په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٤

کورتەباسێک لەسەر کەموکورتییەکانی وەرگێڕانی پەرتووکی ''مێژووی کوردستان''.
- وشیار عه‌بدوڵا سه‌نگاوی له ‌عه‌ره‌بییه‌وه‌ کردوویه‌تی به ‌کوردی -


د. کامەران ئەمین ئاوە

 

لە ساڵی ١٩٩٩ زایینیدا کتێبی «مێژووی کوردستان» کە لە لایەن کوردناسە بە ناوبانگەکانی سۆڤییەتی پێشوو وەکو لازاریف، ژیگالینا، حەسرەتیان، ڤاسیلییه‌ڤا و مەحۆی نووسرابوو لە مسکۆ لە چاپ‌ درا. ئەم کتێبە یەکێک لەو کتێبە دەگمەنانەیە کە بەشێوەیەکی زانستی لە لایەن کەسانێکی پسپۆرەوە نووسراوە کە بەشی هەر زۆری کات و ژیانیان تەرخانی لێکۆڵینەوە لەسەر کێشەی کورد کردبوو. لەم کتێبەدا بۆ ئه‌وه‌ڵین جار بە چەشنێکی زانستیی باسی مێژووی کورد نە لایەن گه‌ڕیده‌ یاخود ڕۆژنامەنووسێکه‌وه‌، بەڵکوو لە لایەن پسپۆرانی مەسەلەی کورده‌وه‌ دەکرێ و مەودایەکی بەرچاو لە سەدەی حەوتەوە هەتا کۆتایی سەدەی بیستی زایینی لەخۆدەگرێ. نەبوونی ئەم کتێبە بە کوردی دەیتوانی و دەتوانێ وەکو کەمایەسی‌یەک بۆ کتێبخانەی کوردی پێناسە بکرێ. ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرینکه‌ نە تەنیا بۆ کەسانێک کە خولیای ئاگاداربوون لە مێژووی کوردن، بەڵکوو بۆ کۆمەڵناس، مێژووناس و ئەو لێکۆڵەرانەی کە کار لە سەر کێشەی کوردو کوردستان دەکەن. هیوام ئەوە بوو ڕۆژێک ئەم کتێبە لە کوردستانی ئازادکراودا بکرێتە کوردی و بە دەستی خوێنەری کورد بگات. لە هاوینی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە سەفەرێک بۆ باشوری کوردستان بە خۆشحالییەوە چاوم بە چاپی پێنجمی وه‌رگێڕاوی کتێبی «مێژووی کوردستان» کەوت کە ڕێزدار وشیار عەبدوڵڵا سەنگاوی لە عەربییەوە وه‌ریگێڕابۆوه سه‌ر زمانی کوردی‌، بە داخەوە خۆشحاڵبوونی من زۆری نەخایاند و بە خوێندنه‌وه‌ی کتێبەکە چاوم بە دەریایەک هەڵەی ڕێنووسی، ڕێزمانی و ناوەرۆکیی کەوت. بەداخەوە من شارەزای زمانی عەرەبی نیم تا لێکی بدەمەوە تا چ ڕادەیەک وه‌رگێڕدراوه‌ کوردییه‌که‌ی ئەم کتێبە تەبایی لەگەڵ وه‌رگێڕدراوه‌ عەرەبییه‌که‌یدا که‌ لەلایەن د. عبدی حاجی‌یەوە هەیە کە لەلایەن دەزگای سپیرێزەوە لە ساڵانی ٢٠٠٦(چاپی یەکەم) و ٢٠١١(چاپی دووهەم) بڵاو بۆتەوە، بەڵام وەکو یەکێک لە وەرگێڕه‌کانی ئەم کتێبە لە رووسیەوە بۆ فارسی بێ ئەوەی کە بمەوێ لە بایەخ و زەحمەتی بەرێز سەنگاویی کەم بکەمەوە، ده‌مه‌وێ ئاماژە بە بەشێک لە خاڵه‌ لاوازەکانی ئەم کتێبە بکەم.

به‌ هه‌ڵه‌ نووسینی ناوه‌کان.


یەکەم شتێک کە لە سەرەتاوە دەکەوێتە بەرچاو، بە هەڵە نووسینی ناوی کەسایەتیی، شار و گوندەکان و... کە بەپێی تایبەتمەندیی زمانی عەربی و نەبوونی پیتەکانی «پ»، «چ»، «ژ» و هەروەها «گ» نووسراوە. لە لایەکی دیکەوە لەوه‌ دەچێ وەرگێڕی بەرێز شارەزای ناوی ڕاستیی بەشێک لە کەسایەتییەکان، شار و بنەماڵەکان و هتد ... نەبووبێت. بەشێکیشی دەکرێ وەکو هەڵەی ڕێنووسی لەبەرچاو بگیرێ. بە پێی ئەوەی کە چاپی ئەم کتێبە بە چاپی پێنجه‌م گەیشتووە، بێ گومان وەرگێڕی بەرێز ده‌رفه‌تی هه‌بووه‌ کە لانیکەم بە پێداچوونەوەیەک هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە. ئەو جۆرەی کە دیارە وه‌رگێڕی ئەم کتێبە مێتودێکی ڕوونی بۆ نووسینی ناوه‌کان نەبووە، جاروبار لە لاپه‌ڕه‌یەکدا ناوێک بە دوو جۆر نووسراوە، بۆ وێنە ناوی نەمر شاکرۆ خدۆیویچ مەحۆی بە هەڵە شاکرمەحوی و شاکرو محوی نووسراوە (بڕوانە لاپه‌ڕه‌ی ٤٠)، یاخود ناوی شاری شاپور بە ٣ جۆری وەک سابور، شابور و شاهپور نووسراوە - (بڕوانە لاپه‌ڕه‌کانی ٦٤، ٦٦ و ٥٩٦). یان حەلوان وەکو حلوان و حەلوان هاتووە - (بڕوانە لاپه‌ڕه‌ی ٥٤). بەشێک لە ناوەکان بە شێوازی عەرەبی یان فارسی نووسراون، تەنانەت ئەگەر بە کوردیش نووسرابن هەر بە هەڵە نووسراون. ئەگەر وه‌رگێڕ بیویستبایە ناوه‌کان هەر وەکو لە زمانی سەرەکی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان دابەش کردووە، بنووسێ، زۆر جێگه‌ی ره‌خنه‌ نه‌ده‌بوو، بەڵام شێوەی نووسینی ناوه‌کان تێکەڵ و پێکەڵە و هەر وەکو ئاماژەم پێ کرد وه‌رگێڕ زۆر لەسەر ئەم ناوانە ورد نەبۆتەوە، تەنانەت ناوی نووسەرانی ئەم کتێبەشی بێجگە لە نەمر لازاریف بە ‌هەڵە نووسیوە، ناوی نەمر «ئۆڵگا ئیوانۆونا ژیگالینا» بە سێ جۆری اولغا میغالینا (لاپه‌ڕه‌ی ٢) یان اولفا جیغالینا و جیغالیا (لاپه‌ڕه‌ی ٤٠) نوسراوە. لە زۆر جێگادا ناوه‌کان هەر وەکو ئاماژەم کرد بە پێی تایبەتمەندیی زمانی عەرەبی و نەبوونی ئەو پیتانەی کە لە سەرێ ئاماژەم پێکردن نووسراون، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە زمانی کوردیدا پیتی پێویستمان بۆ‌ دەربڕینی ئەم وشانە هەیە، بۆ نموونە بە جێگای پۆلیبی، مارکۆپۆڵۆ، واشنگتۆن، نووسراوە بۆلینی، مارکوبولو، واشنتۆن(بڕوانە لاپه‌ڕه‌کانی ٣٤، ٥٠و ٥٧٤). لە زۆر جێگای تریشدا ناوی شارەکان، بنەماڵە و هتد ... دروست نەنووسراون، بۆ وێنە بەجێگای فاس و دارابگرد کە لە شارەکانی پارێزگای فارس بوون، نووسراوە داربجرد و فارس - (بڕوانە لاپه‌ڕه‌ی ٦٢). لە خشتەی خوارێ ئاماژە بە بەشێکی کەم لەم هەڵانە دەکەین. بەداخەوە ژماره‌ی ئەم ناوانەی کە بەهەڵە نووسراون لە ڕادەبەدەر زۆرە و لێرە ناکرێ باسی دانە بە دانەیان بکەین.

 

لاپەرە

هەڵە

ڕاست

١و ٤٠

اولغا میغالینا، اولفا جیغالینا، جیغالیا

ئۆڵگا ژیگالینا

١

حسرتیان

حەسرەتیان

١

شاکرو محوی

شاکرۆ مەحۆی

١

فاسیلیفا

ڤاسیلییەڤا

 

امین سانوفتیش مصطفایف

ئەمین ئاسانۆویچ مستەفایف

٣١

لۆلۆییەکان، کاشیەکان

لولو یان لولوبی‌یەکان، کاسی‌یەکان

٣٣

 

میدیەکان، فارسەکان، سەکیف، سەرمات، ئاریەکان

ماددەکان، پارسەکان، سکیفەکان،ساورماتی‌یەکان،  ئاریایی‌یەکان

٣٤

بۆلیبی، سترایون، بۆلینی گەورە، تاتسیت، زەینفۆن، اناباسیس

پۆلی‌بی، سترابۆن، پلینیی گەورە، تاسیت، گزنڤۆن، ئاناباسیس

٤٠

پترسبۆرغ

پترسبورگ یان سەن پترزبوگ

٤١

ئیمبراتۆریەتی

ئیمپراتۆریی، ئیمپراتۆریەتیی

٤١

لینیگراد

لێنینگراد

٤٩

رشیدالدین فچل اللە همدانی

رشیدالدین فضل‌اللە همدانی

٥٠

مارکوبولوی

مارکۆپۆڵۆی

٥٤

حلوان، حەلوان

حەلوان

٥١

ابن الاپیر

ابن اثیر

٥٤

قومسین

قەرەمسین (کرماشان)

٥٤

آ.ب. بولدیان

ئا. پ، پۆلادیان(بە‌فارسی: آ. پ. پولادیان)

٥٦

میسۆبۆتامیا

میزوپۆتامیا،

٥٨

اوشنۆ

شنۆ، ئوشنۆوییە

٦٢

داربجرد

دارابگرد

 

فارس

فاس

٦٣

دلێم

دیڵم

٦٤

سابور

شاپور

٦٧

خەرمینیەکان

خورەمدینەکان، خورەمیەکان، خورەمیان

٧٥

 سورهاب بن بدر

سرخاب بن بدر

٨٣

ئۆزۆن

ئوزون (وشەیەکی تورکی بە مانای درێژ)

٨٦

ئۆرستقراتیەکان

ئاریستۆکراتەکان

٥٢٣

عبدولرەحمان قاسملۆ

عبدالرەحمان قاسملوو

٥٧٤

واشنتۆن

واشنگتۆن

٦٠١

سایکس بیکۆ

سایکس پیکۆ


هەر وەکو ئاماژەم پێ کرد ئەمانەی سەرەوە تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە هەڵەکانی نێو ئەم کتێبەن کە دەتوانێ بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ تەرجومەی عەربی کتێبەکە و ناشارەزایی وه‌رگێڕە عەرەب و کورده‌ی ئەم کتێبە و تا ڕادەیەکی زۆریش کەمتر خەمیی ئەو بەرێزە بۆ دۆزینه‌وەی ناو و چەمکەکان بەزمانی کوردی. ئەمرۆ تەنانەت لە سێبەری تۆڕی جیهانی ئینته‌رنێتدا دەکرێ بە کەمێک خۆماندووکردن بەشێکی زۆری ئەم ناوانە بدۆزرێنەوە.

خاڵبه‌ندیی.


- خاڵێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر دانانی نه‌شیاوی خاڵ، کۆما یان دەستپێکردنی ڕستە بە وشەی په‌یوەندییەوە وەکو «کە» یان «و»، هەروەها داڕشتنی ڕستە نە بە پێی تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردیی، بەڵکوو بە پێی زمانی عەرەبی. بێ گومان بۆ ئەوەی کە کاری وه‌رگێڕ جێگای متمانە بێ پێویستە شارەزای تایبەتمەندییەکانی زمانی بیانی و زمانی خۆی بێ. وه‌رگێڕانی بابەتێک نابێ وشە بە وشە بێ، بەڵکو ده‌بێ بەپێی په‌یوەندیی ئەو ڕستانەشه‌وه‌ بێ کە زۆر جار لە پاره‌گرافێکدا لەیەک دوور کەوتوونەتەوە، بەڵام په‌یوه‌ند‌ییان بە یەکەوە هەیە. لێرەدا پێویستە بێ ئەوەی کە مانا و مەفهومی ڕستە و پاره‌گرافەکە تێکبدرێ پەیامی نووسەر بە خوێنەر بگه‌یه‌ندرێت. زۆرجار بۆ وه‌رگێڕانی پاره‌گرافێک لە زمانی ڕووسییەوە بە کوردیی یان فارسی پێویستە جێگای ڕستەکان بە پێی په‌یوه‌ندییان لەگەڵ یەکتر بگۆڕدرێ و چوارچێوەی پێکهاتەکە بە چەشنێکی دیکە دابڕێژێتەوە کە تەبایی لەگەڵ ڕێزمانی زمانی کوردیی هه‌بێ و مانای ڕستەکە بە جووانی بگەیەندرێ، دەنا ڕستەکان کە زۆر جار بە پێی خاڵ و کۆما لە یەک جێا دەبنەوە، حاڵەتێکی پچڕ پچڕ و بێ مانا بە خۆوه‌ دەگرن، دەبنە هۆی سەرلەشێوانی خوێنەر و پێویستە بابەتەکە چەندینجار بخوێندرێتەوە تا ڕوون بێتەوە کە لەم رستەیەدا باسی چی کراوە. ئەم چەشنە پاره‌گرافانە لەم کتێبەدا لە ڕادە بەدەر زۆرن. بە پێێ ئەوەی کە کتێبەکە ٦٠٨ لاپه‌ڕه‌ لەخۆ دەگرێ ئێمە لێرەدا بۆ ئەوەی خوێنەر ماندوو نەکەین تەنیا ئاماژە بە دوو سێ نموونە دەکەین. ئەگەر قەرار وابێ تەواوی ڕستەکان لێکبدێنەوە ئەوە بە قەوڵی فارسەکان دەبێتە «مثنوی هفتاد من«.

لە لاپه‌ڕه‌ی ١٢ لە ژێر دێری «وتەی دانەرەکان»دا ئاوا هاتووە:


«ئەم کتێبە باس لە مێژووی کوردستان و نیشتمانی مێژووی دەکات.دەبێ مەبەست «مێژوویی» بێ - لەوە بەولاوە تێبینییەکانی نووسەری ئەم دێرانە لە کرۆشەدا دێ] ] ئەوانەی کە بە یەکێک لە هەرە نەتەوە کۆنەکانی ئاسیای ڕۆژئاوا هەژمار دەکرێن کە نیشتمان و شوێنی نیشتەجێبوونیان نەگۆڕ بووە، ئەم توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیه‌ [ئەم دوو وشەیە هەر یەک مانایەکیان هەیە و پێویست بە نووسینی هەر دووکیان ناکا، لە کتێبە ڕووسیەکەدا نە باس لە لێکۆلینەوە، بەڵکوو لە «چوارچێوەی ڕووداوە مێژووییەکان» دەکرێ] لە سەردەمی هێرشەکانی عەرەبەوە دەست پێدەکات، لەو کاتەوە کە پێکهاتەی گەلی کورد بە شێوەیەکی کۆتایی پێکهات، [مەبەست کام شێوەیە، بۆ خوێنەر ڕوون نییە باس لە چ شێوەیەک دەکرێ]و، تا ئەو سەردەمەی ئێمە، [شێوەی دەستپێکی پاش ئەم فاریزه‌ و کامایە ڕوونی ناکاتەوە کە « تا ئەو سەردەمەی ئێمە» په‌یوه‌ندی بە ڕستەی پێشووه‌ هەیە یان بەو ڕستەیەی کە پاشان دێ]، دەبێت ئەم ڕاستیە بزانین کە کورد بەشداری کردووە لە زۆربەی ئەو ڕووداوە گەورانەی کە لەم ناوچەیەدا ڕوویانداوە و پشک و بەشی بەرچاویان هەیە لە شارستانیەتی ناوخۆیی و جیهانیدا، گەلی کورد کە ژمارەیان دەگاتە (٣٠) ملێۆن کەس، بەردەوام لە خەبات و تێکۆشاندایە بە هەموو هێز و توانایەکی لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی و مافی چارەی خۆ نووسین. هەروەها کێشەی کورد یەکێکە لە زیندووترین کێشە و پرسە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان، بۆیە بەردەوام ئەو بزاڤە رزگاریخوازانەی کە لە مێژووی کورد دا سەریانهەڵداوە بە گشتی جێگای بایەخی نووسەر و دانەرەکانی ئه‌م کتێبه‌ن.» له‌ ده‌قه‌ رووسییه‌که‌یدا چی نووسراوه‌.


با بزانین لە دەقی ڕووسییەکەدا ئەم پاره‌گرافە چۆن نووسراوە:


«لەم کتێبەدا بۆ ئەوەڵینجار لێکۆلینەوە لەسەر مێژووی کوردستان - نیشتمانی مێژوویی و شوێنی بێ‌بڕانەوەی نیشتەجێبوونی یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ئاسیای ڕۆژئاوا یانی کوردەکان دەکرێ. چوارچێوەی ڕووداوەکانی مێژووی ئەوان[کوردەکان] لە کاتی سەرکەوتنی عەرەبەکانەوە، یانی ئەو کاتەی کە قەومی کورد بە یەکجاری شکڵی گرت دەستپێدەکات و هەتا ئێستا به‌رده‌وامه‌. کوردەکان یەکێک لە بەشدارانی هەمیشەیی بەلانیکەم تەواوی ڕووداوە سەرەکییه‌کانی ئەم ناوچەیەن و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پێکهاتنی شارستانییەتی جیهان و ئەم ناوچەیەدا بووە. ئێستاش گەلێکی ٣٠ ملیۆنی کورد پێداگری له‌سه‌ر بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خۆی، یانی مافی چارەنووسی خۆی ده‌کا و کێشەی کورد بۆتە یەکێک لە مه‌سه‌له‌ نێونەتەوەییه‌کانی سەردەمی ئێمە. بزاڤ و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد کە وەکو هێڵێکی سوور لە سەرتاسەری مێژووی ئەم گەلەدا درێژەی بووە، بۆتە جێگای سەرنجی سەرەکی نووسەرانی ئەم کتێبە«.


»ئەم(مۆنۆغرافیانە) [مەبەست مۆنۆگرافیی‌ یان نامیلکە - یە] کە دانراوە لە سەر بناغەی سەرچاوە سەرەتاییەکان و ئەو سەرچاوانەی کە تا ئێستا نەخوێندراونه‌تەوە و توێژینەوەی بۆ نەکراوە،[ لە ڕووسییەکه‌دا باس لەو سەرچاوانە دەکا کە جارێ کاریان لەسەر نەکراوە] هەروەها ئەو کارە بڵاوکراوانەی توێژەره‌کان و کوردناسەکان (کۆردۆلۆژیین) بە کار هێنراوە لەم کتێبەدا.[ لە کتێبەکەدا باسی نووسراوەکانی دیکەی نووسەرانی ئەم کتێبە و کوردناسەکانی دیکە دەکرێ.] لێرەدا تەرجومەی ئەم بەشەش دەخەینە بەر چاوی خوێنەر:

»نووسینی ڕووداوە مێژووییەکانی ئەم نووسراوەیە[کتێبەکه‌] بە پێی سەرچاوە سەرەتاییەکان یان ئەو سەرچاوەگەلەیە کە هەتا ئێستا ڵێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، هەروەها نووسراوە چاپکراوەکانی نووسەرانی ئەم کتێبە و کوردناسەکانی‌تر«.

لە لاپه‌ڕه‌ی ١٨ لە ژێر سەردێری «دەروازەیەک» ئاوا نووسراوە:


گەلی کورد، یەکێکە لەو گەلە دەگمەنانەی چ لە ئاسیای ڕۆژئاوا بێت یان جیهان بە گشتی کە هەر لە کۆنەوە تا ئەم ڕۆژگارەی ئێستامان توانیوێتی بە شێوەیەکی گشتی پارێزگاری لە روخساری ڕەگەزی خۆی بکات. ئەگەر سەرەتا لەو تێبینیە سەرەتاییانەوە دەست پێبکەین کە لە سەر کورد و پێشینە نزیکەکانیان(الاسلاف الاقربین) هاتووە، کە زانستیش دانی پێداناوە. دەبینین [ ڕستەکەی پێشوو بە «ئەگەر» کە حاڵەتێکی شەرتییە دەست پێدەکا، بەڵام بە دانانی نوختەکە پاش «پێداناوە» خوێنەر بۆی ڕوون نابێ کە «زانستیش دانی» بە چی داناوە؟! پاش نوختەکە بە پێی هاتنی وشەی «دەبینین» درووستر بوو بە جێگای نوختە کۆما دابندرێ تا ئەو دوو رستەیە بە یەکەوە په‌یوه‌ند بدرێن، نەک لە یەک جیا بکرێنەوە] مێژووی ژیانیان دەگەرێتەوە بۆ (٢٥٠٠) ساڵ، و [لێرەدا «و» دو بەشی ڕستەکە بە یەکەوە په‌یوەند دەدات و پێویست بە کۆمای پێش ئەو ناکات]. پێکهاتەی گەلی کورد وەک ڕەگەز دەگەرێتەوە بۆ نزیکەی (١٥٠٠) ساڵ له‌وه‌پێش، کە [لێرەدا دەستپێکی ڕستەکه‌ بە «کە» دەست پێدەکا کە وشەیەکە بۆ په‌یوه‌نددانی دوو ڕستە کە یەکتری تەواو دەکەن، بەم حیسابە پێویست بە دانانی نوختەی پێش ئەو ناکا]، ئەمەش ناکرێت بە هیچ گەلێک لە گەلەکانی ئەورووپای هاوچەرخ یا بەشێکی زۆر لە گەڵانی ئاسیا و ئەفریقاش بڵێین، هەروەها ئەوەشی دەخەمە سەر[لە ڕستەی ڕووسی‌دا باسی «بێجگەلەوە» دەکرێ نە ئەوەشی دەخەمە سەر] کە ئەم پێکهاتە سەرەتایەی گەلی کوردی و ئەوی بە دوایدا هات [ چ بە دوایدا هات؟؟ ] لە یەکگرتنی گەلێکی ڕەسەنی نەتەوەیی لە سەر ئەو خاک و نیشتمانە ڕوویدا کە ئێستا ناسراوە بە کوردستانی هاوچەرخ. بەم شێوەیە دەتوانین کورد وەک گەلێکی ڕەسەنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست(کە نموونەی ئەوانی تێدا کەمە) هه‌ژمار بکه‌ین، ئەمەش نیشانە و هێمای یەکەم و سەرەکییە بۆ مێژووی کورد.


لێرەدا تەرجومەی ئەم بەشەش دەخەینە بەر چاوی خوێنەر:

»پێشەکی.


کوردەکان یەکێک لە گه‌له‌ دەگمەنەکانی نە تەنیا ئاسیای ڕۆژئاوا، بەڵکوو تەواوی جیهانن کە پێناسەی نەتەوەیی خۆیان لە سەردەمی کۆنەوە هەتا ئێستا پاراستووە. ئەگەر ئەو ڵێکۆڵینەوە زانستییانە کە بۆ هەوەلین جار ئاماژەیان بە کورد و پێشینە نزیکەکانیان کردووه‌ وەکو بناغەیه‌ک لەبەرچاو بگرین، مێژووه‌که‌یان نزیک بە ٢٥٠٠ ساڵ مه‌زه‌نده‌ دەکرێ. نزیک بە ١٥٠٠ ساڵ لەوەپێش قەومی کورد وەکو ئەتنیکێک پێکهات. ئەم پێشینەیە نە تەنیا لەنێوان گەلەکانی ئەمڕۆی ئه‌ورووپا، بەڵکوو لە نێوان زۆربەی گه‌له‌کانی ئاسیا و ئەفریقاشدا نابیندرێ. بێجگە لەوەش پێکهاتی سەرەتایی گەلی کورد و گۆڕانی بە قەومێک (ئیتۆژنێژ - ڕەوتی پێکهاتنی قەومێک) هەر لەو شوێنەیدا ڕووی دا کە کوردستانی ئەمرۆ لەوێدایە. بەم پێیە دەکرێ کوردەکان بە حەق وەکو خۆجێییتری نەتەوەی خۆرهەڵاتی نزیک پێناسە بکرێن.(لەم ناوچەیەدا نەتەوەگەلێک بەم تایبەتمەندیانەوە زۆر کەمن). ئەمە ئەوەڵین تایبەتمەندیی سەرەکی مێژووی کوردە.«

له ‌باره‌ی توده‌وه‌.

لە لاپه‌ڕه‌کانی ٣٩٨-٣٩٧ ئاوا هاتووە:


لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٢ یەکەم شانەی حزبی گەلی ئێرانی [ درووستەکەی ئێران - ە و «ی» کۆتایی زیاده‌یە، لە لایەکی دیکە «ناوی ئەو حیزبە «تودە»یە و ناوی «تایبه‌ته‌»، باشتر دەبوو هەر وەکو خۆی بنووسرێ] دامەزرا (شیوعی) [ لە کتێبەکەدا نووسراوە حیزبی کمۆنیست]، کە پارتێکی بچووک بوو [ لە کتێبەکەدا باسی بچووک یان گەورە بوونی ئەم حیزبە ناکا، بەڵکوو باسی کەمبوونی ئەندامەکانی لە کوردستان دەکا، دەنا لەو کاتەدا حیزبی تودەی ئێران یەکێک لە گەورەترین حیزبەکانی ئێران بوو کە بەشێکی زۆری لە کرێکاران، جوتیاران و ڕووناکبیرانی ئێرانی لە دەوری خۆی کۆکردبۆوە]، کوردەکان زۆرتر هاوسۆزیان لەگەڵ(کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد) دابوو، بەردەوام لە بانگەشە و دروشمەکانیدا لە دژی سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەرامبەر کورد رادەوەستانەوە. [ڕستەکە زۆر ئاڵۆز و ناڕوون تەرجومە کراوەتەوە، لە کتێبەکەدا باس لە لایەنگری کوردەکان لە کۆمەڵەی ژ. کاف دەکا کە لە بەیانییە و پەیامەکانی خۆیدا دژایەتیی لەگەڵ سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە کوردەکان دەکرد، لێرەدا وشەی «رادەوەستانەوە زۆرتر دەگەرێتەوە سەر کوردەکان نە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردو مانای ڕستەکە بە گشتیی دەگۆڕێ]. لە ساڵی ١٩٤٤ ئەم پارتە بە ناوی کوردەکانی ئێرانەوە داوای دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتەکەی محەمەد سەعید موراغەی کرد [دەبێ مەبەست محەمەد ساعید مەراغەیی بێ]، و مافی دەرهێنانی نەوت لە باکوری ئێران بدرێت بە یەکێتی سۆڤییەت، لەگەڵ ئەمەشدا هزر و بۆچوونەکانی «کۆمەڵە» پشتگیری هەموو کوردەکانی بەگشتی بەدەستهێنا، لە ئەنجامدا بەشێک لە نوخبە خێڵەکییەکانی کورد لە دژی کۆمەڵە راوەستان، [لێرەدا ڕوون نییە بۆچی لە کاتێکدا هەموو کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لایەنگری کۆمەڵە بوون «لە ئەنجامدا» بۆ بەشێک لە نوخبە ئەویش خێڵەکیەکان دژ بەو رادەوستن؟ پاش کۆتایی ئەم پاره‌گرافە نیشان دەدەین کە تا چ رادەیەک مانای ڕستەکان بە هەڵە تەرجومە کراوەتەوە] هەروەها چەندین پەیوەندی دروست کرد لەگەڵ تۆری بەرفراوانی بەکرێگیراوی بێگانە کە لە کوردستانی ئێراندا کاریان دەکرد، هەروەها دژی هاتنە ناوەوەی سوپای ئێران بوون بۆ ناو شار و گوندەکان کە لە ئامادەباشیدا بوو بۆ پێشەوایەتی کردنی هێزەکانی بەرگریکەر. [ڕوون نییە کێ په‌یوه‌ندی لەگەڵ تۆری بەرفراوانی بەکرێکیراوی بێگانە گرت یاخود دژ بە هاتنەوەی سوپای ئێران بوو، کۆمەڵە یاخود نوخبە خێڵەکییەکان؟] ئەمانەش بوونە هۆی درووست بوونی بارودۆخێکی شڵەژاو و ناجێگیر لە کوردستانی ئێراندا.

چۆن باس ده‌کات.


با بزانین لە کتێبی «مێژووی کوردستان»دا چۆن باسی ئەم ڕووداوە کراوە:


»لە ساڵی ١٩٤٢ زایینی‌دا شانە سەرەتاییەکانی حیزبی تودەی ئێران (حیزبی کمۆنیست) کە ژماره‌ی ئەندامەکانیشی کەمبوون لە مەهابادتیشدا پێکهات. کوردەکان زۆرتر لایەنگرییان لە حیزبی «ژیانەوەی کوردستان» دەکرد کە لە ڕاگەیەنراو و پەیامەکانی خۆیدا دژبەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە کوردەکان بوو. ئەم حیزبە(ژیانەوەی کوردستان) لە ساڵی ١٩٤٤ی زایینی‌دا لە لایەن کوردەکانی ئێرانەوە داوای دەست لەکارکێشانه‌وه‌ی حکومەتی محەمەد ساعد مەراغەیی و پێدانی مافی تایبەت به‌ یەکێتیی سۆڤییەت بۆ ده‌رهێنانی نەوتی باکووری ئێرانی دەکرد. سەرەڕای ئەوەش بیروباوەڕه‌ ڕاگەیەندراوەکانی «ژ-کاف» لە لایەن تەواوی کوردەکانەوە پشتگیریی نەکرا. بەشێک لە سەرۆک خێڵەکان کە دژی ژ- کاف بوون په‌یوه‌ندییان لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کارگێڕانی چالاکیی‌ بیانی لە کوردستانی ئێران هه‌بوو، لە پاڵ دژایەتی کردن لەگەڵ هاتنی سپای ئێران بۆ ناو شار و گوندەکانی [کوردستان] ئامادە بوون رێبەریی بەرگریی وەئەستۆی خۆیان بگرن. تەواوی ئەم شتانە بوونە هۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی کوردستانی ئێران.».

بارودۆخی هه‌رێم.


ئەمرۆ لە باشوری کوردستان بەهۆی ڕووخانی حکومەتی بەعسی عیراق، پێکهاتنی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا جۆراوجۆرەکانی چاپی کتێب، ئەم دەرفەتە بۆ کوردیش هاتۆته‌ پێش کە پاش ئەم هەمووه‌ چەرمەسەریی و کوێرەوەرییە بتوانێ لەسەر تەواوی بوارەکاندا یەک لەوان زمان و مێژووی خۆی بکۆڵێتەوە هەتا وه‌چەی ئەمڕۆی کورد شارەزای مێژووی خوێناویی گەلەکەی بێ و بزانێ ئەم دەرفەتەی کە ئەمڕۆ لە کوردستانی ئازادکراودا ره‌خساوه‌ ئاکامی چەندین سەدە خەبات، ئەنفاڵ و شەهید بوونی هەزاران ڕۆڵەی ئەم خاک و نیشتمانەیە. ئەوەی کە چاپی کتێبی «مێژووی کوردستان» کە لەلایەن ڕێزدار وشیار عەبدوڵلا سەنگاوی‌یەوە کراوەتە کوردیی بە پێنج جار گه‌یشتووە، نیشاندەری ئەو ڕاستیه‌یه‌ کە ڕۆڵەی کورد خولیای ئاشنا بوون لەگەڵ مێژووی خۆیەتی، بەڵام بێ گومان شێوەی ڕاگەیاندنی پەیامی نووسەری بیانی بە خوێنەری کورد پێویستیی بە پاراو بوونی زمانەکە و تەرجومەی دروستی ناوەڕۆکی کتێبەکە هەیە، دەنا وه‌رگێڕ ناتوانێ ئەرکی خۆی بەجێبێنێ و دەبێتە سەرچاوەی ڕاگەیاندنێکی ناڕاست. بە داخەوە کورد بە هۆی دابەشبوونی وڵاتەکەی و نەبوونی دەوڵەتی خۆی تا ئێستا بە درێژایی مێژوو لە ژێر چەپۆکەی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا بووە و سەرەڕای خەبات و خۆڕاگریی هەتا ڕادەیەکی زۆر زمانەکەشی کەوتۆتە ژێر کاریگەریی نەتەوەی زاڵ، ئێمە ئەم حاڵەتە لە شێوازی نووسینی بەشێکی زۆر لە نووسەران و وه‌رگێڕه‌کانی کوردستان بە تایبەتی لە باشوری کوردستان دەبینین. هەر وەکو گەورە شاعیری کورد بەرێز عەبدوڵا پەشێو لە هەولێر ئاماژەی پێ کرد «ئەمرۆ ئەو کارەی کە دوژمن تا ئێستا نەیتوانی بوو بیکات، کورد بە دەستی خۆی دەیکا و زمانەکەی بە دەستی خۆی لەناو دەبات». ئەرکی رووناکبیری کورد پاراستنی زمانی کوردیی و هەوڵدان بۆ دەوڵەمەندکردنی لەتەواوی بوارەکانی زانست، فەرهەنگ و ئەدەبیاتدایە. ئەرکی نووسەر یاخود وه‌رگێڕ گەیاندنی پەیامی خۆی یان نووسەری بابەتێک بە دروستی چ لەباری مانا و مەفهومەوە چ لەباری دروست نووسینی ڕستەکەیە، تەنانەت لێرەدا بەرپرسیارێتیی وه‌رگێڕ زۆرتر لەنووسەریشە. ئەرکی وه‌رگێڕ گەیاندنی پەیامی نووسەر بەخوێنەرە بەو چەشنەیە کە لە بابەتەکەدا هاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە وه‌رگێڕ بۆ خۆی لەبابەتەکە چاک تێبگات تا بتوانێ چاکیش تەرجومەی بکاتەوە.

_______________________
سەرچاوە: کوردستانی نوێ، ٢٨\٥\٢٠١٤.
 

کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک