په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١٣

کورتەیەک دەربارەی کار و ژیانی هونەریی سینەماکاری کۆچکردووی کورد تەھا کەریمی.
 

مەنسوور جیهانی


سینەماکاری کورد تەھا کەریمی بە ھۆی ڕووداوێکی ھاتووچۆ لە شاری سلێمانی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.


سینەماکاری لاوی بانەیی تەھا کەریمی دەرھێنەری فیلمی سینەمایی "کوێستانی قەندیل"، کورتە فیلمەکانی "زریان"، "سنووری ژیان"، "کوێستانی سپی"، "نەوت شێرپەنجەی شارەکەم"، فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" و فیلمی دیکۆمێنتی سینەمایی بڵندی "ھەزار و یەک سێو"، کاتژمێر ٨ی ئێوارێی دوێنێ چوارشەمە ٢٩ی ئایار / مایۆی ٢٠١٣ بە ھۆی ڕووداوێکی ھاتووچۆ لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان و ھونەری سینەما کرد.


ئەم سینەماکارە کوردە بە دوایین بەرھەمی بڵندی دیکۆمێنتی خۆی بە ناوی "ھەزار و یەک سێو" لە بەرھەمێھنانی کۆمپانیای "ئاوا میدیا" و سەبارەت بە کارەساتی ئەنفال، لە یەکەمین دیداری جینۆسایدی کورد بۆ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری بەشداری کرد و لە رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا لە ھۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی نمایشکرا.


تەھا کەریمی چەند رۆژ پێش ئێستا بە فیلمی دیکۆمێنتی سینەمایی بڵندی "ھەزار و یەک سێو" لە بەشی ئەنفال لە فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاری ئامێد لە شاری ئامێد لە باکووری کوردستان بەشداری کرد.


ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ناوەرۆکەکەی بابەتێکی گرینگ دەخاتەڕوو و چیرۆکی ڕزگاربوونی ٥ دەربازبووی پێکراو و برینداری ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکانی ئەنفال بۆ بینەر دەگێڕێتەوە. لە تەواوی کۆمەڵکوژی ئەنفال کە ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی کورد لە لایەن حیزبی بەعسی عێراق لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکانی عێراقدا خرانە ژێرخاکەوە، تەنیا ١٣ کەس توانیان بە برینداری لە کاتێکدا شاھیدی ئەو تاوانە گەورەیە بوون، خۆیان ڕزگار بکەن. سێ کەس لەم ١٣ شاھیدە ئێستا لە ژیاندا نەماون و تەنیا ١٠ شاھید زیندوون. کە ئەم شاھیدانە کەسایەتییەکانی دوایین فیلمی تەھا کەریمی پێکدێنن.


تەھا کەریمی خەڵکی شاری بانە لە کوردستانی ئێرانە و دەرچووی بەکالۆریۆسی دەرھێنەری سینەمایە لە کۆلێژی سینەما ـ تیئاتر لە زانکۆی ھونەری تاران و ھەروەھا قوتابی بەشی توێژینەوەی ھونەر بووە لە زانکۆی پەیامی نووری شاری تاران و لە ماوەی ژیانیدا فیلمی سینەمایی "کوێستانی قەندیل"، کورتە فیلمەکانی "زریان"، "سنووری ژیان"، "کوێستانی سپی"، "نەوت شێرپەنجەی شارەکەم"، فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" و فیلمی دیکۆمێنتی سینەمایی بڵندی "ھەزار و یەک سێو" ساز کردووە.


"کوێستانی قەندیل" یەکەمین بەرھەمی بڵندی سینەمایی تەھا کەریمییە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی جیھاندا نمایشکرا، لەوانە: چل و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گوا" لە وڵاتی ھێندستان، نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "چاوی سێیەم" لە شاری بەمبای لە وڵاتی ھێندستان، حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "دوبەی" لە وڵاتی ئیماڕات، نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تیرانا" لە وڵاتی ئاڵبانی، دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئیستانبوول" لە وڵاتی تورکیا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم گەلی عەرەبی لە شاری ئامستردام لە وڵاتی ھۆڵەندا، حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.

فیلمی سینەمایی "کوێستانی قەندیل" دوو خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە:


ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆی ١٥مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئۆرێنس" لە وڵاتی ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠١٠.
ـ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دیجیتاڵی ھێندستان لە ساڵی ٢٠١٢.

ھەروەھا فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" لە دەرھێنانی تەھا کەریمی لە چەندین فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا نمایشکراوە، لەوانە:


ـ لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کوریتیبا"ی لە وڵاتی بڕازیل لە ساڵی ٢٠١٢.
ـ لە بەشی پێشبڕکێی "پانۆڕاما: رەنگدانەوەی وێنەکان" لە میانەی ٢٥مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دیکۆمێنتی ئامستێردام "ئیدفا" IDFA لە وڵاتی ھۆڵەندا لە ساڵی ٢٠١٢.

ئەم فیلمە ٦٠ خولەکییە چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە:


ـ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلمی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" لە وڵاتی ئیماڕات لە ساڵی ٢٠١٢.
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی نێودەوڵەتی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە وڵاتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢.

تەھا کەریمی لە ساڵانی ڕابردوودا کورتە فیلمی چیرۆکی "کوێستانی سپی" و کورتە فیلمی دیکۆمێنتی "نەوت شێرپەنجەی شارەکەم"ی ساز کردووە و بەم دوو کورتە فیلمە لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی دنیادا بەشداری کردووە، لەوانە:


ـ شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٩ بە کورتە فیلمی "نەوت شێرپەنجەی شارەکەم".
ـ ١٧مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەیی "ئێسجاردی" لە وڵاتی ئیتالیا لە ساڵی ٢٠١٠ بە کورتە فیلمی "کوێستانی سپی".
ـ ٢٥مین خولی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "بلاک" واتە "ڕەش" لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٠ بە کورتە فیلمی "کوێستانی سپی".
ـ فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" لە ئیماڕات لە ساڵی ٢٠١٠ بە کورتە فیلمی "کوێستانی سپی".
ـ فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سین" لە ئیتاڵیا لە ساڵی ٢٠١٠ بە کورتە فیلمی "کوێستانی سپی".

کەریمی بە ئامادەبوون لەم فیستیڤاڵانە چەندین خەڵاتی گرینگشی بەدەستھێناوە، لەوانە:


ـ خەڵاتی یەکەمی بەشی دەرھێنەری کورتە فیلمە چیرۆکییەکان لە ٢٣مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران لە ساڵی ٢٠٠٦ بە کورتە فیلمی "کوێستانی سپی".
ـ کاندیدی سیمورغی بلوورین لە بەشی "چاوی واقعییەت" لە ٢٤مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی فەجر لە تاران لە ساڵی ٢٠٠٥ بە کورتە فیلمی "کوێستانی سپی".
ـ خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئاڵتێرناتیو" لە رۆمانیا لە ساڵی ٢٠٠٩ بە کورتە فیلمی "نەوت شێرپەنجەی شارەکەم".
ـ خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "جیپوور" لە وڵاتی ھێندستان لە ساڵی ٢٠١٠ بە کورتە فیلمی "کوێستانی سپی".
ـ خەڵاتی دووەمی بەشی نێونەتەوەیی فیستیڤاڵی فیلمی "یونیسپار" لە وڵاتی ئەرژەنتین لە ساڵی ٢٠١٠ بە کورتە فیلمی "نەوت شێرپەنجەی شارەکەم".

تەھا کەریمی ھەروەھا ئەندامی لێژنەی دادوەرانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی ڕانیە لە شاری ڕانیە لە ھەرێمی کوردستان، حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و وێنەی "ژیار" لە شاری بیجاڕ لە پارێزگای کوردستان لە کوردستانی ئێران و چەندین فیستیڤاڵی دیکەی کوردستانی لە ئەستۆدا بووە.
 


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی کارە ھونەرییەکانی سینەماکار تەھا کەریمی
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک