١٦\٣\٢٠١٢
لاوانی
شوێنکەوتووی دیاردەی ''ئیمۆ''
رووبەڕووی کوشتن
دەبنەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

ئاراس رەشید
دیاردەی " ئیمۆ" کە لە ووشەی ئینگلیزی (EMOTION)
وەرگیراوە، بە مانای " ھەست و سۆز".بەپێی سەرچاوەکان ئەم دیاردەیە لە
ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو لە باکووری ئەمەریکا سەری ھەڵداوە و
سەرەتا لەگوێ گرانی گۆرانی "ڕۆک و میتال" وە دەستی پێکردوە وئینجا بوو
بەدیاردەی پۆشینی جل وبەرگی تایبەت کە ڕەنگی ڕەش وپەمەیی بەکاردێنن،و
ستایلی تایبەتی قژ بڕینیان ھەیە و پێی دەناسرێنەوە.ھەروەھا پانتۆلی
تەنگ یان زۆر فش وفەراح لەبەەر دەکەن،و دەوری چاویان ڕەش دەکەن و ئەڵقە
لەگوێ ولووت ولێویان دەکەن.ئەمە شێوەی دەرەوەیانە. ئەم دیاردەیە لە ناو
ھەرزەکاران و مێرد منداڵانی کچ وکوڕ سەرھەڵدەدا.ئەمانە کەسانی زۆر ھەست
ناسک و دەروون پاک وبێ زەرەرن بۆ دەوروبەر،و زۆر جار شتی بچووک گەورە
دەکەن و زۆر نزیک دەبنەوە لە خۆکوژی و دیاردەی خۆ زامدار کردن و خوێن
ھێنان لە پێست وبەدەنی خۆیان یەکێکە لە دیاردەکان. ھەروەھا غەمباری
و گریان .ئەمانە زۆرتر بە شێوەی گرووپ ھەڵس وکەوت دەکەن و بە پێچەوانەی
ئەو خەڵکانەی کە وا بیر دەکەنەوە کە کەسی زەرەر مەند وشەڕانگێزن. لە
دوای تەمەنی ھەرزەکاری زۆریان واز لەو شێوە لە ژیان دێنن ،ھەندیکی
کەمیان بەردەوام دەبن بۆ تەمەنی سەرووتر.
بەدوای جەنگی ئەمەریکا بۆ سەر عیراق و بەتایبەت لەم ساڵ ونیوەی دواییدا
و بە ھۆی کەش و ھەوای جەنگ وکوشت و کوشتار و غەمباری و بێکاریەوە کە
کۆمەڵگای عیراق ڕووبەڕووی بۆتەوە و کرانەوەی کۆمەڵگا بەڕووی دەرەوە
کاریگەری زۆری ھەبووە بەسەر ھەرزەکاران ولاواندا بەتایبەت لەشارەکانی
ناوەڕاست وخوارووی عیراق ،و ئەم دیاردەیە بڵاو بۆتەوە.
بەھۆی دەسەڵاتی مەزھەبی زاڵ بەسەر حکومەتی مالکی ،لەم چەند ھەفتەیەی
دواییدا ھێرشێکی زۆر بەرنامەداڕێژراو کراوەتە سەر ئەو لاوانەو بەشێوەی
دڕندانە کوژراون و لێیان داون ھەڕەشەیان لێکراوە،لە لایەن ھیزی
نەناسراو، بەتایبەت دوای بەیاننامەکەی پۆلیسی ڕەوشتی سەر بەوەزارەتی
ناوەخۆ لە ١٣ شوبات دا تێیدا ھاتوە " وەزارەتی ناوەخۆ ھەڵدەستێ بە دەست
بەسەرداگرتنی دیاردەی ئیمۆ" ئەمەش لە دەزگا ناوخۆ ورۆژئاواکاندا
بڵاوکراونەتەوە لە درێژەی ئەو بەیانەدا دەڵێ" وەزارەت ھەلدەستێ بەکاری
بەدواداچوون دوای ئەوەی مۆڵەتی رەسمی دراوەتێ بۆ کۆتایی پێ ھێنانی ئەم
دیاردەیە لەزووترین کاتدا".
ئەمە جگە لەوەی کە شایەتحاڵ لە بەغدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن قسەیان
کردوە کە خۆیان لیستی چەندان کەسیان بینوە کە بڵاوکراونەتەوە تیایدا
ھەڕەشە لە خێزانی ئەو مناڵە ھەرزەکارانە دەکەن بەکوشتن.ئەو گروپە بە
ناوی " سەرایای غەزەب" ئەو لیستەیان بڵاو کردۆتەوە.
بە پێی ماڵپەڕی دیلی میلی ئەلەکترۆنی کە لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی
وەرگرتوە (لە چەند مانگی ڕابردوودا نزیک ٩٠ ھەرزەکار بەبەرد
گوژراون.). ھەروەھا بەپێی ماڵپەڕی ھەواڵی لوبنانی لە زاری چالاکوانانی
عیراقیەوە بڵاویان کردۆتەوە کە " گروپێکی چەکدار بە جلی مەدەنیەوە
کۆمەڵێک منداڵکاریان بەپێش خۆیان داوە بۆ شوێنی جیاجیا لە بەغدا وبە
بەردباران کوشتوویانن". حاڵەتەکانی کوشتن لە شارەکانی سەدر و
پردی دیاله
١٣ لاو کوژراون، بابل ١٢کەس، دیوانیە٦کەس، زیقار٨کەس، بەسرە٦کەس، واست
٥کەس، سەماوە٢کەس، قەزای بەلەدی سەر بە سەلاحەدین٢کەس و ١کەس لە عیمارە
کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە
موقتهدا سەدری سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئەوا باس لە ئیمۆ
دەکات" ئەوانە شێتن و وەک نەخۆش وانە بۆ کۆمەڵگا، بۆیە داوا لە بەرپرسان
دەکەین کە بە شێوەیەکی یاسایی لەناویان بەرن و کۆتاییان پێ بێنن".
لەبەرامبەر ئەوانەشدا ھەندیک لە داکۆکی کەرانی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی
عیراق باسیان لەم دیاردەیە کردوە.لەوانە ئەندام پەرلەمان ی بێلایەن
سەفیە سوھەیل دەڵێ' ھیزە ئەمنیەکان ،لەم دواییانەدا ھەستاون بە گرتن
وئازاردانی ئەو لاوانەی تەنھا تاوانیان ئەوە بووە کە جلی جیایان پۆشیوە
وقزیان جیاوازی ھەبووە".
بۆیە وەک دەبینرێت ئەم دیاردەی کوشتنی لاوانی "ئیمۆ" ھێرشێکی دیکەی
دەسەڵاتی کۆنەپەرستی مەزھەبی و تایەفی مالیکیە بۆسەر ئازادیە فەردیەکان
و شەخسیەکان و درێژەی سیاسەتی داخستنی ھونەرەجوانەکانی بەغداو
دوکانەکانی مەی فرۆشتن و جیاکردنەوەی کچ وکوڕانە لە خوێندنگاکان... تاد
.ئەمە بە ئێران و ئەفغانستان کردنی عیراقە، ئەگەر لە لایەن
ئازادیخوازان و پێشکەوتوخوازانی کۆمەڵگاوە بەری پێ نەگیرێ ،سەرەڕای ئەو
نەھامەتی ونائەمنی و ناسەلامەتیەی کە کۆمەڵگای عیراقی پێدا تێدەپەڕێ ،
عیراق دەگێرنەوە سەدەکانی ناوەراست و کۆنەپەرسی مەزھەبی تەواو باڵ
دەکێشێ بەسەر کۆمەڵگادا.
بۆیە وەک ئەنیشتاین دەڵێ" دنیا و کۆمەڵگا بەرەو وێران بوون دەڕوات، نەک
لەبەرئەوەی خەڵکی خراپ زۆرن، بەڵکو لەبەرئەوەی خەڵکە باشەکە بەدەنگ
نایەن". بۆیە دەبێ بەدەنگ بێین و نەھێڵین کۆنەپەرستان لەوە زیاتر دەست
درێژی بکەن بۆسەر مافە فەردیەکانمان.
ماڵپهڕی ئاراس رهشید
|