په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٩\٢٠٢٢

کورته روونکردنەوەیەک لەسەر بابەتی رێزدار رەزا ساڵح.
- به ناوی "لە شـێرە [بوێرە] ژنـانی کورد ـ فـاتە رەش (١٨٨٨-١٩٥٥)" -


د. کامەران ئەمین ئاوە  


لە ڕێکەوتی ٢٤ی ئاگوستی ٢٠٢٢، بابەتێک به ناوی "لە شـێرەژنـانی کورد ـ فـاتە رەش (١٨٨٨-١٩٥٥)" نووسینی کاک رەزا شـوان(ڕەزا ساڵح)، لە سایتی پێشمەرگەکان و پاشان لە ٢٨ ئاگوست لە ماڵپەری ئەمڕۆدا هەر ئەو بابەتە به ناوی "لە ژنە بوێرەکانی کورد، فـاتە رەش ١٨٨٨-١٩٥٥" بڵاو بۆتەوە، نووسەری بەرێز لەوێدا ئاماژەی به وتارێکی من به ناوی" فاتمه ڕەش، شێرە ژن" کردوە کە کاتی خۆی لە ساڵی ٢٠١٨ ماڵپەری "ئەمڕۆ" بڵاوی کردبووەوە.


نووسەر وێرای زەحمەتێکی زۆر کە بۆ نووسینی ئەم بابەتە کێشاویەتی، بە داخەوە لە پێوەندی لەگەڵ پێشەکی من بۆ وەرگێڕانی بابەتێک سەبارەت به فاته ڕەش تووشی هەڵە بووە. بەرێزیان و من لە ڕاستی‌دا باسی دوو فاته ڕەشی جیاواز دەکەین کە پێوەندییان پێکەوە نییه. بابەتەکەی من باس لە فاته ڕەشێک دەکات کە زۆر پێش لە دایکبوونی ئەو فاته ڕەشەی کاک شوان لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، لەدایکبووە و لە نێوان ساڵانی ١٨٥٣ و ١٨٥٦ لە شەڕی کریمە‌ [قرم] دا له بەرەی سپای فەرەنسه، بریتانیا، ساردنیا و عوسمانی بەشداریی شەڕی دژ بە ڕووسیا‌ی تزاری کردووە. کاک شوان لە بابەتەکەیدا نووسیویەتی:


- "دکتۆر کامەران ئەمین ئـاوە، لە کورتە نووسینێکـدا، کە لە ویکـیپیدیای تـورکـییەوە بە ناوی (فـاتمەڕەش شێرەژن) وەریگـرتـووە، لە رێـکەوتی (٧/ ٧/٢٠١٨)دا، لە سایتی (ئەمـڕۆ)دا، بڵاویکردۆتەوە، نووسیوێتی:”فـاتێ رەش نازناوی (ئایشـە خانـم)ە، کچی (حاجی عـوسمان بـەگ)ە، خـەڵکی (ئانـدرین)ە” سـەر بە پارێـزگایی مەرعـەش.


- وا باس دەکرێت کە هاوسەرەکەی فاتە رەش (دەروێش بەگ) زیندانی کـرابـوو، گـوایە فـاتە رەش لە پێناوی ئازادکـردنی هـاوسەرەکەی لە بەنـدیخـانە، چەکی هەڵگـرتـووە و شەڕی کردووە. تـوانی ئازادی بکات. بەڵام لە هـیچ لەو نووسینانەی مـن خـوێنـدمەوە، باس لە زینـدانیکـردنی هـاوسەرەکەی فـاتە رەش ناکـەن. تەنیـا دکتۆر کامەران ئەمـین[ئاوە] باسی ئەم زینـدانیکـردنەی هـاوسەرەکـەی فـاتە رەش کـردووە.".


لێرەدا بێ ئەوەی مەبەستم کەم کردنەوەی بایەخی کاری نووسەری ئازیز بێ، به کورتی ئاماژە به چەند خالێک دەکەم:


١.‌ سەرچاوەی بەشی پێشەکییەکەی من بۆ " فـاتمەڕەش شێرەژن"، کتێب و بابەتی ڕووسی و ئینگیزی بووە، نەک ویکیپیدیای تورکیا. بە داخەوە شارەزاییم لە زمانی تورکی ئەستەمبۆلی نییه هەتا بتوانم لە سەرچاوەکانیان کەڵک وەربگرم.
٢.‌ من بابەتی" فاتمە‌ڕەش، شێرە ژن" م لە ڕووی بابەتێکی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی که ڕێکەوتی ٨ی نوامبری ١٨٨٧ به‌ناوی KARA FATMA, THE AMAZON لە ڕۆژنامەی "نیوویۆرک تایمز" وەرگێراو لە ڕۆژنامەی"پال مال" چاپی لەندەندا بڵاو بۆتەوە. لەم بابەتە‌دا باسی بوونی قەرە فاتمه ژنە شەرڤانیکی به شەوکەتی خەڵكی کوردستان لە ئەستەمبۆل کراوە که لەگەڵ دەستەیەکی نیزیک به ٣٠٠ پیاوی ئەسپ سواردا بەشداری شەڕی کریمە دژ به ڕووسیا بووە.
٣.‌ بەو پێیه، ئەو فاتە ڕەشەی من باسم کردوە ناتوانێ نزیکەی ٣٥ ساڵ پێش لەدایکبوونی، یەکێک له بەشدارانی شەڕی کریمە لە نێوان ساڵانی ١٨٥٣ و ١٨٥٦ بووبێ. ئەو فاتە ڕەشەی کاک ڕەزا شوان باسی دەکات لەدایکبووی ساڵی ١٨٨٨ زایینیه.
٤.‌ مەسەلەی ناو و شوێنی ژیانی فاته ڕەش، هەروەها زیندانێکرانی هاوسەرەکەی پێوەندیی به ژیانی ئەو فاته ڕەشەوە نییه کە بەرێز ڕەزا شوان توێژینەوەی لەسەر کردووە. له کتێبی "وشیاربوونەوەی کورد، نەتەوەسازی لە وڵاتێکی پارچه پارچه کراو"و، لە بابەتێک به ناوی "لە عادله خانمەوە هەتا لەیلا زانا: ژن وەک ڕێبەرێکی سیاسی لە مێژووی کورددا" به زمانی ئینگلیزی، هەروەها لە کتێبی "کورد ئەفسانەی ڕۆژ‌هەڵات" به زمانی ڕووسی، باسی گیرانی هاوسەری فاته ڕەش کراوە.[ ١]
به پێی ئەم سەرچاوانه لە ٢٢ی ئاوریلی ساڵی ١٨٥٤ لە "هەواڵه وێنەدارەکانی لەندەن" (The IIIustrated London News 1854)دا، لە بابەتێک به ناوی"شێری مێی کوردستان" (Lioness of Kurdistan) باسی چالاکییەکانی فاته ڕەش و تەمەنی نزیک به٦٠ ساڵی ئەو لە کاتی سەردانی ئەستەمبۆل کراوە. لە سەرچاوەگەلێکی دیکەشدا باس لەوە کراوە ناوی ڕاستیی فاته ڕەش - ئاسیه خانم بووە [٢] نەک ئایشه.
٥.‌ بۆ ئاگاداری خوێنەرانی بەرێز لینکی بابەتەکەی من بریتییه لە:
https://emrro.com/fatmeresh.htm
___________________________________________
سەرچاوەکان:
[1]
- Kurdish Awakening: Nation Building in a Fragmented Homeland, Edited by Ofra Bengio, University of Texas Press, Printed in the United States of America, First Edition 2014
- Martin van Bruinessen, ‘From Adela Khanum to Leyla Zana: Women as Political Leaders in Kurdish History, published in: Shahrzad Mojab (ed.), Women of a Non-State Nation: The Kurds, Costa Mesa, CA: Mazda Publishers, Inc., 2001, pp. 95-112. [An earlier version of this article was published as ‘Matriarchy in Kurdistan? Women rulers in Kurdish history’, in The International Journal of Kurdish Studies (Brooklyn NY) vol. 6 no. 1-2 (1993), 25-39.]
- Курды. Легенда Востока, Popova,Зайцев,Светлана Васильева,С. Иванов,Колесников А.,А. Маринин,В. Магомедханов,В. Наумкин,З. Юсупова,И. Базиленко,К. Вертяев,К. Раш,Л. Раванди-Фадаи,Н. Плотников,О. Воднева, Книга создана по инициативе компании «Газпром нефть» April 16, 2021

[2]
Kara Fatima Khanum, https://en.m.wikipedia.org/wiki/Kara_Fatima_Khanum

 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک