په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٩\٢٠١٢

کووی حکومەت!؟


باسل یەحیا بەهرام     


لە کاتێکدا باردۆخی وڵاتەکەمان لە قەیرانى سیاسیی شڵەژاوە و نازانێن بەرەو چ ئاستێک دەڕوا هەر تاکە کەسێکی ئەم وڵاتە دەکەوێتە دڵەڕاوکێ کە دەبێتە هۆی ململانێ و بێ متمانەیی لەگەڵ بەرامبەر و لە هەمان کاتدا لەگەڵ بیر و هزر و هۆشیاریی عەقڵی خۆی شەڕ دەکا.. ئەوە گەورەترین قەیرانی کۆمەڵایەتی دێنێتە کایەوە لە رێگەى تاکەکانەوە، سیاسەتمەداران ئەوە دەکەنە بیانوو کە وا ئێمە لە قەیرانێکی گەورەین چونکە دوژمنی زۆرمان لە دەوروبەرە، ئەم وتەیە بۆتە وشە زەقەکانی ئەمرۆی قەیران، بێ گومان ئەوە هەموو دەزانین بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەى تاکەکان یان هاوڵاتیان باجەکەى بدەنەوە ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسەکان هەموو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان خستۆتە ژێر چەتری رەحمەتی خۆیان و هەموو شتێکیان قۆرخ کردووە..


دەبێ هۆشیاریی خەڵک بگاتە ئەو ئاستە کە مافی هەیە وەک هەر بەرپرسێکی ئەم وڵاتە و چ ئەرکێکی لەسەر شانە ئەمەیە بۆتە قەیرانە گەورەکە.. ئەگەر بە وردیی بیری لێبکەینەوە (ماف و ئەرک) دیارە لە سایەیی پێدانی ماف ئەرکەکان جێبەجێدەکرێن لە لایەن تاکەکانەوە و گللەییەکان روو لە کەمی دەکەن تا ڕادەیەک، ئەویش لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەبێ جێبەجێبکرێ بە بێ چاوپۆشین لە خزم و نزیکەکانی بەرپرس یان بە پشگیریی حیزبی لە دامودەزگاکان دابمەزێن.. واتە جیاکردنەوەى حیزب لە حکومەت ئەمە خەونی یاخییەکانە کە هەمیشە یاخیین لە کردەوە نارەواکانی بەرپرسانی ئەم وڵاتە.

 

زۆربەى جار روو دەکرێتە لایەنە پەیوەندییدارەکان بۆ هەر رەخنەیک بێ لە بێکاریی گەنجان و لاوان و کەمتەرخەمیی دەزگا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەکو ئاو و کارەبا و قیرتاوکردنی رێگاوبان و بیمەى بێکاریی و... هتد، هاوکات دێنە وەڵام بە بەراوەردکردنی حوکمڕانییان بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی پێشووی حکومەتی بەعسی خوێنڕێژ و دیکتاتۆر، زۆر سەیرە ئەم وەڵامە واتە خۆی بەراورد دەکا لەگەڵ حکومەتێکی دیکتاتۆر و خوێنڕێژ، بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە بۆ چی خەڵک یاخیی بوو لە کردەوەکانی دەسەڵاتی فاشیستی بەعس، خەونی زۆربەى هاوڵاتیان بوو بۆ لە ناوبردنی ئەو دەسەڵاتە، تا ئێستاش هەر شتێک کرابێ هیچ منەتێک نییە بکرێ بەسەر هاوڵاتیان چونکە خەڵک لەو حکومەتەی پێشوو بێزار بوو تا بتوانێ مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت لە سایەی حکومەتێکی مافپەروەر و دەسەڵاتدارێتی بەرەو وڵاتێکی پێشکەوتوو، با خۆی بەرواورد بکا لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکان لە رێی ئایدیا و بەرنامەی پلاندارێژ.. وڵاتێک وەکو ئێمە نازانێ دوارۆژی چی چاوەڕوانە و چارەنووسەکەى نادیارە.. ئەوەش زۆر مەترسیدارە بۆ خۆی.

 

حکومەتی هەموو دونیا مەحکومە بەوەی کار دابین بکا بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەى ئەگەر نا ئەوە با کوورسییەکانیان چۆڵ بکەن وەک چۆن ماوەیەک لەمەوبەر حیزبی دەسەڵاتدار لە وڵاتی هۆڵەندا دەستلەکارکێشانەوەى خۆیی ڕاگەیاند لەبەر چەند هۆیەک بۆ ئەوەی لەسەری نەکەوی و متمانەی خەڵک لە دەست نەدا.. بە راشکاویی داواى هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد یان وڵاتێکی وەکو نەرویج توانیویەتی ٣٠٠ ساڵ بیمەى ژیانی هاوڵاتیانی دابین بکا بە بیانییەکانیشەوە کە ساڵانە چەندین پەنابەر رووی تێدەکەن.. یان با دوور نەڕۆین وڵاتەکانی کەنداو لە ماوەی ٣٠ ساڵدا چ پێشکەوتنێکی بە خۆیەوە دیت... ئەمەو چەند نموونەیەکی دوور و نزیک لە بەرچاوە کە ببێتە مایەی وانە وەرگرتنێک بۆ حکومەت کە خەمی خەڵکیی بێ.

 

ئیتر بەسە زەردەخەنەى لێوەکانتان و رووکردن بە ماڵەکان بۆ دەرۆزەکردنی دەنگێک و بە کۆمەڵێک بەڵێن و دروشمی بریسکەدار لە کاتی هەڵبژاردنەکان چونکە دوای ئەوە دەموچاوەکانیشتان دەگۆڕێ بۆ چاکوخۆشییەک.
 

 

basilyahya_hb@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک