په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١٨

کورتە وەڵامێک بۆ مەحمود سەنگاوی.

شەماڵ عادل سەلیم  


مەحمود سەنگاوی لەبیرەوەرییەکانی دا لە لەلاپەری (٥٤٢) دا نوسیویەتی: (رۆژێک کە لە کۆیە بووم لە ژورەکەمدا خەوتبووم ،زەمگی تەلەفۆن لێدرا ، هەڵم گرت مام سیامەندی فەرماندەی هێزی لە شکری کۆیە بوو ووتی : کاک مەحمود لە زالگەی کۆیە تەقەیە ، خۆم کۆکردەوە یەکسەر ئەوەم بە خەیاڵدا هات کە لەوانەیە جەمالە سوورو بزووتنەوە بەیەکدا تەقیبنەوەو شەڕ بەرپابووبێت ، کە هاتمە دەرەوە بینیم جەمالە سوور هەندێ برینداری پێییە ، لێم پرسی : ئەوە چییە ؟ جەمال ووتی : پێشمەرگەکانمان لەگەڵ جەماعەتی حەمەی حەلاقدا بەیەکدا تەقیونەتەوە هەندێ پێشمەرگەمان بریندار بوون و لەوانیش هەندێک کوژراوە. ئیتر لەوە زیاتر نەوەستا بریندارەکانی بردوو لێیدا رۆیشت ، منیش لەگەڵ دەستەکەی خۆمدا چوومە زاكگەکە و کۆنترۆڵی ئەو ناوەمان کرد ، تەماشام کرد حەمە حەلاق لەناو کوژراوەکاندایە ، حەمەی حەلاق ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کاری سەربەخۆی کوردستان بوو ، لەڕاستیدا یەکێک لە پیاوە خراپەکانی ناو ریزەکانی حیزبی شیوعی ئێراق بوو ، پێش ئەوەی لە حیزبی شیوعی و جیا بێتەوە و ببێتە پارتی کار ، لە شەڕەکانینێوان حزبی شیوعی و یەکێتی دا چەندین پێشمەرگەی یەکێتی شەهید کردبوو و هەندێکیانی بە زیندوویی چاودەرهێنابوو ، بۆیە کەسێکی زۆر خۆشەویست نەبوو بی خەلکی سەر بە یەکێتی ، بەڵام لە مەسەلەی ئەو پێکادانەی زالگەی کۆیە و کوشتنی حەمەی حەلاق من ئاگادار نیم و لەدوورو نزیکەوە پەیوەندیم پێوە نییە . تەرمەکان برابوونە سلێمانی و دواتر ڕاوانەی لای کەسوکاریان کرابوونەوە ، هەڤال مام جەلال لەم ڕووداوە زۆر نیگەران بوو ،وای بۆ چووبوو کە من ئەو کارەم کردووە پرسم بەکەس نەکردووە هەرچەندە جەمالە سووریش بە دەست ئەنقەس و لە خۆیەوە ئەم کارەی ئەنجام نەدابوو).

ئەو نووسراوەی سەرەوە بەشێکە لە قسە بێ بنەماکانی (سەنگاوی) کە لە بیرەوەریەکانیدا دەربارەی کۆمەڵکوژی پۆلێک لە قارەمانەکانی کوردستان تۆماری کردووە ، بۆیە لێرەدا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و بۆ مێژوو ئاماژە بەهەندێ خاڵ دەکەم وەک هاورێیەکی نزیکی شەهیدی سەرکردە ( محەمەد حەلاق و هاورێکانی) کە چەندین ساڵ لەنزیکەوە لەچیاکانی سەرکەشی کوردستان بەیەکەوە خەباتمان دژی ریژێمی دیکتاتوری سەددام کردووە:

١- رۆژی ٢/١١ / ١٩٩٥ کاتێک هاورێ ( محەمەد حەلاق / کارگێڕی بیرۆی سیاسی پارتی کاری سەربەخۆی کوردستان )و رۆلەی ( ئایشە گروکە) ی شێرەژن وڕەمزی خەبات و بەرگری شاخ و شارو نێو زیندانی بەعسی فاشی و یانزە لە هاورێکانی لە بازگەی ( تۆبزاوە / کۆیە ) دەردەچن ، لەلایەن زنجیرە کەمینێکی موحکەمی چەکدارانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە ، دەردرێنە بەر دەسترێژو ، هەر لەوێ یەکسەر ( دوو ) پێشمەرگەیان شەهید دەکرێن ، بەڵام تاوانەکە بەوە کۆتایی نایەت ، چەکدارەکانی یەکێتی دیلەکان دەبەنە ( سەربازگەی سەلام ) ی سلێمانی ، لەوێ ( شەهیدی ی سەرکردە محەمەد حەلاق ) بە برینداری ( لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و لەکۆتاییدا داوای دوا پەیڤ لە محەمەد حەلاق ) دەکەن ، بەگوێرەی بەڵگەنامە تۆمارکراوەکەی لێژنەی لێکۆلینەوەی ( ی . ن . ک ) ،( محەمەد حەلاق ) دەلێت : من بۆ خۆم هیچ شتێکم نییە ، ئەگەر گوناهێک هەبێت منم ، ئەو پێشمەرگانەی لە گەڵ من بەرینداری گیراون هیچ بەرپرسییەکیان لە ئەستۆدا نییە ) ، دوای ئەم قسانە (محەمەد حەلاق) بە دڕندەترین شێواز ئەشکەنجە دەدەرێت و دواتر زیندەبەچاڵ دەکرێت ، پێشمەرگەکانی دیکەش گولەباران دەکرێن و تەرمەکانیشیان دەشێوێنرێت ، بەشێوەیە کە هەندێکیان کەسوکاریان نایان ناسنەوە.

٢- تەرمی هەر ١٢ شەهیدەکە لە ژێر فشارێکی زۆری ( رێکخراوی کورد بۆمافی مرۆڤ ، رێکخراوی مافی مرۆڤ لەکوردستان ، لێژنەی هاریکاری نیشتمانی کوردستان ، حزبە کوردستانییەکان و، کەس و کاری شەهیدەکان بە ( بڕیارو واژوی جەبار فەرمان) و بە پێی ئەم مەرجانەی خوارەوە دەدرێتەوە کەس و کاریان دوای حەفت رۆژ لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکە :
آ- تەرمی شەهیدەکان ( یەک لە دوای یەک ) لەرێگای لێژنەیەکی تایبەتی خۆیانەوە بەکەس و کاریان دەدرێتەوە.
ب- دەبێت شەهیدەکان یەکسەر بنێژرێن و بەهیچ شێوەیەک نابێت تەرمەکانیان بکرێتەوە .
ج- نابێت پرسەیان بۆ دابنرێت.

٣- ( محەمە د حەلاق و ١١ هاورێی تێکۆشەری ) کۆمەڵکوژ کران لەوکاتەی نە ( محمەد حەلاق و نە حزبەکەیشی ) هییچ جۆرە ململانێیەکی حزبییان لەگەڵ ( ی . ن . ک ) دا نەبووە.

٤- هاوڕێی سەرکردە(محەمەد حەلاق ) هەتا دوای ڕاپەرینیش ، فەرماندەیەکی سەربازی دیاری حزبی شیوعی عیراق بوو ، (حەلاق) نەک تەنها (دیلی ) نەکوشتووە ، بەڵکو هەمیشە هاورێیانی ئامۆژگاری دەکرد کە بەسۆزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەودیلانەبکەن کە لە شەڕو پێکدادان ڕوبەڕوبوونەوەکان لەگەڵ پیاوانی ڕیژێمی بەعس دەکەوتنە دەست پێشمەرگەکانی.
من وەک شایەدحالێک بەچاوەکانی خۆم بینیومە ، چەندین جار شەهید ( محەمەد حەلاق )لەوکاتەی فەرماندەی بەتالیۆنی ( ٣١ ) ی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی بوو ، سەردانی زیندانی دیلەکانی کردووەو لەنزیکەوە گۆیی لەداواکاریەکانیانی گرتووەو لەگیرفانی خۆی پارەی داونەتێ .بۆیە بەدڵنیایەوە دەڵێم ، ئەوەی یەک رۆژ لەگەڵ (محمەد حەلاق) ژیابێت ، دەزانێت کە ( حەلاق )چ مرۆڤێکی مرۆڤ و بەسۆزو میهرەبان بوو.

٥- گریمان قسەی ( سەنگاوی ) راستە کە دەلێت : (محمەد حەلاق پێش ئەوەی لە حیزبی شیوعی و جیا بێتەوە و ببێتە پارتی کار ، لە شەڕەکانی نێوان حزبی شیوعی و یەکێتی دا چەندین پێشمەرگەی یەکێتی شەهید کردبوو و هەندێکیانی بە زیندوویی چاودەرهێنابوو ) ، باشە ئەگەر وابێت ، بۆ خودی جەلال تالەبانی لە دیدارێکی تایبەتی دا داوا لە ( محەمەد حەلاق ) دەکات وپێی دەلێت : ئەگەر بێتوو کارمان لەگەڵ بکەیت ئەوا یەکسەردەتکەینە ئەندامی مەکتەب سیاسی و وەزیری پێشمەرگە؟

٦- دەربارەی تاوانی کۆمەڵکوژی ( محەمەد حەلاق و یازدە هاوڕێکەی) و وردەکاری رۆژی وەرگرتنەوەی تەرمی شەهیدەکان ) ، لەدیدارێکم لەگەڵ (نیگار )خانی کچی خوشکی شەهید ( محەمەد حەلاق ) وەک شایەدحالێک ، رووداوەکە بەم شیوەیە دەگێرێتەوە : ( بۆ ئەنجامدانی کاری رێکخستن ، بریاردرا هاورێ ( محەمەد حەلاق ) بچێ بۆ سلێمانی ، ئەوە بوو لە بازگەی (کۆیە )داوایان لێکردبوو کە لەسەیارەکە دابەزێ چونکە بەرپرسی بازگەکە حەز دەکا قسەی لەگەڵ بکات ، ئەویش کەچوبووە ژورێ لەوێ ھەوڵیان دابوو چەکی بکەن بەڵام ئەو چەکەکەی نەدابونێ ، ئەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی تەقە لە ھاوڕێ ( محەمەد ) دەکرێ ھەر لەوێ بریندار دەبێ ، گولەیەک بەر دەستی دەکەویت و یەکێکیش بە لای ڕاستی کلیەی ، ھاوڕێیانیش کە گێیان لە تەقە دەبێ ئەوانیش دەست دەکەنەوە ھەر لەوێ دوو ھاوڕێ شەھید دەبن ئەوانیش چوار پاسەوانی بازگەکە دەکوژن، دوایش ھاوڕێیان و ھاوڕێ (محمد ) بەبرینداری بەرەو سلێمانی دەبەن لە ڕێگا چەند کەسێک لە کۆیە دەیبینن لەناو سەیارەی جەلالیان.

نیگار خان درێژە بەقسەکانی دەدات و دەلێت : جالێرە لەکاتی وەرگرتنەوەی تەرمی شەهیدەکان ، تڕاژیدیایەکی ترمان بینی، ھەموویان جلی (مغاویریان) لەبەرکرابوو و بەکامیرای ڤیدیۆش وێنەیان گیرابوو ، بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان ، کەگوایە ئەوانەی کە گیراون سەربازی عیراقین ، هەربۆیەش ھیچ ناسنامەیەکیان پێنەمابوو، ھاوڕێیانی (محەمەد حەلاق )ھەر یازدەیان نەدەناسرانەوە چونکە ھەمو گولەکانیان لەسەری درابوو، سێ لە شەهیدەکان ئامۆزابوون لەدرێژی و زەعیفی و قەڵەوی وەکو یەک بون ،تائێستا نازاندرێ کامیان کامیان بوو، ئەوانی تریشیان ھەمووی نیشانەیەک لە لەشیان ھەبوو بەو نیشانە توانرا بناسرێنەوە ، بەڵام شەهید (محەمەد حەلاق ) بەجیا لەوان دەموچاوی گولەی پێوە نەبوو، دەستی ڕاستی دوو گولەی بەرکەوتبوو، لای ڕاستی کەلەکەی گولەیەکی بەرکەوتبووو ،زۆری لەشی پەڵەی شین و مۆری پێوەبوو بەڵام چاوەکانی بەکراوەیی مابووەوە بەڵام ڕەشێنەی تێدانەمابوو تەنھا سپێنەی بوو، من یەکسەر ھەستم کرد (خنکاوە) چونکە خۆشم (مساعد مخدر) بوم زوو ھەستم بەوە کرد ، گرتمە باوەشم و زۆر جوان سەیری ملیم کرد بۆ ئەوەی بزانم بەپەت خنکاندویانە .....؟ ، بەڵام ملی ھیچ شوێن ئاسەواری خنکاندنی تیا نەبوو تەنھا سپی بوو، دەمیشی کرابووەوە زمانی کەوتبووە نێوان ددانەکانی ، بۆیە ئەوکات بۆمان روون بووەوە کە(محەمەد حەلاق ) زیندە بە چاڵ کراوە.

(نیگار) درێژە بە قسەکانی دەدات و دەلێت : بکوژەکان بۆ ئازاردانی ھاوڕێ ( محەمەد حەلاق ) ھەموو دیلەکانیان بە بارچاوی ھاوڕێ ( محەمەد ) گولەباران کردبوو ، دوایش ھاوڕێ ( محەمەد ) یان زیندە بەچاڵ کرد.

لە کۆتایی ئەو پەیامەدا ،هەرئەوەندەماوە بلێم ، ( سەنگاوی ) چی دەنووسێت با بینووسێت ، بەڵام ناتوانێت بەری رۆژ بە بێژینگ بگرێت و ڕاستییەکان بە کەیفی خۆی چەواشە بکات.

نەمری و سەربەرزی بۆ کاکە حەمەی حەلاق و یازدە هاورێیەکەی.

 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک