٢٧\٧\٢٠١٦
کوشتن و دەسەڵات و
سەربەستیی و ئازادیی تاوانبار و بکوژان.

ئهحمهد رهجهب
لە ساڵانی دەسەڵاتی رژێمە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرییەکانی عێراق رفاندن و
گرتن و کوشتن و خوێنرشتن دیاردەیەکی ترسناک بوو ئەمن وئیستخبارات
لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستیان کراوە بوو بۆ لەناوبردنی نەیارەکانیان و
ئەوەی جێی ئاماژەیە دەسەڵاتدەرەکان خاوەن حیزب بوون بۆ نموونە رژێمەکەی
دیکتاتۆری خوێنمژ سەددام حوسەێن حیزبی بەعسی عەرەبی ھەبوو ئەمیش شان بە
شان لە گەڵ ھێزە سەرکوتکەرەکان دەستیان خوێناوی بوو لە پاش راپەرێنە
مەزنەکەی کوردستان لە ئاداری ١٩٩١ و نەمانی سەددام و رژێمەکەی یەکێتی
نێشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بوون بە خاوەن دەسەڵات و
لە سایەی ئەوانیشەوە کوشتن و خوێنرشتن بوو بە باوو بارودۆخەکەیان
خراپتر کرد تا گەیشتن بە شەری خوێناوی چەپەڵی ناوخۆ.
لە ساڵی ١٩٩٢ و، لە پاش یەکەمین پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کوردستاندا پارتی
دیموکراتی کوردستان لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەرلەمان و
حکومەتی فیفتی فیفتی ( پەنجا بە پەنجا) یان پێکھێناو، ھەر زوو ناکۆکی و
لوتبەرزی لە نێوانیان دروست بوو نەیانتوانی ئەو دەسکەوتە مەزنەی گەلی
کوردستان بپارێزن و، لە باریان بردو، لە ساڵی ١٩٩٤ دەستیان کرد بە شەری
نگریسی دوو لایەنەو، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام ولایەنگیرانیان کوژراو
سەقەت و بێ سەرو شوێن بوون و، شەر درێژەی کێشا تا رێکەوتنەکەی واشنتۆن
لە نێوان مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و، حیزبەکانیان ( ھەردوو
حیزبی شەرکەر) بە ئامادە بوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مادلین ئۆلبرایت
و، لە ئەنجامدا گەڵی کوردستان دابەش بوو بە سەر ناوچەی زەردی پارتی و،
ناوچەی سەوزی یەکێتی و، دێگەڵەش بوو بە سنووری ( نێودەوڵەتی) نێوانیان.
لەو ماوەیەشدا لە ژێر پەردەوە دەستیان لە یەکتر ئەوشاندو، جاروبار
بەشی حیزبەکانی دیکەشیان ئەدا، بۆ نموونە چەندین تاوانیان دەرھەق بە
حیزبی شیوعی کردو لەوانەو تەنھا بۆ نموونە دوو تاوانی گەورە باس ئەکەم،
یەکێکیان لە دھۆک کاتێ دەستی رەشی چەپەڵ کادیری بە توانای حیزب لازار
میخۆ { ابو نێیر} ی شەھید کردو، دووەمیان لە چوارقورنە کاتێ ترسنۆکەکان
شیوعی ناسراو ئەمین مەحمود حەمە رەش { مامۆستا ئەمین} یان لە چوار
قورنە گرت و، پاشان شەھید کراو، تەرمەکەیان لە بشدەر { قەڵادزێ} فرێداو،
شاڵاوی گرتن و کوشتن دژ بە لایەن و حیزبەکانی تری کوردستان درێژەی
ھەبوو ھەیە.
لە درێژەی شەرو کوشتن و خوێنرشتن نموونە زۆرەو، دیاریترینیان لە سێ
شاری کوردستان ئەنجام دران بە شەھید کردنی شەھیدانی قەڵەم: سۆران لە
کەرکوک، سەردەشت لە ھەولێر و کاوە لە کەلارو، ئەوەی ئەو حیزبانە ریسوا
ئەکات ئەوەیە ترسنۆکانە کارەکەیان لە شارێک ئەنجام ئەدەن و، تەرمی
کوژراوەکان { شەھیدەکان} ئەگوێزنەوەبۆ شارێکی تر، وەک شەھید مامۆستا
ئەمین لە چوارقورنە بۆ قەڵادزی و، شەھید سەردەشت عوسمان لە ھەولێر بۆ
مووسڵ.
سۆران محەمەد عەزیز { سۆرانی مامە حەمە}ی رۆژنامەنووس لە - ٢١/٧/٢٠٠٨
لە پارێزگاری کەرکوک و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا دوای ئەوەی دەستڕێژی
گوولەی لێکراو بریندارکراو، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی
لەدەستداو،رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان حەسەن { سەردەشت عوسمان} لە
٤/٥/٢٠١٠ لە بەردەم بەشی زمانەکانی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین
لە شاری ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ژمارەیەک چەکدارەوە
ئەرفێندرێت و، دوو ڕۆژ دواتر لە رێی تەلەفونەوە کەسوکاری
ئاگادارئەکەنەوە کە تەرمی کورەکەیان لەبەردەم بارەگای یەکێتی نیشتیمانی
کوردستاندا لە پارێزگای موسڵ دۆزراوەتەوەو، رۆژنامەنووس کاوە محمد
ئەحمەد { کاوە گەرمیانی} لە ٥/١٢/٢٠١٣ لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە
لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن چەن چەکدارێکەوەو لە نێو ماڵەکەیدا و
لە ئامێزی دایکیدا دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و کوژرا.
سیناریۆی کوشتن و خوێنرشتن بەردەوام بوو تا گەیشتە ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ ،
کاتێک خۆپیشاندانێک لە شاری سلێمانیو، لە بەردەرکی سەرا ئەنجامدراو
داوای ئەنجامدانی چاکسازیو بەگژداچونەوەی گەندەڵی ئەکراو، پەیامی
خۆپیشاندەران ڕوون و ئاشکرا بوو، ھاوارێک بوو کە چیتر مل نادەن بۆ فرت
و فێڵی کاربەدەستان و ڕێگەش نادەن سەروەریەکانیان پێشێل بکرێت و
چاوپۆشی لە کەم و کوڕیەکان بکرێت، بەڵام لەو ڕۆژەدا وەڵامی ھاویشتنی
بەردیناڕەزایی خۆپیشاندەرانبەگوللە درایەوەو، ریژوان سورکیوو
ھاورییانیان شەھید کران و، بە ھیچ شێوەیەک ناکرێت خوێنی ئەو مێرمنداڵ
وگەنجانە بە فێرۆ بچێت و، پێویستە بە دوواچوون لە گەورەیی خۆپیشانداکەو
شەھیدانی بکرێت و ، تاوانباران بدرێنە دادگا.
باسکردنی خوێرشتن لە کوردستان بووەتە کارێکی ئاسایی و، ئەوەش زەنگێکی
ترسناکەو، ئەگەر وانەبێت چۆن کەسێکی "" عەسکەری "" خاوەن روتبە، واتە
ئەفسەر لە سەر فول لایتێک لە سەر شەقامێکی سەرەکی ھەولێری پایتەختی
کوردستان و، بە بەر چاوی سەدان کەس گوللە بارانی شۆفێری ئۆتۆمبێلی فول
لایتەکە ئەکات و، بێدەنگ و ئازادانە ئەروات چونکە پشت ئەستوورە بە
خزمەکانی خاوەن پۆستی سەرکردایەتی حیزبی دەسەلڕتدار.
لێرەو لەوێ، لە دھۆک و لە سلێمانی، لە کەرکوک و کەلار و، لە ھەولێرو
سۆران، لە زاخۆ، قڵادزی، سەید سادق، باڵەکایەتی و ناوچەکانی تر رفاندن
و کوشتن بەردەوامەو، ھەر یەک بە جۆرێک و بەھانەیەک، بەڵام ئەوەی سەیرە
دوو حیزبە دەسەڵاتەکەی کوردستان لەناو خۆیاندا یەکتری تاوانبار ئەکەن
و، ئەمەش لای خەڵک ھێچ بەھاو قیمەت و ئەرزشی نییە، چونکە پاراستنی خەڵک
لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە خاوەن دەسەڵاتن و، ئەرکی سەرەکییان ئەوەیە
تاوانباران بدەنە دادگاو، پێویستە دادگا لە ھەموو کوردستان سەروەر بێت.
ھەڵوێستی بەرپرسانی ھەرێم و حکومەت تا ئێستا لاوازو بێ بایەخەو، جێی
شەرمەزاری و ریسواییەو، ھیچیان نەکردووەو، لە بەر بەرژەوەندی تەسکی
حیزبایەتی نایانەوێت دادگا سەروەر بێت و، جێی ئاماژەیە گەورە بەرپرسانی
دادگاکان سر کراون و، کورد واتەنی خەسێنراون و، بە ھیچ شێوەیەک نقەیان
لێوە نایەت.
چیتر با بەرپرسانی ھەرێم و حکومەت خۆیان نەخەڵەتێنن و، فشەفش نەکەن و
ناو چاکسازی نەھێنن و، بە دروشمی بریقەدار خەڵک فریو نەدەن و، ئەگەر
ئەتوانن و راست ئەکەن با بە زووترین کات تاوانباران و بکوژان رادەستی
دادگا بکەن.
٢٧\٧\٢٠١٦
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|