په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١\٢٠٢٣

لایەنە ئیسلامییەکان لەم هەلومەرجەدا بێدەنگ بن باشترە!


عوسمان مارف      


پیادەکردنی "جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە" لە هەر ووڵات و کۆمەڵگایەکدا چەسپابێت، بۆخۆی دەبێتە مەرجێکی گرنگ بۆ دابینبونی ئازادی بیروباوەڕ، بە پێچەوانەشەوە داسەپاندن و پیرۆزکردنی هەر ئایدۆلۆژیەک ئەو بەڵاو دەردیسەریەی ژیانی تەواوی کۆمەڵگایە کە مرۆڤەکان دەخاتە ناو دۆزەخی ناچاری و بێئومێدیەکەوە، مافی هەناسەی ئازادی دەکاتە کاری نەکردە و ژیانێکی تاڵ و ئەوپەڕی دۆخی نامرۆیی و دەبێتە دیاریەکی ناحەز و کۆتوپێوەند بۆ دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیە. گەربەشێکی زۆر لە بەشەریەت لەڕێڕەوی خەباتی جەماوەری بۆ ئازادی وەک دەستکەوتێک ڕزگاریان بوبێت لە جۆری دۆزەخی داسەپاندنی هەر ئایدۆلۆژیایەک، بەڵام ئەم داگیرکاریەی کە پەتای زاڵکردنی ئایدۆلۆژیایە، تا ئێستا دێوەزمەیەکی گەورەیە بەسەر بەشێکی زۆری تر لە جیهاندا، بە تایبەتی پەتای ئیسلامی سیاسی بە هەر شێوازو جۆرێکەوە لە مەیداندا بێت ناجۆرترین و نەرێنیترین نمونەی بێئیرادەکردن و تۆقاندنی بەشەریەتە. رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە بەکارهێنانی ئاینی ئیسلامدا وەک هەر ئایدۆلۆژیایەکی تری زهنگەرایی پێش هەموو شتێك بۆ پارێزەری سەرسەختی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە، بە واتایەک ئەوە ڕاگرتنی پەیوەندی کارو سەرمایەیە کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا پێویستی بە هێز و پێگەی ئیسلامی سیاسیە، تا دەرفەتی کاری هەرزان بەردەوام بەرفراون کاتەوە. پێداویستی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە کە دوای تێپەڕبونی هەزارو چوارسەد ساڵ لە مێژووی ئیسلام، پێویستی بەدەسەڵات و بەکارهێنانی شەریعەی ئیسلامیە، تا کرێکاران و زەحمەتکێشان ناچار بە قەبوڵکردنی ژیانێکی نابووت و ناشایستە بکات.


ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانەی دەرگیرن لە گەڵ ئیسلامی سیاسیدا، لەسەرهەڵدانی هەر شۆرشێکی کۆمەڵایەتیدا، ئەرکێکی گرنگی ئەو شۆرشە سەنگەرگرتنی راشکاوانەیە لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا بۆ چەسپاندنی ئازادی بیروڕا، کە خۆشبەختانە خرۆشانی جەماوەری ئێران و وەستانەوەی لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا خەسڵەتێکی پێشڕەوانەو سەنگەرگرتنێکە بەرەو شۆرشێك هەنگاو دەنێت کە تەواوی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەولاتریش، لە ئیسلامی سیاسی پاکدەکاتەوەو ناوچەکە دەخاتە ژێر هێژمۆنی دابینکردن و مسۆگەرکردنی "جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە" و ئاینیش وەک باوەڕی کەسەکان پارێزراو دەبێت. ئەنجامگیری لەم واقعیەتەی ڕاپەرینی جەماوەری ناڕازی ئێران پێشبینیەکی ڕۆشن دەخاتە بەرچاومان کەچی ڕوئەدات و چ ئاڵوگۆڕێک پێکدێت، کە خودی هەڵسوراوان و ڕێکخراو و هێزە ئیسلامیەکانیش زۆر باش درکی پێدەکەن کە شۆرشی ئێران چۆن ئایندەی ئیسلامی سیاسی تەواو دەخاتە ژێر پرسیارو لێپرسینەوەوە، بۆیە هەر لە ئێستاوە بانگەوازی شەڕی مان ونەمان لەگەڵدا دەکەن و بەرگریەکی تەواو قێزەوەنی دژی مرۆیی لە خۆیان دەکەن.


ئەو هەڵمەتانەی لایەنە ئیسلامیەکان ئێستا لەبەرامبەر مەسەلەی ژنان و جەندەرو ئازادی بیروراو هەر پرسێکی تردا، خۆیان پێوە سەرقاڵ کردووەو هەرایان لەسەر سازکردووە، هەوڵدانە بۆ هەڵخڕاندنی کۆمەڵگە بۆ بەرگرتن بەو ڕەوتانەی لە بەردەم بڕیاری ئاڵوگۆڕی ڕیشەیدا خۆیان ناساندووەو کاری لەسەر دەکەن، لایەنە ئیسلامیەکان ئارامیان وەها لێ بڕاوە بەرلەوەی کۆتایی رۆڵی سیاسیان بەرجەستە بێتەوە، خەریکن پێشوەخت تۆڵە دەکەنەوەو دۆخی شەرخوازی گەرم دەکەن، تا ئەو ئاستەی جگە لە دروستکردنی پەروەندەی بێ واتا شکستخواردو لە دادگادا، لە هەمانکاتدا خەریکن جۆرێک لە هەرەشەو تۆقاندنشیان کردۆتە داردەستێک بۆ ئەو شەرەی کە دەیانەوێت پارێزگاری لە مانەوەو پێگەی سیاسی خۆیان بکەن. بەڵام پێویستە واقعیەتی ئەو هاوکێشەیەمان بۆ رۆشن بێت کە بارودۆخی ئیستا، دەورانی ئاوابوونی ئیسلامی سیاسیە و شۆرشی جەماوەری رادیکاڵی ئێران زوو یا درەنگ ئەو ئەرکەیان خستۆتە سەر شان و یەکلایی دەکەنەوە.


چارەنووسی ئەوانەش کە دڕندانە و شەرەنگێزانە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی دەکەن، بێ گومان دەبن بە ژێر دەستوپێی لێشاوی ئەو شۆرشەوە، بۆیە پاراستنی ئارامیی و بێدەنگیی و دانیشتن بە قازانجیانە و پارێزراو دەبن، نەک ئەم پەلەقاژێ و هەراوهوریایەی دەستیان داوەتێ.


هەروەها پێویستە ئەوە بەهەند وەرگرین کە بەجیا لەوەی پێویستە تەواوی هەڵمەت و هەراوهوریاکانی ئیسلامی سیاسی بوێرانە پووچەڵ کەینەوەو لە شوێنی خۆیدا وەڵام وەرگرنەوە، لە هەمانکاتدا هەر کۆششێکیان لە دروستکردنی مەترسیی و تۆقاندن پوچەڵکرێتەوەو بە زیادەوە بەرپەرچیان بدەینەوە، ئێمە کۆشش دەکەین و دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران و یەکسان بەدەست بهێنین لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاسایشدا، گەر لایەنە ئیسلامییەکان و هەر لایەنێک ئەمە بەڕەواو شایان و مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان نازانن و بەری پێدەگرن، ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە لەگەڵ بەرەی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی و مرۆڤدۆستی و بزوتنتەوەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، هەڵبەتە ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو شەڕە و شکستیش هەر بۆ ئەوانە، چونکە لە ئاکامدا بەرامبەر شەپۆلەکانی شۆرش بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی خۆیان دەبیننەوە.

 

 

osman_maruf@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک