١٩\٩\٢٠١٠
کورسیهک.

زمکان عەزیز
1.
باڵق بوون .
لەسەر کورسیەک دڵۆپێ خوێن
پڕە لە موچڕکە و گوشین و ئاڵۆش و ختووکە
کوڕێک ھەڵیئەگرێتەوە و
لە ژوورە تاریکەکەیدا خۆی پێدائەگرسێنێ.
2. شەرم لە
ناو بێدەنگیدا ئەمانکوژێ.
دڵۆپێ خوێن کچێ ئەگەییەنێ و
بە دزی خواوە خۆی ئەخوات
لەسەر کورسیەکە پیاوێکیش
بەدزیەوە خۆی ڕەحەت ئەکات.
3. کچێ لە
درزی دەرگاکەوە تەماشا ئەکات.
لەسەر کورسیەکە کچێک
سەبەتەیەک شەرمی گەییوی پێیە و
باخچەکەش پڕە لە کوڕی ئاڵ.
4.
پیاوێک ئەگری.
کورسیەکە گوڵێک لەسەری ووشک بووەتەوە
مێروولەیەک گەڵایەکی ئەبات و
کۆترێکیش لاسکەکەی
ھەنگێک لەبەر ھەتاوەکەدا ئەزیڕێنێ و
پیاوێکیش فرمێسکەکانی ئەسڕێت.
5.
کە ڕۆژ بوویەوە
شەوێکی تیا بچێنە با تامی مردن خۆش بێت.
لە باخچەکەدا
کورسیەک چێنراوە
ھیچ ناگرێ و گەورە نابێ و ھەروەک خۆی وایە
ڕۆژانە ماچێکی لەسەر ئەڕوێ و
ماچێکیش تێیدا ھەڵئەوەرێ
گەڵای زەرد کورسیەکەی داپۆشیوە.
6.
من ئەڕۆم و جێ پێی
گەڕانەوەش ئەسڕمەوە.
کورسیەک
ژەنگی ژوان گرتوویەتی و
چاوەڕوانیش کون کونی کردووە
نامەیەکی دڕاو لەسەری
نووسراوە ..
" زۆر وەستام تۆ ھەرنەھاتی ".
7.
لە لوتکەی چیاکەوە
بەیانی ئەڕژێتە ناو ماڵەکانەوە.
کورسیەکە
جگەرەیەک لەسەر دەستەکانی کوژاوەتەوە و
لەنجە و لاری دەزوولەیەک دووکەڵی سپی
لە باوەشیدا بەرز ئەبێتەوە
پاکەتێکی قوپاو کەوتووە و
فیلتەرەکان ھێشتر چەند مژێکیان تێدا ماوە.
8.
ئەو خانووە
ڕووخاوە پڕە لە دەنگ و ڕەنگ.
کورسیەک
کۆترە ماندووەکانی لەسەر ئەنیشێتەوە
باڵ و قاچیان ڕائەکێشن و دەنوک لەیەک ئەسون
تاوێکی تر بۆ ناو ئاسمان ئەفڕنەوە
لەسەر کورسیەکە ھەندێک پەڕوباڵ بەجێماوە.
9.
نامەیەکی جەنگ
لەسەر کورسیەکەیە.
کورسیەک
سبەی ژنێکی پیر دێت و
ڕیقنەی شان و ملی ئەتەکێنێ
لەسەر کورسیەکە دائەنیشێ و
سەگە توکنەکەشی لە باوەشیدا ئەنوێ
مراویەکانیش ووردە نانەکان ئەکرتێنن
خەو چاوەکانی ماندوو ئەکات و
ھێندە نابا گۆچانەکەی ئەیباتەوە
لەسەر کورسیەکە جانتایەکی بچکۆلەی چەرم کەوتووە
نامەیەک و دەسڕێک و موسیلەیەکی مرواری تێدایە
نامەکە ئەڵێت ..
" کورسیەکە ئەزانێت چەند دانیشتم بە دیارتەوە
من ئەگەڕێمەوە بۆ بەرەی جەنگ
ئیتر نازانم کەی دێمەوە ".
10. خەمێکی
سەرخۆش.
کورسیەک
موعتادێکی لەسەر نوستووە
کزەی سەرمای بە خۆیا داوە و
پیرە خەمێکی توکنی ناوەتە ژێر سەری
ماچێکی گەرم لەسەر لێوەکانی نیشتۆتەوە و
ھێدی ھێدی لێوەکانی ئەمژێت
ئەوە خەونە .. یان
ئەو ڕۆژەی یەکەمین ماچ
موعتادی کرد.
11.
پیرێک لە
چاویلکەکەیدا خودا ئەبینێت.
کورسیەک
پیاوێکی سەر سپی لەسەری دانیشتووە و
چاوەکانی بە دەستەوەیە
تاو تاو ئاوی خەمەکانی ئەدات
بەسەر شانی کورسیەکەوە شۆڕ بووەتەوە
بۆ ناو مەیخانەیەکی ڕۆمانەکە
بە تەنیشت کچە سەرخۆشەکەوەیە
پێک لەسەر پێک ئەخواتەوە و
گۆرانی پاڵەوانەکە ئەڵێتەوە ..
" ھەمووتان ئەمخۆنەوە و ئەمخوێننەوە
کە من ئەبەدێتم".
12. ئەوە
سەرابە لە دوورایی دەشتەکەوە سەما ئەکات.
لەو باخچەدا
کورسیەک بە تەنیا دانیشتووە و
چاویلکەیەک لەسەری بەجێماوە
لەو دیو چاویلکەکەوە دوو چاوی پیر کەوتوون
چاویان لە ھەلقەڕێزی باخچەکەیە و
گوڵەکانیش ھەڵئەوەرێن
حەوزی ماسیەکان ووشک بووەتەوە و
مراویەکانیش لە شەقەی باڵئەدەن و ئەفڕن
کەسێک چەترێکی بەسەرەوەیە و
لە باخچەکەوە ئاوا ئەبێت.
ماڵپهڕی زمکان عهزیز
|