١\٦\٢٠١٦
لە باتی دوبەی
ھەولێر ئەبێتە تیکساس.

ئهحمهد رهجهب
ھەمووتان ئەزانن لە ساڵانی رابردوو ھەندی لە بەرپرسانی حکومەتی
کوردستان ئەیانوت ھەولێر ئەکەینە دوبەی و بۆ ئەو کارەش دەیان و سەدان
کۆمپانیای بیانییان ھێنایە کوردستان لە بواری بیناسازی و جادەوبان و
نەمام ناشتن و لەپاش چەند ساڵێک دیمەن و روخساری جادەوبان و شەقامەکانی
شار بە شێوەیەکی جوان و قەشەنگ دەرکەوتن ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە
گەرەکەکانی نێو شار { گەرەکە کۆن و دێرینەکان } وەک جاران مانەوەو
بگرە خراپترو ناشیرینتر، ئەوەش ئەوە دەرئەخەن کە دوبەیەکی لای خومان
تەنھا بۆ خۆھەڵکیشان و فیزەو، بە رووکەشیی و ساختە کردن شار جوان نابێت
و خەڵک فریو نادرێت.
کوردستان تووشی قەیرانێکی زۆر بووە، شەریی پێشمەرگە دژ بە درەندەکانی
دەوڵەتی ئیسلامی چەپەڵ (داعش) و، قەیرانی نەدانی مووچەی مانگانەی
پێشمەرگەو فەرمانبەرو خانەنشین و خەڵکی دیکەو، قەیرانی ئاوو کارەباو
پێداویستییەکانی ترو، لەمانەش زیاتر قەیرانی لێدان و سوکایەتی کردن بە
رۆژنامەنووسان وتێھەڵدان وزیندانی کردن و کوشتنی رۆڵەکانی گەڵ بە نھێنی
و بە ئاشکرا لە گۆرەپانی فووتبۆڵ ولە سەر جادەو شەقامەکان.
ھەموومان پێمانخۆشە ھەولێرو شارەکانی کوردستان ببنە شاری جوانی دڵفرێن
و بێ وێنەو، دوور بن لەوەی ببنە ھاوشێوەی ولایەتی تێکساسی ئەمریکاو،
ئەو تیکساسەی کە لە رێی فلیمە سینەماییەکان و، گاوانی گاو مانگا (
کاوبۆی) زانیومانە پرە لە تاوانی نا حەق و تێھەڵدان و کوشتن و، وا
دیارە نەخۆشی ئەو ویلایەتە ئەگەر بەرگری لێنەکرێت بە ئاسان لە کوردستان
بڵاوئەبێتەوەو. ئەوتا پەتاکەی گەیشت و ""یاساناسێک"" خوێ سەر قاڵکردووە
بە ( پرۆژەیەک بە ناوی ویلایەتی ""٥١"" ی ولایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا ) و، پێشنیار ئەکات باشووری کوردستان بخرێتە سەر ئەمریکاو
ببێتە "" ویلایەتی ٥١ "", ئەوەی سەرەوە بۆچوونی ( د. عەدنان عەبدوللا)
ناوێکە لە کۆنفرانسی نیودەوڵەتی یاسایی رۆژی ٢٤/٥/٢٠١٦ لە زانکۆی
کوردستان لە ھەولێر ساز کرا.
زووربەی خەڵکی کوردستان بەگشتی و دانیشتوانی ھەولێر بە تایبەتی لە
بیریانە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢/٥/٢٠١٦ گەنجێکی ھەژارقوتابی زانکۆ
تەمەن { ٢٦ } ساڵ بە ناو { بارزان رەشید } لە گەرەکی برایەتی شاری
ھەولێر ( فوللایت ) بۆ ئۆتۆمبێلێک لێدئەدات ھەتا شوفێرەکە
ئاگاداربکاتەوە ولێی تێپەڕ بێ بەڵام ئۆتۆموولەکەی را ئەگرن و کەسێک بە
پلەی نەقیب و، بەناوی ( جەمال جەبار خێڵانی ) لە ئۆتۆمبیلێکی تر لێ
دێتە خوارەوەو، بەبێ سێ دوو ئەکەوێتە گیانی ( بارزان) ی بێ تاوان و
زۆری لێئەدات و بەوەش نەوەستاوەو بە ئەنقەست و، بە دەمانچەکەی دەستی
چەند فیشەکێکی پێوەئەنێت و دەست بەجێ ئەیکوژێت و، زۆر سەربەست و
بێباکانە ئەروات.
لێکۆڵەرێکی دادیی ئاشکرای ئەکات و، ئەو کەسەی لە شاری ھەولێر، لەسەر
لێدانی فول لایت گەنجێکی کوشت، پێشتر دوو کەسی تری کوشتووەو، گەیلان
سلێمان عەلی لێکۆڵەری دادیی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، لەبارەی
کوشتنی گەنجێکی شاری ھەولێر لەسەر لێدانی فول لایت ڕایگەیاند (
تاوانبارەکە دوای ئەوەی رەماشی بۆ بارزان رەشیدی قوتابی زانکۆ (کوژراوەکە)
لێداوە، دەمانچەی لەسەر سەری داناوە و مۆبایل و ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەکەی
لێسەندووە و پێی وتووە دوام کەوەو، نەیداوەتەوە، ( ئەوەش ھۆکاری ئەوە
بووە { بارزان} بەدوای تاوانبارەکە بچێت مۆبایل و ساڵنامەکەی لێ
وەربگرێتەوە) و، ناوبراو ئاشکرایکرد، زانیاریان لایە بکوژەکە پێشینەی
ھەیە و پێشتریش دوو کەسی تری کوشتووە، ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە، چونکە
ئەو کەسە دوو کەسی دیکەی کوشتبێت و ئازاد کرابێت و ئێستاش کەسێکی دیکە
بکوژێت و، تا ئێستاش نەگیراوە، ئەوە ئەسەلمێنێت کە لە کوردستان یاسا
بوونی نییە، ئەوەی باسیشی لێوە ئەکرێت، تەنیا دروشمە.
ئەو لێکۆڵەرە ئەڵێت ( ئەوترێت بکوژەکە، خزمی یەکێک لە بەرپرسەکانە،
ئەبوو بەرپرسەکە بۆ سەروەرکردنی یاسا، خۆی بکوژەکەی رادەست بکردایەو،
بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە بەرپرس ئەبێتە پارێزگاری بکوژو، ئەمە حاڵەتێکی
زۆر ترسناکە، رادەستنەکردنی بکوژ رەنگە کەیسەکەی قورستر بکات، بەڵام بە
خۆبەدەستەوەدانی و لێکۆڵینەوە، رەنگە تاوانکاریش دەرنەچێت".
ئەو لێکۆڵەرە دادییە ئاماژە بەوە ئەدات( یاسا بەرامبەر ھەموو کەسێک
جێبەجێ ئەکرێت، بەس ئەو کەسانەی یاسا جێبەجێئەکەن، کێشەکە لەواندایە،
ئەوجا لە سیستەمە سیاسییەکەوە بگرە تا ئەگاتە دەسەڵاتە دادوەرییەکان، (
ئەگەر گرفت لە سیستەمە سیاسییەکە ھەبێت، یاسا سەرەوەر نابێت و، ھەروا
ئەگەر گرفت لە ئەنجوومەنە دادوەرییەکەمان ھەبێت، یاسا سەروەر نابێت).
رۆژی شەممە ٢٨/٥/٢٠١٦ لە ھەولێر پۆلیس ھێرشیان کردە سەر یاریزانێک و تا
توانایان ھەبوو بە مستەکۆڵەو شەق و قۆناغە تفەنگ (عەلی کیمیاوی) ئاسا
لێیانداو، تا بوورایەوەو، کاتێ وریاو بێدار بووەو ھاواری کرد: ئای (گونم،
زەکەرم) ئازارم زۆرەو، چیم لێئەکەن و، بە پەلە گواستیانەوە بۆ
نەخۆشخانە.
ئاکام ئەکرەم، گوڵپارێزی یانەی کۆیە لەلایەن پۆلیسەوە لێیدراو
رایگەیاند : ( دوای تەواوبوونی یارییەکە کێشە کەوتووەتە نێوان ھاندەران
و یاریزانان، بەڵام پۆلیسەکان ھێرشیان کردووەتە سەرم و ئەندامی (
نێرینەم) تووشی کێشە ھاتووە و بەپێی راپۆتی پزیشکی کێشەی ھەیە و منیش
سکاڵام لەسەر پۆلیسەکان تۆمارکردووە).
گۆڵپارێزەکەی یانەی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد ( قسەکانی پۆلیس رەتئەکەمەوە
گوایە من ھێرشم کردبێتە سەر پۆلیس و ھەوڵی رفاندنی چەکم دابێت، من بۆ
یاری ھاتووم نەک بۆ شەڕ).
رائید عەدنان محەممەد، ئەفسەری جوڵاو لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکییە
مەدەنییەکان رایگەیاند، ھێزەکانی پۆلیس لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان
ناچنە نێو یاریگا ئەگەر تووندوتیژی روونەدات، ئەو رووداوەی کە روویداوە
پۆلیسەکان بە بڕیاری لیژنەی ئەمنی یارییەکان چوونەتە نێو یاریگا بۆ
ئەوەی بتوانن کێشەکە یەکلابکەنەوە و رووداوەکە چارەسەربکەن.
سەلام حوسێن، سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەبارەی رووداوەکە
ئاماژەی بەوەکرد، یارییەکە زۆر ھەستیار بووە، بەڵام ھیچ کێشەیەک
رووینەداوە تاوەکو کۆتایی یارییەکە و دواتر ئەو کێشیەیە روویداوە کە
کێشەکە پەیوەندی نەبووە بە یاریزانەکە و پۆلیسەکان بەڵکو لەگەڵ
ھاندەران بووە، بەڵام دواتر ئەو حاڵەتە روویداوە و ئەو ئەنجامەی
لێکەوتووەتەوەو، سکرتێرەکەئەشڵێت ئێمە وەکو یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەمان ھەیەو،لە پاش کۆبوونەوەکە ھەڵوێستی خۆمان
بە فەرمی بڵاو ئەکەینەوە".
لێدان لەم یاریزانە لەلایەن ئەم ھێزەوە کارێکی نامرۆڤانەی دوور لە
ئەخلاق ونەریتی کۆمەڵایەتییە و، پێویستە ئەم پۆلیسە چەکدارە رەشپۆشانە
تونترین سزا وەربگرن و، سزا نەدانیان بەتوندی واتە وەزارەتی ناخۆ
بەرپرسیاری ئەو پەلامارەیە و، چۆن ئەبێت ئەم پۆلیسانە بڕژێنە ناو
یاریگایەک بۆ لێدانی یاریزان، ئەمانە کەی ھێزی پارێزگاری یاری و
یاریگاکانن.
دوای ئەوەی لەرۆژی شەممەی رابردوولە یاری نێوان یانەی گازی باکوورو
یانەی کۆیە لە یاریگای ھەندرێن لەلایەن ھێزێکی ئەمنی شاری ھەولێرەوە
ھێرشکرایە سەر گۆڵپارێزی یانەی کۆیەی وەرزشی و، لەئێستادا ئەوکارە
ناڕەزایی لێکەوتۆتەوەو، ھاوڵاتیان ئەڵێن چۆن پۆلیس بە چەکەوە ئەچنە ناو
گۆرەپانەکەو یاریزانێک بە قۆناغە تفەنگ و شەق و زلـلە بە زەویدا دەدەن.
چاپوک عومەر قائیمقامی شارۆچکەی کۆیە لەو بارەیەو وتی: سکاڵای ئیداری
لەسەر ھەر یەک لەو پۆلیسانەی ئەو کارە نەشیاوانەیان ئەنجامداوەو،
ھەروا سکاڵا لەسەر سکرتێری یەکێتی تۆپی پێ تۆمار ئەکەین لەسەر ھەڵویستی
نادروست و ھەروا ڕاشیگەیاند، کە سکاڵایان ئاراستەی ھەریەک لە وەزیری
ناوخۆ و وەزیری رۆشنبیری و پارێزگای ھەولێر کردووەو، ھاوکات بڕیارە لە
یاریگای کۆیە گردبوونەوەیەکی ناڕەزای بۆ ئیدانەکردنی ئەوکارە
ئەنجامبدرێت.
ئەگەر لە کوردستان و، ھەوڵیر وەک نموونە چالاکەوانانی مەدنی و
رۆژنامەنووسان و وەرزشوانان و خەڵکی بێ تاوان زۆر بە زەقی و بە بەرچاوی
ھاوڵاتیان رووبەرووی سوکایەتی و تێھەڵدان و زیندانی کردن و کوشتن
ببنەوە دیارە دوبەییەکەی کوردستان ئەبێتە شاری تێکساس، شاری تاوان و
کوشتن، بۆیە پێویستە حکومەتی کوردستان ئازاو بوێرانە بتوانێت
تاوانباران بگرێت و رادەستی دادگایان بکاتەوەو، بە بێ گوێدان بەوەی
تاوانباران خزمی کام ئەندامی سەرکردایەتی حزبێک یان ناسراوی کام
بەرپرسی باڵادەست بن و، زۆر شوورەییە ئەندامی سەرکردایەتی حزبیک یان
خزمی نزیکی بەرپرسێکی باڵادەست داڵدەی تاوانباران بدەن و، نەیاندەن بە
دەستی دادگاوە.
خەڵکی بە شەرەفی کوردستان داوا ئەکەن یاسا سەروەر بێت و، یاسا لە
سەرووی ھەموو کەس بێت بەبێ جیاوازی و، لێرەدا جێی خۆیەتی دەنگی خۆم
بخەمە پاڵ ئەو دەنگە دلێرانە داوای راپێچی تاوانباران و خزمەکانیان
ئەندامی سەرکردایەتی ئەکەم و، ھەر ھەموویان بدرێن بە دادگاو سزای خۆیان
و تاوانەکانیان وەربگرن و، دیارە خەڵکی کوردستان ئەو جۆرە کارانە رێسوا
ئەکەن.
تیبینی:
ئەمەی خوارەوە ئاخافتنی بەرێز چاپوک عمرمستەفا قایمقامی کۆیە.
وێرای پیرۆزبایمان لە یانەی وەرزشی کۆیە کەئیمە بە براوەی نایابتر لە
نایابیان ئەزانین، لە کاتێکدا بە قرۆشی باخەڵ بەرانبەر چەند یانەیەک کە
بە پاڵپشتی سەدان ملیۆن دینار یاریئەکەن و، یاریگاکەشمان بەراورد
ناکرێت بە یاریگەی ئەوان، یانەکەمان و یاریزانەکانمان بەوپەری
لەخۆبردوویی و توانا بێ ھاوتاکەیان ھەموو ساڵ لە ئاستێکی پڕ شانازی
ئەمێننەوە، بە داخێکی زۆرەوە ئیوارەی ٢٨ ی ئایار لە یاریەکدا لە نێوان
یانەی گازی باکور و یانەی کۆیە لە یاریگەی ھەندرین لە ھەولێر، لەکەش و
ھەوایەکی گرژداو، کە ئەبوایە یاریەکە لە کۆیە بکرێت، بە ناوی سزا کە
چەندین بەڵگەمان ھەیە ناڕاستی ئەو سزایە ئەسەلمێنێت وەک بە بڕیارێکی
پێش وەخت ئامادەکاری کرابێت بۆ تۆلەسەندن لە توانای یاریزانەکان. ئەوەی
لە رووداوەکان ناخۆشتر ئەو دیمانەی ئیوارەی ٢٩ ی ئایاری تەلەفزیۆنی
رووداو بوو .کە بە روونی لە گرتە ڤیدیۆیەکان پیشانی ئەدا چۆن دە تـــا
پازدە پۆلیس بە چەکەوە ئەچنە ناو گۆرەپانەکەو یاریزانێک بە قۆنداغەی
تفەنگ و شەقەو زلـلە لە ناو گۆرەپانەکە بە زەویدا ئەدەن . من کە
ئامادەی ئەو یاریەبووم لە یاریگەی ھەندرین , چەند پرسیاریک لە دیمانەکە
ئەخەمە ئاراوە:
١- سەلام حسین (سکرتێری یەکێتی تۆپی پێ) نەک ووشەیەک بەڵکو پێتێکی
لەراستی رووداوەکە نەووت و, ھەموو ئەو سزایانەی کە پێشتر لەسەر کۆیە بە
ناڕەوا درابوو . بە حەماسەتێکی ناحەزانەوە باسئەکرد . ئەپرسین ئایا ئەو
ھەموو پاساو ھێنانەوەی ئەویست بۆ شەق و تێ ھەڵدانی یاریزانەکەو وە بێ
دەنگ بوون لە ھاتنی ئەو ھەموو چەکدارە بۆ ناو گۆڕەپانەکە بۆ لێدان و
کوتان لە بەرپرسیاریەتی ئەو دانیەو، ئەگەر ھەمان دیمەنی لە کۆیە دیبا
بەرانبەر یاریزانێکی ھەولێر ھەمان ھەوڵویستی ئەبوو.
٢- جێگای پرسیارە لەو پۆلیسەی کە تەلەفزیۆنی رووداو دیمانەی لەگەڵ
ئەکرد و ئەیووت : ئیمە دەورەمان لە فەرنسا بینیوەو، لە کاتی پێویست
ئەتوانین لێدان بەکاربێنین و، ئایا لە فەرەنساو وڵاتانی ئەوروپا قەت
دەیان پۆلیس بە چەکەوە چۆتە ناو گۆرەپانی یاری و، بە دەپازدە کەس لە
یاریزانێکی شۆرت و فانیلە لەبەرێک بدەنە بەر قۆناغی تفەنگ و شەق و
پێلەقە .ئایا ئەوە فێربوون لە دونیای پڕ شارستانیەتی ئەوروپا.
٣- نوکتە خۆشەکەش ھی بیژەرەکەی رووداو بوو : لەگەڵ ئەوەی گرتە
ڤیدیۆیەکە پیشانیئەدا کە چۆن یاریزانەکە ئەداتە بەرشەق . بە پۆلیسەکەی
ئەووت : ئایا ئیوە بیر ناکەنەوە کە سکالای یاسایی لەسەر یاریزانەکە
تۆمار بکەن،وەک ئەوە وایە کە قەسابەکان سکاڵا لەسەر بەرخەکان تۆماربکەن
کە باش رانەوەستن بۆ سەربڕینیان و پەلەقاژە ئەکەن.
ئیمە وەک قائمقامیەتی قەزای کۆیە سکاڵای ئیداری لەسەر ھەر یەک لەو
پۆلیسانەی ئەو کارە نەشیاوانەیان ئەنجامداوەو، ھەروەھا سکاڵا لەسەر
سکرتێری یەکێتی تۆپی پێ تۆمارئەکەین لەسەر ھەوڵویستی نادروست و، بۆ ئەم
مەبەستە سکاڵامان ئاراستەی ھەریەک لە بەرێزان وەزیری ناوخۆ و وەزیری
رۆشنبیری و پارێزگای ھەولێر ئەکەین.
چاپوک عومەر مستەفا - قائمقامی کۆیە ٣٠-٥-٢٠١٦.
٣٠\٥\٢٠١٦
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|