په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠٢٦

کوشتنی خامنەئی نابێتە چارەی کۆتایی بۆ گەلانی ئێران!
- چەند سەرنجێک -


شوان عەزیز      


بەبێ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانییدا لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە، کوشتن و ئاڵو گۆڕپێکردنی پەهلەوی بە خومەینی و ئەوانیش جاریکی تر گۆرینەوەیان بە ڕەزا پەهلەوی هیچ لە ژیانی خەڵک ناگۆرێت!


ئەگەر گەلانی ئێران وابزانن بە کوشتنی خامنەئی و سەدان بکوژی تر لە ئاخوندە خوێنڕێژەکانی (ویلایەتی فەقیه) ڕزگارییان دەبێ لە چەوسانەوەو ژیانی ناخۆش بە دڵنیاییەوە هەڵەیەکی گەورەیەو بۆچوونێکی بازاڕانەیە.


پێش سیستەمی ویلایەتی فەقیە، گەلانی ئێران لە ژێر ناوی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بە دەیان هەزار قوربانییان دا تاکو سیستەمی شاهنشاهییان ڕووخاند، بەڵام لە پشتی ئەوانەوە سیستەمی ئاخوندیی بە ڕیبەڕایەتی خومەینی و بە پاسەوانیەتی ناتۆ بەسەر گەلانی ئێراندا سەپێنرا.


ئێستا ئەگەر گەلانی ئێران وریا نەبن و دیسان بە دەهۆڵی ناتۆ بێنە سەر شەقامەکان و قوربانی بدەن و خۆیان بەکوشتبدەن و هیچ جێگرەوەیان نەبێ بۆ سیستەمی ئاخوندیی، ئەوا بە دڵنیاییەوە جارێکی تر مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوەو لەوانەیە پەهلەویەکان بینەوە سەر حوکم.


لابردن و ڕوخاندنی سیستەمەکان نابێت ببێتە ئامانج ئەگەر جێگرەوە لە لایەن خەڵکەوە ئامادە نەکرابێت.


بەهاری عاڕەبی و تەواوی ڕووداوەکانی ئەم دوایانە لە ناوچەکەدا دەیسەلمێنن کە خەڵک تەنها دەکرێتە سوتەمەنیی و بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە دوای سەدان هەزار لە قوربانیی و ماڵوێرانیی لە لایەن خەڵکی سوریاوە، ئێستا ناتۆ سیستەمی داعشیانەی بە سەرکردایەتی جۆلانی، کە پەروەردەی دەستی خۆیانە، بەسەر گەلانی سوریادا سەپاندووە.


من گەلانی ناوچەکە دڵنیا دەکەم کە زلهێزەکان هەتا بۆیان بکرێت ناهێڵن و نایانەوێت لەو ناوچەیەدا سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی کەخەڵک لێی ڕازی بێت دابمەزرێت. زلهێزە چاوچنۆکە دۆلار مەبدەئییەکان دەیانەوێت ئەو ناوچەیە و جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی بەم شێوەیە پڕ لە کێشەی چارەسەرنەکراو بمێنێتەوە. هەمیشە پاڵپشتیی لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکەن.


زلهێزە دۆلار مەبدەئییەکان، بە واتایەکی تر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەرمایەداریی جیهانیی، سیستەمێکی داعشییان پێباشترە لە سیستەمیکی دێموکڕاسی کە خەڵک لیی ڕازی بێت. بە نموونە سیستەمی کوردەکانی ڕۆژئاوایان نەگەرەکە بەڵک و سیستەمەکەی داعش جۆلانییان گەرەکە.


زلهێزەکان دەیانەوێت هەر حوکومەتێک و سیستەمێک لەو ناوچەیەدا دابمەزرێت دەبێ لەگەڵ ئەواندا بێت و لە بەرژەوەندیی ئەواندا وەڵات بەڕێوەبەرێت. ئەگەر وا نەکات ناتوانێت درێژە بە خۆی بدا و هەزار و یەک بیانووی پێدەگرن. مێژوو بەڵگەی زۆرمان لەو بارەوە دەداتێ.


زلهێزەکان دەیانەوێت خەڵکی ئەو دەڤەرە هەمیشە ناچار بە ڕاکردن ببن لە دەستی رژێمەکانیان.


زلهێزەکانی رۆژئاواو ئەوروپا نایانەوێت سیستەمیک لە وێنەی سیستەمەکەی ئەوان لەو ناوچەیەدا هەبێ. ئەگەر هەبێ، ئەو کات جیاوازی نابێت لە نێوانی فەرەنسا و عێڕاقدا. ئەو کاتە لەوانەیە خەڵکی فەرەنسا بیەوێت بێت لە عێڕاق بژیت. ئەوان دەیانەوێت جیاوازی هەبێ و هەمیشە خەڵکی عێڕاق بیەوێت ڕابکات و بچێت لە فەرەنسا بژیت.


لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە ئەمەش وەکو فاکت وایە و سەلمێنراوە کە:


ئەگەر گەلانی ناوچەکە بۆخۆیان سیستەمیکی دیموکراسیی و سێکیولاریی دانەمەزرێنن و خۆیان جێگرەوە نەهێنن ئەوا بەسەریاندا دەسەپێنرێت.


ئەگەر گەلانی ناوچەکە گرنگی بە زانست و تەکنەلۆجیا و سیستەمی حوکمڕانیی نەدەن و گرنگیی بە عەدالەتی کۆمەڵایەتی نەدەن، ئەوا دروشمی بریقەداری ئایینیی و مەزەبیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ڕەگەزیی و خێڵەکیی و ناوچەیی هیچ لە ژیانی خەڵک ناگؤرێت و خەڵک لە برسیەتی و نەهامەتی ڕزگارناکات.


ئەوەتە بۆ نموونە ڕژێمەکانی ناوچەکە ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن بۆ کاروباری سەربازیی بەڵام لە بەرامبەر هێرشێکی ئەمەریکا و ئیسڕائیلدا ناتوانن هیچ بکەن. (خامنەئی)یش نەیتوانی نە لە (حەوزە)ی پیرۆزی قومدا، نە لە (مەرقەد)ی ئیمام کازم و ئیمام عەلی و حوسین و حەسەن و عەباسی سەرگەرم دا خۆی بپارێزێت لە مووشەکی کافرە ئیسرائیلیی و ئەمەریکییەکان.

 

ماڵپه‌ڕی شوان عەزیز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک