٩\٥\٢٠١٢
کورته باسێک دهربارهی
سیستهمی خوێندن له سوێد.

سهلاح رێبوار
ووتەیەکی پێویست.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەنگۆی ھێنانی
سیستەمی خوێندنی سوێدی بۆ کوردستان و پیادەکردنی لە قوتابخانەکاندا
تەواوی میدیاکانی کوردی ووڕوژاند، ھەر لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ تاداگاتە
سایتەھەواڵەکانی ئینتەرنێت، مزگێنی بەھەشتی خوێندنیان بەشێوەیەکی
کاریگەرانە بەخشی. مێزگردی سەر شاشەی تەلەفزیۆن و ڕادیۆکان ڕاوێژی
ھەمەجۆریان لە نێوان ئاڵاھەڵگرانی ئەو سیستەمە و نەیارانی بە توندی
ھیانەیە کایەوە و تائێستاش ھەر بەردەوامی ھەیە. نایشارمەوە من وەک
کەسێکی کوردی بە تاسەوە بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی سیستەمی خوێندن لە
کوردستان، ھەنگاو بە ھەنگاو، بە خرۆشەوە بەدوداچوونم لەسەر ئەو
مەسەلەیە دەکرد. ئەوەی کە منی لە زۆر کەسی تر جیادەکردەوە دەگەڕایەوە
بۆ دوو ھۆ:
یەکەمیان من وەکوو ھەموو کوردێکی تر لە تاراوگە ھەمیشە خۆزگەی ئەوەم
خواستوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سیستەمی خوێندن لە کوردستان پێشبکەوێ. شێوەی
دەرسگوتنەوەی حوجرەی مزگەوت بەجێ بھێڵێ و پێ بنێتە قۆناخێکی ھاچەرخ.
وەکوو سیستەمێک سوود لە ئە زموونی ووڵاتانی تر وەربگرێ. دوەمیشیان من
یەک لەوانەم کە لەخۆم ڕادەبینم بڵێم، دەتوانم بەڕاشکاوی باسی سیستەمی
خوێندن لە سوێد بکەم، لەبەر ئەوەی دەرچووی کۆلیژی پەروەردەم لە زانکۆی
ستۆکھۆڵم و زیاتر لە دوانزە ساڵیش دەبی لە قوتابخانەی ئامادەیی لە شاری
کاترینەھۆڵم، کەبە دووری ١٢٠کم دەکەوێتە باشووری شاری ستۆکھۆڵم، دەرسی
تەکنیکی کۆمپیوتەر وپەرەدان بەسیستەم لە پرۆگرامی ناتوور (بەشی زانستی)
دەرس دەڵێمەوە. لەپاڵ دەرسگووتنەوە خەریکی تۆژینەوەم لە بوواری زانستی
دەرسگوتنەوە (دیداکتیک) لە زانکۆی ستۆکھۆڵم. ئەوەش وایکردووە کە من لەو
کەسانەبم کە بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی سەرئەنجامی ئەو پڕۆژەیە بم کە
منداڵانی وڵاتەکەمی پێ پەروەردە بکری، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ
بە چاوی ڕاخنەگرتنەوە لێی ووردببینەوەو دەرئنجامەکەشی بکەینە ئەزموونیک
بۆ ھەنگاوی ئایندەی باشتر.
ئەوە وای کرد کە لەھەندی لاوە داوام لێبکرێ کەم یا زۆر بەشداریەک لەو
باس و ڕاوێژانە دا بکەم. یان بەلای کەمی ڕای خۆم دەرببڕم، بەڵام من خۆم
دەبوارد، چونکە ھەستم دەکرد زۆربەی ئەو باسانەی کە دەکران پڕ بە پێستی
خۆی نەبوون یان باشتر بڵێم بەباشی ئاگاداری سیستەمی خوێندن لە سوێد
نەبوون. لە کۆتایی دا برای دڵسۆزم بەڕێز دکتۆر جاسم تۆفیق خوشناو پێی
لێداگرت و پێی وابوو ھەرچۆنی بێ باسێک بنووسم سوودبەخش دەبێ. یان
بەلانی کەم ڕووناکی دەخاتە سەر ھەندێ لایەنی کێشەکە.
من لێرەدا دەمەوێ ئەوە بۆ خوێنەری بەڕێز ڕوون بکەمەوە، کە ئەم نووسینە
بەھیچ شێوەیەک باس لە دەرئەنجامەکانی ئەو سیستەمە لە کوردستان ناکات،
بەڵکوو بەھۆی ناڕەزایی قوتابییان و مامۆستایانی کورد لە قوتابخانەکانی
کوردستان، لەم ماوەی دوواییدا دژی ئەو سیستەمە نوێیە، ھاتە ئاراوە، بە
باشم زانی زۆر بەکورتی باسێک لەسەر شێوەی پراکتیزە کردنی خوێندن،لە
ڕێگای ئەو سیستەمەو مێتوودەکانی دەرسگوتنەوەی سوید بکەم. ئەو خاڵانە
بخەمە ڕوو کە من پێم وایە کۆڵەگەی بەڕێوەچوونی خوێندنن لە ووڵاتی سوێد.
ھەروەھا دەبێ ئەوەش بڵێم لەبەر ئەوەی من خۆم مامۆستای ئامادەییم و
زیاتر شارەزاییم لە قوتابخانەی ئامادەیی ھەیە ھەر بۆیەش باسەکە سەبارەت
بە قوتابخانەی ئامادەییە، بەڵام لەھامانکاتدا بۆ قوتابخانەی سەرەتایش
دەگونجێ. لەبەرئەوەی ھەمان ھەڵومەرجی سیاسی و ئابووری لەبەڕێوەبردن
دەیگرێتەوە. ھەوەھا باسەکە بریتیە لەو خاڵانەی کە من پێموایە بە باشی
یان خراپی ستوونی ڕاگرتنی سیستەمەکەن. جا دوای ئەوەی خوێنەر لە
خوێندنەوەی تەواو بوو خۆی سەرپشکە لە بڕیار دان.
خوێندن وەک سیمایەکی ھاوچەرخ.
لەو سەردەمەدا خوێندن بۆ ھەر نەتەوەیەک وزەی پێشکەوتنە. بەدڵنیایەوە
ئاستی پێشکەوتنی تاکەکانی کۆمەلگەیەک بەستراوەتەوە بە ئاستی خوێندەواری
و بەشداربوونیان لە بنیاتنانی بەیانیەکی رووناکتر. ھەر بۆیە خوێندن
ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیە. ئاستی خوێندنیش بەرانبەرە بە ئاستی تێگەیشتنی
کۆمەڵگە لە گرنگی خوێندن و سیستەمی پێکەوە ژیان. شێوەی بەڕێوەبردن
بنچینەیە بۆ چۆنییەتی شێوەی خوێندن. واتە دیاردەکانی پەیوەندی
کۆمەڵایەتی دیاریکەری چۆنییەتی سیستەمی خویندنن وئاڕاستەی پەرسەندن و
پێشکەوتنیەتی.
سیستەمی خوێندن لە ووڵاتی سوێد سیستەمێکی زیندووەو ھەمیشە لەگۆڕاندایە.
ھەرپێشکەوتنێک لە کۆمەڵگە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر قوتابخانەو
کاروباری خوێندن ھەیە. سیستەمی سیاسیی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە
سوێد لەسەر بنچینەی دیموکراتی دامەزراون. بۆیە ئەگەر بمانەوێ لە
سیستەمی خوێندن تیبگەین دەبێ لە نزیکەوە سەرنج بدەینە پەیوەندییە
کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی سوێد، چۆنیەتی ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوندیانە لە
ناو سیستەمی خوێندن، ھەربۆیەش ئاسان نییە گواستنەوەی ئەو سیستەمە بە
شێوەی کۆپی لە ووڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر و دەتوانم بڵێم ئەستەمە بتوانێ
سەربکەوی.
خوێنەری بەڕێز بەرلەوەی بچمە نێو باسەکەم دەمەوێ چەند خاڵێکی گرنگ
بخەمە ڕوو، ئەو خاڵانە لە سەرتاسەری سوێد بە بێ ڕەچاوکردنی شار و
ناوچە و چینەکانی کۆمەڵ گرنگیەکی زۆریان ھەیە بۆ ستروکتور و بەڕێوەچونی
خوێندن.
خوێندن بەخۆڕایی.
خوێندن لە تەواوی قۆناخەکانی خوێندنی سەرەتایی، ئامادەیی و زانکۆ لە
سوێد بەخۆڕاییە. ھەر شارەوانییەک بەرپرسیارە لەسەر ئەوەی خوێندن بۆ
تەواوی منداڵ و گەنجان دابین بکات. ئەوە نەک ھەر لەقوتابخانەکانی سەر
بە شارەوانی، بەلکوو ئەگەر قوتابیەک بیەوێ لە قواتبخانەیەکی ئازاد یان
لە شارێکی دیکە بخوێنێ شارەوانی دەبێ کرێی قوتابخانەو کرێی گواستنەوەشی
بۆ دابین بکات.
خوێندن بە خورتیە (ئیجباری).
بە پێی یاسای قوتابخانە گشت منداڵانی سوێد لەسەریانە ٩ ساڵ بەخورتی لە
قوتابخانەی بنەڕەتی بخوێنن. واتە لەتەمەنی نێوان ٧ تا ١٦ ساڵ. ئەو ٩
سال دەکرێتە سێ قۆناخ:
قۆناخی نزم پۆلی ١-٣.
قوناخی ناوەند پۆلی ٤-٦.
قۆناخی بەرز پۆلی ٧-٩.
دوای ئەو ٩ ساڵە قوتابخانەی ئامادەیی دەست پێدەکات کە ئازادە، ئەو کاتە
خێزان خۆی بڕیار دەدات.
بەخۆڕایی کەرەستەی خوێندن.
کەرەستەی خوێندن بۆ قوتابیان وەک کتێب و ئامێری ژمێریاری و...ھتد دەبێ
قوتابخانە دابینی بکات. لەسەرەتای دەستپێکردنی ھەر کۆرسێک قوتابخانە
گشت کەرەستەکانی پێویست بۆ قوتابیان دەکڕێت. قوتابیان بەپێی گرێبەستێک
بەقەرز ئەوکەرەستانە وەردەگرن، دوای کۆتایی ھاتنی کۆرسەکان ئەو
کەرەستانە بەپێی ئەو کۆنتراکتەی مۆرییانکردوە دەگەڕێێننەوە.
ڕۆڵی دایک و باوک لە خوێندنی قوتابی.
پەیوەندیەکی بەھێز لە نێوان قوتابخانەو ماڵەوە دا ھەیە. بە پێی یاسای
قوتابخانە تا ئەو کاتەی قوتابی تەمەنی دەگاتە ١٨ ساڵ دایک و باوک
مافیان ھەیە لە گشت ڕوداو، ھوڵسوکەوت و چۆنیەتی باری خوێندنی قوتابی
بەنامە یان بە بانگھێژکردن بۆ قوتابخانە ئاگاداربکرێنەوە. دایک و باوک
چاڵاکانە بەشداردەبن لە پلاندانان و شێوەی خوێندنی منداڵەکانیان بۆ
سەرکەوتنیان لە خوێندن یان لە چارەسەرکردنی گیرو گرفتیان.
لەسەرتاسەری وڵات کۆمەڵەی قوتابخانە و ماڵ ھەیە کە بەفەڕمی لەگەڵ
قوتابخانە کۆدەبنەوە. بە زۆری باس لە ئەو گیروگرفتانە دەکەن کە
کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی خوێندنی قوتابخانە و فێربونی قوتابیان ھەیە.
ئەو گیروگرفتانەی سەبارەت بە مامۆستاو کەموکوڕی لە دەرسدانەوە تا
دەگاتە باری ئابووری قوتابخانە و چاڵاکیە ھاوبەشەکانی تر وەک سەفەری
خوێندن و ..ھتد.
بە شێوەیەکی گشتی دایک و باوک ھەم ڕۆڵی گرنگیان ھەیە و ھە م
کاریگەرییەکی بە ھێزیان لەسەر کاروباری چۆنیەتی بەڕێوەچونی قوتابخانەدا
ھەیە.
کاتی خوێندنی گەرەنتی کراو.
بۆ ھەر کۆرسێک کاتێکی دیارکراو وەک گەرەنتی ھەیە، کە دەبێ قوتابی لە
خوێندن مامۆستای ھەبێ. ئەم کاتە کاتی خوێندنی گەرەنتی کراوی پێی
دەگوتری. Garanterad undervisningstid.
بۆ ئەوەش ھەر قوتابخانەیەک بەشێوەیەک کارەکەی چارەسەرکردووە. بۆ نموونە
لە ھەر بابەتێک مامۆستایەک لەدەرەوەی قوتابخانە، بە شێوەی یەدەک
کۆنتراکت دەکری. ئەو مامۆستایە لەکاتی ئامادەنەبوونی مامۆستای پۆل، جا
بەھەر ھۆیەک بێ، وچانی وەرگرتبێ، نەخۆش بێ یان کارەساتێکی بەسەرھاتبێ.
ئەوا مامۆستای کۆتراکت کراو دەبێ لە ماوەیەکی کورت بگاتە قوتابخانە تا
قوتابیان دەرسیان لەدەست نەچێ. ئەگەر لەبەر ھەر ھۆیەک، جارێک ئەو کارە
سەری نەگرت ئەوا دەبێ قوتابخانە کاتێکی تر بەھۆی مامۆستای دەرسەکە خۆی
یان مامۆستایەکی تر کە شارەزایی لەبابەتەکە ھەبێ، ئەو کاتە بۆ قوتابیان
قەرەبوو بکاتەوە.
قوتابخانە وەک دامودەزگایەکی دەوڵەتی.
قوتابخانە لە سوێد، بەشێوەیەکی گشتی، سەر بە دەوڵەتە. ھیچ قوتابخانەی
ئەھلی بەمانا کۆنەکەی نیە کە دەوڵەمەندان بە پارە منداڵەکانی خۆیانی
تێدا پەروەردە بکەن. بەڵام لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ پەرلەمانی سوێد
بڕیارێکی پەسەندکرد. لە بڕیارەکەدا ڕێگا دەدا (قوتابخانەی ئازاد)
بکرێتەوە. بەو مانایە کۆمپانیای بازرگانی دەتوانێ قوتابخانەی ئازاد
بکاتەوە. ئەم شێوە قوتابخانەیە ھەمان ھەڵومەرجی یاسایی و کارگێڕی وەک
قوتابخانەکانی سەر بەدەوڵەتی بەسەردادەسەپێ. واتە بە ھەمان شێوەی
قوتابخانەکانی شارەوانی پابەندی گشت بڕیارەکانی شارەوانی و
دەستەڵاتداریە ناوەندیەکانن. مەرجەکانی وەرگرتن لەو قوتابخانانەدا
ھەمان مەرجی قوتابخانەی سەربەشارەوانین. واتە ھیچ قوتابخانەیەک بۆی نیە
بە ھەر ھۆیەک بێ نکۆڵی لە وەرگرتنی قوتابی بکات. شارەوانی ئەرکی کرێی
خوێندن لەو قوتابخانانە دەگرێتە ئەستۆ، واتە قوتابی و خێزانەکەی بە ھیچ
شێوەیەک بارگرانی خوێندنیان ناکەوێتە ئەستۆ. ئەوەش وای کردووە کە لە
سەرتاسەری سوێد، تەنانەت قوتابخانەیەکیش نەبێ کە تەنیا بڵیمەت و
بەھرەمەندان تێیدا بخوێنن. چونکە بەپێی سیستەمی دیموکراتی و یەکسانی
نێوان کەسەکانی کۆمەڵگە ئەو جۆرە قوتابخانانە تەنیا ئامرازی ھەڵاواردنن
(دیسکریمینەیشن) لەنێوان ڕۆڵەکانی کۆمەڵگەدا. بۆیە بوونیان دژی سیستەمی
دیموکراتی و یەکسانیە. بەم چەشنە قوتابی بواری ئازادی ھەڵبژاردنی
قوتابخانەی بۆ فراوانتر بووە. جا چ لە شارەکەی خۆی یان لە شارێکی تر،
جا شێوەی قوتابخانە دەوڵەتیبێ یان ئازاد، خۆی بڕیاردەدات، نەک
قوتابخانە. ئەو قوتابخانە ئازادانەش ھەر بەخۆڕاین واتە قوتابی و
خێزانەکەی پارە نادەن بەڵکو ئەو خەرجیە دەکوێتە سەر ئەستۆی شارەوانی.
قوتابی بەھۆی کەم ئەندامی یان سەختی فێربوون لە پۆل جیاناکرێتەوە.
سیستەمی خوێندن لە سوێد بە ھیچ شێوەیەک ڕێگای جیاکردنەوەی قوتابی لە
پۆل نادات. قوتابی کەم ئەندام یان ئەو قوتابیانەی کە لەدەرس لاوازن، لە
پۆلی ئاسایی دەخوێنن زۆر جار ھاریکار (ئەسیستەنت) لەگەڵ قوتابی دەچێتە
ژووری دەس بۆ کۆمەککردنی. سەرەڕای ئەوە لە ھەر قوتابخانەیەک شوێنێکی
تایبەتی ھەیە کە مامۆستای پسپۆر یارمەتی ئەو قوتابیانە دەدا کە لە
دەرسەکانیان لاوازن، یان پێڕاناگەن. ئەوە ئەو قوتابیانەش دەگرێتەوە کە
بە ئارەزووی خۆیان بۆ بێدەنگی و دوور لە ھەڵڵا بۆ دەرسخوێندن دەچنە ئەو
شوێنە تایبەتیە.
تاکە مەرج بۆ جیاکردنەوەی قوتابی لە پۆل بوونی ڕاپۆرتی پزیشکیە. قوتابی
جیادەکرێتەوە بەمەرجێ ڕاپۆرتی پزیشک پێ لەسەر ئەوە دابگرێ کە ئەو
قوتابییە لەبەر ھۆی دەروونی یان نەخۆشیەکی تر ناتوانێ لە پۆلی ئاسایی
بخوێنێ. بۆ ئەو قوتابیانەش قوتابجانەیەکی تایبەتی ھەیە کە دوای ڕاپۆرتی
پزیشک قوتابی وەردەگرێ ئەو قوتابخانەیە ناوی قوتابخانەی
جیاکراوەSärskolan.
خوێندن بە ئامانج بەستراوەتەوە.
لە ووڵاتی سوێد خوێندن بە ئامانج بەستراوەتەوە، واتە بۆ ھەرکۆرسێکی
خوێندن ئامانجێکی دیاریکراو ھەیە. ئەو نمرەیەی کە قوتابی لەدەرسێک
وەریدەگرێ بەستراوەتەوە بە بەراوردکردنی ئاستی زانیاری قوتابی بە ئەو
خاڵانەی کە لە پلانی کۆرسی دەرسەکە دیاری کراون کە دەبێ قوتابی بیگاتێ
و لە بەرزی یان نزمی نمرەکانی ڕەنگ بداتەوە. ئەوەش وایکردووە کە بەپێی
یاسای قوتابخانە و پلانی خوێندنی ئامادەیی قوتابی شوێنی ناوەندی
پێبدرێ. قوتابخانە گشت ئامادەکاریەکی لەخزمەت دادەنێ بۆ ئەوەی بگاتە
ئامانجی دیاریکراوی ناوەرۆکی خوێندن کە لە پلانی کۆرس مەرجی بۆ
دانراوە.
تا چ ڕادەیەک ھەر قوتابخانەیەک لە کاروبارەکانیدا سەرکەوتوودەبی، بۆ
چەند ھۆکارێکی دەرەکی و ناوەکی دەگەڕێتەوە کە بڕیار لەسەر چارەنووسی
ئاڕاستەی قوتابخانە دەدەن.
یاساکانی ھەڵسوڕاندنی کاروباری قوتابخانە .
قوتابخانە بەپێی یاسا ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمە (سەربەخۆ). کام مێتوود لە
کاروباری ھەڵسووڕاندنی قوتابخانە ھەڵدەبژێرێ ئازادە، بەمەرجی لە
کاروبارەکانی کارگێڕی و دەرئەنجامی خوێندن و فێربوون پابەندی ئەو
یاسایانە بێ کە پەیوندیان بە قوتابخانەوە ھەیە، ئەم یاسایانەش بریتین
لە:
یاسای قەتابخانە skollagen: ئەو یاسایە لە سەرتاسەری سوێد ھەر لە
باخچەی ساوایان تادەگاتە ئامادیی، گشت قوتابخانەکان بەبێ ڕەچاوکردنی
شوێن و فۆرم دەبێ خاڵ بەخاڵ پابەندی بەندەکانی یاسای قوتابخانەبن. ھەر
بڕیارێک کە قوتابخانە لەسەر ھەر کاروبارێک دەیدا دەبی لەگەڵ بەندەکانی
ئەم یاسایە یەک بگرێتەوە. یاسای قوتابخانە یاسایەکی سەرتاسەری و گشتیە،
بۆیە دەبێ بەندەکانی بە یاسای تر لە فۆرمی قوتابخانەکان شیبکرێتەوەو
ووردەکاریی تێدابکرێ ولەگەڵ ھەڵومەرجی شێوەی قوتابخانە بگونجێندرێ.
یاسای قوتابخانەی ئامادەیی rordningenöGymnasief: یاسایەکی تایبەتیە بە
قوتابخانەی ئامادەیی. ئەو یاسایە زیاتر قووڵبونەوەی یاسای قوتابخانەیە
و بەشیوەیەکی وردەکاریانە بۆ ھەڵومەرجی قوتابخانەی ئامادەیی
گونجێندراوە. ھەڵبەتە ھەموو بەندەکانی یاسای قوتابخانەی ئامادەیی دەبێ
لەگەڵ یاسای قوتابخانە یەکبگرنەوە. واتە ھەردوو یاسا لەیەکتر
رەنگدانەوەیان ھەبێ.
پلانی خوێندنی ئامادەیی Plf: بریتیە لە دیاریکردنی ئەرکەکانی خوێندن
وپەروەردە لە قوتابخانەکانی ئامادەیی. پلانی خوێندنی ئامادەیی گرنگی
بەھا مرۆڤایەتیەکانی لەچوارچێوەی کاروباری قوتابخانەدا تێدا
ڕوونکراوەتەوە. بە کورتی پلانی خوێندن ڕێنیشاندەری قوتابخانەی ئامادە
ییە چ لەباری ئاڕاستەی خوێندن و چ لە ئاستی بەھا مرۆڤایەتیەکان کە
کولتوور و نەریتە کۆمەڵایەتیە باوەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. ئەوەش
ھەلسوکەوتی قوتابیان، مامۆستایان و گشت ئەو کەسانەی کەلە قوتابخانە
کاردەکەن، ھەم بەرامبەر یەکتری ھەمیش بەرامبەر کۆمەڵگا، دە کریتە ئە
ستۆ.
قوتابخانە وەک دامودەزگایەکی فەڕمی دەوڵەت.
قوتابخانە وەک دامودەزگایەکی فەڕمی دەوڵەت، سەرەڕای ئەو یاسا
ناوەندیانەی سەرەوە کە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی کاروبار و ئاستی خوێندن دیار
دەکەن چەند فاکتەرێکی تریش ھەن کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان
لەسەر سەرکەوتوویی کاروباری خوێندن لە قوتابخانەدا ھەیە. من لیرەدا
چوار فاکتەری دەستەڵات باسدەکەم کە ھەریەک لەو فاکتەرانە ڕەنگدانەوەی
ڕاستەوەخۆی لەسەرکاروباری قوتابخانەو خوێندن ھەیە.
فاکتەری سیاسی، فاکتەری ئابووری، فاکتەری کارگێڕی و فاکتەری
پەروەردەیی.
فاکتەری سییاسی.
گرنگترین فاکتەرەو بریتیە لەوەی کە کام پارتی سیاسی دەستەڵاتدارە لە
شارەوانی. ئەو پارتە چی و کام کاروبار بە گرنگتر دەزانێ لەوانە
قوتابخانە، سەرپەرشتی پیروپەککەوتە، ڕێگاوبان یان مەسەلەی خانوبەرە بۆ
نیشتەجێ بوونی دانیشتووان و ھتد. لەبەرئەوەی ھەر شارەوانیەک ئۆتۆنۆمی
خۆی ھەیە لە داڕشتنی بوودجەی ساڵانەو چۆنیەتی دابەشکردنی ئیتر
چارەنووسی سیستەمی پەروەردە و خوێندن دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ویست و
خواستی دەستەڵاتداری سیاسیی زۆرینە لە شارەوانی. بەپێی سیستەمی
دیموکراتی پارتی دەستەڵاتدار (زۆرینە) خۆی بڕیار لەسەر دابەشکردنیی
بوودجە دەدات و کام دامودەزگا یا خزمەتگوزاری چەندپشکی لە بوودجە
بەرکەوێ.
فاکتەری ئابووری.
ھەر شاریک دەبێ خۆی خۆی بەخێو بکات. دەوڵەمەندی یان ھەژاری شارەوانیش
بەستراوەتەوە بە ئەو باجەی کە شارەوانی لە کارگەو کارخانەکان و ھەموو
دانیشتوونی شار وەری دەگرێ. شارەوانی دەوڵەمەند توانای باشتر بۆ
دامودەزگاکانی شار دەڕەخسێنێ. ئەنجومەنی شارەوەنی دەتوانێ باشتر بە
ھانای خزمەتگوزاریەکانی ھەمەجۆری شارەوانیەوە بێت (ئەو
خزمەتگوزاریانەلە ژێر فاکتەری سییاسی باسکران). پەرەدان بە کاروباری
قوتابخانەکان، بێجگە لە دەوڵەمەندی شارەوانی، ئارەزوی سیاسیشی دەوی بۆ
بە گرنگ ھەڵگرتنی خوێندن و قوتانخانە.
فاکتەری کارگێڕی.
قوتابخانە وەک ھەر دامودەزگایەکی تری دەوڵەتی بریتیە لە ھەڕەمی
کارگێری. بەڕێوەبەری قوتابخانە بەرپرسیاری یەکەمە، ھەم بەرپرسیارە
بەرامبەر دەستەڵاتی سیاسی شارەوانی، واتە ڕاپەڕاندنی خواستی پارتی
دەستەڵاتدار لە شارەوانی. ھەمیش بەرامبەر مامۆستا و فەرمانبەرانی دیکەی
قوتابخانە کە بەپەرۆشی پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنن لە
قوتابخانەدا. ئیتر ھەر لە دامەزراندنی مامۆستا ودابینکردنی خانووبەرەی
قوتابخانە تا دەگاتە کەرەستەی دەرسدانەوە. بەڕێوەبەری قوتابخانە
لەلایەک ئازادە لە شێوەی بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە ھەڵسوڕاندنی
کاروباری قوتابخانە،لەلایەکی تر بەرپرسیارە لەبەرامبەر دەستەڵاتدارانی
شارەوانی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردن و ئاستی دەرسوتنەوە، ئامادەکاری و
کارئاسانی بۆ مامۆستایان، کە لەھەر پۆلێکدا چەند قوتابی ھەبێ و ھەر
ماموستایەک لە ساڵێکدا چەند کاتژمێر دەبێ دەرس بڵێتەوە و پلانی
قوتابخانە بۆ کاتی تانگەتاوەو ...ھتد.
فاکتەری پەروردەیی.
فاکتەری پەروەردەیی، فاکتەری بنەڕەتیە و دەرسدانەوە تاکە ئەرکی
قوتابخانەیە لە کۆمەڵگەدا. کەچی چارەنووس و چۆنیەتی ئاستی دەرسدانەوە
بەستراوەتەوە بە تواناو ئارەزوی ھەرسێ فاکتەرەکانی تر. دامەزراندنی
مامۆستای بەتوانا، کەمی ژمارەی قوتابیان لە ھەر پۆلێکداو کڕینی کەرستەو
ئامیری دەرسدانەوەی ھاوچەرخ، وەک سمارتبۆرد و ئامێری تری گرانبەھا کە
ئاستی دەرسدانەوە بەرزدەکەنەوە. ھەروەھا ئازمونگەی مۆدێرن بۆ فیزیاو
کیمیاو و بایۆلۆجی، یان کڕینی ئامێری کۆمپیووتەری بەھێز وەک سێرڤەر بۆ
بە ڤیرتوێلکردنی قوتابخانەو بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن وبە گڵوباڵکردنی
مەیدانی دەرسدانەوە. واتە ڕەخساندنی مەیدانی گەورەتر بۆ قوتابیان و
کاریگەری لەسەرئارەزوی فێربوونیان. بینایە وخانوی باش و مۆدێرن بۆ
قوتابخانە بنچینەیە بۆ تەندرووستی قوتابیان و فەرمانبەران، وا لە
قوتابی دەکا بەدڵخۆشی و پڕئارەزووەوە بێتە قوتابخانەو لە خوێندن و
خۆفێرکردن چاڵاکانە بەشداربی. ھەڵبەتە پێشتر باسی ئەوەکراوە کە
ئارەزووی فاکتەری سیاسی دەتوانی ئەو توانایە بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانە
بڕەخسێنێ، ئەگەرنا بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستا ئەستەمە بتوانن کارەکانی
قوتابخانە بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە ئەنجام بدەن.
ئەو فاکتەرانەی سەرەوە وای کردووە کە ستانداردێک بۆ باری ئابووری و
ئاستی قوتابخانەکانی سوێد نەبێ. باری ئابووری قوتابخانە لە شارێکی
دەوڵەمەند زۆر باشترە تا شارێکی کەم دەرامەت. زۆرجار بۆ کڕینی ئامێرو
کەرەستەی گرانبەھا کە زیاتر لەبوودجەی قوتابخانەی پێدەوێ شارەوانی دێتە
ناو و کۆمەکی ئابووری قوتابخانەکان دەکات. ھەروەھا بوودجەی شاری
دەوڵەمەند ڕێگای زیاتر دەستفراوانی لە مووچەی مامۆستاو فەرمانبەرانی
دیکەی قوتابخانە دەدات، بۆ نموونە مووچەی مامۆستا لە شارێکەوە بۆ
شارێکی دیکە دەگۆڕێ، مامۆستایک لە ستۆکھۆڵم ٦٠٠٠ کرۆنی سوێدی زیاتر لە
مامۆستایەک، کە بەھەمان پلەی خوێندن، لە شاری ئوپساڵا وەردەگرێ. ئەوەش
لەبەر ئەوەی شاری ئوپساڵا شارێکی زانکو و خوێندکاریەو ھەژارە کەچی شاری
ستۆکھۆڵم شارێکی ھەم پیشەسازیەو ھەم ناوەندی کارگێڕی و بازرگانیە لە
ووڵات. شاری دەوڵەمەندە توانای باشتری ھەیە و دەتوانی مامۆستای باش و
بە ئەزموون پەیدا بکات چ لە ڕووی مووچەی بەرز و چ لەڕووی
پێداویستیەکانی دەرسدانەوە. ھەر بۆیەش مامۆستای باش و بە ئەزموون لە
ستۆکھۆڵم وەگیر دەکەوێ تا شارێکی تری کەم دەرامەت.
سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی قوتابخانە.
بۆ بەباشی بەڕێوەچوونی کاروباری قوتابخانەکان لە سوێد سێ (٣)
دەستاڵاتداریەتی ناوەندی ھەن، ئەم دەستەڵاتداریانە ھەم خەریکی
لێتۆژینەوەو پەرەپێدانی خوێندنن و ھەم چاوەدێری و پشکنینی قوتابخانەکان
دەکەن. ئە مە ش بە مەبەستی ڕاگرتنی ئاست و ئاڕاستەی خوێندن و پەرەپێدان
و باشترکردنی دەرسگوتنەوە لە قوتابخانەکان و ڕاگرتنی ستانداردی
خووێندنە لە سەرتاسەری ووڵات. ئەو دەستەڵاتداریانەش بریتین لە:
دەستەڵاتداریەتی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان Skolverket.
ئەم دەستەڵاتداریەتیە بەرپرسیارە لە بەرنامەی خوێندن و پلانی
بابەتەکانی دەرسدانەوە، دەرکردنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی بەردەوام،
کردنەوەی کۆرسی تایبەتی بۆ مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانە،
ھەڵسەنگاندنی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەو ئامارەکانی لەسەر قوتابخانەکان
دەکرێن و پلان بۆ دواڕۆژی خوێندن دادەنێ. ئەم دەستەڵاتداریە ئۆرگانی
ناوەندی پەروەردەو خوێندنە لە سەرتاسەری سوێد.
دەستەڵاتداریەتی پەرەپێدانی قوتابخانەکان Skolutvecklingen.
ئەو دەستەڵاتداریەتیە بەرپرسیارە لە پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ پەرەپێدان و
باشترکردنی خوێندن و فێربوون. ئەو دەستەڵاتداریە ھاوکاریەکی پتەوی
لەگەڵ ووڵاتانی ئەڕوپایی و دەرەوە ھەیە، بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و
ئەنجامگیری لێتۆژینەوە و پلاندانان. ھەرەھا سوود وەرگرتن لە ئەزموونی
یەکتری. ھەر بۆیەش خوێندن لە سوێد کاریگەریی بەھێزی ئەزموونی جیھانی
ب،ەشێوەیەکی بەرچاو، لەسەرە و بە ھەمان شێوە خوێندنی سوێدیش کاریگەری
لەسەر سیستەمی ووڵاتانی تر ھەیە.
دەستەڵاتداریەتی پشکنینی قوتابخانەکان Skolinspektionen.
ئەم دەستەڵاتداریە پێشتر بەشێک بوو لە دەستەڵاتداریەتی قوتابخانەکان.
لە ١ ئۆکتۆبەری ٢٠٠٨ بەشێوەیەکی فەڕمی جیاکرایەوەو بوو بە
دەستەڵاتداریەکی سەربەخۆ. ئەم دەستەڵاتداریە ئەرکی سەرەکی چاوەدێری
قوتابخانەکانە. بەرپرسیارە لە ئاستی دەرسدانەوەو چۆنیەتی پەیڕەوکردنی
یاساکانی قوتابخانەو پلانی خوێندن. دەستەڵاتداریەتی پشکنینی
قوتابخانەکان بە شێوەیەکی بەردەوام، بەمەبەستی پشکنین، سەر لە شارەکان
دەدات. لەکاتی پشکنین لە ئاستی خوێندن، شێوەی کارگێڕی و چۆنیەتی باری
ئابووری و چۆنیەتی خەرجکردنی بوودجە دەکۆڵێتەوە. بە پلەی یەکەم
ئامۆژگاری لەسەر کەم و کوڕیەکانی قوتابخانە دەدات. دەستەڵاتداری
چاوەدێری و پشکنین دەستەڵاتێکی بەرفراوانی ھەیە. دەتوانی لە باری
ھەڵومەرجی تایبەتی ھەر قوتابخانەیەک کە لە یاسا لایدابێ، ئەگەر بەھەر
شێوەیەک کە کاریگەریی لەسەر ئاستی خوێندن و فێربون یان تەندروستی
قوتابیان ھەبی، ئەوا سزا بەسەر قوتابخانە یان شارەوانی دەچەسپێنێ.
سزادانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی لە یاسا لادانکە. یان کێ بەرپرسیارە
لە لادانەکە، قوتابخانە یان شارەوانی.
پرۆگرمەکانی قوتابخانەی ئامادەیی.
پرۆگرامەکانی قوتابخانەی ئامادەیی لە سوێد بەسەر ١٨ پرۆگرامدا
دابەشکراون. بەگشتی پرۆگرامەکان دەبنە دوو بەش، بەشی یەکەم
پرۆگرامەکانی ئامادەکردن بۆ خوێندنی باڵا کە بریتین لە ٦ پرۆگرام، بەشی
دوو ە م پرۆگرامەکانی ئامادەکردن بو مەیدانی کار کە پێیان دەگوترێ
پرۆگرامی پیشەیی، پرۆگرامی پیشەیی بریتین لە ١٢ پرۆگرام. ھەر
پرۆگرامێکیش لەناوخۆی دەبێتە چەند لقێک کە زیاتر بەرەو خوێندنێک یان
پیشەیەکی دیاریکراو قوتابی ئامادە دەکات.
پرۆگرامەکانی ئامەدەکردن بۆ خوێندنی باڵا دەرسەکانیان زیاتر تیورین کە
قوتابی بۆ زانکۆ ئامادە دەکەن ئەو پرۆگرامانەش بریتین لە:
پرۆگرامی ئابووری
پرۆگرامی ھونەرەجوانەکان
پرۆگرامی وێژەیی
پرۆگرامی زانستیەکۆمەڵایەتیەکان
پرۆگرامی زانستیەکانی سرووشت
پرۆگرامی تەکنیک
ھەروەھا ١٢ پرۆگرامە پیشەیەکانیش کە قوتابیان بۆ مەیدانی کار
ئامادەداکەن بەشی ھەرە زۆری دەرسەکانیان پراکتیکین. بۆ ئەو مبەستەش
پەیوەندیەکی پتەو لەنێوان بازاڕی کارو ئەو پرۆگرامانەدا ھەیە.
قوتابیانی ئەو پرۆگرامانە لە پۆلی دووەم و سێیەمی ئامادەیی ھەر ساڵە ١٥
ھەفتە لە کارگە یان کارخانەیەکدا کاردەکەن. ئەوەش بەمەبەستی ئاشنا
بوونیان بە کارو کولتوورو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بازاڕی کار. ئەو
بەرنامانەش بریتین لە:
پرۆگرامی منداڵ و کاتی ئازاد
پرۆگرامی دامەزراوەو بنیاتنان
پرۆگرامی کارەباو ووزە
برۆگرامی ئوتومبێل و گواستنەوە
پرۆگرامی بازرگانی و کارگێڕی
پرۆگرامی پیشەدەستکردەکان
پرۆگرامی ھۆتێل و بەڕێوەبردن
پرۆگرامی پیشەسازی
پرۆگرامی کشتوکاڵ
پرۆگرامی خۆراک و ڕێستورانت
پرۆگرامی سیستەمی گەرمکردنی ئاووھەوا
ھەروەھا پرۆگرامی ئاگالێبوون و بەخێوکردن (دەرچوانی ئەو پرۆگرامە
بەزۆری خزمەتی پیرو پەککەوتەو نەخۆشان دەکەن).
ئابووری پرۆگرام.
ئابووری ھەر پرۆگرامێک دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەی قوتابیان کەلەو پرۆگرامە
دەخوێنن. ژمارەی ئەو قوتابیانە لەگەڵ ڕێژەی سەرجەمی قوتابیانی
پرۆگرامەکانی تری قوتابخانە دیاردەکرێ. ئەو بوودجەیەی کە پرۆگرام
وەریدەگرێ دەکرێتە دوو بەش:
بودجەی خەرجی بەکاربردن، واتە کڕینی کەرەستەی بەکاربردن وەک کتێب،
دەفتەر، پێنووس و ووردە ماتریالی ڕۆژانە. ئەو بوودجەیە دەستەی
مامۆستایانی پرۆگرام خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن.
بوودجەی درێژخایەن، بریتیە لە کڕینی ئەو کەرەستانەی وەک مێز، کورسی و
ئامێری ئەلکترۆنی گرانبەھا بۆ ئەزمونگا کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن
دەمێننەوە. بۆ خەرجکردنی ئەو بوودجەیە دەبێ پلانێک دابنرێ ئەگەر لە
توانای پرۆگرام دەرچوو ئەوکاتە بەیارمەتی بەڕێوەبەری قوتابخانە
ڕێگەچارە دەدۆزرێتەوەو بڕیاری لەسەر دەدرێ.
ھەر شارەوانیەک خۆی بڕیار لەسەر سنووری نێوان ئەو دوو بوودجەیە دەدات.
بۆ نموونە ئەو شارەی کەمن لێی کاردەکەم بوودجەی خەرجی بەکار بردن تا
٢٠٠٠٠ بیست ھەزار کرۆنی سوێدیە. ئەگەر لەوە زیاتربوو ئەوا دەکەوێتە
خانەی بوودجەی درێژخایەن و دەبی بەڕێوەبەر بڕیاری لەسەربدات. زۆر جار
واڕێدەکەوێ کە بەپێی پێویست پارە لە پرۆگرامێک بۆ یەکێکی تر
دەگواسترێتەوە، ئەوەش لەو کاتەی پرۆگرامێک دەیەوێت ئامێریکی گەورەو
گرانبەھا بکڕێ کە بوودجەی پرۆگرامەکە بەتەنیا بەشی ناکات.
بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە بە شێوەیەکی بەردەوام بوودجەی خۆی
ھەڵدەسەنگێنێ، و چاوەدێری ئەوە دەکات. لەلایەک ئابووری قوتابخانە بە
باشی بەڕێوە بچێ، لەلایەکی تر ھاوسەنگیەک لە نێون پرۆگرامەکانی
دروستبکا کە ئاستئ قوتابخانە بەگشتی بەبەرزی ڕابگیرێ.
پلانی خوێندن.
بەپێی سیستەمی خوێندن دەبێ ھەموو توانایەک لە خزمەتی قوتابی دابی، بۆ
ئەوەی لە پرۆسەی خوێندن سەرکەوێ.
بۆ ئەوەش ھەردوو پلانی خوێندنی ١٩٩٤ و ٢٠١١ بە شێوەیەکی دیار قامک
دەخەنە سەر ئەوەئ کە لە خوێندن دەبێ مامۆستا ھاوسەنگیەک لە نێوان
تیووری و پراکتیک دروست بکات تا بتوانێ مەیدانی خۆفێرکردنی چاڵاکانە بۆ
قوتابیان بڕەخسێنێ، بۆ ئەوەش دەبێ مامۆستا ووتنەوەی دەرسەکانی لەگەڵ
پێداویستیی، ئارەزوو، ئەزموون و شێوەی بیرکردنەوەی تاکی قوتابی
بگونجێنێ. لە ھەردوو پلانی خوێندندا ئەرکی مامۆستا بەشێوەیەکی ڕوون
دیارکراون. مامۆستا دەبێ ھەموو ڕێگایەک بگرێتە بەر بۆ ئەوەی بتوانێ
ھانی قوتابی بدات بۆ خۆفێرکردن و گەشە دان بە زانیاری خۆی. بەڵام ئەو
ئەرکە ھەم زانیاری بابەتی دەوێ و ھەم پێویستی بە زانیاری پەروەردەیی
ھەیە. بەو مانایەی کە چۆن دەتوانی دەرسەکانی والێبکات کە سەرنجی
قوتابی رابکێشێ. لەلایەک بە شوەیەکی ڕەوانبێژانە بتوانی دەرسەکانی
بڵێتەوە، دوای ئەوە لەو ژینگەیەی کە قوتابی پێی ئاشنایە نموونەی
بەرجەستە بێنێتەوە. ئەوەش تا ئاسانکاری بۆ تێگەیشتنی قوتابیان
دروستبکات، لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ، کە مامۆستا تەنیا بە
دەستەڵاتشکانی بەسەر بابەتەکەی خۆی دا ھیچ گەرەنتی ئەوەی نیە کە
مامۆستایەکی سەرکەوتووبێ. ھەر کەسێک ئەگەر بیەوێ مامۆستایەکی
سەرکەوتووبێ، بێجگە لەو بابەتەی کە خۆی لێی پسپۆرە دەبێ زانیاری گشتی
لە بابەتەکانی تریش دا ھەبێ. سەرەڕای ئەوەش دەبێ شارەزابێ لە چۆنیەتی
پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا ھەبێ. تا بەم شێوەیە بتوانی لە قوتابیان
تێبگات و بزانێ چۆن فێردەبن و چاڵاکانە بەشداری لە گفتووگۆی نێو دەرس و
ڕاھێنانەکاندا بکەن. مامۆستای سەرکەوتوو ئەوەیە کەدرک بەوە بکات چۆن
قوتابیان بیردەکەنەوەو ڕێگەچارەی فێربوون دەدۆزنەوە. جا لەوێ دەروازە ی
زانیاریان لەسەرئاوەڵە بکات و بەشێوەیەکی ھوشیارانە بەھاو گرنگیەکانیی
زانیاریان بۆ ڕوونبکاتەوە. زانیاری شتێکی بێلایەن نییە بەڵکو چمکی
زانیاری لە کات و ڕێکەوت و ھەڵومەرجی دەربڕینیی درکی پێ دەکرێ. ھەمیشە
بەگۆڕانی کات و ھەڵومەرج ماناو ناوەرۆکی زانیاریش شێوەی تر بەخۆیەوە
دەگرێ. ئەوەش لە ھەردوو پلانی خوێندنی ١٩٩٤ و ٢٠١١ پێی لەسەر داگیراوە.
مامۆستاش وەک بەرپرسیارەک لە فێربوونی قوتابیان دەبی بەباشی ڕەچاوی
بکات.
تیووریەکانی فێربوون.
سیستەمی خوێندن لە سوێد ڕێگا بە قوتابی دەدا کەدەستەڵاتی بەسەر پلانی
دەرسەکانی و دواڕۆژی خۆی دا ھەبێ و بەشێوەیەکی چاڵاکانە بەشداری لە
پلانی خوێندن و دواڕۆژی دا بکات. واتە بەشداری چاڵاکانەی لە ئەنجامدانی
دەرسەکانیدا ھەبێ.
ڕێنمایی و شێوەی دەرسدانەوە لە سیستەمی خوێندن لە سوێد دەگەڕێتەوە بۆ
پلانی خوێندن و مێتوودەکانی دەرسدانەوە کە لە بنچینەدا لەسەر سێ تیووری
فێربوون داڕێژراون. واتە سەرچاوەی مێتوودەکانی خوێندن بۆ سێ تیووری
فێربوون دەگەڕێتەوە. ئەو سێ تیووریەش پێکەوە پڕۆسەی خوێندن بە شێوەیەکی
دیار و ھەمەلایەنە بنیات دەنێن.
ئەو سێ تیووریانەش کۆنستروکتیڤیزم، سۆسیۆکەلچراڵ و پراگماتیزم، ئەو سێ
تیووری فێربوونە ھەرچەندە باوەڕیان بە ڕێبازی جیاواز بۆ فێربوون ھەیە
بە لام لەگەڵ ئەوەشدا ھەرسێ تیووری لە ناو بۆتەی خوێندن لە سوێد یەکتری
تەواو دەکەن. بە شێوەیەک کەسیستەمی خوێندن دەتوانی لە سێ مەیدانی
جیاواز لە یە ک کاتدا ھەم تەواوکەری یەکتری بن و ھەمیش کاریگەریەکی
بەھێزیان ھەبی لە پڕۆسێسی فێربوونی تاکی کۆمەڵ. بۆیە تێگەیشتن لەو
تیووریانە یارمەتیمان دەدا قووڵتر بچینە ناو خوێندن و فێربوون لەو
سیستەمەدا.
کۆنستروکتیڤیزم: وەک تیووریەکی فیربوون باوەڕی بە چاڵاکی قوتابی ھەیە
لە فێربووندا، ئارەزووی خودی قوتابی وەک چەقی پرۆسیسەکە تەماشادەکری.
بە ھاوکاری لەگەڵ دەوروبەری دا، بە پرۆسیسی ھاوتەریب زانیاری نوێ
وەردەگرێ. ئەو زانیاریە نوێیە لەگەڵ ئەو زانیاریەی کە پێشتر قوتابی لە
بۆنەی تر وەدەستی ھێناوە دەبێتە مایەی بنیات نانی زانیاری و ئەزموونی
نوێ. ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنج ڕاکێشانە ھەموو پرۆسێسی فێربوون لە خودی
قوتابی و ئارەزوەکانی دەست پێدەکات.
تیووریی و کارەکانی زاناو فەیلەسووفی فەرەنسی ژان پیەژێ (١٨٩٦-١٩٨٠)
ڕۆڵێکی بنچینەییان لە دروستبوونی ئەو تیووریە دا ھەیە. بەپێی تیووری
پیەژێ زانیاری کۆپی کردنی دەوروبەر نیە، بەڵکوو سەرلەنوێ لە بیری
قوتابی بەشێوەیەکی دەگمەن و تایبەتی بنیات دەنرێتەوە. ھەر بۆیە پیەژێ
پێی وایە کە دەبێ ھەر لە تەمەنی زووەوە ڕێگا بەقوتابی بدرێ کە چاڵاکانە
بەشداری کاری پراکتیکی و تیووری بکات. لەبەر ئەوەی ھەردوو لایەن
پراکتیک و تیووری پێکەوە ئاسانکاری بۆ فێربوونی قوتابی دەڕەخسێنن،
یارمەتی قوتابی دەدەن. لە خۆڕایی نەبوو پیەژێ خۆزگەی ئەوەی دەخواست کە
ڕۆژێک لەڕۆژان مامۆستا وازی لە فەرماندان بە قوتابی بھێنابایە. لەجیاتی
فەرمان پێکردن ھەوڵیان بدابایە یارمەتی قوتابی بدەن، بۆ ئە و شتانەی کە
خۆیان ئارەزویان لێیە فێری ببن.
سۆسیۆکەلچەراڵ: ئەو تیووریە لەلایەن فەیلەسووفی رووسی لێڤ س ڤیگۆتسکی
(١٨٩٦-١٩٣٤) بەناوی مێژووی کولتوری دامەزراو و دواتر ناوەکەی کرایە
سۆسیۆکەلچەرال، واتە کولتوری کۆمەڵایەتی. ئەو تیووریە باوەڕی وایە کە
فێربوون شتێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریە. فێربوونی تاک بەستراوەتەوە بە
کولتوور لە ھەناوی کۆمەڵگەو نەریتە باوەکانی سەرچاوە دەگرێ. بۆیە
پڕۆسەی فێربوون بەستراوەتەوە بە چەندیەتیی ھەستکردنی تاک بە
بەشداریکردنی لە چاڵاکییە کۆمەڵایەتیەکان. ھاوکاری تاک لەگەڵ دەوروبەری
دا دیدێکی پۆزە تیڤی لای دروست دەکات. سەرئەنجام دەبێتە ھاندەر بو خۆ
فێرکردن و بەرەوپێشەوەچوون. لە دیدی سۆسیۆکەلچەرالدا دینامیکیەتی
کۆمەڵگە، بەشێوەیەکی گشتی، کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر فێربوونی
تاک (قوتابێ). بە ئاسانی فێری ئەو شتە نوێیانە دەبی کە لە
دەوروبەریەوەن، جا کولتووری یان شتی زانستی تر، ئەوەش لە ئەنجامی
ھەستکردنی بە سوودبەخشیان.
بە پێی تیووری سۆسیۆکەلچەرال زانیاری لەڕێگای وتووێژ و گۆڕینەوەی
بیروڕا بەشێوەی چاڵاکانە لە نێوان مامۆستاو قوتابی دەبی. ھەر لەڕێی
گفتوگۆشەوە زانیاری پەرەدەستێنێ و شێوازی نوێ و دیاردەی جیاواز لە
بۆچوونەکان دروست دەکا، لەلایەک دەروازە بۆ ھەنگاوی تر دەکاتەوە و
لەلایەکی تر قوتابی خۆی بە خاوەن بۆچوونی خۆی دەزانێ و خواست و
ئارەزووی خوێندنی بەھێزتر دەکات.
بە کورتی ئەم تیووریە پێی وایە کە نە مامۆستا زانیاری پێیە و نە
قوتابیش . بەڵکوو زانیاری و چمک و ناوەرۆکی بەستراوەتەوە بە ئەو دیالۆگ
وھاوکارییەی نێوان لایەنەکانی گفتوگۆ (مامۆستا و قوتابی). چەندیەتی
کارلەیەک کردنی لایەنەکانی گفتوگۆ بۆ بنیاتنانی زەمینەی زانیاریەک کە
ئاستئ ھوشیاری قوتابی و مامۆستا پێکەوە بەرزکاتەوە.
پراگماتیزم: وەک فەلسەفەی خوێندن لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٨ بەدیارکەوت.
پراگماتیزم بە مانای ئەوە دێ کە قوتابی لەڕێی کارکردنەوە فێری شت ببێ.
ئەم تیووریە لەلایەن پرۆفیسۆر ژۆن جیوی (١٨٥٩-١٩٥٢) فەیلەسووفی ئەمریکی
پەرەی پێدراوە. جیوی پێی وابوو کە مرۆڤ لەڕێگای ئەنجامدانی کار ئەزموون
دروست دەکاو بەباشی فێر دەبێ ( فێربوون لەرێگەی کردن). جیوی پێی وایە
پراکتیک باشترین ڕێگایە بۆ پەیداکردنی زانیاری. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ
مەیدان بۆ قوتابی بڕەخسێ، ئەو مەیدانە لەشێوەی ئەزموونگە یان پڕۆژەی
تایبەتی کەلەگەڵ ناوەرۆکی دەرس بگونجێ. لەو ڕێگایەوە قوتابی دەتوانێ
زانیاری بابەتی لەسەر شتەکان بە قووڵی تێبگات و بە ئاسانیش پەرەی پێ
بداو لە ھەڵومەرجی تردا بیگونجێنێ.
یەک لە خاڵە گرنگەکانی خوێندن لە ووڵاتی سوێد ئەوەیە کە بۆ گشت دەرسە
زانستیەکانی وەک کیمیا، فیزیا، بایۆلۆجی و کۆمپیووتەر ئازموونگەی
تایبەتی مۆدێرنی ھەیە کە نوێترین ئامرازی میکانیکی و ئەلکترۆنی
تێدایە، دەتووانرێ ئەو تێکستە تیووریانەی کە بە ئەستەنگ قوتابی لێی
تێدەگات بەکردەوە لە ئەزموونگە ئەنجامی بدەن. دوای ئەنجامدانی دەبێ
قوتابیان ڕاپۆرتێکی زانستی لەسەر پرۆسەی ئەنجامدانی کارەکەیان بنووسن.
بەو کارەیان دوو ئامانج دەپێکن، یەکەم فێربوونی پڕۆسەی کارلەیەککردنی
توخمەکان و وەرگرتنیی بیرۆکە لەسەر پەرەسەندنی سرووشت و پەیوەندی
توخمەکان، لە ھەمان کاتدا دەبی ئەو شتەی فێری دەبن بە ڕاپۆرتێکی فەڕمی
ڕوونی بکەنەوە. ئەو ڕوونکردنەوەیە ھەرلە بیرۆکە بنچینەیەکەوە تادەگاتە
بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەو کۆتایی و ئەنجام گیریی. دوایی ڕای تایبەتی
قوتابیان خۆیان کە چی فێر بوون، سەختیەکان و ئاسنکاریەکانی کە تووشیان
ھاتووە،
تاقیکردنەوە و نمرە دانان.
لە سیستەمی ھەڵسەنگاندن و نمرەدانان لە سوێد چەند ڕێگایەک ھەیە. ئەو
ڕێگایانەش دەگەڕێنەوە بۆ شێوەی ئەو بابەتەی کە دەخوێندرێ. کام ڕێباز
باشەو دەگونجێ بو ھەڵسەنگاندن و نمرەدانان. بەگشتی سێ شێوەی ھەڵسەگاندن
ھەیە بۆ دیاریکردنی ئاستی زانیاری قوتابی:
تاقیردنەوەی نیشتیمانی (سەرتاسەری).
لە قوتابخانەی ئامادەیی سێ دەرس ھەن کە دەبێ تاقیکردنەوەی نیشتمانیان
لە کۆتایی ھەر کۆرسێکدالێ بکرێ:
ئەو دەرسانەش زمانی سوێدی یان سوێدی وەک زمانی دووەم ( بو ئەو
قوتابیانەی کە سوێدی زمانی زکماکیان نیە)، ئینگلیزی و بیرکاری. ئەو سێ
دەرسە لەدوای ھەر بەشێک تاقیکردنەوەیەک دەکرێ و لە کۆتایی تەواوبوونی
کۆرس دا تاقیکردنەوەی نیشتیمانی دەکرێ. ئەم تاقیکردنەوەیە لەسەرتاسەری
سوێد لە یەک کاتدایەو پرسیارەکانیش نھێنین. ئەنجامی تاقیکردنەوە تا دە
ساڵ وەک دۆکوومێنتێکی گرنگ لە قاسەی تایبەتی ھەڵ دەگیرێ. ھەرکاتی
دەستەلاتدارییەتی پشکنین سەردانی قوتابخانە بکات، ئەوە لە بەخت چەند
تاقیکردنەوەیەک دەکاتەوە بۆ کۆنترۆل کردن و دڵنییابوون لە دروستی
دەرئەنجامەکانی. ئەوەئ لێرەدا جێگای سەرنج دانە، ھەمان مامۆستای کە
دەرسەکەی گوتۆتەوە تاقیکردنەوەکەش ڕاستدەکاتەوە (تێحیح). مەبەستیش لەم
شێوەیە ئەوەیە کە ھیچ تاقیکردنەوەیەک ناتوانێ بەتەنیا ببێتە پێوەری
زانیاری قوتابی. مامۆستا بە درێژایی پرۆسەی خوێندنی کۆرسەکە ڕۆژ بەڕۆژ
تێبینی لەسەر چۆنیەتی ئاستی ھەر قوتابیەک نووسیوە، سەرەڕای ئەوەش
تاقیکردنەوەی ناوبەناوی لە دوای ھەر بەشێکی کتێبی دەرسدا داکردووە،
نمرە دانانەکانیشی ڕەنگدانەوەی لەلایەک تەقیکردنەوەی نیشتیمانی و
لەلایەکی تریش ھەلسەنگاندنی زانیاری قوتابی بە درێژایی پڕۆسەی خوێندنی
کۆرسەکەو دەبێتە نمرەیەک کە بتوانی رەنگدانەوەی توانای قوتابی بێ. ھەر
بۆیە زۆرجار قوتابی ئەو نمرەیە وەرناگرێ کە لە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی
وەریگرتووە. ئەوەش لەبەر ئەوەی کە ئاستی زانیاری قوتابیەکە ئەوە نییە
کە لە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی نیشانی داوە.
تاقیکردنەوەی خۆجێیی.
ئەو تاقیکردنەوانە لە زۆربەی دەرسەکاندا دەکرێن و مامۆستای دەرس خۆی
بڕیاردەدا بەچ شێوەیەک بێ، چەند جار لە کۆرسێکدا بکرێ. زۆر جار مامۆستا
بە ڕاوێژ لەگەڵ قوتابیان رێکدەکەون کە چەند و چۆن تاقیکردنەوەکان بکەن.
ئەنجامی تەواوی تاقیکردنەوەکان لەگەل تێبینی مامۆستا لە پڕۆسەی خوێندنی
کۆرسەکەدا دەبنە بنەمای نمرەی کۆتایی دەرسەکە. لە دەستەڵاتداریەتی
قوتابخانەکان بانکی پرسیاری تاقیکردنەوە لە تەواوی بابەتەکانی
قوتابخانە ھەیە، مامۆستا دەتوانێ بە کۆدی تایبەتی لە ئینتەرنێت ئەو
پرسیارانەی بۆ ئەو بەشەی کە تاقیکردنەوەی لێدەکرێ داببەزێنێ. مەبەستی
سەرەکی لە بانکی پرسیاری تاقیکردنەوە ئەوەیە کە ستانداردیک بۆ ئاستی
تاقیکردنەوەکان و ئاستی زانیاری قوتابیان ھەبێ.
شێوەی سێیەمی کۆرس و تاقیکردنەوە بە شێوەی پڕۆژەیە.
ھەندێ دەرس ھەیە مامۆستا دەتوانێ لە ڕێگای پڕۆژەوە زانیاری قوتابیان
ھەلسەنگێنێ. ئەم شێوە پڕۆژانە لەلایەک قوتابیان دەبێ کاریک بەشێوەی
پڕۆژە ئەنجام بدەن، لەلایەکی تر کتێب و ئەدەبیاتی پێویست کە کاری
پڕۆژەکە پێویستی پێیەتی بخوێننەوە.
ئەو شیوە پڕۆژانە وەک ھەر پڕۆژەیەکی تر ھەنگاو بە ھەنگاو دەبێ، بۆ
نموونە چەند قوتابیەک بڕیار لەسەر پڕۆژەیەک دەدەن. یەکەم ھەنگاو دەبێ
بە پێشنیارێک بۆ مامۆستای سەرپەرشتاری پڕۆژەکە بیرۆکەی پڕۆژەکایان
ڕوونبکەنەوە. دوای ئەوەی کە مامۆستا ڕەزامەندی دەردەبڕی، ئەوا
قوتابیەکان پلانی پڕۆسەی پڕۆژەکە بە نامەیەک ڕووندەکەنەوە . دوای ئەوەی
گشت دۆکوومێنتە سەرەتایەکان ڕەزامەندی لەسەر دەدرێ ئەوا قوتابیەکان
دەست بەکار دەبن . ھەر ھەنگاوێک و ھەر ھەفتەی جارێک لەگەڵ مامۆستا
ڕێکدەکەون کە بە نامە (لۆگ بووک) ڕوونی بکەنەوە چیانکردووە، بە چ
ئەنجام گەشتوون . ھەڵبەتە ئەو نامانە ھەریەک لە ئەندامانی بەشدار لە
پڕۆژە دەبێ بەتەنیا بنووسێ و باسی ئەوانی تریش بکات کە چیان کردووە. لە
کۆتایی پڕۆژەکەدا دەبێ ڕاپۆرتی کۆتایی بنووسن. تەواوی ئەو
دۆکوومێنتانەی کە مامۆستا دەستی پێڕادەگات لەگەڵ بەرھەمی پڕۆژەدا دەبنە
بنچینە بۆ نمرە دانان. نەبوونی یا نەناردنی ھەر دۆکوومێنتێک دەبێتە
ھۆی دابەزینی نمرە.
لە تاقیکردنەوەو نمرە دانان مامۆستا ھەمیشە ڕەچاوی چۆنیەتی زانیاری
قوتابی دەکا لەپڕۆسەی تەواوی خوێندن و چاڵاکی قوتابی لە پۆل و
جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خوێندن، تاقیکردنەوە بەھەموو جۆرەکانیەوە تەنیا
پاڵپشتە بۆ مامۆستا. ئەوەش بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی زانیاری قوتابی و
بتوانێ نمرەی دادپەروەرانە بداتە قوتابی. بەڵام مامۆستا بۆی نیە ئاکارو
ھەڵسوکەوت و چۆنیەتی ھاتنە قوتابخانەی قوتابی یان گێرەشێوێنی لەگەڵ
قوتابیانی ترو مامۆستا ڕەچاوبکات. لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای قوتابخانە
مامۆستا تەنیا بۆی ھەیە زانیاری قوتابی ھەڵسەنگێنێ نەک ئاکارو کرداری.
لە قوتابخانە کۆمیتەی تری بەرپرس ھەیە بۆ ئەو کارە، ئەو کۆمیتانە
دەستەڵاتی ئەوەیان پێدراوە لە ئاکارو ڕەفتاری قوتابی بپێچێتەوە.
ھەروەھا تاقیکردنەوەی تایبەتیش ھەیە بۆ ئەو کەسانەی کە بەھەر شێوەیەک
بێ لەدەرەوەی قوتابخانە زانیاریان لە بابەتێک وەدەستھێناوە. ئەو
قوتابیانە بۆیان ھەیە بەبێ کۆرسی خوێندن تاقیکردنەوەبکەن و دەربچن،
نمرە لەو دەرسە وەربگرن. ئەو بابەتە قوتابی زیرەکیش دەگرێتەوە کەبە
ماوەیەکی کورتترلە ھاوڕێکانی کۆرسێک تەواو دەکا. ئەو قوتابیانە ھەڵی
ئەوەیان بۆ ڕەخساوە کە تاقیکردنەوە بکەن و بچنە کۆرسێکی بەرزتر. من خۆم
قوتابیم بینیوە کە لە قوتابخانەی بنەڕەتی ھاتووەتە ئامادەیی ھەر دوای
ماوەیەکی کەم داوای تاقیکردنەوەی کردووە. دووای دەرچوونی لە کۆرسی
بەرزتر دەستی بەخوێندن کردووە.
ھەڵسەنگاندنی ئاستی زانیاری و نمرەدانان.
لەسیستەمی خوێندن ھەمیشە پێ لەسەر ئەوە دادەگیرێ کە مامۆستا دەبی دوو
جۆر ھەڵسەنگاندنی ھەبێ. یەکەمیان ھەڵسەنگاندنی ناوبەناو، واتە ھەنگاو
بە ھەنگاو (فۆرم) شێوە و ئاستی زانیاری قوتابی بە درێژایی کۆرسەکە
ھەڵدەسەنگێنی. تەواوی ئەو ھەڵسەنگاندنانە دەبنە بنچینەیەک بۆ
ھەلسەنگاندنی کۆتایی. ھەڵسەنگاندنی کۆتایی بریتیە لە کۆی تەواوی
ھەڵسەگاندنەکانی ناوبەناو، لەگەڵ تاقیکردنەوەیەکی تەواوی کۆرسەکە
بەشێوەیەکی ھەمەلایەن و بە ڕەچاوکردنی ھەڵسەنگاندنەکانی ناوبەناوی تر
دەبنە بنچینە بو نمرە دانان.
نمرەدانان بە شێوەیەکی دادوەرانە.
ھەلبەتە مەسەلەی ھەڵسەنگاندنی ئاستی زانیاری قوتابی و نمرەدانان لە
خوێندن ئەگەر نەڵێین مەحاڵە ئەوە زۆر سەختە. ئەستەمە مرۆڤ بتوانێ بڵی
نمرەی تاقیکردنەوەیەک لە سەداسەد دادوەرانە بووە. جا کەم مامۆستا ھەیە
ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ھەڵسەنگاندن و نمرەدانان وویژدانی ئازاری نەدابێ. لە
سیستەمی خوێندن لە سوێد ئەو گرفتە ھەر لە زووەوە درکی پێکراوەو بۆیە
ھەمیشە ھەوڵ دەدرێ مامۆستا لەوە ئاگادار بکرێتەوە کە لە ھەڵسەنگاندنی
ئاستی زانیاری ھیچ کات ناتوانی لێی دڵنیابیت.
لە سیستەمی نمرەدانان لە سوێد دوو ھەنگاو ھەیە
کە دەبێ ھەر مامۆستایەک بۆ نمرە دانان ڕەچاویان بکات.
Rättssäkerhet
دڵنیایی لە دروستی نمرە : مانای وایە ھەر مامۆستایەک دەبێ بۆ
ھەڵسەنگاندنی تاقیکردنەوە ئاگای لە پلانی
کۆرسی دەرسەکەبێ. لە پلانی کۆرسی ھەر دەرسێکدا ھەموو ئەو خاڵانەی
تێدایە کە قوتابی لەدوای تەواو کردنی کۆرس دەبێ بەلای کەمی بیزانی.
ھەروەھا لە کۆتایی پلانی کۆرس مەرجەکانی نمرەدانان بە جوانی
ڕوونکراوەتەوە، ئاستی زانیاری بەرامبەر بەو پلەیەی کە قوتابی دەبێ
بیگاتی بۆ وەرگرتنی ئەو نمرەیە.
Likvärdighet
ھەنگاوی دووەم یەکسانی و ھاوبەھایی نمرەدانان : لە ھەر شارێک بەلای
کەمی دووجار لە یەک وەرزی خوێندن (تەرمین) دا گشت ئەو مامۆستایانەی
بابەتێک دەڵێنەوە کۆدەبنەوە و گفت و گۆ لەسەر ھەڵسەنگاندن و نمرەدانان
دەکەن. وەک ستاندارد لە سنووری شار لەسەر ئەو خاڵانە ڕێک دەکەون کە
دەبێ ھەر مامۆستایەک لەکاتی نمرەدانان ڕەچاویان بکات. ئەوەش وادەکات کە
ئاستی ھەڵسەنگاندن و نمرەدانان لە سنووری شاردا یەکسان بێ و بەشێوەیەکی
دادپەروەرانە مامەڵە لەگەل زانیاری قوتابی دابکرێ. ھەرچەند دەبێ ئەوەش
بڵێین کە سەرەڕای ئەو دوو ھەنگاوەش ھەر مامۆستایەک ئازادە لەوەی چۆن
پلانی کۆرس لێکدەداتەوە،لەبەرئەوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەسنووری شارەوانی
دەکری تەنیا ئامۆژگاریە، ھەرچەندە بەگرنگ ھەڵدەگیرێت بەڵام وەک
دۆکوومێنتێکی بڕیاردەرنیەو مامۆستا ناچارنیە پەیڕەوی بکات.
ڕەتبوون.
ڕەتبوون (عبور) لە سیستەمی خوێندنی سوێدی بەپێی یاسا قوتابی دەتوانێ
لەدەرسێک ڕەتببێ و دەست بە کۆرسێکی بەرزتر بکات. جا مەرج نییە لەو
کۆرسە سەرکەوتوبێ یان نا. ھەڵبەتە ئەوەش لاوازیەکە لە سیستەمی خوێندن.
لەبەرئەوەی لە ھەر کۆرسێک دیاریکراوە بۆ خوێندنی کۆرس دەبێ قوتابی چەند
زانیاری پێشوەختی پێبێ. بۆ نموونە ئەگەر بیرکاری ٢ بخوێنی نووسراوە
قوتابی دەبێ کۆرسی بیرکاری ١-ی تەواو کردبی یان زانیاری بەقەد بیرکاری
یەک پێبێ. بۆیە قوتابی لە کۆرسی دوو ئەستەنگیەکی زۆری دەبێ ئەوە ئەگەر
نەڵێین مەحاڵە. قوتابی ھەیە لە بایۆلۆجی ١ و ٢ کەوتووەو دەستی بە
بایۆلۆجی قوول کردووە. ھەچەندە مامۆستا ئامۆژگاری کردووە کە شتی
وانەکا، لە جیاتی ئەوە خەریکی ئەوەبی لە ١ و ٢ دەربچی بەڵام قوتابی
گوێی نەداوەتێ. بەپێی یاساش مامۆستا ناتوانێ لە ئامۆژگاری زیاتری بکات.
گرفتی دووەم ئەوەیە، ھەر قوتابیەک لەو سێ ساڵەی لە قوتابخانەی ئامادەیی
دەخوێنی دەبێ ٢٥٠٠ خاڵ بخوێنی. دوای تەواوکردنی ئامادەیی دەبێ قوتابی
بەلای کەمێ ٢٢٥٠ خال لەدەرسەکانی سەرکەوتووبێ، ئەوسا مافی ھەیە داخوازی
بۆ خوێندن پێشکەشی زانکۆ و خویندنگاکانی بەرزی تر دابکات. واتە ئەگەر
قوتابی لە سێ کۆرسی ١٠٠ خاڵی کەوتبێ بەھیچ شێوەیەک لێوەشاوە نییە بۆ
زانکۆ. ھەر لەبەر ئەو ھۆیەش قوتابیان ناچارن دوای قوتابخانەی ئامادەیی
کۆرسەکانیان لە قوتابخانەی گەورەساڵان بخوێنن، پارە قەرز بکەن بۆ بژێوی
کاتی خوێندن، جا زۆربەی ئەوانە ئەوکاتە پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن.
سیستەمی ڕەتبوون لە خوێندن ناکۆکی لەگەڵ خۆیدا ھەیەو بەزیانی قوتابی
تەواو دەبی، ھەر بۆیەش لەنێو کۆڕی مامۆستایان دەمێکە ھەستی پێکراوە.
ناڕەزایی مامۆستایان لەسەر ئەوەیە ئەو سیستەمە یارمەتیدەری قوتابی نیەو
دژیەتی. تەنانەت باس لەوەش دەکرێ کە ئالترناتیڤێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
میکانیزمی دەرسگووتنەوە و دیداکتیک.
ھەڵبەتە قسەکردن لەسەر خوێندن و فێربوون لە قوتابخانەدا کارێکی ئاڵۆزەو
ناتووانرێ بە وەڵامێکی ئاسان و راستەوخۆ دەستەویەخەی ببی یا بەشێوەیەکی
دیاریکراو ڕوونی بکەینەوە. بۆیە دەبێ پە نا بۆ زانستی تایبەتی ببەین کە
یارمەتیمان بدات بۆ دۆزینەوەو یەکلایی کردنەوەی ئەو فاکتەرانەی کە زێدە
گرنگن بۆ تێگەیشتنی ئەو میکانیزمە، لە پڕۆسەی دەرسدانەوەو فێربوون. ئەو
زانستیەی کە دەتوانی بەلای کەمی پەردە لەسەر لایەنە شاراوەکانی
دەرسدانەوەو فێربوون ھەلبداتەوە زانستی (دیداکتیک)ە.
دیداکتیک.
دیداکتیک لە ووشەی (دیداکتیکۆ) ی یۆنانییەوە ھاتووەو مێژووەکەی
دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٤٠٠ ساڵ پ.ز. دیداکتیک بە مانای ھونەر یان زانستی
دەرسدانەوە دێ. لەسەردەمی یۆنانی کۆندا دوو ئاڕاستەی دیداکتیک ھەبوون.
یەکەمیان سۆفیستەکان کە پێیان وابوو دیداکتیک دەرسدانەوەیە بۆ ڕازیکردن
بە شێوەیەکی کاریگەرانە. لێرەدا ڕەوانبێژی دەبێ ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبێ.
ئاڕاستەی دووەم لەلایەن سوقرات و ئەفلاتوون پەیڕەوی دەکرا، لێرەدا
دیداکتیک زیرەکی مامۆستا دەگرێتەوە لە چۆنییەتی دەرسدانەوەو گەیاندنی
زانیاری بە قوتابیان، وایان لێبکات کە خۆیان بیربکەنەوەو سەربەخۆ
بەدوای زانیاریدا بگەڕێن و پەرەی پێ بدەن.
دیداکتیک بەو شێوە ھاوچەرخەی کە ئێمە ئێستا بەکاری دێنین بۆ یەکەم جار
لەلاین وۆلفگەنگ ڕاتکە (١٥٧١-١٦٣٥) بەکار ھات. ڕاتکە لە ساڵی ١٦١٢دا
پێشنیارێکی لەسەر ڕیفۆرمی دەرسدانەوە لە قوتابخانەکانی ئەڵمانیا
پێشکەشی کۆبوونەوەی میرەکانی ئەڵمانی لە شاری فرانکفۆرت کرد.
پێشنیارەکە بریتی بوو لە شێوەیەکی نەریتی و باھای زانیاری بۆ خوێندن بە
ھیوای ئەوەی کە تەواوی پرسیارەکانی خوێندن بگرێتەوە. پێشنیارەکە بریتی
بوو لە پلانی خوێندن و ھەڵبژاردنی ناوەرۆکی گونجاو بۆ دەرسدانەوە. دوای
ڕاتکە، یۆھان ئامۆس کۆمێنیووس (١٥٩٢- ١٦٧٠) ھات کە لە نێوان ساڵەکانی
١٦٢٨تا ساڵی ١٦٣٠بە زمانی چیکی کتابیکێ نووسی بەناوی (دیداکتیکا ماگما)
کە لەسالێ ١٦٥٧ بە زمانی لاتینی بڵاوکرایەوە. ئەو بڵاوکردنەوەیە
ناوەرۆکی کتێبەکەی بە خوێندەواری جیھانی ناساند. کتێبەکەی کۆمێنیووس
دیداکتیک وەک تیووریەک بۆ ھونەری دەرسدانەوە دە بینێ کە سەرتاسەری
خوێندن دەگرێتەوە.
لە نێوان سە دەکانی ١٧ و ١٨ دیداکتیک وەک زانستەک چاوی لێنەدەکرا
بەڵکوو بە بەشێک لە پەروەردە دادەنرا. ئە و بۆچوونە وا بەخۆڕایی
نەبوو، بەڵکوو بۆ ئەوەبوو کە زانیاری بەپێی دیدی ئەودەمەی ئاینی و
کولتووری بخوێندرێ. ھەر بەو مەبەستەوە وەک زانستیەکی سەربەخۆ
سەیرنەدەکرا. بالەبیرمان نەچێ کە چەند سەدەیەک پێشتر گالیلۆ و
کۆپەرنیکۆس و دواتریش نیووتن زانیاری سرووشتیان بە ئاقارێکی وادابردبوو
کە بەتەواوی دژی بۆچوونەکانی کەنیسە بوو. ھەربۆیە کەنیسەش دەیەویست
خوێندن لەم بیرۆکانە دووربخاتەوە.
دیداکتیک لەو سەردەمەی ئێمەدا شێوەیەکی نەریتی ھەیەو بەبەردەوامی
وەڵامی سێ پرسیار دەداتەوە کە ڕۆژانە لە قوتابخانەکاندا ھەمیشە دووبارە
دەبنەوە:
چۆن: چۆن دەرس دەگوترێتەوە؟ ئایا مامۆستا کام ستراتیجی دەگونجێنێ؟
چی: قوتابی چی فێردەبێ؟ کامە ناوەرۆک دەکرێتە دەرس بۆ قوتابییان؟
لەبەچی: لەبەر کام ھۆ ئەو دەرسە دەگوترێتەوە؟ ناوەرۆکی ئەم دەرسە چ
کاریگەری زانیاری ھەیە بۆ قوتابی؟
ئەو سێ پرسیارە رەنگە تەواوی کێشەی خوێندن و ڕوونکردنەوەکانی بگرێتەوە
و مامۆستا دەتوانی لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارانە پلانی دەرسەکانی
دابڕێژێ. قوتابیانیش لەسەر بنچینەی وەڵامی ئەو پرسیارانە خۆزگەو
چاوەڕوانی خویان بنیات بنێن و پلانی دەرس خوێندنیان دابڕێژن.
دیداکتیک لەم ڕۆژگارەدا زۆر بەرفراوانبووەو تا دێش فراوان تریش دەبێ.
بەشێوەیەکی سەرەکی دیداکتیک دەکرێتە سێ بەش: دیداکتیکی بابەت،
دیداکتیکی پیشە و دیداکتیکی گشتی.
ئەوەی لێرەدا باسی لەسەر دەکری دیداکتیکی بابەتە. واتە زانستی
دەرسگووتنەوە لە بابەتێکدا، ھەر بابەتێکیش دیداکتیکی خۆی ھەیە واتە
دەکرێ بڵێین دیداکتیکی کیمیا، دیداکتیکی بیرکاری و ..ھتد. بەڵام بە
شیوەیەکی گشتی سێ فاکتەری ھاوبەش ھەیە کە کۆڵەگەی بنیاتنانی دیداکتیکن
لەھەموو بابەتەکانی دەرس ووتنەوە، بە پێی بابەت و شێوەی گوتنەوە سیمای
ئەو فاکتەرانەش دەگۆڕێ. ئە و سێ فاکتەرانەش پێکەوە دەرس پێکدێنن و
پێیان دەگوتری سێگۆشەی دیداکتیک و دەبێ مامۆستا لەدەرس ڕێکخستن و
ووتنەوە زۆر بە ھوشیارانە مەمەڵەیان لەگەڵدابکات.
سێگۆشەی دیداکتیک (سەیری فیگوری خوارەوە بکە) لە ناوەرۆکی دەرس، قوتابی
و مامۆستا پێکدێ. بۆ ھاوسەنگی شێوەو ناوەرۆکی دەرسدانەوە دەبێ ھەمیشە
ڕەچاوی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرسێ گۆشەی سێگۆشەکە بکرێ. ئەوەش چ لە خۆ
ئامادەکردن بۆ دەرسدانەوە، لەکاتی دەرسدانەوە و یان لە دوای دەرسدانەوە
دەبێ مامۆستا وانەکە ھەڵسەنگێنێ و پریسیار لەخۆی بکات، ئەرێ وەڵامی
پرسیارەکانی دیداکتیکم داوەتەوە تا بیانکەمە ئەزموون دەرسەکانی
داھاتوو؟
ناوەرۆکی دەرس.
قوتابی مامۆستا.
ناوەرۆکی دەرس:
ھیچ دەرسێک بەتەنیا ناتوانی سەرتاسەری ئەو زانستیە بگرێتەوە کە دەرسەکە
لەبارەوەیەتی. بۆیە ئەو کتێبەی کە دەخرێتە بەردەستی مامۆستا بەشێکی
دیاریکراوی ھەڵبژێردراوە لە زانست. جا ئەو زانستە فیزیا بێ یان کیمیا
..ھتد. لە کاتی ئامادەکردن و نووسینەوەی کتێبەکەدا ڕەچاوی ئاستی
زانیاری قوتابی، چەندی ئەوکاتژمێرانەی دەرسی تێدادەگوترێتەوە و کەرستەی
ئاسانکاری بۆ دەرسگوتنەوە بەگشتی کراوە. ئەوەش بەپێی ئەو خاڵانەی کە لە
پلانی کۆرسی دەرسەکە دیاری کراوە. بۆ نموو کۆرسێکی ١٠٠ خاڵ ٨٠ کاتژمێری
بۆتەرخاندەکرێ (چوار ھەفتە) ئەو کاتژمێرانە بەسەر تەواوی ھەفتەکانی ساڵ
کەدەرسی تێدا دەووترێتەوە دابەشدەکرێن. جا ھەر ھەفتە ١٥٠ خولەکی
بەردەکەوی و دەکریتە دوو دەرس لەیەک ھەفتەدا. لێرەدا گرفتێک ھەیە، ھەر
کۆرسێک بریتیە لە ناوەرۆکێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، نە لە
پلانی دەرسدانەوە نە لەکاتی دیاری کاردنی دەرسەکە لەسەر ئاستی
قوتابخانە باسی ژمارەی ئەو قوتابیانە ناکرێ کە بەشدار دەبن لەدەرس
خوێندن. ئەگەر دەرسێک ٧٥ خولەک بێ ھەڵومەرجی دەرس دەگۆڕێ کاتی لەجیاتی
٢٠ قوتابی ببێتە ٣٠ قوتابی. لێرەدا ڕۆڵی قوتابخانەو مامۆستا دەبێ ئەو
گیروگرفتە چارەسەر بکەن، چی لەڕێگای ئاسانکردنی بەھۆی ئامرازی مۆدێرن
کە دەخرێنە بەردەستی مامۆستا یانیش لە ڕێگای دۆزینەوەی مێتوودی نوێی
دەرسگووتنەوە کە کە لەگەڵ سیمای دەرس و پڕۆسەی دەرسگووتنەوە دەگونجێن.
ئەو زانیاریەی کە لەناو کتێبی بابەت داھەن تەنیا وەک سەرچاوەیەک بۆ
زانیاری سەیر ناکرێت. کتێب و زانیاریەکانی بابەت وەک نەریت بۆ مانا و
بەھای زانیاری سەیردەکرێ. ئەوەش دەبێتە ھەوێنی دروستکردنی بیری
ڕەخنەگرانە لەلای قوتابی، بۆ خوڵقاندنی بیرۆکەی بە سوودی چی و چۆن
فێرببن.
ناوەرۆکی تێکستی کتێب بەشێوەی ھەمەجۆر مامەڵە لەگەڵ دیاردەی زانیاری دا
دەکات. ئەوەش دیار دەکات چۆن بۆچوونمان بۆ زانیاری و دەربڕینی بنیات
بنێین. گرنگی ئەوەش لەوەدایە کە ئەو شتانەی قوتابی فێری دەبی یان
ڕەچاوی ئەوەی لێدەکرێ فێرببێ دەبێ بە ژیانی ڕۆژانەی ببەسترێتەوە،لە
بۆنەی دیاریکراو کە قوتابیان بە ئاسانی بیناسنەوە، لێی تێبگەن و ھەستی
پۆزاتیڤیان لەلا دروست ببێ. بەگشتی مێتوودی دەرسگووتنەوە دەتوانێ
جێگرەوەی فاکتەری کات بێ، ئەوەش چی لەڕێگای ئامرازی نوێ یان بەتوانایی
مامۆستا لە ژیانی کۆمەڵایەتی و چۆنیەتی تواندنەوەی زانستی لە کاروباری
ڕۆژانەدا. واتە زانیاری لە بوواری ھەمەجۆر کە بتوانی لە دەرسدانەوە بە
شێوەیەکی سادە سوودی لێوەربگرێ. بابەتەکەی خۆی لەگەڵ بەراورد بکاو
نموونەی گونجاو بۆ قوتابیان بێنێتەوە.
قوتابی:
قوتابیان دەچنە قوتابخانە بەمەبەستی خۆفێرکردن و پەرەسەندن. ھەر
ئەوانیشن لەجەقی ڕووداوەکەو وەرگری زانیارین. ئەوانن کە لێیان جاوەڕوان
دەکرێ دوای تەواو بوونی ھەر کۆرسێک بە ئۆخژنەوە بڵێن ئەوا شتیکی نوێ
فێربووین. زۆر لێکۆڵینەوە ئەوەیان سەلماندووە کە کرفتی گەورەی
دەرسدانەوەی مامۆستاو پڕۆسەی فێربوونی قوتابی لە دوو جیھانی زۆر لەیەک
دوورن. زۆر جار قوتابیان لە مامۆستا تێناگەن. مێتوود و شێوەی
ڕوونکردنەوەی مامۆستا و تێگەیشتنی قوتابیان لەیەک دوورن. ھەر بۆیەش
لێکدانەوەو بیرۆکەی شیکردنەوەی پرسەکان لەلایەن قوتابیان زۆر لەوە
دوورە کە مامۆستا چاوەڕوانیەتی، بۆیە مامۆستا دەبێ ھەمیشە چەند
پرسیارێکی بنچینەیی بوڕوژێنێ ، بۆ نموونە قوتابی کێیە؟ چەند دەزانی؟
پلەی خوێندەواری ماڵەوەیان چەندەو بە چ شێوەیەک خۆی فێردەکات و ئایا
ڕێگەی باشتر ھەیە بۆ بەرزکردنەوەی فێربوونی؟ ھەمیشە ھەوڵ بدات مێتوودی
جۆراوجۆر بەکاربێنێ تا ئەو مێتوودە دەدۆزێتەوە کە لەگەل شێوەی
دەرسخوێندن و فێربوونی قوتابی دەگونجێ.
مامۆستا:
گۆشەی کۆتایی سێگۆشەی دیداکتیک مامۆستایە. وای دابنێ کە لە ھەر پۆلێک
نزیکەی ٣٠ قوتابی دانیشتوون، کاتی خۆیان تەرخان دەکەن و واز لەگرنگترین
ئارەزوو دێنن بە چاوەڕوانی ئەوەی دوای دەرس شتێکی نوێ فێربووبن. بۆیە
زانیاری مامۆستا لەو بابەتەی کە دەرسی لێ دەڵێتەوە، ئەزموونی دەرس
ووتنەوەی لە بابەتەکەی دا بە دڵنیایەوە کۆڵەگەی بنچینەین، بۆ زاڵبوونی
بەسەر دەرسدانەوە، ئەزموونی لە دەرسدانەوە و شێوەی پەیوەندی لەگەڵ
قوتابیان، بەچاوی نەک تەنیا قوتابیەک بەڵکوو ھاوڕێیەک تەماشایان بکا.
ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی قوتابی متمانەیەکی بەھێزی لەسەر مامۆستا لا
دروست ببێ، بە ئارەزوو و خرۆشەوە لەدەرسەکان ئامادە ببێ و پڕ
بەئارەزووەوە ھەوڵی خوێندن بدات. بۆیە پڕۆسەی دەرسدانەوە پێویستی بە
بەتوانایی لە چەند بواریەکەوە ھەیە. زیرەکی لەپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان
و ڕووخۆشی و بێ فیزی بەرامبەر قوتابیان، ھەمیشە گەڕانی بەدوای شێوەی
نوێ لەلایەک بۆ ڕوونکردنەوە، لەلایەکی تر بەستنەوەی زانیاری کتێب بە
ژیانی ڕۆژانەی قوتابیان. ھەمیشە پرسیار لەخۆی بکات ئایا ئەو شێوەیەی کە
من ڕوونم کردەوە باش بوو؟ ئایا شێوەیەکی باشتر نییە؟ شێوەی بیرکردنەوەی
قوتابی و فێربوونی فاکتەری ھەرە گرنگن بو ئەوەی فێرببێ. ھەرچەندە ئەگەر
مامۆستا توانای بەسەر بابەتەکەی دابشکێ بە لام بەبێ بوونی مێتوودی
گونجاو سەختە بتوانێ قوتابی تێبگەیەنێ و ھانی بدا بە خرۆشەوە دەرسەکانی
بخوێنی. تا ئێستا بەدەگمەن مامۆستا ھەیە کە لە خۆی بپرسێ ئەرێ دەبێ
شێوەی ڕوونکردنەوەی من ڕاستبێ. زۆر ئاسانە قوتابی بە تەمبەڵ و نەزان
دابنرێ بەڵام ئەستەمە مامۆستایەک بەسەرخۆی دابچێتەوەۆ کەوتنی قوتابیەک
بخاتە ئەستۆی خۆی.
بۆیە لە زانکۆ بۆ پێگەیاندنی مامۆستایان بە توندی پێ لەسەر ئەوە
دادەگرن پەیوندیەکانی کۆمەڵایەتی مامۆستا بنچینەن بۆ ئەوەی قوتابی
والێبکرێ کە بێتە سەر ئەو باوەڕەی خوێندن شتێکی بە بەھایە. خوێندنی
تیوورییەکانی فێربوونیش کە مامۆستا لە ناو پۆل ھەمیشە لەمێشکی دان و
ھەڵاوگێڕیان پێدەکات تا ئەو شێوەیە دەدۆزیتەوە کە قوتابی لێی تێبگات و
بە ڕادەیەک کە بڵێ (ئەھا ئەوھایە) و بە دڵەوە سوپاسی کۆششی مامۆستا
بکات. سیستەمی دەرسدانەوەی مامۆستاو فێربوونی قوتابی وەکوو دوو ڕووی
پارە وان لەیەک جیانابنەوەو ھەمیشە بەرانبەری یەکترن و یەکتریش نابینن،
تەنیا دەتوانن لە سێبەری پرسیارو ڕوونکردنەوەدا پرسەکان لێکبدەنەوەو
(تفسیر) پرسیاری تریان لا دروست بکات کە ببێتە بنچینەیەک بۆ فێربوون و
گەشەکردنێان.
پڕۆژەی یەک بۆ یەک ١-١.
پێشتر لەم نوسینە باسی ئەوە کرا کە ئەگەر پرۆژەیەکی فێربوون لە
قوتابخانە لەوە گەورەتربوو کە بوودجەی قوتابخانە لە ھەقی بێ ئەوا خودی
شارەوانی ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ و لە بوودجە شوێنی بۆ دەکاتەوە. لەم
ساڵانەی دوایی دا دیاردەیەکی نوێ لە قوتابخانەو خوێندن لە سەرتاسەری
سوێد بەدیارکەوت، ئەویش شارەوانیەکان دەستیان کردووە بە پڕۆژەی ١-١.
ئەو پڕۆژەیە گەورەترین پڕۆژەی قوتابخانەیە کە تائێستا لە سوێد ئەنجام
درابێ و بوودجەیەکی زۆر گەورەی بۆ تەرخانکراوە.
پڕۆژەی ١-١ بریتیە لەوەی ھەر قوتابیەک کە لە قوتابخانەی ئامادەیی
دەخوێنێ دەبێ کۆمپیوتەرێکی بەبێ بەرامبەر پیبدرێ. تەواوی قوتابخانەش بە
تۆڕی ئینتەرنێتی بێ وایەر ئامادەدەکرێ تا ھەر قوتابیەک لەھەر کوێیەکی
قوتابخانەبی پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە ھەبێ. ئەو کۆمپیوتەرە ھەموو ئەو
پرۆگرامانەی تێدایە کە قوتابی پێویستی پێان ھەیە. سەرەڕای ئەوەش
قوتابخانەش پلاتفۆڕمێکی ئینترنێتی ھەیە بۆ بەیەک گەیشتنی قوتابی و
مامۆستا بۆ ھەڵسووڕاندنی کاروباری دەرس و کارگێڕی تر. ھەر لەو ڕۆژەی
قوتابی لە ئامادەیی وەردەگیرێ کۆدی چوونەژووری پێدەدرێ لەگەل لینکی
تەواوی ئەو دەرسانەی کە دەبێ لەو ساڵەدا بیانخوێنێ. بە ھۆی ئنتەرنێت،
کۆمپیوتەر و پلاتفۆڕمی قوتابخانە قوتابی دەتوانی لەھەر شوێنێ بێ لە گەڵ
مامۆستاو ھاوڕێ قوتابیەکانی بە چات و ئیمەیل پەیوەندی بەردەوامی ھەبێ.
بۆ نموونە مامۆستا دەتوانێ ئەرکی ڕۆژی دواتر بە دۆکوومێنت لەسەر
ئینتەرنێت دابنێ قوتابیان دایدەبەزێنن و خۆیان بۆ دەرس ئامادەدەکەن.
ئەوەش بە گوێرەی دەرس دەگۆڕێ. مامۆستا بۆ ئاسانکاری دەتوانی فیلم یان
لینک بۆ فیلمێک لە یووتوب دابنی و ھانی قوتابیان بدا کە سەیری بکە ن و
بۆ ڕۆژی دواتر پرسیار ئامادە بکەن. ئەو پلاتفۆڕمە شەووڕۆژ کراوەیەو
قوتابی دەتوانی ھەرکاتێ بیەوێ پرسیار ئاڕاستەی مامۆستا یان ھاوڕێیەکی
قوتابی بکات. ئەگەر قوتابیەک لەبەر ھەر ھۆیەک لەماڵەوە ئینتەرنێتی
نەبێ، بەتایبەتی ئەو قوتابیانەی لەدەرەوەی شار دێن، قوتابخانە
ئینتەرنێتی مۆبایلیان بەقەرز پێدەدا، تا ئەوکاتەی قوتابخانە
تەواودەکەن. مامۆستایانیش ھەر ھەموویان، بێجگە لە قوتابخانە،
ئینتەرنێتی مۆبایلیان پێدراوە کە دەتوانن لەکاتی سەفەر یان لەدەرەوەی
مال بە ئینتەرنێت بەسترابنەوە. جا بۆیە قوتابی و مامۆستا لەکاتی
دیاریکراودا لەھەرکوێ بن دەتوانن لە ڕێگای ڤیدیۆکۆنفرانس یان بە چات
دەرس بخوێنن. دوای ئەوە ھەر قوتابیەک لە کاتی دیاری کراو وەڵامەکانی کە
مامۆستا دایناوە لەسەر پلاتفۆرم بۆ مامۆستا دادەنێ. ئێستا لە قوتابخانە
بنەڕەتیەکانی سوێد پلاتفۆرم ھەیەو مامۆستاو قوتابی دەتوانن
بەیەکتریەوە پەیوەندی بکەن بەڵام تائێستا پڕۆژەی ١-١ دەستی پێ
نەکردووە، بە پێی مەزەندەی دەستەڵاتداریەتیەکانی پەروەردەو خوێندن لە
١٠ ساڵی داھاتوودا ھەموو قوتابیانی قوتابخانەکانی سوێد، لە قوتابخانە
سەرەتاییەکان وەک ئامادەیی دەبێ کۆمپیووتەری خۆی ھەبێ. ئەمەش بەمەبەستی
پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن. قوتابخانە چەکێکی کاریگەر
دەداتە دەستی قوتابیان بۆ گەڕان بەدوای زانیاری و پەیوەندی لە ناوەوە و
دەرەوەی سنووری قوتابخانە. ئینتەرنێت و کۆمپیووتەر دیوارەکانی
قوتابخانە دەشکێنن و قوتابیان دەکەنە بوونەوەری سایبەر و جیھانیش
مەیدانی خوێندن. بەم شێوەیە قوتابیان جیاوازیەک لەنێوان کتێب و
کتێبخانەی قوتابخانەیان، کتێبخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا یان ڤاتیکان
ناکەن وزانیاری لە ھەرکوێیەک بی، بە ڕاوێژ لەگەڵ مامۆستا، وەدەستی
بێنن.
سەرەڕای ئەوە زۆربەی کتێبەکانی قوتابخانە بوونەتە کتێبی ئەلکترۆنی کە
قوتابی پێویستی نیە بەکۆڵ ھەڵییانبگرێت یان لە شوێنێک لەبیری بچن. کاتی
مامۆستا ئەرکێک یان ڕاھێنانێک لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دادەنێ ئەوا قوتابی
لەھەر شوێنێک بێت یەک سەر دیبینێ و دەتوانێ دەست بەکاری خوێندن و خۆ
ئامادەکردن بکات.
دەرئەنجام.
خوێنەری بەڕێز ئەو چەند لاپەڕەیە بریتی بوو لە ڕوونکردنەوەیەکی زۆر
بەکورتی لەسەر ئەو خاڵە گرنگانەی کە بە ڕای من بنچینەن بۆ بنیاتنان و
بەڕێوەچوونی خوێندن و کاروبارەکانی قوتابخانە لە سوێد. ھەڵبەتە ئەو
سیستەمە ھەر لە دوای شەڕی جیھانیێ دووەمەوە دەستی پێکردووەو وەک
سیستەمێکی زیندوو ھەمیشە لە گۆڕاندابووەو بەردەوامیش دەبێ. تا ئێستا
چوار پلانی خویندن ھاتوون ١٩٦٢، ١٩٨٠، ١٩٩٤ و ٢٠١١. بە بەراوردیکی
سەرپێی بۆت دەردەکەوی کە گۆڕان و پەرەسەندنی کۆمە ڵایەتی و پێشکەوتنی
زانستی لە سوێد و دەرەوە لە ھەر یەک لەوانە بە شێوەیەک ڕەنگی داوەتەوە
کە لێرە جێگای باسکردنی نیە. سیستەمی فێربوون لە سوێد بوودجەیەکی لە
ڕادەبەدەری لەھەر شارەوانیەک بۆ دادەنرێ. ھەمیشە لەدوای ھەر پڕۆژەیەک
ھەڵسەنگاندنی لەسەر دەکرێ، خاڵە لاواز و بەھێزەکانی دیاردەکرێ، بۆ
سوودوەرگرتن بۆ ھەنگاوی ئایندە.
ھەر گۆڕانکاریەک کە لە سیستەم ڕوودەدا کاریگەری لەسەر دەرسدانەوەو
پەروەردەکردنی مامۆستاو دۆزینەوەی مێتوودی نوێ ھەیە. بۆ نموونە دوای
پلانی خوێندنی ٢٠١١ زانکۆکانی سوێد گۆڕانکارییان لە شێوە و ناوەرۆکی
خوێندن لە کۆلیژی پەروردەدا کرد کە تا ئێستاش بەردەوامە. ھەر لە
زانیاری بابەتەکان تا دەگاتە ئەو مێتوودە نوێیانەی تا ئێستا تۆژینەوە
بۆ پەروەردەکردنی مامۆستا پێی گەیشتووە. ئەو گۆڕانکاریانەش دەبێ تەواوی
مامۆستایان بگرێتەوە کە زووتر زانکۆیان تەواوکردووەو ئێستا لە
قوتابخانەکان کار دەکەن، دەبێ بەشداری لە کۆرسی تایبەتی بکەن بۆ
فێربوونی ئەو شتە نوێیانەی ھاتوونەتە نێو سیستەمی خوێندن.
ھاتنی کۆمپیوتەر و کاریگەری لەسەر خوێندن و فێربوون وای کرد کە ساڵانە
لە سوێد بوودجەیەکی بێ ئەندازەی بۆ دابندرێ. دواترین پڕۆژە ئەو
پڕۆژەیەی ١-١ بوو کە پێشتر باسم کرد.
کەم و کووڕی لە ھەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ھەیەو کە بە پێی تێپەڕبوونی
کات لە چاڵاکیەکانی ڕۆژانەدا درکیان پێدەکرێ. سیستەمی خوێندنیش لەوە
بەدەرنییو ھەلبەتە کەم و کوڕی تێدایە. بەڵام ھەمیشە بە لێکۆڵینەوەو
بەدواداچوون لەسەر کەم و کوڕیەکان دەتوانری ھەم قامک لەسەر ناکۆکیەکان
دابنرێ و ھەمیش پلانڕێژی بۆ چارەسەرکردنیان بکرێ. ھەر بۆیە دەتوانین
بڵێین سیستەمی خوێندن لە سوێد سیستەمێکی زیندووەو ھەمیشە لە پەرەسەندن
دایە. سیستەمی خوێندن لە سالی ٢٠١١ چ لەباری شێوەی خوێندن و بەڕێوەبرنی
قوتابخانەو چ لە ڕووی پەروەردەکردنی مامۆستا پێی ناوەتە قۆناخێکی
نوێتر، کە باشتر لە گەڵ پەروەردەو خوێندن لە کۆمەڵگەی سوێد دەگونجێ.
سوودوەرگرتن لەو سیستەمە کارێکی باشە بەڵام وا ئاسانیش نیە، ئەو
دامودەزگایانەی بەو کارەوە خەریکن دەبێ:
١- شارەزایەکی قووڵیان لەسەر مێژووی پەرەسەندن و پەیوەندیە
کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەلگەی سوێد ھەبێ. ئەوەش بۆ ئەوەی بەلانی کەم تا
بتوانن بە شێوەیەکێ سەرکەوتووانە مامەڵە لەگەڵ گونجاندنی دا بکەن.
٢- ھۆیەکان و دەرئەنجامی چۆنییەتی خوێندن و شێوەی پەرەسەندنی و
رەنگدانەوەی دوو لایەنەی کۆمەڵ و خوێندن لەیەکتری لە بە ر جاو بکرن.
٣- شارەزایی لە کولتوورو ئاستی ئامادەیی کۆمەڵگەی کوردەواری بۆ چۆنیەتی
سوودوەرگرتن لەو سیستەمە و پێداویستیەکانی لە ڕووی دەروونی و شارەزایی
بابەتەکان و پەروەردەیی ھە بی.
بە کورتی ئێمە لەسەردەمی گڵوبالیزم دادەژین. ئەگەر بمانەوێ یان نا
کاریگەری جیھانیمان لەسەرەو مامۆستاش ئەرکەکانی سەختتر بووە، ئینتەرنێت
وای کردووە، ئیتر مامۆستا تاکە سەرچاوەی زانیاری نیە لەناو پۆلدا. ھەر
بۆیە مامۆستا دەبی چاویک بە خۆی و پیشەکەی دابخشێنێتەوە و خۆی بۆ
سەردەمێکی نوێ ئامادە بکات. دەبێ ئەوەش بزانین کە ھەر سەردەمێک
ھەڵومەرجی تایبەتی لەگەڵ خۆی دێنێ و مامۆستای باش و سەرکەوتوو دەبێ
ئەسپێ زانیاری و پێشڕەوی کۆمەڵایەتی خۆی لەگەڵ ئەو ھەڵومەرجە نوێیەدا
تاوبدات.
__________________________________________________
بۆ ئامادهکردنی ئهم بابهته سوودم
لهو سهرچاوانهی خوارهوه وهرگرتووه:
Einarsson، Charlotta (2003) Lärares och elevers
interaktion i
klassrummet. Betydelsen av kön، ålder، ämne och klasstorlek samt
lärares uppfattningar om interaktion. Linköpings studies in
aducation and psychology. No: 92. Linköping universitet.
Perkins، David (1998) What is understanding. In stone Wiske، Martha.
Teaching for understanding. (pp.39-57)
Lundström، Agneta (2008). Lärare och konflikthantering. Umeå
universitet.
Säljö، Roger (2008). Lärande i praktiken. Ett sociokulturellt
perspektiv.
Norsteds Akademiska förlag.
Sjöberg، Svein (2006) Naturvetenskap som allmänbildning- en kritisk
ämnesdidaktik. Studentlitteratur. Lund.
Skolverket (1994). Bildning och kunskap. Särtryck ur
läroplanskomitténs
betänkande skola för bildning. (SOU1992:94)
Skolverket.(2006) Läroplan för de frivilliga skolformerna. AB
Danagårds
grafiska. Ödeshög.
Skolverket (2011)Läroplan examenmål och gymnasiegemensamma
ämnen för gymnasieskola. (SKOLFS:2011:144) skolverket. Stockholm.
Uliens، Michael (2009) Didaktik. Studentlitteratur. Lund.
Wallin، Anita (2004) Evolutionsteorin i klassrummet. På väg mot
ämnesdidaktiskteori för undervisning i biologik evolution. Göteborg
universitet، Studies in education sceinces 212
Vygotskij، Lev s (2007) tänkande och språk. Tredje tryckningen.
Udevalla
فهرههنگۆک:
به ئامانج بهستراوه Målrelaterad
ههلسهنگاندنی ناوبهناو Formativ bedömning
ههڵسهنگاندنی کۆتایی (دوایی) Summativ bedömning
تاقیکردنهوهی نیشتیمانی Nationella provet
تاقیکردنهوهی خۆجێی Lokala prov
یاسای قوتابخانه Skollagen
یاسای ئامادهیی Gymnasieförordning
پلانی خوێندنی ئامادهیی pfL) Läroplan för de
frivilliga skolformerna)
پلانی کۆرس Kursplan
ستروکتئرالیزم strukturalism
سۆسیۆکەلچەراڵ Sociokulturell
پراگماتیزم Pragmatism
فێربوون بههۆی کردن Learning by doing
بوونهوهری سایبهر Cyber varelse
Comenius، Johan Amos (1592 – 1670)
Dewey، John (1852 – 1959)
Piaget، Jan (1896 –1980)
Ratke، Wolfgang ( 1571 – 1635)
Vygotskij، Lev S (1896 – 1934)
ماڵپەڕی سەلاح رێبوار
|