په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٢\٢٠١٢

کورتە فیلمی "سنووری شکاو" خەڵاتی فیستیڤاڵی "فیلۆفێست"ی سلۆڤینیای بەدەستهێنا.

 

مەنسوور جیهانی


کورتە فیلمی "سنووری شکاو" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد کەیوان کەریمی خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی "فیلۆفێست"ی سلۆڤینیای بەدەستھێنا.


کورتە فیلمی دیکۆمێنتی "سنووری شکاو" لە دەرھێنانی سینەماکاری بانەیی کەیوان کەریمی و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە کوردە وەکوو تەنیا فیلمی ئێرانی لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی "فیلۆفێست" filofestt لە وڵاتی سلۆڤینیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرییەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری ئەم فیستیڤاڵەی پێبەخشرا.


ئەندامانی لێژنەی دادوەریی فیستیڤاڵی فیلمی "فیلۆفێست"ی ئیسلۆنی بریتی بوون لە: "دریس بائێر" سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان لە وڵاتی نەمسا، "کاتجا شیشیگۆج" کارناسی سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی سلۆڤینیا، "داریا نیکیتینا" کارناسی سینەما لە وڵاتی رووسیا و "کارپۆ گودینا" وێنەگر لە وڵاتی سلۆڤینیا.


فیستیڤاڵی فیلمی "فیلۆفێست" کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی فیلم لە ئاستی دنیایدا دێتەئەژمار، ئەمساڵ بە نمایشی ١٠٠ کورتە فیلمی چیرۆکی، دیکۆمێنتی و ئەنیمەیشێنی خوێندکاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ئیسپانیا، ئەڵمانیا، سویسرا، بەریتانیا، تورکیا، فینلەندا، پورتوگال، سلۆڤینیا، ئەندۆنیزیا، پۆڵەندا، ئوستوڕڵیا، ئەرژەنتین، مەکزیک، رووسیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، رۆمانیا، نۆروێژ، یۆنان، رۆمانیا، سێربێستان، ھێند، چێک، بەلژیکا و جۆرجیا لە رۆژانی ١٠ تا ١٤ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەری ٢٠١٢ لە ولاتی سلۆڤینیا بەڕێوەچوو.


ھەروەھا بێجگە لە نمایشی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، کۆڕ و کۆبوونەوەی پرسیار و وڵام و چەندین ڤۆرکشۆپی فێرکاری پسپۆڕانەی ھونەری سینەمایش لە تەنیشت ئەم فیستیڤاڵەدا بەڕێوەچوو.


کورتە فیلمی "سنووری شکاو" کە ناوەرۆکەکەی سەبارەت بە قاچاغکردنی سووتەمەنییە، تاکوو ئێستا لە ٢٨ فیستیڤاڵ لە ئاستی ئێران و جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەما حەقیقەت لە ئێران، پێنجەمین جەژنی وێنەیی ساڵی ئێران، یەکەمین خولی فیستیڤاڵی زانکۆی سوورەی تاران، پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە بەریتانیا، سێیەمین خولی فیستیڤاڵی لاوانی کوردی واشنگتۆن لە ئەمەریکا، پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "نۆرتۆن وەیڤ" لە وڵاتی ئیسلەندا، ١٦مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سووفیا" لە بوڵگاریا، ١٤مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تسالۆنیکی" لە یۆنان، ٣٠مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئۆرۆگۆئا" لە وڵاتی ئۆرۆگۆئا، ٢٢مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "میدیا وایو" لە ھەنگاریا، ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمە خوێندکاریی و ئاماتۆرییەکانی لە ئەڵمانیا، ١٢مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی قوتابیانی "فامۆ" لە چێک، ٥٤مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە کورت و دیکۆمێنتییەکانی "بیلبائۆ" لە ئیسپانیا.


ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "توڵفە" لە ئیتاڵیا، خەڵاتی باشترین فیلم لە ڕوانگەی بینەرانی ٣٠مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ماگما" لە نیۆزلەندا و خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "واگۆن" لە مەکزیک.


"سنووری شکاو" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی کەیوان کەریمی لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمە دیکۆمێنتییەکانی ٥٤مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە کورت و دیکۆمێنتییەکانی "بیلبائۆ" لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا.


کەریمی کە لە شاری بانە لە کوردستان ئێران لە دایک بووە و دەرچووی بەکالۆریۆسی راگەیاندنە لە زانکۆی تارانە، ئەم رۆژانە سەرقاڵی تەواوکردنی دوایین قۆناغەکانی فیلمی "نووسین لە سەر شار"ە. ئەم فیلمە بڵندە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە مانای دیوارکێشانە بەربڵاوەکانە بە دەورووبەری شاری تاراندا.

 


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "سنووری شکاو".

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک