٢٣\٩\٢٠١٧
کورتەنامەی شیعریی.
- بەشی
شەشەم -

فەتاح حەسەن
لەبەر باران
مەگریێ
باران..
فرمێسکەکانت، دەشواتەوە
گەر فرمێسکەکانت
شۆرایەوە
گوناهەکانت، ناوەرێن
بەتایبەتیی.. گوناهی
شکاندنی، دڵی من.
* * *
ئەمن، چپەی ئیشق و
خوڕەی ئاوم لەلاخۆشە.
ئەتۆش خرینگە خرینگی بازن و
هاڕەی هەیاسە
وەی لە تۆ .. وەی!!
* * *
تەنیاییم
گڕ بەردەدات لەتۆ
گڕ بەر دەدات لەخۆم
وای کە تەنیام.
* * *
وتم بڕۆم ئێرە جیبهێڵم
بەڵام ناڕۆم
بێ تۆ.. بۆ کوێ بڕۆم؟
لەخاچمدەن، وەکو مەسیح
ئەمن.. ئێرە جێناهیڵم.
* * *
بێجگە لەتۆ، کێ حەدیی هەیە
لەگەڵ تیشکی خۆردا بێتەخوارێ و
سوکنایی بدات،
بە دڵەی ساردوسڕم.
* * *
ئەستێرە و مانگ، دەزانن
ئەمشەو مەعشوقەکەی من دێت
نازانم
سنگی ئاسمان، بۆ جێناهێڵن.. بۆ؟!
* * *
تامزرۆم بۆ ماچێکت
هێندەی تامزرۆی
تووشبوویەك بە شەکرە..
بۆ کڵۆیەك شەکر.
* * *
ئیشق دارەبەن بێ
زەمەن تەشوێ یە
چەند حەزدەکەم
من (کوچەڵە)*
بم و
ئەتۆش بنێشت.
______________________
*
کوچەڵە:
کاتی بنێشت کردن بە تەشوێیەك یا قەڵەمبڕێکی تیژ دارە بەن لەباری درێژیی
بریندار دەکرێت ( قڵیشێک ) ی تێدەکرێت لە کۆتاییەکەیدا هێندەی
لالەوێچێك بە قوڕ دەیگرن ( کوچەڵە )، پاش بریندارکردنی دارەبەنەکە
شلەیەکیی پیادادێتە خوارەوە و لە کوچەڵەکەدا کۆدەبێتەوە، پێیدەوترێت
بنێشتە تاڵ، پاش خۆشکردنی لە کوردەواریدا پێیدەوترێت بنێشتی کوردی.
دانیمارك
/
ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|