په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

لاوان لەنێو بوارى رۆژنامەنووسیی کوردیدا.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


ئەمڕۆ لە کوردستاندا رێژەیەکى زۆر بڵاو کراوە هەن، کە بە شێوەیەى رۆژنامە و هەفتەنامە و مانگانە بە چەندین زمانى جۆراو جۆر دەردەچن. هەروەها دەیان کەناڵى تەلەفزیۆنى و رادیۆو سایتى رۆژنامەنووسى ئەلیکترۆنى شانبەشانى بوارى رۆژنامەنووسى خوێندراو بەردەوامییان هەیە. لە هەموویان گرنگتریش ئەوەیە کە زۆرینەى ئەو رۆژنامەنووس و کارمەندانەى کار لە نێو ئەو بڵاو کراوانەدا دەکەن، لە توێژى گەنجانن. دیارە گەنجانیش ئەو توێژە بەهێز و کاریگەرەى نێو کایە سیاسى و رۆشنبیرى و... کۆمەڵگەن کە زۆرترین رێژەى پێشکەوتنەکانى کۆمەڵگە لەسەر دەستى ئەوان دێتە کایەوە. بە مەرجێک ئەگەر لە لایەن کەسانى دواکەوتووى نێو دەسەڵاتە هەمەجۆرەکانەوە رێگەى کارکردنیان پێ بدرێت و بەربەستیان بۆ دروست نەکرێت. ئەوا لە دواییدا دەبنە خاوەن داهێنان و پرۆژەى گرنگ پێشکەش بەکۆمەڵگە دەکەن.


زۆر جار لێرەو لەوێ دەبیستین، گوایە لەم قۆناغەدا بوارى رۆژنامەنووسى کوردى و لاوان بە تایبەتى پێشکەوتنى بەخۆیەوە نەدیوە. بەڵام لە راستیدا ئەوە بۆچوونێکى هەڵەى زەقى بێ بنەمایە، دەرهەق بە رەوشى رۆژنامەنووسى دەکرێت. بوارى رۆژنامەنووسى بە بەراورد بە ساڵانى زوو بە شێوەیەکى بەرچاو پێشکەوتنى بەخۆیەوە دیوە. ئەو پێشکەوتنەش هەروا بە ئاسانى نەهاتۆتە کایەوە، بەڵکو لە ئەنجامى کۆشش و ماندووبوونى ئەو لەشکرە زۆرەى لاوانەوەیە کە ئێستاکە لە نێو رۆژنامەو گۆڤار و ... کار دەکەن و توانیویانە گەشە بە رەوشى بوارى رۆژنامەنووسى بدەن تا ئەو ئاستەى خەریکە دەسەڵات بە هۆى بڵاوبوونەوە و بە دوا داچوونى رۆژنامەگەرییانە لە بارەى مەسەلەکانى گەندەڵى و فەرامۆشکردنى خەڵک لە خزمەتگوزاری و کەمتەرخەمى هەندێ لە کارمەندانى دام و دەزگا حکومیەکان لە پرۆسەى بەرێوەبردنى کارەکاندا کە لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو دەکرێنەوە حکومەت هەڵوەستەیەک بکات و جۆرە پێداچوونەوەیەکیش بە ئەداى کارکردنی دام و دەزگاکانى بکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەیان بە ناو رۆژنامەنووس خزاونەتە نێو ئەو بوارەوە و رۆژانە دەیان قسەى بێ بەڵگە و ناشیرین ئاراستەى ئەم و ئەو دەکەن بە ناوى ئازادى رادەربڕین و کارى رۆژنامەنووسییەوە.


تەشهیر و جنێودان بە هیچ شێوەیەک ناچنە خانەى ئازادى رادەربڕینەوە، بەڵکو دەچنە خانەى بریندارکردنى هەست و لەشەهامەت خستنى مرۆڤ، هەر وەکو چۆن تۆ بەناوى ئازادى رادەربِینەوە ناوى کەسێک بریندار دەکەیت، بەهەمان شێوە ئەویش مافى ئەوەى هەیە کە هەستى بریندار نەکرێت و رێز لە بەهاو کەسایەتى بگیرێت، هەروەها دەبێتە هۆى ئەوەى موسداقیەتى بوارى رۆژنامەنووسى لاى خوێنەر لاواز بێت و جۆرە دوور کەوتنەوەیەکیش لە نێوان خوێنەر و رۆژنامەکان رووبدات کە ئەمەش حاڵەتێکى نێگەتیڤە بۆ سەر رەوشى رۆژنامەنووسى لە نێو کۆمەڵگەدا. چونکە پێشکەوتنى ئەو بوارە دەیان پێشکەوتنى دیکەى بەدواوەدادێت، هەر لە هوشیارکردنەوەى خەڵک و فشار دروستکردن بۆ سەر دەسەڵات لە رێگەى چاودێریەکى شەفافیانەوە و نەهێشتنى هەندێ حاڵەتى توندوتیژى و ئاشناکردنى هاووڵاتییان بە پرۆسەى دیموکراسى و لە هەموویان گرنگتریش دروستکردنى ئەو پردەى کە پێى دەوترێت پردى پەیوەندى نێوان (هاووڵاتى ــ حکومەت).


زۆرێک لەو بڵاوکراوانەى کە ئێستا لە کوردستاند دەردەچن، لە راستیدا بە ناوى گەنجانەوە دەرناچن، بەڵام ئەو رۆژنامەنووسانەى کە سەرپەرشتى دەرچوونیان دەکەن زۆرینەیان گەنجن. ئەوەش بەڵگەى ئەوەیە کە ئێستاکە بوارى رۆژنامەنووسى لاوان پێشکەوتنى بەرچاوى بەخۆیەوە دیوە و تارادەیەکی باشیش تواندراوە لە بارەى مەسەلە سیاسی و هوشیارى کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى سێکسى کە ئەمەى دواییان زۆر پێویستە قسەى لەسەر بکرێت، بەمەبەستى هوشیار کردنەوەى خەڵکى لە ئەنجامدانى پرۆسەى سێکس بە شێوەیەکى سەردەمیانە و دروست. چونکە دەبێ ئەوە بزانین کە رۆژانە چەندین هاوسەر بە هۆى کێشەى سێکسییەوە لێکدى جیادەبنەوە. مەبەستم ئەوە نییە کە بڵێم هەموو ئەو هاوسەرانەى کە لە یەکترى جیادەبنەوە بەهۆی سێکسەوە بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆربەیان بە هۆى ئەو گرفتەوەیە لێکدى جیادەبنەوە. ئەگەر مرۆڤ لە لایەنى سێکسییەوە تێر بوو یان بە شێوەیەکى دروست و خۆشەویستییانە ئەو پرۆسە گرنگەى ژیان ئەنجام بدات ئەوا کەمتر رووبەڕووى کێشەى خێزانى دەبێتەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەو هاوسەرانەى کە بە شێوەیەکى توندوتیژییانە و نازانستى و هەرەمەکیانە ئەم پرۆسەیە ئەنجام دەدەن.


دەمەوێت لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم کە شانبەشانى ئەو خاڵە باشانەى کە باسیان لێوە کرا، زۆرى و بۆرییەکى بێ سەروبەریش هەیە لە نێو بوارى رۆژنامەنووسى لاواندا. ئەو زۆرى و بۆرییەش دەبێتە هۆى دابەزینى ئاستى رۆژنامەگەرى لاوان کە لە دواییدا خودى لاوان تیایدا زەرەرمەند دەبن و متمانە و پێگەى خۆیان لەرزۆک دەکەن، لە کاتێکدا متمانە و پێگە بۆ بوارى رۆژنامەنووسى زۆر پێویستە لە هەر کۆمەڵگەیەکى دونیادا.

 


هەولێر
Shaxewan_braim@yahoo.com