په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٤\٢٠١٤

لاقەکردنی خاک؟!


ستار محەمەد قادر   


بێ گومان بەهای خاک و وڵات راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بەهای مرۆڤەکانەوە، بەدیدێکی تر، ئەوە روئیاو دونیا بینی مرۆڤەکانە بڕیار لەسەر چارەنووسی خاک و نیشتیمان دەدەن، وادیارە دەسەڵات لەم نێوەندەدا پشکی شێری بەردەکەوێت، لە وێنا کردنی خاک لەزیهنی مرۆڤەکاندا، ئەو لەتوانایدایە میللەت بەشێوەیەک ئاراستە بکات، بەردەوام لە خزمەتی وڵاتەکەیاندا ببن، بۆ ئەوەی وڵاتەکەشیان لەخزمەتی ئەواندا بێت، دەسەڵاتی کوردی بێ بەهرەیە لەم رووەوە، هێندەی لەخەمی ئەوەدا بووە بە جۆرەها میکانیزم زۆرینەی خەڵک رام و کەوی بکات، لەخەمی ئەوەدا نەبووە لەڕێی ئەو خاکە بە پیت و فەڕەوە ژێرخانی ئابووری کوردستان ببووژێنێتەوە، لە کاتێکدا دەبوایە بەدرێژایی ماوەی حوکمڕانی ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارە، پشتگیرییان لەخەڵکی بکردبایە بۆ ئەوەی لەڕێی کشتوکاڵەوە، هەم سوود بەخۆیان و میللەتەکەیان بگەیەنن و هەم لە خێرو بێری خاک بێ بەری نەبن!


ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە هەڵپەی دەرهێنانی نەوت و بە یەکجاری دەسبەرداری سامانی کشتووکاڵی بووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم حوکمڕِنانەی هەرێمی کوردستان، خاوەنی هیچ جۆرە بەرنامەو پلانێک نین بۆ گرنگیدان بە کەرتی کشتووکاڵی و لە ئەجێنداشیاندا ئەوە بەدی ناکرێت، بۆیە خەڵکی بەنێوی تاپۆی کشتوکاڵیەوە کەوتوونەتە ئەتک کردنی خاک و هەر کەسە بە ئارەزووی خۆی ئەو خاکە هەرزان فرۆش دەکات، لە کاتێکدا ئەرکی حکومەتە کە بەرنامەی چاکسازییی کشتوکاڵی هەبوایە بۆ ئەوەی هیچ کەسێک جورئەتی ئەوەی نەکردبایە کڕین و فرۆشتن بە زەویەکەوە بکات، کە لەراستیدا موڵکی گشتیە، نەک هیی خێزانێک یان بەرە بابێک؟!


بەهەر حاڵ چەند ساڵێک بەر لەئێستا زۆرێک لە رۆژنامەوانان قسەیان لەسەر ئەوە دەکرد؛ گوایە زۆربەی بەرپرسان کێڵگەی تایبەتییان هەیە، دەبوایە ئەو بابەتە بایەخی زیاتری پێبدرایە بۆ ئەوەی نەبوایە بەدیاردە، کەچی ئەوە نەکرا، بەداخەوە ئێستا بەشێک لەو نووسەرو رۆژنامەوانانە خودی خۆیان خاوەنی ئەو کێڵگانەن و درووستکردنی کێڵگە بووە بەنۆرم و بۆ هەر لایەک دەڕۆیت ئەوە دەبینیت کە ئەو خاکە نازدارە، کە خاکی گەوهەرەو ئاوی کەوسەرە، چۆن بە شێوەی سەربازگە خراوەتە نێو زیندانەوەو تیغ خراوەتە سەر گەردنی و کۆت و بەندیان کردووە، تەنها بۆ ئەوەی بڵێن فڵان کەس کێڵگەی هەیە: یان سەیرانگەی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی پێیەوە پۆز لێ بدات!


ئەمە لەکاتێکدا ئەو زەوییانە کشتوکاڵین و ئەرکێکی نیشتیمانی بوو لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری شێلگیرانەی بۆ ژیاندنەوەی کوردستان لەڕێی کەرتی کشتوکاڵیەوە بکردبایەو رێگەی بەو خەڵکانە نەدایە بەنێوی خاوەنداریەوە وا لەو زەویە کشتوکاڵیانە بکەن و لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەڕاست و چەپدا ئەتک و ریسوای بکەن، بەڕاستی خاکی کوردستان کاتێک گەوهەری خۆی دەپارێزێت، نەخرێتە بەرژەوەندی تاکە کەسیەوە، ئەو کێڵگە سەربازیانە، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات، ئەم حکومەتە لەئاست ئیستیسمارکردنی ئەو خاکەدا چەند بێ خەمەو چۆن دەیەوێت لەپێش چاوی خەڵکی بێ بەهای بکات!


ئەوەی لەم هەرێمەی ئێمە روو دەدات، باوەڕناکەم لەهیچ شوێنێکی دونیا روویدابێت، ناکرێت حکومەت پێشخستنی کەرتی کشتووکاڵی و ئاژەڵ داری پەراوێز بخاو باس لە پێشکەوتن و بووژاندنەوەی ئابووری بکات، یان تەنها سەرقاڵی سامانی ژێر زەوی بێت، لەکاتێکدا ئێستا هەرێمی کوردستان بووە بە بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی هەموو کەل و پەلەکانی تورکیاو ئێران و هەموو پێداویستیە ژیاریەکان لەوانەوە هاوردە دەکاو مووچە خۆری بەغدایەو کڕیارێکی باشی ئەوانە!


بەوە دەکات ئەم حکومەتە تەنها حکومەتی شار بێت و هیچ جۆرە زانیاریەکی بەردەست نەکەوتبێت دەربارەی سرووشتی کوردستان و چۆنێتی بووژاندنەوەی ژێر خانی ئابووریی و بەرهەمی خۆماڵی، بۆیە بەو شێوەیە لەهەوڵی بەدەستخستنی سامانی ژێر زەویەو شەڕی لەسەر دەکات، لە کاتێکدا ئەگەر گوندەکان دەستی ئاوەدانیان پێ نەگات و خەڵکی لەشارەکاندا سیخناخ بکرێن و بەنێرینی گەشت و سەیرانکردن لەو خاکە پڕ خێرو بەرەکەتە بنواڕدرێت، کەواتە ئەمە لە حەقیقەتدا جۆرێکە لە راگواستن، راگواستنێک خەڵکی بێ ئەوەی لەدەرنجامە نێگەتیڤەکانی وورد ببنەوە، مژاریان کردوەو وا دەزانن ژیانی شار لە ژیانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی زیاتر ئارام و ئاسوودەیان دەکات؟


رژێمی بەعس لەدوای ئەوەی ئابڵووقەی ئابووری خرایە سەر وڵاتی عێراق، توانی لەڕێی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵیەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەو ئابڵوقەیە بشکێنێ و رێگە لە هەڵاوسانی نرخی خورادن بگرێ و هێزی کڕینی ئەو دراوەی وا لە وڵاتی ئەردەن چاپی دەکرد بپارێزێت، بەشێوەیەک کە پارەکە تەنها لەنێو خۆدا دەخولایەوە نەک وەک ئەوەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان!


دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پرسیارە لەخۆی بکات، بۆچی خەڵکی ناگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان؟ هۆکاری چیە هەمووان روویان لەشارەکان کردووەو پشتیان لە شوێنی نیشتەجێ بوونی باو و باپیرانیان کردووە؟ ئایا ئەمە پەیوەندی راستەو خۆی بە سیاسەتی ئەوانەوە نیە؟ ئەگەر حکومەت پلان و بەرنامەی هەبوایە بۆ ئاوەندانکردنەوە هەرگیز ئەمە روویدەدا؟ باشە ئەگەر ئەو بەسەربازگەکردنەی خاک درێژە بکێشێ و خەڵکی هەموو شوێنێک تەلبەند بکەن، چ جۆرە دەرەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە؟ هۆکاری راستەقینەی لاقەکردنی خاک یان بەخۆڵەمێشکردنی خاک بۆ چی دەگەڕێتەوەو بۆ چی لە ئاست دیاردەیەکی وا مەترسیداردا بێ دەنگن؟

 

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک