په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٥\٢٠٢٢

لە شازدەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ھونەرمەند ئازاد خانەقـینی.


رەزا ساڵح        


ھـونەرمەنـدی شۆڕشگـێڕ و پێشمەرگەی دلـێر و تێکۆشەری شار و شاخ، جوانەمەرگ (ئـازاد وەھـاب عـەبـدولـڕەحمـان) ناسـراو بە (ئـازاد خـانەقـینی) لە سـاڵی (١٩٥٨)دا، لە (گەڕەکی پاڵاوتگەی ئەڵوەند) لە شارە جوان و قەشەنگەکەی سەر (روباری ئەڵوەن) شاری شەھـید (لەیـلا قاسـم) و شەھـیـدی فەرمانـدە لیـوا (حـوسین مەنسور) و بە دەیان شەھـیدی تر. لە خـێزانێکی رۆشـنبـیر و تێکۆشەری خـانەقـین لەدایک بـووە. خـێزانێک تا سەر ئێسقـان کورد و کوردستان پەروەرن. کوردایـەتی و خۆشەویستی بۆ کوردستان بووە بە گـروپی خوێنـیان. ھەر لە منـداڵییەوە جگەرگۆشەکانیان بە رۆحی کوردایەتی و ھاوبەستەبوون بۆ کوردستان گۆش و پەروەردە کـردوون. قوربانی و باجـێکی قـورسی ئەم ھەڵـویست و رێبـازەیان دایـەوە. سەرجـەم ئەنـدامانی ئەم خـێزانە، لە رۆژگـارێکی زۆر ترسناک و سەخت و دژواردا، لە شاری خانەقـنی قـەڵای کوردایەتی و مەردایەتی، ببـوون بە چـقـڵی چـاوی بەعـسی رەگەزپـەرسـت و شـۆڤـێـنست.


خوالێخۆشبوو مام (وەھـاب) ی باوکیان، کە سکرتێری سەندیکای کرێکارانی خانەقـین بـوو، کورد و کوردستان پەروەرێکی کەم وێنەبـوو. منداڵەکانیشی بە رێبازەکەی خۆی پەروەردەکـردوون. رەوانشاد مامۆستا (جەبار) ی کوڕە گەورەی ئەم خـێزانە، ئەویش رۆڵـێکی گـرنگی زۆری ھەبـوو لە، لە پەروەردەکردنی خوشـک و بـراکانی بە ھەستی کوردایـەتی و کوردستان پەروەری. وەکو مامۆستایەکیش، چەنـدین نەوەی کـوردی لە شاری خانەقـینی بـووکی گەرمیان، بە ھـەمـان رێبـاز و رۆحـیەت پەروەردەیانی کـرد. لەو سەردەمەدا مامۆستا جەبار ناوی ھەنـدێ لە براکانی و لە منـداڵەکانی خۆی، ناوی کوردی لێـنان (ئـازاد، بـەرزان، ھـەڤـاڵ، مەولـەوی، گـۆران، دڵـزار، ھـەژار، ساکار). کەواتـا ئـازاد خانـەقـینی و خوشـک و بـراکـانی، ھـەر لـە منـداڵـییەوە، ئـەلـف و بـێی کوردایـەتییان لە باوکیـان و لە مامـۆسـتا جەبـاری برایـانەوە فـێربـوون.


لە ساڵی (١٩٦٤) دا، لە پـۆلی چـواری لقی (وێـژەیی) بـووم لە (ئامادەیی موسەڵـڵا) لە کەرکوک. لە رێی بەرنامەی یەکـتری ناسین بە نامە لە رادیـۆی کوردی بەغـدا، یەکێک لەو ناوانەی خوێندرایـەوە، ناوی (فەتحوڵـڵا وەھـاب عـەبـدولـڕەحمان) لە خانەقـین، کە ئەو کاتە تەمـەنی لە دەور چـواردە و پانـزە ساڵان بـوو، کە دووەمـین بـراگەورەی ئازاد خانەقینی یە، نامەیەکم بۆ نارد، ئەویش وەڵامی دامەوە. لەو رۆژەوە بووین بە ھـاوڕێ، بەڵکو بووین بە بـرای یەکتری و ئاشنایەتی و ھـاتوچـۆی خـێزانیش زیاتر پەیوەندیمانی شـیرینتر کـرد. لە ساڵی (١٩٦٥) بۆ یەکەم جـار، چـووم بۆ شـاری خـانەقـین بۆ ماڵی (فەتحـوڵڵا)ی ھـاوڕێـم. ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە منیان کرد، ھەمیشە لە یادمە و لە یـادی ناکەم. کە لە ساڵی (١٩٦٦) دا، لە (پەیـمانـگای ئامـادەکردنی مامـۆسـتایان ـ باقـوبە ـ دیالە) وەرگیرام، جارێکیان لەگەڵ عـەلی برام و دو ھـاوڕێی ھـاوخوێنـدکاری پەیمـانگاکەمـان، لە باقـوبەوە، بە گەشـتێک چـووین بۆ خانـەقـین. سەرمـان لە مـاڵی (ئازاد خانەقـینی) دا، زۆر بە گەرمی پێشوازیان لـێمان کرد و خوانی نیوەڕۆیان بۆمان ئامـادەکـرد. ئەو سـاڵـە تەمـەنی (ئـازاد خانـەقـینی) ھـەشـت سـاڵ بـوو، تـەمـەنی کاک (بـەرزان خانـەقـینی) بـرا بچـووکیشـیان شـەش سـاڵ بـوو. چـویـن لەسـەر رووبـاری سیروان بۆ لای (بەردە کونەکە) کە شوێنـەوارێـکی جـوگـرافـی ناسراوە لە خانەقـین. چەنـد وێنـەیەکمان لەوێـدا گرت. زۆر سوپاسی کاک (بەرزان وەھـاب) دەکەم، کە دوو مانگ بەر لە ئێـستا یەکـێک لـەو وێنانەی بـۆم ماسنجـەرەکـەم نـارد. ئەوەشـم لە یـاد ناچـێت کە مـام (وەھـاب) ی باوکیان، دوو جـار بە دیـاریی جـوانەوە، وەکو سـەر لە کـوڕی خـۆی بـدات، بۆ سەردانیمان ھـات بـۆ پەیمانـگاکەمـان لە باقـوبە.


ئەو کاتـەی کە مـن ناسیـیانـم، ماڵیـان لە (گەڕەکی کـرێـکاران) ی سـەر بە پالاوتگەی وەنـد بوو. بەشی ھـەرە زۆری گەڕەکەکەیان کورد بـوون. لە نێوان شاری خانەقـین و گـەڕەکی کـریکارانـدا، بازگەیەکی کونتـرۆڵ و پشکـنینی پـۆلیسی لێـبوو، بـریتیـبون، لە چەنـد پۆلیسێکی بەعـسی، کە زۆر رقیان لە کورد بوو. خەڵـکی گەڕەکی کرێکاران، بە لۆرییەکی درێژی سەر بە کۆمپانیای پاڵاوتگەی وەنـد، بۆ ناو شاری خانەقـین دەھاتن و دەگـەڕانەوە. پـۆلیسەکانی ئەو خـاڵە، زۆر جار ھـەر بۆ تەشـقەڵە و لـۆمە و ئەزێتـدان، خەڵکی ناو لە لۆرییەکەیان دادەگرت و لێیان مـۆڕ دەبوونەوە، دووبارە فەرمانیان دەدا، دەی خـێرا سـواربنـەوە.
پـورە (مـەکـیە)ی دایکی ئازاد خانەقـینی، ھـەزاران درود بـۆ گیـانی پاکی. وتی:" ئـەو کاتە ئـازاد و بەرزان تەمەنیان شەش و چوار ساڵان بـوون، کە لە بازگەی پشکنینەکە دایان دەگرتین و دەیانوت دەی سواربنەوە، بە ئەنقەست ھاوارم دەکرد، ئازاد، بەرزان، دەسـتانـم بـدەنێ با سـواری لـۆرییـەکەتـان بکـەم. چـونـکە دەمـزانی کـە ئـەو پـۆلیـسە بەعـسییانە، بە گـوێ لـێبـونی نـاوی کـوردی زۆر قـەرس و گـرژ دەبـوون".


ئازاد خانەقـینی قـۆناغـەکانی خوێنـدنی سەرەتـایی و ناوەنـدیی لە خانـەقـین تەواو کرد، قوتابخانەی (ئامادەیی کشتوکاڵی) لە شارۆچکەی (خاڵـس) ی سەربە دیالە، تەواوکرد.


ئازاد بێجگە لە رۆحە کوردایەتییەکەی، ھەر لە منـداڵیەوە خولیـا و ھـۆگـری ھـونەری رەسـەنی کـوردی بـوو. دەنـگـێکی زۆڵاڵ و سـەدایـەکی شـیرین و خـۆشی ھـەبـوو. لە رۆژی (١/ ئایـار/١٩٧١) دا، لە تەمەنی (١٣) ساڵیدا، بۆ یەکەمجار، وەک ئەنـدامێک لە کورسی سرود و گـۆرانی، بە شـداری لەو ئاھـەنگەدا کرد، کە لە لایـەن کۆمپانیـای پالاوتـگەی نەوتی خـانەقـین، بە بـۆنـەی (رۆژی کـریـکارانی جـیھـان) ەوە، سـازکـرا.


ئازاد خانەقـینی، لە ساڵی (١٩٧٩) دا، لەگەڵ چەنـد گەنجـێکی ھـاوڕێی کوردیـدا، لە خانەقـین، تیپێکی ھـونەرییان بە نـاوی (تیـپی مۆسـیقـای خانـەقـین) ەوە دامەزرانـد.


بە ھـۆی دەرکـردن و بڵاوکردنەوەی کاسێتێکی گـۆرانی بە زمـانی کوردی. لە لایـەن دەزگای ئەمنی بەعسی سەرکوتکەر و فاشیستەوە، توشی گـرتن و ڕوانان بوونەوە.


ئازاد خـانەقـینی، لە سـاڵی (١٩٨٠) دا، لـە گـونـدی (تـوژەڵـە) پەیـوەنـدی بە ھـێزی پێشـمەرگەی کوردستانەوە کرد. بـوو بە ئەنـدامی (تیـپی مـۆسـیقـای شەھـید کارزان: ١٩٨١ـ١٩٩٠) لەوێ لە رێی چڕینی سرودە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە، رۆڵـێکی بەرچـاوی ھەبـوو، لە جۆشـدانی خەبـات و لە بـزوانـدنی ھـەستی نیشـتمانی و گـیانی بەرگـری کـردن لە کورد و کوردسـتان. سـرودەکانی ھـاوشانی چـەکی پێشـمەرگە، لە سەنـگەردا بـوون.


ئازاد بێجگە لە کاری ھـونەری، وەکو پێشکەشکارێکیـش لە رادیـۆی دەنگی کوردسـتان کاری کردووە. ئازاد کەسـایەتیـیەکی سەنـگـین و ھـێـمن و لەسەرخـۆ و ھـاوڕێ دۆسـت بـوو. لە دوای راپەڕینـەکەی ساڵی (١٩٩١) دا، بەردەوام بوو لە خـزمەتکـردن لە کاری ھـونـەری و راگـەیـانـدنـدا. چەنـدیـن ئـاھـەنـگی سـرود و گـۆرانی پێـشـکـەش کـرد. لـە (تەلەفـزیـونی گـەلی کوردسـتان) یش، درێـژەی بە کـاری راگەیـانـدنـدا. لە رێی سـرود و گۆرانییەوە خـزمەتێکی زۆری ھـونەر و کەلەپـوری رەسەنی کوردی کرد. پەنجەمـۆری لـەم بـواردا ھـەیە و کـاڵەوە نابێـت. ئـەوەی رۆژێـک ئازاد خانەقـینی ناسیبێت، ھەرگـیز لە یـادی ناچـێـت.


ئەمانە نـاوی بەشـێک لە سـرود و گۆرانییەکانین (کرماشـان کرماشان، کەڵکی قەیـوان، مەرزیـە ئەی نازەنـین، لە باغـان ئاە و ناڵـین دێ،...بەدەیان گـۆرانی و سـرودی تر).


خێزانەکەیان، لە شەش بـرا (جەبار، فەتحوڵڵا، عەبدوڵڵا، خالید، ئازاد، بەرزان) و پێنج خوشک (نەبیھـە، مـریـەم، زەکیـە، ئامینە، فـرمێسک) پێکھـاتبـوون. دایک و بـاوکی و پێنـج لە بـراکان و خوشکە گەورەکەیان، کـۆچی دواییـان کـردووە. ھـەزاران دروود بۆ گیانی باکیان. لە بـراکـان تەنھـا کـاک (بەرزان) یان مـاوە، تەمەنـدرێـژی بـۆ دەخـوازم.


کاک (بەرزان) یش سـرودچـڕ و گۆرانبێژێکی بە توانا و ناسراوی کوردمانە، لە کەناڵە تەلەفـزیـۆنییەکانـدا، چەنـدین کـلیـپی گـۆرانی کوردیی خۆشـیان بـۆ تـۆمـارکـردووە. بە شـێوەزاری (کـەڵھـۆڕی) گـۆرانی دەڵـێت. شایـەنی باسیشە کـاک بەرزان لە راپـەڕینی ئازادکردنی شاری خانەقـین لە (٢٠٠٣) دا، رۆڵێکی قـارەمانانەی بەرچـاوی ھـەبـوو.

سەرجەم ئەندامانی ئەم خێزانە کوردە تێکۆشەرەمان، بێ باکانە بە نھـێنی و بە ئاشکرا، گیانبەخـشانە لە رێخـستنە نھـێنییەکانی نـاو شاری خانەقـین و سلێمانیـدا، کوردایـەتی و خەباتیان دەکرد و پێشمەرگەی نھـێنی بوون و دژایەتی حیزبی بەعـسی رەگەزپەرستیان دەکـرد. خالیـدی بـرایان کە پێشـمەرگە بـوو، لە ساڵی (١٩٨٤) دا، لە کەمینێکـدا لەنـاو شاری سلێمانیدا، لە لایـەن ھـەواڵگـری و دایـرەی ئەمنەوە شەھـید کرا. (نووسەر) من و دایـکم و خـێزانەکەم، لە کەرکوکەوە چـوویـن بـۆ پـرسەی ماتەمینی شەھـید خالیـد لە خانـەقـین. کە بنھـێنی لە ماڵـەوە دایـان نابـوو.

 
لە دوای شەھـیدکردنی خالـیدەوە، لە ھەشـتاکانی سەدەی رابـردوودا، لە لایەن دایـرەی ئەمـن و بەعـس لە خانەقـین، فـشارێـکی زۆریان خـستە سـەر ھەمـوو ئەنـدامـانی ئەم خـێزانە کوردەمان و ناچاریان کردن، کە خانەقـینی زێـدی باب و باپیرانیان بەجـیبھێـڵن. لە شاری سلـێمانی نیشتەجـێبـوون. بەڵام ھەڕەشە و راوانـان و دەربەدەری، تۆزقاڵێک کـۆڵی پێنەدان و زیـاتر و سورتـربـوون لە خەبـات و تێکـۆشان بۆ رزگاری کوردستان.


ژنێـکی ناسـیاومـان ھـەبـوو ناوی (درەخـشان شەریـف) ە، رۆحی رەوانی شاد بێت. ئەو بۆمانی گێڕایەوە، وتی:" مـریـەم خانەقـینی ـ خوشکی گەورەی دووەمی ئـازاد خانەقـینی کە لە ژیانـدایە ـ تازە ھاتبووە کارگەی جگەرەی سلێمانی، ھـێشتا بە باشی نەمانناسیبوو لە ساڵانی ھـەشـتاکانـدا، نیـوچـە مانـگـرتـنـێک لە سـلـێمانی لە دژی سـتەمـکارییـەکانی رژێمی بەعــس رویـدا، رائید تەھـا کە ئەفـسەرێکی ستەمکاری دایـرەی ئەمنی سلـێمانی بوو. ھـاتە ناو کارگەی جگەرەی سلـێمانی، بە تـووڕەییەوە وتی: ئێوە بۆ وا ھـاربوونە؟ درەخشان خان وتی: مریـەم خانەقـینی بە زمانێکی باشی عەرەبی وتی: ئیوە بەبێ تاوان بـرا، بـاوک و کەسوکارمانتان گرتـووە، ھـیچ تـاوانێکـیان نیـیە ئەمـە سـتەمە بـۆ بەریان نـادەن؟ رائیـد تەھـا چـاوی زەقـەوە کرد و بە مـریـەمی وت: مـن ڕنـت؟؟ مریەمیش بەبێ تـرس وتی: ڕنـا بنـت السلـیمانیـە. کە وای وت ھـەموومـان چـەپـڵەیـەکی درێـژمان بـۆی لـێـدا. رائیـد تەھـاش ھەڕەشەی کـرد و بە سەرشـۆڕییەوە رۆیشت. لەو رۆژەوە مریـەم خانەقـینی بوو بە خۆشەویستی ھەموومان" ئەو قسەیە درەخشان خان بۆمی گێڕامەوە.


ئازاد خانەقـینی، رۆشنبیر و نوسەر و شاعـیریش بوو، چەنـد سرود و گۆرانییەکی، لە ھـۆنراوەی خۆیـن. بە زۆریـش بە شـێوەزاری (کەڵھـوڕی) گۆرانی و سرودی دەچڕی.


لە گۆپـلەی یەکەم، لە ھـۆنراوەی (نەوای بێسـتون) لە نووسینی ئازاد خانەقـینی کە بە گـۆرانی و ئاوازیشەوە، تـۆماری کـردووە، دەڵـێت:
کرماشان کرماشان، ئەی دیارێ خوەش و کۆساران
قـیبـلەی عـاشـقـانە بـێـسـتـون و تـــــاق وەســـــــان
لە وەھـاران وەھــاران خوەشـە دەشـت و کۆسـاران
بەھـەشـتی سـەر زەمینـە ئەیـوان و قەسـر و گـێلان


ئازاد خانەقـینی لە نێو غـەم و ئازار و چەوسانەوەی گەلەکەیدا چاوی ھـەڵھـێنا، دەڵێت:
مـن کـوڕ غــەم بـیـم، لـە غــەم بــیـم پـەیـدا
غـــەم نـاوکــــم بــڕی و غـــەم نـــاوم نـیــا
غــەم چــڕیـیــە و پـــێـم ئـەی چــارە ســیـا
ئـەرای غــەم خـواردن سـەر گـەورە کـردم


رەوانشاد ئـازاد خانەقـینی شـانۆییەکـیشی بە نـاوی (ئـەرا کی؟) نـووسی و دەرھـێنـرا. لە ئامادەکردنی: تەھـا ئاغـاجان و دەرھـێنانی: جاسـم وەنـدی. کە لە رۆژانی (٢٧ ـ و ـ ٢٨ ـ و ٢٩/ / ٢٠١٣) لە شاری خانەقـین نمایش کـرا.


ئازاد خانەقـینی لە ساڵی (١٩٩٣) دا، لەگەڵ پەرلەمانتار خاتوو (پەیمان عـەزەدین) دا، ھـاوسەرگـیری کرد. دوو کـچی جـوانیـان ھـەیە، گەورەکەیان ھـاوسەرگـیریی کـردووە.


ئازاد خانەقـینی، لە بـواری دۆکیـۆمێنکـردنی مێـژووی راکەیـانـدنی (یەکەێتی نیشـتمانی کوردستان) دا، شـوێـن پەنجـەی دیـارە، ئـەو مێـژووی لە سـاڵانی (١٩٧٥ـ ١٩٩١) لە چـوارچـێـوەی پەرتـوکـێکـدا، بە نـاوی (مـادێـنا، مێـژوو و بیـبلـۆگـرافـیای راگەیانـدنی یەکـێتی نیشتمانی کوردستان) ی نـوسی و بـڵاوی کـردەوە.
ئازاد خانەقـینی لە رۆژی (١/ ئایار /٢٠٠٦ ) لە تەمەنی (٤٨) ساڵـیدا، کـۆچی دوایی کرد، لە رێـورەسمێکی شایستەدا، لە گۆڕستانی شەھـیدان لە سلێمانی بە خاک سپێرا.


بە داخەوە مەرگ بواری نەدا، ئەگینا ئازاد زۆری پێمابوو و زۆریشی لە خەیاڵدا بوو.


ئازاد خانەقـینی، تێکـۆشەرێکی سـیاسی سەرسەخـت و پێشـمەرگە و ھـونەرمەنـدکی رەسەنی شـۆڕشگـێڕبوو (کـەم ژیـا و کـەڵ ژیـا) زۆری کـرد و زۆری بەخـشی، بـەڵام زۆر کەمیان بۆ کرد. ھـیچ کاتێکیش چاوی لە پۆست و پایە و پاداشت وەرگرتن نەبوو.


وەک ئەمـەک و رێـزگـرتن و بـەرز راگـرتنی رۆڵ و یـادی ئـازاد خانەقـینی تێکـۆشـەر، بەشی پەیکەرسازی لە ناوەنـدی چالاکی گەنجانی شاری خانەقـین ـ سەر بە رێکخراوی منـداڵپارێزی کوردستان ـ لە لایەن ھونەرمەندی پەیکەرساز (جەنگـیز یازگی) یەوە، بە یارمەتی چەند ھـاوڕێیەکی، لە فـایبەر گڵاس، پەیکەرێکیان بۆ ئازاد خانەقـینی دروست کـرد، کە چـوار مەتـر بەرزە. لە ئێـوارەی رۆژی سێ شەمـمەی (١٥/ ئـاب/٢٠٢٠) لە گـۆڕەپانی (شەقـامی سەرەکی خانەقـین) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوسەران و ھـونەرمەنـدان و کەسوکاری جوانەمەرگ و خەڵکی شاری خانەقـین و شارەکانی تر، لە لایـەن بنەمـاڵەکەیەوە، پەردە لەسەر پەیـکەرەکەی لابـرا.


لە شازدەمین ساڵـڕۆژی یــادی کـۆچی دوایی جـوانەمەرگی رەوانشاد، ئـازاد خانەقـینی، ھـەزاران درود بـۆ رۆحی رەوان و بـۆ گـیانی پـاکی دەنێـرین. ھـەزاران چەپـکە گـوڵی گـەش و رەنـگاوڕەنـگی کوردسـتان بـۆ سـەر مـەزاری پیـرۆزی دەنـێرین.

____________________________________________

سەرچاوە:
* بۆ نووسـینی ئـەم بابـەتە، بێجگە لەوەی کە لە نـزیـکەوە و دەمـێکە تێـکەڵاوی و ئاشنابوونمان لە گەڵ خانەوادەی ئازاد خانەقـینی دا ھـەیە. تا رادەیـەکیـش سـودم لەم سەرچـاوانە وەرگـرتـووە:
١ـ ئـازاد خانەقـینی ـ خەلیـل عەبـدوڵڵا ـ سایـتی: خـاک. مێـژوو: (٦\٥\٢٠١٧).
٢ـ وتەیەک بە زمـانی عـەرەبی بە ناوی (الارث الـثقـیل) لە نوسینی: خاتوو (ئـامینە وەھـاب) خوشکی ئـازاد خانەقـینی ـ کە لە فـەیسبووکـدا بـڵاوی کـردۆتـەوە.
٣ـ سایـتی: بنـکەی رونـاکـبیـری گـەلاوێـژ. (١٩\٨\٢٠٢٠).
٤ـ چەنـد زانیارییەکـیشم بە تەلەفـۆن. لە ھـونەرمەنـد کاک (بەرزان وەھـاب)ی برای بچـوکی ئـازاد خانەقـیینی یەوە وەرگـرت.


٢٥\٤\٢٠٢٢ - نەرویج

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک