٤\٩\٢٠٢٢
لە هەفتەمین ساڵ
مەرگی ئالان کوردی،
پێویستە ئەم
جیهانە لینگەوقوچە لەسەر پێی خۆی دابندرێتەوە!
ئەمڕۆ
ڕیکەوتی ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ هەفت ساڵ بەسەر ژیان لەدەستدانی ئالان
تێدەپەڕێ، هێشتا برینی ئالان لە ناخی ئێمە و مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازن
سارێژ نەبووە و تەواوی بۆرجوازی جیهانیی دەرگیری میلیتاریزەکردن و جەنگ
و داگیرکارین و کۆمەڵگەی مرۆڤیان راکێشاوەتە نێو قۆناغێکی نوێ لە
نائارامیی و تراژیدیای مرۆڤەوە.
ئالان کوردی قوربانی هەموو ئەو کوێرەوەریانەن کە بەرۆکی مرۆڤەکانی ئەم
سەردەمەی گرتوە لە هەژاریی و نەداریی و جیاکاریی و سەرکوت و جەنگ و
نائارامیی، کە مەترسی گەورەن بۆ مرۆڤایەتی و ئایندەیەکی پڕ مەترسیە بۆ
دروستکردنی تراژیدیای ئالانەکان.
هەفت ساڵ بەسەر مەرگی ئالان کوردیدا تێدەپەڕێ، بەڵام هێشتا بە هەزاران
پەنابەر لە ژن و منداڵ و پیروپەکەوتە بۆ گەیشتن بە کەنارێکی ئارام لە
ناو دەریاکان رووبەڕووی شەپۆلی دەریا دەبن و و بێسەروشوێن دەبن، زیاتر
لەمانەش بە کردەوەی نامرۆڤانەی دوور لە یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ و
مافی پەنابەرێتی ڕووبەڕووی مەرگ دەکرێنەوە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەم یادە پڕ لە ئازار و
ناخهەژێنەدا، داوادەکا چیتر پەنابەر ڕێگای سەخت و پڕ لە مەترسی
هەڵنەبژێرن و ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان نەسپێرن بە باندە ویژدان
سڕەکان و پێویستە بەرەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی هەنگاوی بەکردەوە
هەڵبگرێت لە پێناو بەرگرتن بەمەرگی نێو دەریاکان و تراژیدیای هاوشێوەی
ئالانەکان، هەروەها پێویستە کۆتایی بە ژیانی نێو سستەمی کەمپسازی
بهێنرێت و پەنابەران رزگاریان بێت لە هێشتنەوەیان لە نێو ئوردوگا و
کەمپی پەنابەری. پەنابەران لە بنچینەدا کە قوربانی سیاسەتی جەنگ و
سیاسەتی سەرکوت و نا یەکسانیی و بەرژەوەندخوازیی وڵاتانی سەرمایەداری
ڕۆژئاوا و حکومەتە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکەن، هەر بۆیە پێویستە دەستبەجێ
لە مافی پەنابەری بەهرەمەندبن و نەخرێنە نێو مامەڵەی سیاسییە و نەکرێنە
قوربانی سیاسەتی راسیسزم و ڕەگەزپەرستی.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢\٩\٢٠٢٢
|