٢٢\١١\٢٠١٧
لاوەندی بەخشندە.
نزار فەوزی |

وەرگێڕانی:
فەرھاد ئەحمەد |
لاوەند بەیانی لە ماڵ چووە دەرەوە. لە دڵی
خۆیدا گوتی: ''دایکم ئەم پارەیەی داپێم کە .. ئای.. نازانم، بیرم
چووەوە گوتی چی بکڕە؟! ئا.. وابزانم گوتی نان بکڕە! بە ڕاستی من
حەزناکەم بچمە نانەواخانە ، بەڵام ناچارم ، چونکە ئەمە داوای دایکمە.
کێ ئەتوانێت داواکاری دایکی بەجێ نەھێنێت؟! ڕێزو خۆشەویستی ھانم ئەدەن
ھەمووداواکانی دایک وباوکم جێبە جێ بکەم''.
لاوەند پێنج نانی کڕی و کەوتە ڕێ بۆماڵەوە، لە دڵیی خۆیدا گوتی: ''ڕێگەی
ماڵەوە دوورە و مامەی نانەواش کیسەیەکی نەدامێ تانانەکە ساردنەبێتەوە''.
لەم خەیاڵانەدا بوو ژنێکی ھاوڕێی دایکی بینی، ژنەکە گوتی: "ئای لەبۆنی
خۆشی ئەم نانە !بۆستە باکیسەیەکی پاکت بدەمێ".
لاوەند کە دڵنیا بوو کیسەکە پاکە نانەکەی تێکرد گوتی: ''ئێستا ھەڵگرتنی
نانەکە ئاسانە، وابزانم ئێمەش چوار نانمان بەسە''. ئینجا نانێکی گەرمی
دا بە ژنەکە.
پاش کەمێک چاوی بە سەگێکی بچووکی جوان کەوت، پێیگوت: ''لەوانەیە ئێستا
برسیت بێت ئازیزەکەم، بەتایبەتی کە بۆنی ئەم نانەت بەسەردا دێت .فەرموو
ئەم نانەش بۆتۆ!''. ئینجا بە خۆی گوت: ''ھەستدەکەم زۆردڵخۆش بوو بەو
نانە، (چەند خۆشە ھاوکاری کەسانی تر بکەیت؟! ئەگەربە شتێکی کەمیش بێت)''.
''ئێستا سێ نانم پێماوە، بەشی خۆم ودایکم و باوکم ئەکات''. لەولاترەوە
پشیلەیەکی لاوازی بینی دەیمیاواند. لاوەند گوتی: ''دڵنیام تۆش برسیتە،
نیگەران مەبە ھانێ تۆش ئەو نانە بخۆ''.
ئینجا بە خۆی گوت: ''دوو نانم پێماوە ، ئەویش بۆدایک و باوکم''. لەم
کاتەدا منداڵێکی دراوسێیان بەرەو ڕووی ھات و گوتی: "لاوەند ئەوە چییە
ئەوەندە بۆنی خۆشە؟!".
لاوەند گوتی: ''نانی گەرمە، ھانێ ئەو نانەش بۆ تۆ، دڵنیام گەدە
بچکۆلەکەت بە نانێک تێر دەبێت''.
لاوەند بەدەم ڕۆشتنەوە گوتی: ''تەنھا یەک نانم پێماوە لەتێکی بۆدایکم و
لەتەکەی تریش بۆ باوکم، خۆم شتێکی تر دەخۆم''.
بەم خەیاڵەوە گەیشتەوە بەردەم کولانەی مریشکەکان، گوتی: ''سڵاوتان
لێبێت ئەی مریشکە جوانەکان ئێوە زۆربرسی دیارن و منیش تەنھا نانێکم
پێماوە نیگەران مەبن ئەویش دەدەم بە ئێوە ھەرچەندە لەوانەیە دایە و
بابەم لێ زیزبن، بەڵام ئێوە لە ئێمە زیاتر پێویستان بەم نانەیە''.
کە گەیشتەوە ماڵەوە دایکی بە پێکەنینەوە پێیگوت: "کوڕم ئەوە تۆ لە کوێ
بوویت؟؟؟ نان ئامادە بوو من و باوکت نانمان خوارد و بەشەکەی تۆش ھێشتا
ھەر لەسەر خوانەکەیە".
لاوەند بە سەرسوڕمانەوە پرسی: ''ئێوە چۆن بە بێ نان قاوەڵتیتان کرد؟؟؟''.
دایکی گوتی: "نانمان ھەبوو ئازیزەکەم من پێمگوتی: ''ھەندێ برنج بکڕیت!
ئەرێ بە ڕاست برنجەکەت لە کوێ داناوە؟؟؟".
لاوەند بەدەم نانخواردنەوە بەسەرھاتەکەی بۆدایک و باوکی گێڕایەوە و
ئەوانیش دایانە قاقای پێکەنین.
farhad.ahmadbarznji@yahoo.com
|