٩\٥\٢٠١١
کورسی و گۆڕان و
ئهمهریکا.

سەلام عەبدوڵا
پاش ئەزموونی سەرۆکایەتی سەرۆک بن عەلی،
موبارەک، فوجیموری (پیرۆ)، قەزافی، بەشار،
سەرۆکی هیندۆراس، عیدی ئەمین، کابوسەکەی عومان...هتد، کورسی دەسەڵات
بووە بە سووکترین و بێ نرخترین شوێن لە دنیا. لەوانەیە ئەمە پەیوەندی
بە هەستی خۆمەوە هەبێت لەبارەی کورسی سەرتاش، بەڵام لە پێشکەوتووترین
بواری مرۆیی ئیمڕۆدا، واتە تەکنەلۆژیای زانیاری، مشتومڕ لە بارەی (کۆمون)
و ئابووری (peer-produktion) ئازاد
و هاوبەش دەکرێ، لە بری گۆڕینەوەی کاڵا، بەرێگای سیستێمی (Open
Source) پەیڕەوی بەشداریکردن لە داهێنان و زانیاری و کلتوری ئازاد(بۆ
نموونە ڤیکیپیدیا) و بەرنامەکانی سوفت وێری خۆڕایی کە خاوەنەکانی بە
مەبەستی قازانج بەرهەمی ناهێنن، دەکرێ. ناواخنی ئەم بوارە، ئەقڵ و فکری
هەرەوەزی ئازادە و بەشداربووانەکەی باسی کورسی ناکەن.
ئایا دەتوانین ئەم چۆرە سیستێمە لە بورەکانی تری ژیان پەیڕەو بکەین؟
لەم جیهانەدا پێداویستییەکانی مرۆڤ بە قازانجەوە پابەند نییە و کەسیش
ناتوانێ هیچ شتێک بفرۆشێ و بێکاریش بوونی نییە. تەنانەت ململانی شێوە
یارییەکە نەک هەوڵی بێوچان لەپێناو بژێوی و گەمژییە ئەگەر کەسێک بیر لە
شاردنی زانیاری و بیرۆکەیەکی نوێ بکاتەوە!
نەوشیروان موستەفا لە کۆتایی وتارە کورت و پوختەکەیدا نووسیویەتی: (ئێمە
چاکسازی ریشەییمان ئەوێ کە بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی حکومەتی
تاکحزبی-شمولی یەکێتی لە سلیمانی و حکومەتی تاکحزبی شمولی پارتی لە
دهوک و هەولێر بۆ حکومەتی دامەزراوەیی نیشتمانی کوردستانی. ئەمە
دەردەکەیە، ئەوەش دەرمانەکەیەتی!).
هیچ کەس ناتوانێ نکوڵی لەو راستییە بکات کە
ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بەشێکە لە ناڕەزایەتییە جیهانییەکان دژ بە
سیاسەتی لیبڕالیزمی نوێی جیهانگیر، واتە بازاڕی ئازاد، بە تایبەتکردنی
کەرتە گشتییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایشی بژێوی رۆژانەی خەڵک
کە بریتین لە: گرانی بازاڕ، بێکاری، هەژاری و بەرتەسکردنی ئازادی
بیروڕا.
ئەمە دەردی راستی ئێمەیەو ئەگەر دەسەڵات لە کوردستان ببێ بە حکومەتی
دامەزراوەییش، هێشتا هەر کێشەی ئێمە چارەسەر ناکات و لەسەرتاپای دنیا
نموونەی پێشکەوتوو و سەقامگیری دەسەڵاتی دامەزراوەیی هەیە(بۆ نموونە
وڵاتانی ئۆروپا و ئەمهریکا) کە:
1- خۆیان سەرچاوەی قەیرانەکەن، واتە قەیرانی دەسەڵاتی تەکنۆکراتەکانی
سەرمایە.
2- ئەوانەی ئاگر بە ماڵی خەڵک تێبەردەدەن، ئاگرەکەی ناکوژێننەوە، واتە
قەیرانی سەرمایەی دارایی(باوکی جۆرەکانی سەرمایە!)و تەکنۆکراتەکانی، بە
جەنگ و گرانی وڵامی داخوازییەکان دەدەنەوە.
دەرمانەکە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بریتییە لە بەرنامەی ئەنتی
لیبرالیزم دژ بە رژێمە دیکتاتۆرەکان کە لەلایەن خودی خاوەنکارو سەرمایە
و کۆمپانیا و حکومەتەکانیانەوە پشتیوانی دەکرێن وەک
(حکومەتی دیکتاتۆری هیندۆراس) و کۆلۆمیبا کە بنکەیەکی ئەمریکییە
و سەدان سەندیکایی لەو وڵاتە هاتنە کوشتن.
نووسەری ئەمریکی میشیل مۆریس دەنووسێ: 400دەوڵەمەندی قیزەوەن کە
زۆربەیان بە شێوەیەک لە شێوەکەیان بەرێگای
نۆژەنکردنی بانقەکان ساڵی2008 ئێستا بوون بەخاوەن دارایی بەقەد
155ملیون ئەمریکی کە بە دەگمەن خاوەن موڵکن....ئەوان دەیانەوێ هەرچی لە
1930وە دەستکەوتووە وەک بیمەی بێکاری، خانەنشینی، 40سەعات کار،
پاراستنی کار وێران بکەن....ئۆباما بەدەگمەن لەبارەی خەباتی کرێکارو
کارمەندەکانی دەوڵەت لە مێدسۆن قسەی کرد....بەڵێنەکەی بۆ پاراستنی مافی
سەندیکاکان لە کاتی هەڵبژاردن، لەبیرکردووە.).
ئۆباما وەک هەڵگری نۆبڵی ئاشتی، یەک بە یەکی بەڵێنەکانی پێشێلکرد: نە
جەنگی ئەفغانستانی راگرت، نە گوانتانامۆی داخست، نە کێشەی دارایی و
تەندروستی، بێکاری و بۆرسە و لانەوازەکانی وڵاتەکەی چارەسەر کردو
سەرباری ئەوەش بوو بە درێژەپێدەری سیاسەتی جەنگی بوشی باوک و کوڕ و وەک
ژەنەڕالێکی سەربازی، جەنگی زیاتری بەرپاکردو بەمە بوو بە نموونەی
پێشێلکەری جاڕنامەی مافی مرۆڤ و گەلان!
لە بەیاننامەی یەکێتی سەندیکاکانی جیهان بە بۆنەی یەکی ئایار هاتووە: (رێژەی
بێکاری لەنێو لاوەکان 15- 24ساڵ گەیشتووەتە 20%...پەیماننامەی لیسابۆن
هەڵویستی کۆنەپەرەست و رۆڵی واقیعی یەکێتی ئۆرەپا پیشاندەدا...ملیونان
کرێکار بە بەشداری گەنجان، ژنان کرێکارە کۆچبەرەکان لە کار ماندەگرن.
ئەمە دینامیکێکی نوێیە و شنەبای هیوایە....لەپێناو جیهانێک بەبێ
چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ).
ئێمەش لە کوردستان دەبێ بۆ دەسەڵاتی ئەقڵ بگەرێینەوە، بەڵام نەک وەک
ئەو ئەقڵە قۆڕ و
سەخیف و باوەی ئێستا کە جاران لە لایەن
فەیلەسوفە فەرەنسییەکانی سەدەی هەژدەهەم بانگەشەی بۆ کرا
و لەبریدا خۆمان سەرقاڵی ئەڵتەرناتیڤی ئابووری و سیاسی و
ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی جیهانی هەرەوەزی بکەین،
ئەمە ئهندێشه نییە!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|