١٢\١\٢٠٢١
لاکەون نۆرەی
خۆمە!

عەبدوڵا ساڵح
یاریکەرەکان لە مەیدانی گەمەی سیاسی کوردستان دا، بەتایبەت لایەنە
فەرمیەکان، ڕوویان لە ھەڵکشانە، ھەریەکەیان بە نۆبەی خۆیان شانس تاقی
دەکەنەوە، شەڕ دەکەن، دەکوژن، دەکوژرێن ، شەڕی دوو قوڵی و سێقوڵی،
دواتر دڵی ھەردوو یا ھەرسێ شەڕکەر دەبێ بە ئاوێنە و دووبارە دەستلەملان
دەست پێدەکەنەوە، دەچنە ناو دەسەڵات، دێنە دەرەوە، دەبنە ئۆپۆزسیۆن،......
،مێژووی ئەم شانۆگەریە،کە یەک لەدوای یەک پەردەکانی ھەڵدەدرێتەوە،
تەماشاچی و باجدەرە سەرەکیەکەی تەنیا خەڵکی کوردستانە .
لەم ڕێڕەوەدا، چەندین ھێزو لایەن خۆیان تاقی کردەوە، بەڵام بە ھیچ کوێ
نەگەیشتن، یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە، کە ئەم مەیدانە، بە حوکمی ھێزی
میلیشیا، تەنیا دوو تیپ کۆنتڕۆڵیان کردوە، سەوز و زەرد، وەک یاری
فتبۆڵێنی ئەسپانیا، لەدوا ئەنجامدا یا بەرشلۆنە یا ڕیاڵ مەدرید کاسەکە
بەرز دەکەنەوە و ئەوی تریان دەبێتە دووەم، ماڵم حەقە، وەک دەڵێن، زۆر
دەمێکە تیپی زەرد لەو پێشبڕکێیەدا یەکەمە و جۆخینەکە ھی خۆیەتی، تیپی
سەوزیش بەدووەمی خۆی "شوکرانەبژێرە " ئەوانی کەش لەدەورو بەری جۆخین
دێن ودەچن !
با بێینە سەر کرۆکی باسەکە، خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی ئەم دواییەی
کوردستان، لەزۆنی سەوز، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ ھەموو ئەویاریکەرانەی
نێو مەیدانی گەمەی سیاسی کوردستان، چ ناوخۆیی وچ دەرەکی، بەگەورەو
بچوکیانەوە، ئەم جارە نەک بارەگاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، بگرە
جەماعەتی ئۆپۆزسیۆنیش کەوتنە بەر ئەو پەلامارە، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ
بێھیوایی وبێمتمانەیی جەماوەری برسیکراوی کوردستان بەھەموو لایەنە
سیاسیە فەرمیەکان، بەتایبەت حزبە ئیسلامیەکان کە خۆیان لەدەرەوەی
دەسەڵات ھەژمار دەکەن ولە ئێستادا دەیانەوێ بخزێنە ناو ڕیزی خەڵکی
ناڕازیەوە .
لەنێو ئەم کەین وبەینەدا دیاردەیەک دەرکەوت بەناوی ( شێخ نەھرۆی
کەسنەزانی )، دیاردەیەک کە ناکرێ وەک ڕوداوێکی کت وپڕ سەیر بکرێ، بەڵکو
دەبێ لە ڕێڕەوە مێژویەکەیدا لێی بڕوانین و لەوپرۆسەیەدا ھەڵیسەنگێنین.
ئیسلامی سیاسی زۆر دەمێکە دەیەوێ کۆمەڵگای کوردستان لە قاڵب ومەنگەنەی
شەریعەت و یاسا وڕێساکانی خۆی بدا، دەسەڵاتیشی تەنیا بۆ ئەو مەبەستەیە،
لەم ڕێڕەوەدا کەمی نەکردوە، چ بە زمانی نەرم و چ بە ھەڕەشە یا تیرۆر
ویا شەڕی خوێناوی، لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا، چەند نمونەمان دێتە
بەرچاو، وەک تیرۆری کەسایەتیە تاکەکان بەمەبەستی تۆقاندنی خەڵک،
عەبدولخالق مەعروف و ڕەووف زوھدی و تەقە لە کەریم زەند، وەک نمونە،
بەشەڕی جەبھەش وەک ڕوداوەکانی خێڵی حەمە و ........ دواتریش چوونە ناو
دەسەڵات وئێستاش بوونە ئۆپۆزسیۆن، ھەموو ئەم ھەوڵ وتەقەلایە ئەوانی
نەگەیاندە ئامانج و بینیمان چۆن لەم دوایانەدا بە سوتاندنی مقەڕەکانیان
بەدەست جەماوەری ناڕازی کۆتایی ھات، ھەر بۆیە یاریکەرە نێودەوڵەتیەکان
و ئیقلیمیەکان، ئەوانەی ئیسلامی سیاسی وەک مۆرەی دەستیان بەکار دێنن،
بیریان لە مودێلێکی کە کردەوە کە تا ئەمڕۆ، لەو گەمەیەدا،شانسی خۆی
تاقی نەکردۆتەوە، ھێنانە مەیدان ودەرکەوەتنی ئەم مودێلەش بەمەبەستی
زامن کردنی بەرگری یە لەھاتنە مەیدانی ھێزی چەپ وعەلمانی، ھێزی
ئازادیخواز و یەکسانیخواز، وەک دەر ئەنجامێک بۆ درێژەی ڕاپەڕینە
جەماوەریەکان، ڕاپەڕینێک کە دەست وقاچی ئیش دەکا، بەڵام بەداخەوە بێ
سەر وکەلەیە، ئەگەرچی ئەوان دڵنیاشن کە ئاگری نێو پوشەکە وا بەئاسانی
دانامرکێتەوە .
ئەگەر بەراوردی پرۆسەی ھێنانە سەرکاری خومەینی لەبری شای ئێران
بھێنینەوە بەرچاو لە ھەفتاکانی سەدەی ڕابردودا، کاتێک خومەینی لەنەجەف
کەوتبۆوە و موریدەکانی خۆی نەبێ کەس نەیدەناسی، جەماوەری ڕاپەڕیو
وشۆڕشگێریش لەئێران ئەوەندەی نەمابوو شا بڕوخێنن، وڵاتانی سەرمایەداری
درکی خەتەرەکەیان کرد کە ئەگەر ھێزە چەپ و عەلمانیەکان جێگای شا
بگرنەوە، ئەوا پشتی سۆڤیەتی ئەو کاتە قاییم تر دەبێ لەبەرامبەر بلۆکی
ڕۆژئاوادا، ھەر بۆیە بەپەلە خومەینیان لەنەجەف ھەڵقەند وھێنایانە (
نۆفل لۆشاتۆ ) ی فەرەنسا و ھای لایتیان کرد، CNN و BBC و دەزگا
زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندنیان بۆ وەکار خست و وەک ھێزی دژەشۆڕش ئەم
ڕاپەرینە مێژوویەی خەڵکی ئێرانیان پێ لەناو برد !.
رەنگە بەلای ھەندێکمانەوە ئەو بەراوردە لەجێی خۆیدا نەبێ ، و گرنگی
کوردستان بۆ دەوڵتە زلھێز وئیقلیمیەکان بەو شێوەیەی ئێران نەبێ ، بەڵام
لەدوا شیکردنەوەدا کوردستانیش ووڵاتێکی بێ خێر نیە و چاوی تەماحی ئەو
زلھێزانە ھەموو گۆشەو کەناری ئەم دنیایە دەبینێ وماسیش لەگۆمی شڵقاو و
لێڵ دا باشتر ڕاو دەکرێ تاکو گۆمی ئارام و سەقام گیر .
بەگوێرەی ئەم ھاوکێشەیەی لەسەرەوە باسمانکرد، چرای سەوز بۆ ( شێخ نھرۆ
) لێدرا،کە ئەویش ئەسپی خۆی لەمەیدانەکەدا تاو بداو تاقی بکاتەوە، وەک
ھێزێکی دژە شۆڕش، ئەگەر توانی، لەبار بردنی ئەم ڕاپەڕینەبگرێتە ئەستۆ،
بۆ کەسێک کە مەبەستی بێ مێژووی سیاسی ئەم بنەماڵە و کەسایەتیەکانی
ھەڵداتەوە، ئەوکات باشتر ئەم ڕاستیەی بۆ دەردەکەوێ!
ئەوشمان بیر نەچێ لەکوردستان دەروێش و موریدی ھەندێک تەریقەت ھەن و
لایەنە سیاسیەکانیش، بەھەر مەبەستێک بێ ، دەستیان پێوە گرتوون، لەوانە
نەقشبەندی کە زیاتر بەلای پارتیدایە، ھەروەھا قادری و ، ئێستاش
کەسنەزانی کە تازە یەکیەتی دەیەوێ بیخاتە سەر میلاکی خۆی! بیرتان نەچێ
لە ململانێی ئەم دوو ھێزەدا ھەموو شتێک چاوەڕوانکراوە!
لە کۆتاییدا خراپ نیە ئەو چەند دێڕە شیعرەی کە ڕەنگە سەد ساڵ لەمەو پێش
گوترابێ و من ھەر لە منداڵیەوە لەسەر زارم بووە، بکەمە کۆتایی باسەکەم،
وەک لە زمانی عەرەبیدا دەڵێن: (ختامھا مِسکٌ).
ھـــــەتا شێخێک لە کــوردستان بمێنێ
ئـومێدی زیندەگـــانیت پــێ نـــەمێنێ
بە ڕیشی درێژ و پرچی پڕ لە ئەسپێ
بناغەی حەققی کوردان چۆن دەچەسپێ؟
١٠\١\٢٠٢١
a_salih11@hotmail.com
|