٢٦\٦\٢٠١٦
کورتەنامەی شیعریی.
- بەشی
چوارەم -

فەتاح حەسەن
بە ماچی ناودەم، سوکناییم نایە
دە لێگەڕێ
وەك باوکێکی تاقانە مردە
تەوێڵ و دەم و دەستت ماچکەم.
ئەمڕۆ
ساڵرۆژی لە دایکبوونتە ئازیزم
بۆینباخێکت پیشکەشکەم..
یا کراسیکی ئاوریشم؟
نا.. نا، هیچم ناوێت
دەبێت هەر شتێکت بووێ..
خۆشەویستیی.. هەتاهەتایی تۆ.
هەروەك چۆن
کڵاوێك ناکرێتە دوو سەر..
دڵێك ئاشق نابێت بە دووان.
دیسانەوە هاتیتەوە..
ئەی وەبان دیەم
دەبێ بەرد بێ
گەر، لە تۆ زیز بێ.. دڵەکەم.
لەبەرئەوە خۆشمدەوێی
وا هەست دەکەم خۆشتدەوێم
ئەمە قسەی چاوەکانتە
باش بزانە
چاو راستگۆترە لە دەم.
زۆرم رق لە خاوەندارێتی تایبەتە
تەنها لەوەدا نەبێت
کە تۆ تایبەت بیت بە من.
هێندەم خۆشدەوێی
گەر خۆشەویستییم ببێت بە ئاو
خەڵکی هەموو دنیای
تیا دەخنکێ.
لە خەونیشدا بە تۆ بگەم
یەکێك دەبێت..
رامچڵەکێنی.
سەختە بێ تۆیی سەختە
وەلێ
هێندەی بێ وەفاییت، نا.
جێهێشتن، سەخت و گرانە
وەلێ ئەگەر، خۆت بخوازی
کارێکی گەلێك ئاسانە.
خەوتن
دەرمانی لەبیرچوونەوەیە
لە بەختی رەشم
کە دەشخەوم
خەون، هەر بە تۆوە دەبینم.
جەنگی جیهانیی سێیەم
بەرپا نابێ
ئەگەر وتم: خۆشمدەوێی
تۆ، بڵێی منیش.
مادام مانای ئیشق نازانی
ئەتۆش جێگەی بەزەییت
هەروەك.. کەسێکی تر.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|