٣\١١\٢٠٢٤
لەبەرچی رێکخراوە
سێبەرەکان ناشیرینترن!
ئەو
ناونیشانەی سەرێ خۆی واتای ئەوەیە لەمێژە حیزب وەک رێکخراوبوون سەردەمی
بەسەرچووە و بە کەلکی هیچ جۆرە تێکۆشانەک نایێ، رێکخراوە سێبەرەکانیشی
لە خۆی ناشیرینترن، بەڵام ئەوە لەبەرچی؟
رێکخراوە سێبەرەکان بە شێوەی قووچەکیی و لە ژێر هەژموونی فەرهەنگی
رێکخراوبوونی حیزبیی چێدەبن.. واتە ئەندامەکانیان هەمان ئەو چەکوچە
سەرکوتگەریی و دژە ئازادییەیان بە شێوەیەکی سووکتر بەر سەر دەکەوێ کە
سەرۆکی حیزب (واتە دیکتاتۆر) بە توندیی دەیوەشێنێتە خوار خۆی و ئیدی پێ
بە پێی پێکهاتەی حیزب بەرەو خوارێ و یەک لەسەر یەک بەر سەری هەموو
ئەندامەکانی دەکەوێ!
جا ناشیرینتربوونیان لە حیزب ئەوەیە کە حیزب بەرنامە دوژمندارییەکەی
ئاشکرایە و ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان دەتوانن بەرنامەی خۆیان لە
بەرانبەری دابڕێژن و خەباتی خۆیان بکەن.. بەڵام رێکخراوە سێبەرەکان
دەتوانن لە رێی فرتوفێڵ و بە ناوی رێکخراوی ناحیزبیی و سەر بە بەرەی
گەل لە پێناو بەرژەوەندییە کەسییەکان و ناوبانگ پەیداکردنی سەرۆک یان
چەند کەسەکی سەرێی رێکخراوەکە خەڵک لەخشتە ببەن و هەمان بەرنامە و
پیلانی حیزبیان پێ جێبەجێ بکەن یان بە لایەنی کەم بێ ئەوەی پێی بزانن
لە نێو بازنەی سەرکوتکاریی حیزب خۆیان بە چالاکوان بزانن و بە پێی
جوولە و رووداوە دروستکراوەکانی حیزب بە سەما بکەون!
ئەوە سەرەڕای ئەوەی رێکخراوە سێبەرەکان هەمیشە دەبنە لەمپەر لە پێش
دروستبوون و گەشەکردنی ئەو رێکخراوانەی کە حیزب و دەسەڵاتەکانیان بە بێ
کەلک و دژ بە خەڵک دەزانن و دەیانەوێ بە شێوەی رێکخراوبوونی ئاسۆیی و
لە رێی کاری بەکۆمەڵ و چالاکییە هەرەوەزییەکان تێبکۆشن کە هیچ جۆرە
بەرژەوەندییەکی کەسیی تێدا نییە و تاکە ئامانجیان گەیشتنە بە ئازادیی و
یەکسانیی پتر و پتر، وەک نموونە؛ رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین'' کە
لەسەر ئەو بنچینەیە چێبووە رێکخراوە سێبەرەکان لەو بارودۆخەدا کە
فەرهەنگی حیزبیی زۆر زاڵە تێیاندا دەبنە رێگر لەبەردەم گەشکردنی، بەڵام
ئەوە تا سەر نییە و هەر ئێستا چین و توێژە چەوساوە و سەرکوتکراوەکان
خەریکن لەو فەرهەنگە ناشیرینەی رێکخراوە سێبەرەکان تێدەگەن و وردە وردە
لە گشت بوارەکان رێکخراوی ئاسۆیی خۆیان دادەمەزرێنن و میللەت بەرەو
قۆناغێک دەبەن کە پتر ئامانجەکانی کۆمەڵ و تاکە ئازادییخوازەکانی تێدا
وەدەستدێ.
رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین''
https://www.facebook.com/AzadiyDerbirin
١\١١\٢٠٢٤
|