په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کوشتنی خەونەکان و راستییەکان.
گفتوگۆیەک لەگەڵ خوددا


عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی

 


کۆکم لەسەر ئەوەی لەناو گێژاوێکدابووم، چونکە سروشتی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێدا دەژیام مرۆڤی وەکو من و بگرە خراپتری بەرهەم دەهێنا. لەبەر ئەوەى ژیان وا دەبینرا تەنها چەند ساڵێکە و بیگوزەرێنی و هیچی تر، بەبێ ئەوەى هیچ هەنگاوێک بۆ گۆڕان یان پێشکەوتن بهاویت، دەبێ کۆپییەک بی لەوانەی پێش خۆت، هەڵسوکەوت و جل و بەرگ و خەوتن و خواردن و هتد دەبێ وەک ئەوان بی، دەبێتیش باوەڕیت بەتێکۆشان یان هیچ هەوڵێک نەبێ بۆ ئەوەى ئەوانەى کە وەکو منن ئەو شێوازە ژیانە دەکەن بەرەو ئاراستەیەکى دیکەى جیاوازیان ببەیت و هەروەها دەبێتیش ئەو ئەمری واقیعە پەسەند بکەیت و درۆی حزبە دەسەڵاتدارەکان قبوڵ بکەیت و رەخنەشیان نەکەى، چونکە گەر رەخنەیان بکەى ئەوا سزات دەدەن تا ئەو ئاستەى ئەکرێ لەناوتیش بەرن، یان شار بەدەرت دەکەن، بۆیە نا نا نەکەى رێگەیەکى تر هەڵبژێری، چونکە هەر وا هاتووین، دە توخوا با هەر وا بڕۆین و بمێنین.


بۆچی دەژیت نازانم، بۆچی دەمری هەر نازانم، ئەى باشە ئیدی هەبوونت چییە؟ بۆچی چەک هەڵدەگری و بۆ کێی دەکەى؟ سەیرە، ئەوە چییە دە پیاوبە وەک ئەوان ها بزانە چەن پیاون، هەوڵ بدە چەمکی مەردایەتی پێشبخە و نابێتیش لەو چەمکە دەربچی گەر دەربچی ئەوا لەرێگا دەرکەوتووی، تۆ و من دەبێ وابین، تۆ من گەورە ببینە خۆت بچووک، یان خۆت گەورە ببینی من بچووک، چونکە ئەمەش هەر باو بووە، هەروەکو چۆن ماستاو کردن باوبووە و باوە ئەمەش هەروەهایە، دەبێ گەورە و بچووک هەبێ. کەسانێک هەبن دەرگای سەیارە بۆ گەورە زەبەلاحەکان بکەنەوە و قۆنەرەکانیان بۆیاخ بکەن و ئاو بکەنە بان دەسیان بۆ ئەوەى دەستی چەوریان پاک بکەنەوە، لێیان بترسن، چونکە پێشووتریش ترساوی، بۆیە دەبێ ئێستاش بترسی، لەبیرت نەچێ دەبێ ژن نەک تەنها بچووک ببینی، بەڵکو دەبێ وەک کۆیلە تەماشای بکەى، یانیش تەنیا بۆ تێرکردنی ئارەزەووکانت بەکاریان بهێنی، چونکە وایان فەرمووە، بیر لەوەش بکەرەوە دایمە بەدواى جوانەکانەوە بە، نەک ناشرینەکان، چونکە ناشرینەکان بەکاری رابواردن نایەن، گەر پیاوى جوانەکان هەڵخەڵەتێنە، ئیدی بەکارتێکی مۆبایل دەبێ یان بەقسەى باق و بریقەدار دەبێ، بەهەر شتێک دەبێ بیانخەڵەتێنە بۆ ئەوەى بەیانى لەناو برادەرەکانتا زمانت هەبێ و باسی چالاکییە مەدەنییەکانی خۆت بکەى، نەک تەنها کوێیان لێ بگری ئەو بڵێ من ئەم هەفتەیە ئەوەندە کچم هەڵخەڵەتاندووە ئەو بڵێ وا وا وام لێکردن. دە دەى خوا تەمەنت درێژ نەکا گەر ئازاى پیلان دابنێ بۆ ئەوەى لەراوکردندا زیرەک بێ دە دەى، هاوڕێکانت فڕین و تۆش کیسەڵ ئاسا هەنگاو دەنێی دەدەی.


ها بیرم هاتەوە باشە هیچ بیرت لەهەندەران نەکردوەتەوە، زۆربەى هاوڕێکانت چوون، تۆش هەر بەدواکەوتووى دەمێنیتەوە، ئەوەتا کوڕی فڵان و فیسان چوون، ئەى تۆ. ئەى نازانی لەوێ هەموو شتێ واڵایە خواردن و خواردنەوە و کچی جوان، چیتداوە لەم ژیانە پەلە بکە و بڕۆ، چونکە تا لێرە بمێنی هەر چۆنی وا دەمێنی گۆڕان بەژیانتا نایەت ئازیزەکەم بۆ ئەوى بڵێن ئازایە بڕۆ چاوەڕێی چیتە هاوار دیقم کرد، جا قەیچێکا لەوێ سەگ بشۆی یان پیرەژن، بەس نییە کێشەت نییە، لەوێ شەو رۆژ کار بکەى تەنها سەعاتێ بۆ رابواردن لێرە شەریفترە حەیاتم. دە پەلەبکە و بڕۆ، چونکە هی جوانی لێیەو رادەبوێری بەبێ ئەوەى کەس ناوت ببا، ئەى ئێرە باشە ناوێری بەکچێک بڵێی خۆشتم ئەوێ تەنیا لەسەر ئەو وتنە گەر ئاشکرا بێت دەبێتە شەڕی دوو عەشیرەت، یانیش دەرفەتت بۆ بلوێ ماچێکی خۆشەویستەکەت بکەى بەدەردى دیاکۆی کۆنە دراوسێمانت دەبەن کە رۆیشت تەنها بۆ ماچێک لەت و پەتیان کرد، ئەى نازنی ماچ لەوڵاتی ئێمەدا یاساخە.


بۆچی دەخوێنیت و گیرفانت سەوزەڵێ سەوزەڵییەتی ها، لەدوایشا کێ ئێژی ناجح ئەوی، دیار نییە، بۆ دەخوێنیت و دەفتەرەکانت هەمووى بۆ یادگاری رەشکرانەتەوە، بۆ دەخوێنیت و مەکتەبەکەتان تێکەڵ نییە، بۆ دەخوێنیت و مامۆستاکەتان لەگیانی خۆی بێزارە و بۆ دەخوێنیت ووووو. نا نا بۆ ئەوە دەخوێنم بەیانی ببم بەشت، کوڕی باش چۆن وابیردەکەیتەوە، ئەى بەیانی شەهادەت نەبێ کەس بەهیچت نازانێ و کەسیش ژنی پوختە و جوانت ناداتێ و کەسیش قسەت بەجددی وەرناگرێ و کەسیش لاوانەیە ئیعترافت پێ نەکاو کەس کەس، بەڵام لەنێوان ئەو دووانەدا هاوار تووشی شۆکبووم نە ئەوەیە بخوێنم نەش ئەوەیە نەخوێنم، سەر لەخۆ تێکدانیش زۆر زەحمەتە تا بێتە تایم.


تازە هەستت پێکردووە کە لەناو قەیراندای و تا بن نەغرۆ بوویتە، لەناو ئەم قەیرانانەشدا خەریکە گوم ئەوی و ئەو کەشە وای لێکردووى خۆت لەیاد کەى کە چ ئەرکێکت لەسەر شانە، دە نا حەقم مەگرە ئەى نازانی کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکى دۆگماتیزمە، کۆمەڵگایەکە تا سەر ئێسقان جارێ نازانێ بنەماکانی ئازایی ببورن ئازادی چییە کە باسی لێوە دەکەن، هەتا ئێستاش فێوداڵێتی حاکمە کە دەڵێن پۆستمۆدێڕنیزمین و هەتا هەنووکەش باوەڕیمان بەقەدەرگەرایە و لەگەڵ ئەمانەشدا هەزار و یەک کێشەى دیکەمان هەیە و ئەمەش قەت باوەڕناکەم دەسەڵات چارەسەریان لۆ بدۆزێتەوە، چونکە دەسەڵات لەهەر کوێیەک بێ نا یەکسانی پێش دەخات و هەروەها تاکەکانی چڤاکیش مێشک و عەقڵیان قفڵ دەکات و تا ئەو رادەیەی توانای بیرکردنەوەیان نەمێنێ و کەس و لایەنێکیش نییە ئەرک بگرێتە ئەستۆ و کۆشش بۆ ئەوە بکات لەو ژیانە کۆڵەمەرگیە نەجاتمانبات، حزب و حکومەت بەتەواوى گەندەڵ بووە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش هەر خەریکی پارە کۆکردنەوەن و وەکو دەزگای بازرگانیان لێهاتووە، دە دەی باشە توخوا ئەو قەوانەى زۆر لێمەدەرەوە، چارەسەریمان پێ بێژە. باشە.


هاوکات لەگەڵ کێشەگەلێکدا بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان یاساخ کردووە، گەر بتەوێت سیاسەتێکی باش بەڕێوە ببەیت یان نووسینێک و یانیش خۆپیشدانێک بکەی دەسەڵاتی پێ بهەژێنی ئەوا ژیانت دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆ ئەمەش کەم کەس هەیە خۆیان لەو مەترسیانە بدەن، چونکە وافێرکراوین کە حەقمان لەهیچ شتێک نەبێ، دەمڕاستەکانمان و سیاسییەکانمان بەرەو کوێ ئاراستەمان دەکەن، دەبێ قبوڵیکەین، هەر رۆژە و شەرەفیان دەفرۆشنە وڵاتە داگیرکەرەکانی دەوروبەرمان لەپێناو کۆمپانیا و پارە، دەبێتیش سەری رازیبوونیان بۆ بلەقێنین، چونکە تەنها ئەوان دەزانن سیاسەت بکەن، کەسی دیکە نازانێ سیاسەت بکا. ئەوەتا رۆژانە سوکایەتیمان پێدەکرێ، دەبینی هەڵوێست وجودی نییە. ئایا کێ ویژدانی دەهەژێ و دژایەتی ئەو چەمکانە دەکا و کێش دژایەتى ناکات و ئەڵێ دە چی بکەم، باشە گەر من حەقم نەبێ و تۆ و ئەوى تر حەقمان نەبێ کە دێوزمەکانی سەدە بەمشێوەیە لەسەر ئەم رێبازەى خۆیان بەردەوام بن، ئەى باشە بەناحەقبوونت رازیبوونت ناگەیەنێ بەرامبەر ئەو هەموو خراپەکاریانەی کە کۆمەڵگاکەمانى تەنیوەتەوە، ئیدی هەر مرۆڤیشەو لای خۆی دەمێنێتەوە لێرەدا تەنیا دەتوانی کۆمەڵێ خاڵ دەستنیشان بکەین ئیدی کێ هەوڵ بۆ گۆڕانی دەدا و کێ نایدا ئەوا لای ئەو مرۆڤە خۆی دەمێنی، بێگومان ئەوانەى کە هەوڵی گۆڕانی دەدەن ئەوانە ویژدانیان دەهەژێ و خراپەکاریەکان پەسەند ناکەن و هەوڵی خاسبوون دەدەن.


کێن ئەوانەى خەونەکانی منی گەنج و تۆی ژن و ئەوی منداڵ دەکوژن؛ بۆ ناهێڵن خەون و خەیاڵەکانمان وەدی بێت و ئاواتەکانمان جێبەجێ بێت، ئەوانە کێن، کێن ئەوانەى دەڵێن وەک ئێمە بیربکەنەوە و لەخەت لانەدەن و سنوور نەبەزێنن، کێن خۆشەویستی خاک و وڵاتیان کاڵ کردووەتەوە، کێن رێگری لەئازادى رادەربڕین دەکەن، کێن ئەوانە باسی مافی مرۆڤ دەکەن و بۆ خۆشیان مافی خەڵکی پێشێل دەکەن، کێن ئەوانەى باسی وەکیەکی دەکەن و خاوەنی ڤێلا و سەیارەى کیلۆمەتر سفرن کە هەمووى بەدزی پەیدای کردووە، کێن ئەوانەى رۆژانە وڵات دەفرۆشن و دەمیانکەیتەوە دەڵێن قارەمانین و دوێنێ کردمان و ئەمڕۆ دەیخۆین، کێن ئەوانە وڵات بەڕێوە دەبەن و بۆ خۆیان نا عادلن و دەستیان لەخوێنی هەزاران کەسدا هەیە، کێن ئەوانە کێن، ئەوانە کێین یاسامان بۆ دادەنێن و لەو سۆنگەیەوە دەیانەوێ بەسەپاندنی یاسا دروستکراوەکانیان بمانترسێنن، کێن. هەمووشمان دەزانین کێن، بەڵام خۆمانی لێ نادەین، یان چاوەڕێی کەسانی ترین لۆ خۆلێدان و باسکردنی راستییەکان، یانیش حەقمان نییە، ئەوانە؛ بەدەرەجە یەک دەسەڵاتە، سیستەمی چەوتی خێزان و ئەو ژینگە خراپەى کە تێیداین و شتە باوە کۆنەکان ووووو، ئێمەیان گەیادوەتە ئەم رۆژە.


ئەو نووسینانەى سەرەوە ئاماژەیەکى کوورتن، بەپێویستم زانی بیانووسم، چونکە ئەم سروشتەى کە ئێمەى تیاین وەکو وتم نازانین بۆ دەژین و بۆ دەمرین، بەمەش خوڵقادن نایەتە کایەوە، چونکە بەشێوازی زانستی نزیکی شتەکان نابینەوە، هەر بۆ نمونە خۆشەویستی ئێستای کچ و کوڕێک تەنها بۆ دامرکاندنەوەى غەریزەیە زانست و علمی لەگەڵدا نییە، بەمەش ئەو خۆشەویستییە تەنها ناوەکیانە دەمێنێتەوە. یانیش ئەم رەوشە کەسی مارژیناڵ بەرهەمدێنی کە نکۆڵی لەراستییەکان بکات و لەبەرامبەر شتی چەوتدا کەڕ و ڵاڵ بێ. نمونەى تری لەم جۆرە زۆرن، بەڵام بۆ دەرچوونمان لەو قەیرانانە هەرکەسێک لای خۆیەوە بکەوێتە نێو گفتوگۆیەکەوە، راستی و ناڕاستییەکان لەیەکدی جودابکەینەوە و بتوانین و هەوڵ بدەین راستییەکان بەژیان بکەین و هەرچی بیرێکی دۆگماشە مەحکوم بکەین. ئیدی هیواخوازم ئەم گفتوگۆیەمان ئەنجامێکی باشی لێبکەوێتەوە و بۆ ئەم قۆناخەی لەپێشماندایە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین بۆ ئەوەى بتوانین هیچ نەبێ گۆڕانێک بەسەر ئەم ژیانەدا بهێنین و لەوە زیاتر تاکەکانی کۆمەڵگا بەرە ئاقاری نادیار مل نەنێن و راستی خۆیان و دەوروبەر بناسن و بەمەش دەتوانین بێژین کاردانەوەیەکى باشی لێدەکەوێتەوە. لاوانەیە بوترێ ئەمانە وەڕینەیەکە، بەڵام بێگومان راستی خۆیشی هەیە و گفتوگۆی وەها هەندێ جار پێویستە.