په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١١

لە بارەى سیناریۆوە.


بوڕهان جۆلا    


لە داڕشتن و نوسینى سیناریۆ بۆ هەر چیڕۆک و بەسەرهاتێکى واقیعى (رووداو) یان دروستکراو لەبوارى سینەماو کارى دڕامادا ئەبێ کاریگەرى و مەبەستى خۆى لەچەند دیمەنێکى پەیوەست بەیەکترى فیلمەکەدا بپێکێ، واتە چڕکردنەوەى دیمەنەکانى نێو فیلمەکە بەهەموو وردەکاریە هونەریەکانیەوە. یان باشتر وایە بڵێین زیاتر رونکردنەوەى هێلى سوورى بەسەرهاتەکان و زووتر گەیاندنى مەبەستى تێکستەکە بەزەین و هەستى بینەرو رزگارکردنیان لەو دڵەڕاوکێى بێزاربوونە بەرامبەر درێژکردنەوە ناپێویستەکانى چەند گرتەو دیمەنەکانیش و زیاتر ئاسناکارى بۆ تێگەیشتنى بینەر لەرووداو بەسەرهاتەکان و نەچەقین و نەپچڕانى بیرو هەستى بینەر بەرامبەر تێنەگەیشتنى مەبەستى رووداوێک یان دیالۆگێک لەگرتەو دیمەنەکاندا کە بەهۆیەوە چەند رووداو دیالۆگێکى دى نێو دیمەنەکانى دوایشى لەدەست ئەچێ و ئەمەش ئەبێتە هۆى وونبوونى بەشێکى زۆرى هێلى کاراى نێو فیلمەکە کە سەرجەم رووداوەکانى پێوە بەندە.

بۆ نموونە دیاریکردنى جووڵەى کاراکتەرەکان بەهەموو شێوازێکیەوە و جووڵەى کامیرا لە نێو سنوورى گۆشەى دیاریکراوى وێنەگرتنداو جێبەجێکردنى جووڵەى دەسنیشانکراوى خۆیان و لانەدان و زیادەڕۆیى نەکردنى لێوەى کەلەوەپێش لە سیناریۆکەدا بۆیان ئامادەو سازکراوە.

چڕکردنەوەى رووداو لەکەمترین ژمارەى گرتەکان و بەزوویى پێکهێنانى دیمەنێک لێیانەوە و پێکانى مەبەستێکى چاوەڕوان نەکراو دوور لە بۆچوونى بینەر و درک پێنەکردنیان و دوور لەپێشبینى کردنى بینەر بۆ هەر رووداوێک و رووداوە بەدوایەکەکانى سەر هێلى بەدواداچوون. بەم کارەش سینارێست جۆرێک لە لکاندن و پەیوەست بوونى هەستى بینەر بە هێلى دڕامیى فیلمەکە دروست دەکات.

کورتکردنەوەى دیالۆگەکان و دانانى کەمترین و روونترین ووشە بۆ پێکهێنانى دیالۆگێک بۆ کاتى ئاخافتنى نێوان کاراکتەرەکان وگەیاندنى مەبەستەکان بۆ زەینى بینەر بە کورترین کات.

هەڵبژاردنى شیاوترین مۆسیقاى وێنەیى و گوزارشتى بۆ زیاتر ئاوێتە بوون لەگەلڕ شێوەى جووڵەکان، بەشێوەیەک ببن بەتەواوکارى یەکتر، واتە یەکگرتنى جووڵەو دەنگ بەیەک مەبەست و گوزارشت و راستەوخۆ گەیاندنیان بەهەست و زەینى بینەر.

نەخشەیەکى هونەرى تایبەت بە هونەرى وێنەگرتن ساز و ئامادە ده‌کرێ ئەویش ووردکردنەوەى فیلمەکەیە بۆ چەند بڕگەیەکى وێنەیی و (Scansion) ئەوانیش ئەبن بەچەند دیمەنێک و هەردیمەنێکیش لەچەند گرتەیەک پێکدێت. دیاریکردنى کات و شوێن لە دیمەنەکاندا بە پێى ئەم نەخشە هونەریە ئەبێ وەک دیاریکردنى رووداوێکى چوارپێنج کاژێڕى شەو یان ڕۆژى نێو زەمەنە دوو سێ ساڵیەکەى چیرۆکەکە، بە پێى داڕشتنى نەخشە هونەریەکى وا لەچەند گرتەیەکدا چڕئەکرێتەوەو تا ببن بەدیمەنێکى تەواو وپێشان ئەدرێت. ئەم رووداوەى شەو وڕۆژانەش بەپێى هەمان نەخشە کاتەکانى جووڵەى دەرەوەو ناوەوە یان نێو رووناکى و تاریکى یان نێو سەرماو گەرما هتد ساز ئەکرێت نەبادا (out) یان (jump) رووبدات. وەک گفتوگۆى نێوان دوو کاراکتەرى بەرامبەر بەیەک لاى کاراکتەرى یەکەم شەو یان زستان نیشانبداو لاى دووەم رۆژ یان هاوین. خۆ ئەکرێ لەیەک کاتدا بەسەرهاتە پەیوەست بەیەکەکان دوو شێوە زەمەنى لەخۆ بگرێ ئەویش بە گواستنەوەى دیمەنێک لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکى دى لەهامان کاتدا هەردوولا بەندن بەیەک رووداوو بەسەرهات، بەلام بیئەى شوێنەکانیان جیاو دوور لەیەکترن. لێرەشدا شوێن بە پێى ئەم نەخشە هونەرییە کاریگەریی و دەورى باڵاى خۆى بەسەر کاتدا ئەسەپێنێ  وپێشانى ئەدات.

بە هەموو ئەو کارانە سیناریۆکەمان واتە نەخشەى تەواوى فیلمێکى دەسنووسمان چنگدەکەوێ کە ئامادەیە بۆ وێنەگرتن.

 

 

burhan60jola@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک