په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٧\٢٠١٣

لایەنە تاریکەکانی حوکمی لیبراڵی مەندێلا و ANC لە خوارووی ئەفریقادا.


زاھیر باھیر      


لەوەدەکات مەندێلا ، ئەستێرە گەشەکەی ئاسمانی خەبات و تێکۆشانی زتاتر لە ٣٠ ساڵی مێژوی خەڵکانی ڕەشی وڵاتی ئەفریقا دژی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی و ڕایسستی ئەوێ، لە ئاوابووندا، بێت، باوکی نەتەوەیی و سمبولی ئەو بەرگری و بەرھەڵستکارییە، بە ڕۆح زیندو و بە جەستە مردوو ، لە سات و کاتی خۆیدا، بێت، ئیدی بۆ ھەمیشە ئەم دوونیایە بەگشتی و دوونیای خەڵکانی ڕەش و ڕوتی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی، بەجێدەھێلێت، لە ھەمانکاتیشدا چ کۆمەڵگەیەک و چ حوکمێکیش لە دوای خۆی بە پێوەدەبێت!!!!


پیاوێکی کاریزمایی ئاوا، پیاوێکی ئاوا دڵ گەورە ، پیاوێکی ئاوا دووربین و لێبووردە کە سیاسەتی تەبایی و پێکەوەژیانی لەبری بەکارھێنانی توندوتیژیی و تۆڵەسەندنەوە لە کۆنەدەسەڵاتدارەکان و کۆنەبەرپرس و پیاوەکانی دەوڵەتی پێشوو، لە نێوانی سەرجەمی دانیشتوانی ئەوێ، گرتەبەر، کە بەمە نەک خەڵکەکەی خۆی و دۆستانی، سەرسامکرد، بەڵکو نەیارەکانیشی. پیاوێکی بە ئەمەک و بەوەفا بەرامبەر بەو وڵات و ئەو گەلانەی کە لەکاتی تەنگانەدا پشتیان تێنەکردن،‌ ھەر ئەم پێزانینەش بوو کە چەندەھا جار لە وەڵامی سەرانی ئەمەریکاو ڕۆژاوادا، کە تەنگیان پێھەڵدەچنی ، ‌ دەیگوت " ‌ ئێمە پشت لە دۆستەکانی ڕۆژی تەنگانەمان ناکەین، ئەو ڕۆژانەی کە ئێوە ھەموو شتێکتان بەرامبەرمان دەکرد". دیسانەوە خۆڕاگرێتی ٢٧ ساڵ زیندانی، کە ١٨ ساڵیان بە تەنھایی، ژیانی زیندانێتی بەسەر دەبرد. ئەمانەو گەلێک خەسڵەتی تایبەتی تری ئەو پیاوە، ئەو تایبەتێتەی دەداتێ کە نەتوانرێت نکوڵی لە ڕۆلی و ھەڵوێستی مرۆڤانەی ئەو لە بەرامبەر ھەندێک کێشەی ناوخۆی وڵاتەکەی و وڵاتانی ئەفریقاو ھەندێک نەتەوەی ترو ‌ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا، بکرێت.


من لێرەدا نامەوێت باس لە سەردەمی خەباتی ئەو و ANC یاخود پرۆسەی وتووێژی ئەوان لە گەڵ ڕژێمە کۆنەکەدا و ھۆکارەکانی ڕودانی ئەو پرۆسەیە، بکەم. ئەوە بەخۆی نوسینێکی تایبەتی دەوێت و دەبێت بە کۆڵەنایزکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن بریتانیاوە ، پەیوەستبکرێتەوە ، کە لە ساڵانی سەرەتای چەرخی پێشووترەوە دەستیپێکرد. ئەوەی کە من لەم کورتە وتارەدا دەمەوێت بیخەمە پێشچاوی خوێنەر، سەردەمی فەرمانڕەوایی ANC یە بە مەندێلاشەوە کە ھەر لە ساڵی ١٩٩٤ وە ھەتا ھەنووکەش جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، تاکو بزانین پاش ئەو خەباتە دوور و درێژە چەندێک کاری باش بۆ خەڵکانی ھەژار لەوێ کراوە و لایەنە تاریکەکانی ئەو حوکمەش کامانەن.


کۆ‌مەڵگەی خوارووی ئەفریقا لەسەردەمی کۆڵۆنی و ڕژێمی ڕایسستیدا یەکێک بووە لەو کۆمەڵگەیانەی کە نادادوەرێتی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی نێوانی تاکەکانی و چینەکان و توێژاڵە کۆمەڵایەتییەکانی، کەلێنی فراوانی نێوان دەوڵەمەندان ھەژاران ، بەردەوام لە گەشەکردندا بوون. تەنھا ئەوەندە کافییە کە ئەوە بڵێم لە سەرەدەمی کۆڵۆنیدا خەڵکانی ڕەشپێستی خاوەنی خودی وڵاتەکە بۆیان نەبوو بەسەر شۆستەکاندا بڕۆن، لەکاتی چوون بۆسەرکاریاندا بۆیان نەبوو سواری پاسەکان ببن. ئەمانەو گەلێک ستەمی ترو تەماشانەکردنیان وەکو مرۆڤ، زەمینەی دروستبوونی بزوتنەوەی ANC، خولقاند. ئەمانیش وەکو ھەر پارتێکی تر کە لە دەرەوی دەسەڵات بوون، مژدەی ھێنانی بەھەشتیان بە ھاووڵاتانیان دەدا، بەڵام کاتێک کە دەسەڵات دەگرنە دەست و ڕووبەڕووی کەتوارەکە دەبنەوە، پرنسپڵیان سەبارەت بە ھاوکێشەکان و گیرو گرفتەکان، بە تەواوی دەگۆڕرێت.


کاتێک کە ANC لە ساڵی ١٩٩٤ دا دەسەڵاتی گرتە دەست ھەندێک ڕیفۆرمی گرنگیان کرد، وەکو : دروستکردنی زیاتر لە ٢ ملێون خانوو ، دروستکردنی ڕێگاوبان ودایەنگا و باخچەی ساوایان و دووقاتکردنی ژمارەی قوتابخانەکان بە دروستکردنی قوتابخانەی تر، بەخۆڕاییکردنی خوێندن و خەستەخانەو چارەسەری نەخۆش بەبێ بەرامبەر، بردنی ئاو و کارەبا بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان و زیادکردنی ڕێژەی مووچەی خانەنشینی و ھەندێک شتی تری لەم چەشنە.


ڕاستە ئەمانەی سەرەوە ھەندێک لە کێشە سەرەکییەکانی ھاووڵاتیان بوون کە لە ھەمانکاتیشدا بوونە ھۆی ھێنانی ئیش و کار لە بواری بیناسازی و ڕێگاوباندا گەرچی ئەمانەش کاتی بوون، بەڵام لە ڕاستیدا سیاسەتی ڕژێمی پێشووی وڵات و سەردەمی کۆڵۆنی، مەترسییەکی وایان بۆ دروست نەبوو بەحوکمی ئەوەی ھەر لەسەرەتای وتووێژەوە سازش لەسەر ھەندێک پرنسپڵی ANC کراو دواتریش لە جیھانی واقیعدا فەرمانڕەوایانی نوێ دەستبەرداری ئەوانەی ترشیان، کە دەیانویست بیکەن، بوون. ئەمە جگە لەوەی باری ژیان لە سەرانسەری دونیادا بە خوارووی ئەفریقاشەوە لە گرانبوون و سەختبووندابوو، قەیرانی ئابوری جیھانی ئەو وڵاتەشی وەکو گەلێکی دیکە گرتەوە. لەولاوەش بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیساسی ھەندێ لە وڵاتەکانی ئەو ناوچەیەش کارایی نێگەتیڤی خۆی لەسەر ئەوێش دانا، کە یەکێک لەوانە پەناھێنانی ٣ ملێون خەڵکی تر لە وڵاتانی مالی و زیمبابۆی و وڵاتانی ترەوە،‌ لەوێ خۆیانگرتەوە. کەواتە گەر چاکسازییەکیش یاخود ژمارەیەکی زیاتری خانو و قوتابخانە ‌و خەستەخانە ‌و ئەوانەی تر کە لە سەرەوە ناونووسم کردن، لە بەرامبەر زیادبوونی دانیشتوانەکەی ھەم وەکو ھاووڵاتیانی خۆی و ھەم خەڵکانی ھاتووی وڵاتانی تر، کرابێت،‌ شتێکی زۆر کەم بووەو داواکاری و داخوازییەکانی خەڵکی گەر لە زیادبووندا نەبووبێت ، ئەوە ھەر وەکو خۆی ماوەتەوە.


وڵاتی خوارووی ئەفریقا، یەکێکە لە وڵاتە ھەرە دەوڵەمەندەکانی دونیا لە خەڵوز و زێڕ و ئاڵتون و کانزا سروشتییەکان و میوە و دانەوێڵە و گەلێکی تر لە کەرەسەو مەتیریاڵی تری بەکار نەھاتوو (خام).‌ لە ٨٠٪ی زێڕ و ئاڵتونی جیھان لەم وڵاتە دەردەھێنرێت، وڵاتی دووھەمە لە جیھاندا لە بەرھەمھێنانی خەڵووز، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە شەرابێکی یەکجار زۆر بەرھەم دەھێنن و دابینی بەشێکی زۆری سوپەرمارکێتەکانی ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا، دەکەن. کەچی کرێی ڕۆژێکی کرێکارێک کە لە کێڵگەو باخەکاندا کار دەکات تەنھا ٤ پاوەندی بریتانی و ٩٢ پێنسە، مووچەی مانگێکی کرێکارێکی کانەکان لە نێوانی ٢٥٠ بۆ ٢٦٩ پاوەندی بریتانییە. خەڵکان و خێزانێکی یەکجار زۆر تا ئێستاش لەژێر کەپرو تەنەکە و لەوحدا وەکو خەڵکانی ئاوارە، نەک ھاووڵاتیانی وڵاتەکە، دەژین.


کەلێنی نێوانی دەوڵەمەندان و ھەژاران ڕۆژ بە ڕۆژ لە فراوانبووندایە، ھەژاری و بێخانووبەرەیی و بێکاری و توشبوونی خەڵکی بە نەخۆشی ئەیدز کە لە ئێستادا زیاتر لە ٧ ملێون لە دانیشتوانەکەی توشبوون.‌ کوژرانی خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە، کە لە ساڵێکدا زیاتر لە ١٥ ھەزارکەس دەکوژری کە بەشی زۆریان ئافرەتانن و ھەندێکیش لە کوژراوان پۆلیسن، ٦ ملیۆن چەک لەو وڵاتەدا ھەیە. ڕادەی ھەژاری لەو وڵاتە دەوڵەمەندەدا بە ڕادەیەکە کە گرانە بسەلمێنرێت. بە پێی یەکێک لە ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە ٥٠٪ی خەڵکە ھەژارەکەی ئەوێ لە ٧.٨٪ی داھاتی ئەو وڵاتەیان بەرکەوتووە، کە لە کاتێکدا لە ٨٣٪ی خەڵکە سپییەکە لە ٢٠٪ی داھاتەکەی بەرکەوتووە، ئەمە لە بەرامبەر لە ١١٪ی ئەو داھاتە بۆ ھەمان ڕێژەی خەڵکە ڕەشپێستەکەی. ئامارێکی تازەی بانقی جیھانی نیشانیدەدات کە ‌ ٧ ملیۆن لە خەڵکەکەی داھاتی ڕۆژانەیان لەژێر ١.٢٥ دۆلارەوەیە و ١٥ ملیۆنیش داھاتی ڕۆژانەیان لەژێر ٢ دۆلارەوەیە، ھەروەھا نیوەی کۆی منداڵانی ئەو وڵاتە لە ھەژاریدا دەژین.
دەوڵەمەندبوونی توێژاڵیکی خەڵکە ڕەشپێستەکە کە جێگای توێژاڵی سپیپێستی دەستەبژێری سەردەمی حوکمی ڕایسستییان گرتۆتەوە، ھەبوونی گەندەڵییەکی زۆر بەتایبەت لە نێوەندی سیاسییەکان و سەرانی ANC، بێڕەحمێتی و دڕندەیەتی پۆلیس لە مامەڵەیاندا لەگەڵ خەڵکە ئاساییەکەدا بەتایبەت دوای ئەوەی کە سەرۆکی وڵات، Zuma، پاوەرێکی زیاتری بە پۆلیس دا، کە ئەم سیاسەتە لەوێ ‌ بە سیاسەتی " تەقە بە قەسدی کوشتن ‌" ناسراوە ، ئەوە بوو لە ١٦/٠٨/٢٠١٢ ، ٣٤ کرێکاری کانەکانیان کە تەنھا تاوانیان داوای مافی ڕەوای خۆیان بوو، لە خوێنی ساردی خۆیاندا گەوزاند.


ئەو خەڵکەی کە ساڵەھایەکی دوورودرێژ خەباتیان دژی ڕژێمی ڕایسستی کۆن کرد و خەڵکانی خوودی ANCیش، چاوەڕوانی کۆمەڵگەیەکی ئاوایان نەدەکرد، کۆمەڵگەیەک ، کە تەنھا ناوو ڕەنگی فەرمانڕەواکانیان، گۆڕاوە، ئەگینا سیاسەتی کۆن و سیستەمی کۆڵۆنی بۆ ھەرە زۆربەیان ھەر لەوێدایە و دەستی لێنەدراوە.
بۆچی سەرانی یەک بە دوای یەکی دەوڵەت و ANC لەو خەونەی کە لە دەرەوەی دەسەڵات ‌ دەیانبینی، فەشەلیان ھێنا؟ ‌


لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وەکو لە سەرەتادا پەنجەم بۆ ڕاکێشا، دوو فاکتەری سەرەکی ڕۆڵی گەورەیان بینی بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی خوارووی ئەفریقا بەم ئاکامە بگات. یەکەمیان: پاشەکشەی ANC لە پرنسپڵیان و ئەو دروشمانەی کە ھەڵیانگرتبوون، لەوانە: وەکو لە بەڵێنەکانیاندا دەیانگوت،‌ لە بەرژەوەندی " ھەژارترین ھەژاری وڵات" کاردەکەن و پاشەکشەکردنیان لە ‌ Freedom Charterکە کرۆکی سیاسەتەکەیان و دروشمەکانیان بوو ، ھەر لە دابەشکردنی سامانی دەوڵەمەندەکان ، زەوی و زار، ڕەتکردنەوەی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ، نەگرتنی دۆستایەتی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان و ڕەتکردنەوەی مامەڵەو بازرگانی ئازاد، ھێننانە خوارەوی ڕێژەی بێکاری ، زیادکردنی کرێی کرێکاران لە ھەموو بەشەکانی سەر کاردا، بنەبڕکردنی گەندەڵی و ھێنانی دادوەری کۆمەڵایەتی، نەھێڵانی تاوان و ... گەلێکی تر لەمانە.


گەر ANC ئەم سیاسەت و دروشمانەی خۆیانیان جێ بەجێ بکردایە، بێگومان تا ڕادەیەکی باش ژیانی خەڵکەکەی دەگۆڕی. بەڵام ئەمان نەک ھەر پاشەکشەیان لەمانە ھەمووی کرد، بەڵکو کەوتنە مامەڵەو سازشێکی گەورەشەوە لەگەڵ کۆنەپایە ‌و پلەدارەکانی حوکمی پێشووتردا کە ئەمەش فاکتەری دووھەمە لە نەھاتنەدی خەونەکەی خەڵکە ھەژارەکەی ئەو وڵاتە. لەوانەش: سازشکردنی ANC لەسەر ھێڵانەوەی ھەندێک لە وەزارەتە گرنگەکانی دەوڵەتی نوێ لە دەستی کۆنە وەزیرەکانی یا پیاوانی حکومەتی پێشووتردا، وەکو: وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بزنس و کارکردن، وەزارەتی پیشەسازی و سەرۆکی بانقی ناوەندی وڵات و ھەندێکی تر لەو شوێنە گرنگانە، کە ئەمانەش ‌ بەخۆیان یارمەتی ئەوەیاندا کە مامەڵەکانی لەسەر یارمەتی و قەرزوەرگرتن لەگەڵ ێندوقی دراوی نێو دەوڵەتی و بانقی جیھانیدا، کران، بەو شێوەیە بڕۆن کە ئەو دوو دەزگە دراوییە دەیانویست و لە بەرژەوەندی ئەوان بشکێنەوە . کاتێک کە ANC و سەرانی نوێی دەوڵەت لە ڕێکەوتنەکە، بەئاگاھاتن، زۆر درەنگ بوو نەدەتوانرا بەندوو مەرجەکان ھەڵوەشێنرێتەوە یا بگۆڕرێت. لە لایەکی تریشەوە ھەر ئەو گروپە دەستەبژێرە کەوتنە کۆمەکی کۆمپانیا گەورەکانی ئەوێ لە کاتی وتووێژ ‌کردندا کە ANC پێداگریی لەسەر دانی باجی زیاترو زیادکردنی بڕی تاریف ( کە دانانی باجێکی پێویستە لەسەر شمەکی بێگانە بۆ بەرگریکردن لە شمەکی خۆماڵی) دەکرد، کە لەمەشیاندا فەرماڕەوایانی نوێ دۆڕاندیان. دوای ئەمەش ھەر ئەم فەرمانڕەوا نوێیانە قبوڵی دانەوەی قەرزە زۆرەکەی کە لەسەر حکومەتی پێشوو بوو، کرد. لەمانەش زیاتر، ئامادەبوون بەوەی کە سەرچاوە سەرەکییەکانی سامان لەدەستی خەڵکە کەمەکەی سەر بە حوکمڕانانی پێشوودا، بمێنێتەوە لەتەک ڕازیبوونیان بە سیاسەتی ئابوری لیبراڵ و نیو-لیبراڵ کە باوەشکردن بوو بە مامەڵەو بازرگانی ئازاد، خۆکردنەوەش بوو بۆ بازاڕی ئازاد، ئامادەبوون و پەیوەستبوون بوو بە بەندوو مەرجەکانی دەزگە دراوییەکانی جیھان سەبارەت بە ھەر قەرزو یارمەتییەک لەوانەوە، پەشیمانبوونەوە بوو لە بە گشتیکردنی ( بە دەوڵەتیکردنی) بەشە تایبەتیەکان، بەتایبەتی کانەکان و ھەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان، مامەڵەی باشی بزنس لەسەر حسابی کرێکاران و کارمەندان، ڕینەگرتن لە گەندەڵی و دژایەتی نەکردنی، لێگەڕان لە کۆمپانیا گەورەکان کە نەیاندەویسست کەمێک لە سوودو قازانجەکەیان، ببەخشن، لە پێناوی گەشەکردنی کۆمەڵگەکەدا بە دروستکردنی چەند پرۆژەیەک لەنێو خۆو دەرەوەدا، ھەروەھا عەفوو کردنیان لە دەستگرۆییکردنی دەوڵەت لە دانەوەی کۆنە قەرزەکان، ڕێگەدان بە گواستنەوەی بنکەی کۆمپانیا گەورەکان بۆ وڵاتانێکی تر، کە ھەندێکیان وایاندەزانی بەھاتنی حکومەتی تازە بەرژەوندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە ، بۆیە ھەر لەسەرەتادا، ھەندێکیان ڕەویان بۆ شوێنەکانی تر، کرد. ئەمانەو زۆری تر کە ANC سازشیکرد لەسەریان.


ئەم بارودۆخەی کە ئێستا لەوێ بەرقەرارە، بەڵگەی کورتێتی تەمەنی ANC و فەشەلھێنانی سیاسەتی لیبراڵ و نیو-لیبراڵە،‌ کە ھاوکاتیش لە سەرانسەری جیھاندا بزوتنەوەی گەنجان و لاوان لە خۆپیشاندان و داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنەکاندا، لە پێشەوەچوندایە، کە ئەمەش بەڵگەی ئاشکرای دوو دیاردەیە، یەکەمیان دیاردەی تێشکانی سەرجەمی سیاسەتی لیبراڵ و نیو-لیبراڵن، دووھەمیشیان بڕوانەمان و لەدەستدانی متمانە بە سیاسییەکان و ڕۆڵی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانە لەگەڵ پرۆسەی بەدناوی ھەڵبژاردنی دیمۆکراسیانە. بۆیە وڵاتی خوارووی ئەفریقاش ناتوانێت لەمانە بەدەر بێت ‌ بەتایبەت لە کاتێکدا کە وەچەی نوێی ٢ ملیۆن گەنجی لە دایکبووی دوای ساڵی ١٩٩٤ کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە پارتە سیاسسیەکانەوە نییە، کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا ئەم ژمارەیە دەبێتە زیاتر لە ‌ سێیەکی دەنگدەرانی ئەوێ و بە ڕێژەی سەدیش لە ٤٠٪ی دەنگدەران پێکدەھێنن و دەچنە ڕیزی نەوەی یاخیبوانی ئێستاوە. ئەم گۆڕانە گەورەیەی کە لە دانیشتوانی ئەوێدا ڕوودەدات لەشانی بزوتنەوەی جەماوەری خەڵکیدا لە شوێنەکانی تر، دەبێت خوارووی ئەفریقا بەرەو کوێ بەرێت؟ ئەمە پرسیارێکەو سەردانەواندنی خەڵکی بۆ سیستەمی سەردەم یا بەگژاچونەوەی، لە ئایندەدا، وەڵامی دەداتەوە.‌
 

٢٩\٦\٢٠١٣ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک