په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١٤

لاپەڕەیەکی تازە لە مێژوویەکی ونبوو،
ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی گەلێکی نووستوو!


سیروان کاوسی    


یەکێ لەو کارەساتە مرۆڤی و نەتەوەییانەی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەرەوڕووی کورد و خاکەکەی و ناسنامەی نەتەوەیی و ھەبوونی کراوە، پاکتاوی فەرھەنگی و تواندنەوەی رەگەزیی کورد بووە لەنێو رەگەزی خۆیاندا، خۆیانکردووە بەخاوەنی خاکی ھەزارانساڵەی کورد ولەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەنێک کۆیلەتی و بندەستیی، کورد مێژووی راستینەی خۆی لەبیرچووەتەوە و، زمان و کولتوورەکەی لێ بووە بەبنزار و پاشکۆی کولتووری داگیرکەرانی کوردستان. گەر ئەمڕۆکە تۆ بچیتە ھەر شارێکی لۆڕستانی گەورە تاکو دەگاتە بوویەرئەحمەد و کێوگیلۆیە، لەخەڵکی ئاسایی و قەلەمبەدەست و رۆشنبیرەکەی بپرسی رەگەزی ئێوە چییە؟ نایزانن! زۆربەیان دەڵێن: لۆڕین و خەڵکی ئێرانین ، ھێندێکیان خۆیان بە گەلێکی سەربەخۆ ناودەبەن، کە خاوەنی زمان و مێژووی خۆیەتی، تاکوتەراش دەڵێن کورد و لۆڕ یەک رەگەزن و، جیانین، جائەمە لەبەر دڵی تۆی کورد، یان وەک لێکۆڵەرێک وەرامتدەداتەوە، ئەوەیان دیارنییە.


بەشێک لەنووسەرانی بەشەکانی رۆژھەڵات و باشووری کوردستان بێلێکۆڵینەوە و خۆماندووکردن بەمێژووی ئەو بەشانەی خوارووی کوردستان، لۆڕستانی گەورە و کوردستان بە دوو بەشی جیالەیەک نێودەبەن. نەخشەی کوردستان لەچەند جۆر وقەبارەی جیاجیادا بڵاودەکەنەوە، لەیەکیان نەخشەی کوردستان تاکو کرماشانە، لەوی دیکە تا سنووری ئیلامە، لەلای سەروویشەوە لە باکووری کوردستان ھەر بەم شێوەیە، حیزبەسیاسییەکانیشمان کە زیاتر لە پەنجاساڵێکە بەناوی کوردایەتییەوە نوقمی پاوانخوازی و گەمەی حیزبایەتین، گوێیاننەداوەتە ئەوەی کامە بەش کراوە بەفارس و، کام بەشی دی لەنێو ترک و عەرەبدا تواوەتەوە و، چی بکەن و چ پلانێکی فەرھەنگی و نەتەوەیی دابڕێژن بۆ زیندووکردنەوەی ھەستی نەتەوەیی لەو بەشانە بەتایبەتی و لە کوردستان بەگشتی.. لەبەرئەوە سیاسەتی رەگەزپەرستانەی داگیرکەران و، بەحیزبیکردنی کێشەی کورد لەلایەن سەرۆکایەتی و رۆشنبیرانی حیزبیی لەپێناو ئامانج و بەرژەوەندیی کەسی و حیزبیی، پێکەوە دینەمۆیەکی بەھێزبوون بۆ ھێشتنەوەی نەتەوەی کورد لەسەرلێشێواوی و ناھۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی.


دوای خوێندنەوەی ئەم کورتە پێشەکییە، با پێکەوە چاوێک بەچەند لاپەڕەیەکی مێژووی لۆرستان و ژیانی رۆڵەی بلیمەت و مەزنی ئەم دەڤەرە خاتوون بی بی مریەمی بەختیاریی بخشێنین!


مێژووناسی گەورەی کورد شەرەفخانی بدلیسی لەپەرتۆکە مێژووییەکەی ''شەرەفنامە'' دا دەڵێ: ''چوارسەد بنەماڵەی چەند ھۆزیکی کورد بەسەرۆکایەتیی حەسەن فەسڵەویی لەسەدەی شەشی کۆچی - مانگی (ھەشت سەدەیەک بەر لەئەمڕۆ) لەناوچەکانی شامات و ''کێوی سماق'' لەرۆژاوای کوردستان و سووریای ئێستاوە بەرەو زنجیرەچیاکانی خوارووی زاگرۆس کۆچیانکرد. لەنێویاندا ھۆزێکی بچووک بەنێوی بەختیاری لەگەڵیان کەوت''. ئەم کۆچکردنە کە تاکو ئەورۆ ھۆیەکەی نەزانراوە، بەناوی کۆچی ھەزارسوارەی جەنگی نێویڕۆیوە. دوای گەیشتنیان بەم ھەرێمەی ئێستا کە پێیدەگوترێ لۆڕستان، سەرۆکی ھۆز حەسەنی فەسلەویی بەخێرایی ھۆزەخۆجێیەکانی ناوچەکەی خستەژێر رکێفی خۆیەوە و، حکوومەتێکی سەربەخۆی پێکھێنا کە لەمێژوودا بەناوی حکوومەتی ''ئەتابەکانی فەسڵەویی'' (ئەتابەکانی لۆڕ) ناسراوە. پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ناوچەکە لەلایەن حەسەن فەسڵەوی و ھێزەکەیەوە، ھۆزەکانی دیکەی رۆژاوای کوردستان لەڕێگەی تەتەرەوە ئاگادارکران، ئەوانیش لەرۆژاوای کوردستانی ئێستاوە بەرەو لۆڕستان کۆچیانکرد و، بەھەموو لۆڕستان و ئیلام و بوویەر ئەحمەد و کێوگیلۆیەدا بڵاوبوونەوە. چەند سەدەیەک دواتر، عەشیرەتی بەختیاریی کە لقێکە لەھۆزی گەورەی لۆڕ، بوون بە دوو بەشەوە، بەشی چوارلنگ و بەشەکەی دیکەش بەحەفت لنگ ناسران.


لەمێژووی ھەزارانسالەی تەژی لەکارەساتی کورددا کەم نین ئەو ژنانەی لەسایی زانای و لێوەشاوەی و کەسایەتیی بەرزیانەوە سنوورەکانی داوونەرێتی داسەپاوی کۆمەڵایەتییان تێکشکاندووە و، نەک ھەر بوونەتە جێی سەرنج و رێزی رەگەزی نێرینەی لووتبەرزی کوردەواریی، بەڵکو پێشەنگی و سەرۆکایەتیی ھۆز و ھەرێمی خۆیانکردووە، یان لەگۆڕەپانەکانی جەنگدا نێوبانگی ئازایەتییان سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە. یەکێ لەم ئەستێرە گەش و بلیمەتانەی کوردەواری، ناوی بی بی مریەمی بەختیارییە.


بی بی مریەم، لەسەردەمی خۆیدا نێوبانگی ئازایەتییەکەی سنوورەکانی کوردستان و ئێران و وڵاتانی ئۆروپای تێپەڕکرد، ھاوکات، بوو بە جێی باس و رێز و ستایش و رقونەفرەتی چەندین وڵاتانی دژبەری ئۆروپا. بی بی مریەم ساڵی ١٢٥٣ی ھەتاوی (١٨٧٦ی ز) کە دەکاتە ١٤٠ ساڵێک بەر لەئەمڕۆ، لەنێو ھۆزی بەختیاریی لەدایکبوو، ناوی باوکی حسێنقولیخان سەرۆکھۆزی گەورەی بەختیاریی بوو کە لەتەمەنی ٢٤ ساڵییەوە بوو بە حوکمرانی بەختیاریی. حسێنقولیخان چەند شەروشۆرێکی گەورە و خوێناویی لەگەڵ ھۆزەکانی دەوروبەری ھەڵگیرساند و،، توانی ھەموویان تێکبشکێنێ و، ھۆزەکانی چوارلنگ و چوارمەحەل وبایادی بخاتە ژێرڕکێفی خۆیەوە. لەسەرەتاوە بۆ بەھێزترکردنی دەسەڵاتی لەھەرێمەکانی خوارووی کوردستان یارمەتیی سەربازیی لەحکوومەتی قاجاڕەکان لەئێران وەرگرت و، لەلایەن ناسرەدینشای قاجاڕەوە نازناوی ''ئیلخان'' و ''نازم بەختیاری'' (چاودێری بەختیاریی) پێبەخشرا، بەڵام دوای ئەوەی بۆ ماوەی پانزەساڵێک پووڵ و سامان و ھێزو جەماوەرێکی گەورەی لەدەروی ھۆزی بەختیاری کۆکردەوە، حکوومەتێکی سەربەخۆی پێکھێنا و، لەژێریشەوە ھەوڵیدا لەڕێگەی کەنداوەوە (بەزاراوەی کوردی ناوچەکە کەنداڵیی)، لەسوپای وڵاتانی کۆلۆنیالیستیی وەک بریتانیا و پۆرتۆگال کە بە پاپۆڕی سەربازیی ھاتبوونە کەنداو، بێئاگاداریی حکوومەتی تاران چەکوچۆڵ بکرێت لێیان. ئەم ھەوڵانەی حسێنقولیخان، ناسرەدینشای قاجاڕی تووشی دڵەڕاوکە و پەژارە کرد و، کوڕەکەی خۆی ''زێلەلسوڵتان'' (ڤل السلگان) کە حاکمی شاری ئەسفەھان بوو، راسپارد، بەناوی سەردانەوە چاوێک بەبارودۆخی بەختیاری و دەسەڵاتی حسێنقولیخاندا بخشێنێ. کوڕەکەی ناسرەدینشا دوای سەردانەکەی، لەراپۆرتێکدا بۆ باوکی نووسێ: ''تەواوی ئەو راپۆرتانەی پێشوو لەلایەن ''فەرھاد میرزا'' حاکمی ''فارس'' (شاری شیرازی ئێستا) لەبارەی ھێزودەسەڵاتی حسێنقولیخانەوە نووسراون، نەک ھەر راستن، بەڵکو بەکەمیشەوە نووسراون، حسێنقولیخان دەسەڵاتێکی سەربەخۆی پێکھێناوە و، بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتەکەشی ئامانجی گەورەتری ھەیە''.


ناسرەدینشا دوای خوێندنەوەی راپۆرتی کوڕەکەی، بیری لە کوشتنی حسێنقولیخان کردەوە و، ''زێلەلسوڵتان'' ی کوڕی راسپارد بەھەر شێوازیک بووە کێشەی لۆڕستان و حسێنقولیخان بنبڕکا. کوڕەکەی ناسرەدینشا، بۆ سەردانێکی فەرمیی حسێنقولیخانی بانگھێشتی ئەسفەھان کرد، ئەمیش بانگیشتەی قەبوڵکرد و لەگەڵ دوان لەکوڕەکانی چووە ئەسفەھانەوە. لەلایەن کوڕی شا و دەستەودایرەی حکوومەت و سوپاوە پێشوازیی گەرمی لێکرا، ئەوجا بردیان بۆ بینینی مەشقی سوپا. کاتێک حسێنقولیخان چاوی بە مەشقی سوپای ئێران کەوت، بەگاڵتەو تەشەرەوە بەشازادە زێلەلسوڵتانی گوت: ''سەد سواری بەختیاریی بەرامبەرە لەگەڵ ھەزار شەڕکەری سوپای ئێوە!''. زێلەلسوڵتان ھیچی نەگوت، بەڵام لەدڵی خۆیدا زیاتر سووربوو لەسەر کوشتنی. بەناوی سەردانی داودەزگەکانی حکوومەتەوە، دوو کوڕەکەی کە ناویان ئەسفەندیارخان و عەلیقوخان بوو، جیایاندەکەنەوە و، دەیانبەنە نێو ھۆدەیەکی گەورەی سەربازییەوە، لەوێ چەکیاندەکەن و، دەیانخەنە زیندانەوە. زێلەلسوڵتان دوای ئاگاداربوونی لەدەستبەسەرکرانی کوڕەکانی خان و لەنێوبردنی پاسەوانەکانیان، حسێنقولیخان دەباتە نێو کۆشکی خۆیەوە، پێکەوە خواردن دەخۆن، ئەوجا قاوەی بۆ دێنن کە ژەھرێکی کوشندەی تێکراوە، حسێنقولیخان بەخواردنەوەی قاوەکە، ژەھر بەلەشیدا بڵاودەبێتەوە و، تێکدەچی و توانای بەرگریکردنی نامێنێ، سەربازەکان بەکوتوزنجیر دەیبەستنەوە و دەیخەنە نێو زیندانەوە، پاش دوو رۆژ بەدەم ئێشوئازارەوە گیانی لەدەستدەدات.

 
حسێنقولیخان لەماوەی ژیانیدا دە ژنی ھێنا. لەم دە ژنە ھەژدە منداڵی بوو، دوانزەیان کچ و شەشی دیکەش کوڕ. یەکێ لە کچەکانی نیونرا مریەم (بی بی مریەم). بی بی مریەم لەکاتی کوژرانی باوکیدا تەمەنی نۆسال بوو. بی بی ھەر لەو تەمەنەدا سەرنجی بنەمالە و خزمان و ھۆزەکەی بۆلای خۆی راکێشابوو، ھەموو پەسنی سوارچاکی و تیرھاویشتنی خێراوبەدەستوبردی بی بی یان دەکرد، بەڵام لەکۆمەڵگەی ئەوسا و تەنەنات ئێستای ناوچەکە، بەبیری کەسدا نەدەھات رۆژیک ببێتە سەرلەشکری کوردانی ناوچەکە، رەنگە بۆخۆشی ئەوەی بەخەیاڵدا نەھاتبێ، بەڵام لێھاتوویی خۆی و، پلەی کۆمەڵایەتی و رەوتی رووداوەکانی سەردەم، ئەو کەسایەتییە گەورەیان لێخولقاند کە بۆ ھەتاھەتایە کورد شانازیی پێوەبکات.


بی بی لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا بەپێچەوانەی ویست و ئارەزووی خۆی، لەجێنشینی باوکی بەناوی ''ئیبراھیمخانی زەرغامولسەلتەنەی بەختیاریی'' مارەکرا. لەلایەک بەھۆی نێوبانگی بنەماڵە، لەلایەکی دیکەوە چۆنکە ھاوسەری حوکمڕانی لۆڕستان بوو، بۆ ھەرشوێنێک بچووبایە، ھێزیکی چەکداری ئازاوتەیاری لەگەڵ دەچوو. ئەم ھێزە بەماوەیەکی کەم کەوتە ژێر فەرمانی راستەوخۆی بی بی مریەمەوە و، لەو شەڕو پێکدادانانەی دوای کوژرانی باوکی و براکانی لەنێوان سوپای ئێران و ھێزەکانی بەختیاریدا بەرپادەکران، بی بی مریەم بەرە بەرە لەنێو جەماوەری لۆڕستاندا وەک فەرماندەیەکی ئازا و لێھاتوو نێوبانگی دەرکرد. دەوڵەتەکانی ئینگلیز و رووسیاش کە لەو سەردمەدا بەڕێککەوتنێکی نەپەنی، ئێرانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردبوو، راستەوخۆ پشتگیرییان لەحکوومەت و سوپای ئێران دەکرد. بەم پێیە ھێزەکانی لۆڕستان شەڕی دوو کۆلۆنیالیستی گەورەی سەردەم و، حکوومەتی قاجاڕیان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا لەسایی رژدی و شاخاویبوونی ناوچەکە و ئازایەتیی رۆڵەکانی لۆڕستانەوە، بەخوێنی خۆیان پارێزگارییان لەو ھەرێمە ئازاد و سەربەستەی کوردستان دەکرد.


ساڵی ١٢٨٨ی ھەتاوی (١٩١٠ی ز)، بی بی مریەم وەک فەرماندەی بەشێک لەھیزەکانی بەختیاری، لەگرتنی شاری گەورەی ئەسفەھاندا رۆڵێکی گەورەی گێڕا. ئەم رووداوە ھاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی شۆرشی نوێخوازیی گەلانی ئێران لەدژی حکوومەتی قاجاڕەکان. بی بی مریەم ھانی براگەورەکەی دا بۆ داگیرکردنی تاران بکەویتەڕێ. نەخشەی گرتنی تاران کێشرا، بی بی مریەم بەنھێنیی لەگەڵ دەستەیەک لە ئازاترین ھێزەکەی ژێر فەرمانی خۆیەوە چووە نێو شاری تاران و، لەنێزیک باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوکاتی ئێران (مەیدانی بەھارستان)، خۆیان حەشاردا. ھێزەکانی دیکەی بەختیاریی بەفەرماندەیەتیی سەردار ئەسعەدی برای لەباشووری خۆرئاوای تارانەوە لەشکر و سەنگەرەکانی سوپای ئێرانیان تێکشکاند و سەرکەوتووانە پێیاننایە نێو شاری تارانەوە. بی بی مریەم خۆی و ھێزەکەی، لەحەشارگە ھاتنەدەرەوە و، لەنێو جەرگەی شاری تاران ھێرشیانبردە سەر داوودەزگەکانی حکوومەتی ئێران. ھیزەکانی ئێران لەبەرامبەر ھێرشی بروسکەئاسا و بوێریی بێسنووری چەکدارانی کورد خۆیان پێ ڕانەدەگیرا ومۆڵگە و سەنگەرەکانیان چۆڵدەکرد و ھەڵدەھاتن. شاری تاران بەتەواوەتیی کەوتەدەستی ھێزەکانی کوردەوە. سەردار ئەسعەدی بەختیاریی مزگەوتی گەورەی سوپاسالاری کردە ناوەندیی فەرماندەیەتیی. فەرماندەی ھێزەکانی ئێران ژەنەڕاڵێکی رووسی بوو بەناوی''لیاخۆف'' بەچاودێریی سەرکۆنسولی رووس و بریتانیا چووە مزگەوتی سوپاسالار، لەبەردەم سەردار ئەسعەد دا چۆکی دادا، بەنیشانەی تەسلیمبوون، شمشێر و چەکەکەی لەبەرپێی سەردار ئەسعەددا دانا*. دوای داگیرکردنی تاران، ناوبانگی ئازایەتیی بی بی مریەم لەھەموو ئێراندا بڵاوبووەوە.


ساڵی ١٩١٤ی ز، کێبەرکێ وململانێی وڵاتانی گەورەی کۆلۆنیالیست بۆ مەبەستی داگیرکردنی وڵاتانی بەپیتوبەرەکەتی جیھان، جەنگێکی گەورە و خوێناویی لێکەوتەوە کە لەمێژوودا نێوی لێنرا جەنگی یەکەمی جیھانی. لەو شەڕەدا بۆ یەکەمجار بۆمبای کیمیایی بەکارھێنرا، جەنگی جیھانیی یەکەم لەئاستی ئۆروپا و ھەموو جیھان کارەساتی مرۆڤی و ماڵوێرانی و برسێتی و قاتوقڕیی بەدوای خۆیدا ھێنا. سوپای ئینگلیز و فەرەنسا و رووسیای ھاوپەیمان لەدژی سوپای ئاڵمان و عوسمانی لەسێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و ئۆروپا لەجەنگدا بوون. بی بی مریەم کێشەی نێوان وڵاتانی گەورەی کۆلۆنیالیستی بەھەلێکزانی بۆ بەھێزکردنی دەسەلاتی خۆیان لەناوچەکە و، راماڵینی لەشکری حکوومەتی تاران و، لاوازکردنی دەسەلاتی سیاسی و سەربازیی بریتانیا و رووسیا لەئێران. لەپێشدا ئەم بیرو ئامانجەی خۆی ئاشکرا نەکرد و بەزیرەکی و ھۆشیارییەوە ھەنگاوی نا. نامەیەکی نارد بۆ فەرمانداری بریتانیا لەئێران، لەنامەکەدا پشتیوانیی خۆی و لەشکری لۆڕستانی بۆ دەوڵەتی بریتانیا دەربڕی، لەژێریشەوە پێوەندیی بە ئاڵمانەوە گرت و ھانیدان بێنە کوردستانەوە و، لەگەڵ ھێزەکانی عەشایری لۆڕستان، سوپای رووسیا و ئینگلیز تێکبشکێن. دەوڵەتی ئەڵمانیا کە خەونی بەوەوە دەدی لەئێران و (کەنداوی فارسی-عەرەبی- کوردی) جێ پێی خۆی قایم بکات، پێشوازیی لەپێشنیازەکەی بی بی مریەم کرد. شاندێکی سیاسی و ئەندازیاری و ھێزێکی چەکدار بەچەکوچۆڵی باشەوە لەئاڵمانەوە گەیشتنە ناوچەی لۆڕستان. لەو ماوەیەدا لەگەلێک شوێنی ناوچەکانی لۆڕستان و کێوگیلۆیە و بوویەر ئەحمەد دیاردەی دزی و رێگریی سەرھەڵدابوو. بی بی مریەم بەیارمەتی ھێزی ئاڵمان تەواوی ئەو چەتەورێگرانەی لەنێوبرد و زۆربەی خان و کەسایەتییەکانی ناوچەکەشی ناچارکرد، خۆیان وھێزی عەشایریان ببنە بەشێک لە دەسەلات و سوپای لۆڕستان. دوای یەکخستنی ھێزی عەشایری ناوچەکە، ئەوجا ھێرشی بۆ سەر ھێزەکانی ئینگلیز دەستپێکرد. فەرماندەیەتیی سوپای ئینگلیز لەباشوور وباشووری رۆژھەڵاتی ئێران، لەشکرێکی تایبەتیان پێکھێنابوو بەناوی ''پۆلیسی باشوور - پلیس جنوب''، (South Persia Rifles). ئەم لەشکرە لە ٦٠٠٠ چەکداری ئینگلیزی و سیکی ھێندی و ئێرانی و ئینگلیزی و ولاتانی ئەفریقا پێکھاتبوو، نێوی فەرماندەکەیان ژنەڕاڵ ''سایکس'' بوو. بنکەی سەرەکیی ھێزەکە لەشارەکانی شیراز و کرمان دانرابوون. ھێزەکانی بەختیاریی تەواوی لۆڕستان و شاری گەورەی ئەسفەھان و کرماشان و تاکو نێزیکی کەنداویان لەدەستدا بوو، ھەروەھا لەشیراز و دەورەبەریدا بڵاوببوونەوە. خەلکی ئاساییش ببوونە ھاواڵچن و دەنگوباسی تازە و جموجۆڵی ھێزەکانی ئینگلیز و رووسیایان دەگەیاندە بی بی مریەم و سوپاکەی.


ساڵی ١٢٩٧ ھەتاوی (١٩١٩ی ز) بی بی مریەم ھێزێک لەئازاترین چەکدارانی خۆی ناردە کەنداو بۆ ئەوەی یارمەتی ئەفسەری ئەڵمانی ''ویلھۆم واسمۆس'' و ھێزەکەی و ئازادیخوازانی تەنگستان بدەن لەجەنگەکەیان دژی ئینگلیزەکان. سوپای ئینگلیز لە کەنداو بەتەواوەتیی تەنگەتاو دەبێ و داوای یارمەتیی سەربازیی لە رووسیا دەکا. ھێزێکی ھاوبەشی رووسیا و بریتانیا پێکدەھێنریت، ئەم ھێزە لەپێشدا دەچێتە شاری ئەسفەھان و داگیریدەکا. دەستدەکەن بەپشکنینی ماڵان بۆ گرتنی شۆرشگێڕانی کوردی لۆڕ. ھێرشدەکەنەسەر ماڵەکەی بی بی مریەم لە ئەسفەھان، تاڵانیدەکەن، ئەوجا مالەکەشی دەسووتێنن. بی بی مریەم لە فەرماندەیەکی بچووکی بەختیارییەوە ببوو بە سەرلەشکر و سەرۆکی سیاسیی ناوچەی لۆڕستان، بەکارزانی ولێھاتوویی خۆی توانیبووی پشتیوانیی یەکێک لە زلھێزەکانی گەورەی دنیا بۆلای کێشەی کورد راکێشێ، لەو زلھێزە ئەندازیاری سەربازی و ھێز و چەکوچۆڵ وەربگرێ، بۆ ئامانجی سیاسی و نەتەوەیی خۆی بەکاری بێنێ.


ھێژای گوتنە، بەشێک لە بەگزادە و بنەماڵەی بی بی مریەم کە لایەنگری ئینگلیزبوون، بەھۆی لێوەشاوەی و ناوبانگی بی بی مریەمەوە، نەیانتوانی رێی لێبگرن. بی بی مریەم بێگوێدانە ناڕەزایەتیی گەورەکانی ھۆزەکەی، بڕیاریدا لەدژی ئینگلیز شەڕ بکا و، نەک ھەر ھۆزەکەی و جەماوەری لۆڕستان و ئیلام و بوویەرئەحمەدی لە دەوری خۆی کۆکردەوە، بەڵکو بۆ رووخانی حکوومەتی قاجاڕەکان لەئێران و دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردی تێکۆشا و، یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی گەورەی کۆلۆنیالیستی کردە دۆستی کورد، کە ئەمەش لەبیری تیژ و دووربینی و زیرەکیی ئەم شاژنە سیاسەتکار و دلێر و بلیمەتەوە سەرچاوەی دەگرت.

 
لەکاتی ھێرشی ئینگلیز بۆ سەر شاری ئەسفەھان، نوێنەری دەوڵەتی ئەڵمان بۆ کاروباری ئێران بەناوی ''فۆن کاردف'' لە ئەسفەھان دەژیا و، راستەوخۆ لەلایەن دەستەیەک چەکداری ھاوبەشی ئەڵمانی و کوردەوە پاریزگاریی لێدەکرا. ھێزیکی تایبەتی ئینگلیز دەستنیشانکران بۆ گرتنی فۆن کاردۆف بەڵام چەکدارەکانی بەختیاریی توانییان بیشارنەوە و، لەتاریکیی شەودا شار جێبھێڵن و فۆن کاردۆف بگەیەننە ناوچەشاخاوییەکانی ھۆزی بەختیاریی. فۆن کاردۆف ماوەی سێ مانگ و نیو مێوانی بی بی مریەم بوو، پاشان ھێزیکی چەکداری لەگەڵ نارد کە لەڕێگەی کرماشانەوە بیگەیەننە نێو خاکی عوسمانی. لەنیزیکی کرماشان ھێزەکانی رووس ئاگاداری ھاتنیان دەبن و ھێرشدەکەنەوە سەریان. فەرماندەی ھێزەکەی بەختیاریی، چەکدارەکانی دابەشدەکا، دەڵێ دەبینە دوو دەستە، دەستەی یەکەم بەڕێز فۆن و ھاوڕێیانی رزگادەکا، دەستەی دووەمیش دەبێ پێشی سوپای رووس بگرن بۆ ئەوەی دەستەی یەکەم بتوانن بەڕێز فۆن دوورخەنەوە. بەمشێوەیە دەستەیەکی چەکدار کە ٦٠ دەبن، دەستنیشاندەکرێن کە رێ لەپێشڕەویکردنی خێرای ھێزەکەی رووس بگرن. ئەم دەستەیە، دەبنە پێشمەرگی ئەوانی دی، بەرگرییەکی بێوێنە دەکەن، دەیان سەربازی رووس دەکوژن، ھێزەکەی رووس گەمارۆیاندەدەن و بارانی تۆپ وگوللە بەسەریاندەبارێنن و، ھەموویان دەکوژن، کاتێک دەچنە سەرلاشەکانیان، تێدەگەن ئەم دەستەیە خۆی کردە قوربانیی بۆ رزگارکردنی کاربەدەستە ئاڵمانییەکە. ''فۆن کاردۆف'' لەڕێگەی ئەستەمۆڵەوە دەچێتەوە ئاڵمان و، لەوێ بەسەرھاتی خۆی بۆ حکوومەت و میدیای وڵاتەکەی دەگێڕێتەوە، رۆژنامەکانی ئاڵمان زۆر پەسنی ئازایەتی و جوامێریی بی بی مریەم و گەلەکەی دەکەن.


ئەوھێزە ھاوبەشەی رووس و ئینگلیز پێکیانھێنابوو، لە ئەسفەھانەوە دەکەونەڕێ بۆ مەبەستی تووناکردنی ھێزەکەی ئەڵمان. بی بی مریەم بەنەخشەکە دەزانێ و، خۆی سەرکردەیەتیی ھێزیکی بەختیاری دەکا و، شوێنیاندەکەوێ و، لەناوچەی ''تیران و کرۆن'' کە ٤٥کیلۆمێتر لەئەسفەھانەوە دوورە، لەچەند لاوە ھێرشدەکاتە سەریان، ئەفسەرەکانی رووس و ئینگلیز بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە دەبیننن، ھێزەکانی بی بی مریەم بێسڵکردن لەمردن، لەژێر ئاگری تۆپخانە و بارانی گوللەدا پێشڕەویدەکەن، دەیان سەرباز دەکوژرێن و، سەدان سەربازی دیش برینداردەبن. بی بی مریەم ھەوڵدەدا نەک ھەر ھێزەکەی ئاڵمان لەگەمارۆی ئینگلیز و رووس رزگار بکا، بەڵکو ھێزەکانی ئەوان گەمارۆبدا و لۆڕستان بکاتە گۆڕستان بۆیان. بەڵام فەرماندەکانی سوپای ھاوبەشی رووس و ئینگلیز بەنەخشەکەی بی بی مریەم دەزانن، بەپەلە ھێزەکانیان کۆدەکەنەوە و، بەرەو ئەسفەھان دەکشێنەوە. بەم شێوەیە ھێزی دوو زلھێزی کۆلۆنیالیستی جیھانیی لەبەرامبەر ورەی پۆڵاین و لێھاتوویی بی بی مریەم و، ھێزەکانی ئازای کورددا دەشکێن و، بی بی مریەم و ھێزەکەی دەتوانن ھێزی کۆلۆنیالیستێکی دیکەی جیھانیی کە ئاڵمان بوو لەفەوتان رزگاربکەن، چۆنکە ھاوپەیمانی شۆرشەکەی لۆڕستان و فەرماندە بی بی مریەم بوو!


لەوەرامی پشتیوانی و دڵسۆزی و پێبەندبوونی بی بی مریەم بە ھاوکاری و ھاوپەیمانێتیی نێوان بەختیاری و ئاڵمان، ئیمپراتۆری ئاڵمان (ویلھۆڵمی دووەم) تابلۆی ئەڵماس و خاچی ئاسنین کە گەورەترین مدالیای دەوڵەتی ئاڵمان بوو، بەدیاریی نارد بۆ ''بی بی مریەم''. رادیۆ و رۆژنامەکانی ئاڵمان ھەواڵی بەناوبانگترین خەڵاتی دەوڵەتی ئاڵمانیان بڵاوکردەوە کە دراوەتە بی بی مریەم. بی بی مریەم بوو بە یەکەم ژن لەئاستی ھەموو جیھان کە ببێتە خاوەنی ئەم خەلاتە.


مالەکەی بی بی لە بەختیاریی، ببووە پەناگە و مالی ھەموو ئازادیخوازانی ئێرانی، زۆرێک لەو کەسایەتی و ناودارانەی بەھۆی دژایەتیکردنی ئینگلیز و رووس و حکوومەتی وابەستەی قاجاڕەوە گرتن و کوشتن بەرەوڕوویان دەبووەوە، بەرەو لۆڕستان ھەڵدەھاتن و بەپێی راسپاردە و فەرمانی بی بی مریەم دەحەوێندرانەوە و پارێزگارییان لێدەکرا. سێ لەم کەسایەتییە ئازادیخواز و ئەدەیب و سیاسییە ناسراوانە ''ملک الشعرای بھار'' و ''عەلی ئەکبەری دێھخودا'' و، ئەوی دیکەشیان دوکتۆر محەممەدی موسەدق بوو کە ئەوان لەشارەکانی دییەوە و، ئەمیان لەئەسفەھانەوە رایکردە بەختیاری و لەلایەن بی بی مریەمەوە پێشوازیکران و ماڵ و جێ و رێێ تایبەتیان بۆ دابینکرا. ئەوەبوو دواتر محەممەد موسەدق لەساڵی ١٩٥١ی زاینی بوو بەسەرۆکوەزیرانی ئێران، خەباتێکی جەماوەری وکۆمەڵایەتیی خستەڕێ و، ئینگلیزی لەئێران دەرکرد و حەمەڕەزاشاش بەرەو بەغدا ھەڵات.


جەنگی نێوان لۆڕستان بەسەرۆکایەتیی بی بی مریەم لەدژی ئینگلیز دوای کۆتایی جەنگی جیھانیی یەکەم، تاکو سالی ١٩٢١ درێژەی کێشا. لەم سالەدا رەزاخانی میرپێنج فەرماندەی سوپا، بەپشتیوانیی ئینگلیز و کاربەدەستی گەورەی بریتانیا لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەناوی ''ئایرۆنساید''، کودەتایەکی لەدژی حکوومەتی بێسەروبەری قاجاڕ رێخست. دوای سەرکەوتنی کودەتا، ئەوجا بەچەکوجۆڵی مودێڕن و سازکردنی سوپایەکی بەدیسیپلین و گوێڕایەڵ، دەستکەوتەکانی شۆرشی مەشرووتەی لەنێوبرد. زۆرێک لە ئازادیخوازانی سەردەم لەسێدارەدران. شۆرشی بەختیاریی دوای ھاتنەسەرکاری رەزاشا ودامەزراندنی حکوومەتی ناسیۆناڵی فارس درێژەی کێشا. پێج ساڵ دوای شەڕوشۆری گەورە و خوێناویی لەنێوان سوپای رەزاشا و پشتیوانیی لۆجستیکی ئینگلیز لەدژی ھێزەکانی بەختیاریی بەسەرۆکایەتی کوڕەگەورەکەی بی بی مریەم بەناوی عەلیمەردانخان چوارلنگ، سەرەنجام حوکمڕانیی بنەماڵەی بی بی مریەم و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لۆڕستان پاش زیاتر لە نیوسەدە ھەرەسیھێنا. فەرماندەکانی سوپای ئێران لەلایەن خەڵکی ناوجەکەوە نێوی ''قەساوی لۆڕستان'' یان لێنرا. عەلیمەردانخان گیرا و لەتاران لەسێدارەدرا. ئازایەتیی عەلیمەردانخان لەبەرەکانی جەنگ بەڕادەیەک بوو تێکڕای خەڵکی ناوچەکە، ئازایەتییەکەیان بەدایکی (بی بی مریەم) دەشوبھاند، لەبەر ئەوە کاتێک لەسێدارەدرا، کاریگەریی زۆر تاڵودڵتەزێنی کردەسەر خەڵک. شینوماتەم سەرتاسەری لۆڕستانی داگرت. شاعیر و ھونەرمەندانی ئەوکات و ئێستاش لەبارەی شێرعەلیمەردانخان و ئازایەتی و ھێرشی شێرئاسای بۆ سەر ھێزەکانی سوپای ئێران شیعریان نووسیوە و سروود و گۆرانییان بۆزیندووراگرتنی ناوەکەی خوێندووە.


بی بی مریەم رۆشنبیر و کەسایەتیی سیاسی و فەرماندەی ئازا و دلێر، سێ ساڵ دوای لەسێدارەدانی کوڕەکەی لەساڵی ١٩٣٨ی زاینیی لەشاری ئەسفەھان کۆچیدواییکرد. بی بی مریەم پێش مردنی بیرەوەریی خۆی نووسی و، تێێدا جگە لەگێڕانەوەی ژیانی تایبەتی خۆی و بیرەوەرییی منداڵی و پێوەندیی بنەمالەکانی سەرۆکھۆزەکانی لۆڕستان، ھەروەھا ئاماژەی بە نەھامەتی و چارەڕەشیی وچەوساندنەوەی ژنی لۆڕ و ئێران بەگشتی کردووە.
_______________________________
* سەرچاوە: ''مێژووی دەسەڵاتدارێتیی ئاینیی لەئێران'' لاپەڕە (١٨٦)، (نووسینی سیروان کاوسی). بۆ خوێندنەوەی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، بڕوانە ماڵپەڕی ''کۆنگرە'' (www.kncsite.com )، لەگەڵ ماڵپەڕی ئەمڕۆ (www.emrro.com) ''کتێبخانەی یەک''.
 

١٧\٢\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک