خەریکی چی بووە؟!


بەڵام جیاوازیی نێوان من و ئەو ئەوەیە، من دەسەڵاتم نەبووە و نییە، تا پڕۆژەکانی خۆم جێبەجێکەم. ئەویش هەلی کاریان بۆ ڕەخساندووە و دەسەڵاتیان پێ بەخشیوە، دەیەوێ، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی دەسەڵاتی خۆیدا، خەونەکانی خۆی بەدیبێنێ، پڕۆژەکانی جێبەجێکا، چاکسازیی بکا، سەرلەبەری سیستەمی خوێندن و ڕەوشی زانکۆکانی هەرێم بگۆڕێ. جا ئایا بۆی دەکرێ، یا نائومێد دەبێ، ئەمەیان شتێکی دیکەیە و گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە، ئەو پیاوە بە دەسی بەتاڵەوە نەهاتووە، لە سەر کورسی دەسەڵات دانیشێ و هیچ نەکا، بەڵکوو هەوڵدەدا و گۆڕانکاریی دەکا. واتە: وەک زۆربەی شالیارەکانی دیکە نییە، بێ بەرنامە هاتبێ، تەنیا دەس بە کورسییەکەی خۆیەوە بگرێ و پوڵ وەرگرێ!


لە زانکۆکانی هەرێم، گەلێ کادێری کارگێڕیی هەن، لە مێژە، شەمەندەفەری ماوەی پۆستەکانیان تێپەڕبووە، کەچیی نیازیان نییە، لە هیچ ئێسگەیەک دابەزن و کورسی دەسەڵات بەجێبێڵن، مەگەر یەکێکی وەک پڕۆفیسۆر، لە خەوی خۆشی دەسەڵات خەبەریانکاتەوە و دابەزن! ئاخر وەک ئەم ووڵاتە، پیاوی تێدا نەبێ، یا ئەو زانکۆیانە، کادێری ئەکادێمیی و کارگێڕیی دیکەی نەبێ، وا بە ئەو شێوەیە، ئەو پۆستانە وەک خانووی تایبەتیی، لە سەر ئەوان تاپۆکراوە! جا گەر وابێ، قوڕ بە سەر ئەو گەلەی، بە تەمای ئەو دەسەڵاتە بێ، تا سەر کاروانی پێشکەوتن بەڕێکا، خۆری زانست و زانیارییش بەدەسبێنێ! جا گەر ئەمە پەتای گەندەڵیی نەبێ، وەک ئاگر و پووشوو، تەڕ و ووشکی دەزگەکانی میریی هەرێمی نەگرتبێتەوە، ئیدی دەبێ، چی دیکە بێ؟!


وەک پێشتر لە گووتارێکدا نووسیومە: {ڕاستە، کورسی دەسەڵات و پوڵ و پارە، بە هەموو ڕێیەکی ڕەوا و ناڕەوا دەسدەکەوێ، بەڵام ئەو کارە، بە هەموو کەسێکی ئابڕوومەندی ئازادییخواز و نیشتمانپەروەر ناکرێ. لە هەمان کاتیشدا، ناو و ناوبانگی جوان، کەسایەتی بەهێز و بە تواناش، بە کرداری باش پەیدادەکرێ، بەڵام دیسانەوە ئەمەش، هەر دەس هەموو کەسێ ناکەوێ. چونکە جیاوازیی نێوان ئەو دوو هەوڵدانە ئەوەیە: کورسی و پارە دەڕوا، بەڵام ناو و ناوبانگی باش دەمێنێتەوە. لەبەرئەوە پێویست ناکا، مرۆ کورسیپەرست بێ، لە سەر مێزی قوماری کورسی دەسەڵات و پارە، ئابڕووی خۆی بدۆڕێنێ. چونکە هەر کاتێ کورسییەکەی لەکیسچوو، خەمێکی زۆر دایدەگرێ و خەو لە چاوانی دەتۆرێ!} بۆیە دەبێ، هەمیشە هەوڵبدەین، پێش ئەوەی کورسی دەسەڵات ماڵاوایییمان لێ بکا، ئێمە ماڵاوایی لێ بکەین، ئەگینا ڕەنگ و ڕوومان، لە بەر چاوی کۆمەڵانی خەڵک ناشیرین دەبێ!


ئاخر، کاتێ ساڵی {1948}، دەوڵەتی {ئیسرایل} دامەزرا، جووەکان داوایان لە زانای ناسراو {ئەلبێرت ئێنشتاین} کرد، پۆستی سەرۆک شالیاران وەرگرێ. بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و گوتی: کاری من ڕامیاریی نییە و زانستە. کەچیی ئەم کوردە دواکەوتووە، مامۆستای زانکۆیە، بە هەموو شێوەیە هەوڵدەدا، پۆستێکی دیکەی بەرزتری دەسکەوێ، گەر لە دەرەوەی زانکۆش بێ، هیچ باکی نییە!
زانکۆ تەنیا هەر شوێنی خوێندن نییە، بەڵکوو دەزگەیەکی ئەکادێمیی، کەلتووریی و کۆمەڵایەتیشە. پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە، بایەخ بە کارمەند، مامۆستا و خوێندکاران بدرێ. نەک تەنیا هەر، بایەخ بە زانست بدرێ و لایەنەکانی دیکەش پشتگوێخرێ. بۆیە بە ئاشکرا دەبینین، ئەو ڕێز و دیسیپلین و پەرۆشەی جاران هەبوو، ئێستە نەماوە، یا زۆر کزبووە، چونکە ئەم لایەنە گرنگە لەبیرکراوە.


گەر دەزگەیەکی تایبەتیی هەبووایە، ڕێنمایی خوێندکارانی بکردایە، پەروەردەیەکی نەتەوەیی پێڕەوکرایە، تا هەستی خۆبەکوردزانینیان بەهێزتربووایە، زانکۆیان بە ماڵی خۆیان بزانیایە و وەک بیلبیلەی چاویان بیانپارستایە، ڕێزی مامۆستاکانیان بگرتایە و لە پرینسیپە سەرکیییەکانی ڕێزی بەرابەری لایان نەدایە، هەرگیز ڕۆژی وا ڕەش نەدەبینرا! ئاخر، ئەوەی لە ئاهەنگی دەرچووانی خوێنکارانی بیستوپێنجەمین خولی زانکۆدا ڕوویدا، مرۆ هەر شەرمدەکا، بڵێ، ئەوانە خوێندکارن و ئێمەش مامۆستای زانکۆین. چونکە کاتێ سوێندیان دەخوارد، بە شێوەیکی گاڵتەجاڕانە، دووبارەیاندەکردەوە، گاڵتەیان بە خاکی {کوردستان} و خوێنی شەهیدان دەهات، هەر ئەوە نەبوو، ئاهەنگەکە تێک نەدەن! چونکە باش دەزانن، لە {کوردستان} چی ڕوویداوە و چ ئاییندەیەکی نادیاریش چاوەڕێیاندەکا. لەبەئەوە نە زانکۆیان خۆشدەوێ و نە ڕێزیش لە مامۆستاکانیان دەگرن!


بۆیە لە پڕۆژەی دووەمدا، کە ڕۆژی {10. 02. 2009}، لە سەر داوای لێپرسراوانی {یەکێتیی} نووسراوە، پێشنیازمکردووە و نووسیومە: {پۆستێکی نوێ بۆ زانکۆکان زیادکرێ، وەک یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، کاری کەلتووریی و کۆمەڵایەتی پێ بسپێررێ و هەوڵبدا:


- چالاکیی ڕووناکبیریی لە زانکۆکاندا پەرەبسێنێ و فیستیڤاڵی ساڵانەی زانکۆکان ببوژێنێتەوە.
- هەستی نەتەوەیی خوێندکاران و کارمەندانی نێو زانکۆ بەهێزکا.
- جموجۆڵێکی نوێ لە زانکۆ درووستکا، بە شێوەیەکی بەردەوام، کۆڕی نەتەوەیی، ڕامیاریی، کۆمەڵایەتی
و کەلتووریی سازکا.
- کەڵک لە هۆکانی ڕاگەیاندن وەرگرێ، ئەڵقەیەکی پێوەندیی، لە نێوان زانکۆ و جەماوەردا درووستکا.} بە مەرجێ کەسێکی سەربەخۆ، ئەو پۆستە وەرگرێ، نەک سەر بە یەکێَ لە ئەو دوو پارتە بێ، پڕوپاگەندە بۆ پارتەکەی خۆی بکا. ئەگینا، گەر هەر لە ئێستەوە فریانەکەوین، ئەوا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەوشەکە، بەرەو خراپتر دەڕوا و نەوەی نوێشمان لەدەسدەردەچێ!


ئەوانەی دژی پڕۆسەی چاکسازیی دەوەستن، تەنیا لە ڕِوانگەی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیانەوە بیردەکەنەوە، بڕیاردەدەن و کاردەکەن، بیانەوێ و نەیانەوێ، وەک برغوویەکی ژەنگاویی وان، لە مەکینەیەکی گەورەی گەندەڵیی سیستەمی کۆندا دەخولێنەوە، هەرگیز ئامانجە دزێوەکانیان بەدی نایە و هەمیشەش لە دواوە دەبن. چونکە کاروانی پێشکەوتنی گەلان، لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو پێشەوە دەڕوا و هەرگیز میلی کاتژمێری گۆڕان و گۆڕانکاریی، بە پێچەوانەوە ناخولێتەوە. جا مرۆی خاوەن بیر و هەڵوێستی دەوێ، لەگەلڕ ئەو کاروانە پیرۆزەدا، هەنگاوهەڵێنێ و دوانەکەوێ!


لە کۆتاییدا دەڵێم: هێشتا کەمم گوتووە، زۆرم پێ ماوە و هەمووشی بەسەریەکدا ترشاوە. بەڵام جارێ با هێندە بەسبێ، بەڵکوو ئەمە خوایە، چ لێپرسراوانی میریی هەریم و چ کاربەدەسانی زانکۆ، کەمێ بەرچاویان ڕووناکبووبێتەوە و تەکانێ وەبەر خۆیان بدەن، بەرگی کەمتەرخەمیی و تەوەزەلیی فڕێدەن، تا زووە، لە هەموو بوارەکانی زانست و کارگێڕیی زانکۆکانی هەریمدا، گۆڕانکاریییەکی بنەڕەتیی و چاکسازیییەکی باش بکەن، تەنیا هەر بەرژەوەندیی زانکۆکان، چارەنووسی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و ئاییندەی ئەم ئەزموونە لەبەرچاوبگرن، لە سەروو بەرژەوەندیی تایبەتیی تاکەکەسیی و پارتایەتی تەسکەوە داینێن. ئینجا گەر بە هەموو لایەکمان بتوانین، لە ماوەیەکی دیارییکراو و بەپێی بەرنامەیەکی زانستانەی وانەکراو، زانکۆکانی هەرێم، لە دەس ئەو هەموو گەندەڵیی و گرفتانە ڕزگارکەین، زۆر باشە و تا زووش دەسپێبکەین، درەنگە. خوای گەورە! تۆ ئاگاداری، ئەوا من پەڵی خۆم هاویشت و تۆپەکەش لە گۆڕەپانی لێپرسراوان دایە!

__________________________________

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ.

تێبینیی:
ئەو مامۆستا بەڕێزانەی، لە ئەم زنجیرە گوتارەدا ناویان هاتووە، نەک هەر هیچ شتێکم لەگەڵیان نییە، بەڵکوو ڕێزێکی تایبەتییم بۆیان هەیە و زۆربەشیان برادەرمن. بەڵام ئەز لێرەدا، باسی گەندڵیی دەکەم و ڕەخنە لە سیستمەکە دەگرم. ئاخر خۆ هەر دەبێ، یەکێ ئەو کارەبکا و بارە لارەکە ڕاستکاتەوە! هەر بۆ نموونە دەڵێم: ئەوا بۆ شەش ساڵ دەچێ، گەڕاومەتەوە و وەک مامۆستا، لە کۆلێژی کشتوکاڵ کاردەکەم، چەندین پڕۆژەم نووسیوە، لە پێش هەموویانەوە، ئەندامانی کۆمیتەی ڕێکخستنی {یەکێتیی} دژبوون و بە ئاژاوەچی تاوانبایاندەکردم، بە تایبەتیی کاتێ ویستم،{سەندیکای مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان} دامەزرێنم، {320} مامۆستای زانکۆ پشتگیرییانکردم و واژۆیانکرد. ئەوە بوو، ڕۆژی {25. 06. 2007}، بەرنامەکەمان بۆ شالیارگەی نێوخۆی هەریمی دەسەڵاتەکەی {یەکێتیی} نارد، کەچیی، تا ئێستەش وەڵامیان نەداوینەتەوە! کاک {عومەر فەتاح}یش زۆر بە ڕاشکاویی پێی گوتم: درووستیشیکەن، تێکیدەدەینەوە و نایەڵین، چونکە {یەکێتی مامۆستایانی کوردستان} لاوازدەکەن! کەچیی وا تازە، هەوادارانی هەر دوو پارت ڕێککەوتوون و ئاژاوەدەنێنەوە، ئەو سەندیکایە دادەمەزرێنن و ئەوانەی دوێنی دژایەتیاندەکردین، ئەوڕۆ داوامان لێ دەکەن، ببین بە ئەندام! هەموو ئەو دەکۆمێنت و بەرنامانەش، لە ئەم پەرتووکەی نووسەردا بڵاوکراونەتەوە:
د. حوسێن موحەممەد عەزیز، هێندێ پەتای کوردکوژە، سولەیمانیی، 2009، ل 182 195.

 

ماڵپه‌ڕی دوکتۆر حوسێن محه‌ممه‌د عه‌زیز