٢٨\٩\٢٠١٣
کورتە
فیلمێکی کەیوان کەریمی لە فیستیڤاڵی سان سێبەستییەنی ئیسپانی نمایش
دەکرێ.
مەنسوور
جیهانی
کورتە
فیلمی "ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد
کەیوان کەریمی لە ٦١ەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێبەستییەن لە وڵاتی ئیسپانیا نمایش دەکرێت.
کورتە فیلمی چیرۆکی "ماجراھای زن و شوھر کارگر" واتە "ڕووداوەکانی ژن و
شووی کرێکار" لە دەرھێنانی سینەماکاری لاوی بانەیی کەیوان کەریمی لە
نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا وەکوو تەنیا نوێنەری سینەمای ئێران
لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی شەست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێبەستییەن لە وڵاتی ئیسپانیا نمایش دەکرێت و بۆ
بەدەستھێنانی پێنج خەڵاتی سەرەکی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، لەگەڵ ١٢ کورتە
فیلمی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ئەمەریکا، ئەڵمانیا،
فەڕەنسا، ئەڕژەنتین، ئیسپانیا، بۆڵگاریا، مەکسیک، سێربیا، پۆڵەندا و
... رکابەری دەکات.
لە نێوان ھەزار و ٣٢٩ کورتە فیلمی ڕەوانەکراو بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵی
سان سێبەستییەن لە سینەماکارانی سەرتاسەری دنیا، لە لایەن ئەندامانی
لێژنەی ھەڵبژاردنەوە ١٣ کورتە فیلم بۆ بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی کورتە
فیلمەکان دەستنیشاکران کە کورتە فیلمی "ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار"
یەکێکە لەم فیلمانە.
شەست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێبەستییەن لە ١٨
بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٨ی
ئەیلوولی ٢٠١٣ لە شاری ساحیلی سان
سێبەستییەن لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.
کورتە فیلمی "ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار" کە تیایدا ئاناھیتا
ئەیروانی و محەمەد ئاخرەتی ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە، چیرۆکی گرفتەکانی
ژیانی ئافرەتێک و ھاوسەرەکەی دەخاتەڕوو کە شەو و ڕۆژ کار دەکەن.
ئافرەتەکە بە ڕۆژدا سەرقاڵی کارکردنەوە و پیاوەکەش شەوانە کار دەکات،
بە شێوەیەک ھەر کاتێک کە ئافرەتەکە دێتەوە بۆ ماڵێی، پیاوەکە بە ناچار،
ماڵێی بەرەو شوێنی کار بەجێی دێڵێت.
ئەم فیلمە تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی جۆراوجۆری بیانی نمایشکراوە،
لەوانە: بیست و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فرایبۆرگ"
لە وڵاتی سویسرا، بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میدیا
ڤەیڤ" لە وڵاتی ھەنگاریا و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "فاستۆریا".
کورتە فیلمی "ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار" شەوی ١٤ی ئابی
٢٠١٣ لە دوو سانسی جیاوازدا لە میانەی ھەفتەی فیلمی وڵاتی پورتوگال
لەگەڵ فیلمە بەرچاوەکانی ساڵی ٢٠١٢ لەوانە: فیلمی سینەمایی "جیایی" لە
دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی براوەی خەڵاتی ئۆسکار ئەسغەر فەرھادی،
فیلمی سینەمایی "ئەوین" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناودار میشێل ھانیکە،
فیلمی سینەمایی "ئارتیست" لە دەرھێنانی میشێل ھازاناویشس چووە سەر
پەردەی سینەما.
ئەم کورتە فیلمە لەگەڵ کورتە فیلمی "سنووری شکاو" بەرھەمە
دیکیۆمێنییەکەی کەیوان کەریمی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە
دیجیتاڵییەکانی "ئاپۆلۆن" نمایش دەکرێت. ئەم فیستیڤاڵە لە ڕۆژانی ٩ تا
١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ لە دوورگەی لفکاس لە وڵاتی یۆنان
بەڕێوەدەچێت.
ئەم فیلمە نوێیەی کەیوان کەریمی ھەروەھا لە ڕۆژانی٢٧ی ئەیلوول
/ سێپتەمبەر تا ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ لە چوارەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فیک پیۆبلا" لە وڵاتی مەکسیک نمایش
دەکرێت.
کورتە فیلمی "ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار" لە دوایین بەشداری
نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٣
لە بەشی کورتە فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی قوتابیانی سەن
پێتێرزبوورگ لە وڵاتی ڕووسیا نمایشکرا. ئەم فیستیڤاڵە لە پێنج بەشی
جۆراوجۆردا، لەوانە: فیلمی دیکۆمێنتاری، کورتە فیلم، چیرۆکی، فیلمی
بڵند و ھەروەھا موزیک و پێرفۆرمانس لە ڕۆژانی ١٣ تا ٢٠ی ئەیلوولی
٢٠١٣ لە شاری سەن پێتێرزبوورگ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.sansebastianfestival.com/in/pelicula.php?ano=2013&codigo=613121
http://www.iidff.gr/index.php?option=com_content&view=article&id=149%3Aadventureofmarriedcouple&catid=44%3Ascreenshorts2013&Itemid=104&lang=en
http://www.festival-nachalo.ru/eng
/
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "ڕووداوەکانی
ژن و شووی کرێکار".
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|