لە بێویژدانی
مرۆڤایەتیدا ، تامیلییەکان ئەنفال کران.
عەلی مەحمود محەمەد
لە ڕۆژی 19-5-2008 بەهەمان شێوەو لەسەر هەمان ئاواز وڕیتمی بەرواری
6-9-1988 ی لەمەر ِ خۆمان، ئەو ڕۆژەی هەموو کورد بەدیار هەواڵی
ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی و بڕیاری 736 ی مەجلس قیادەی سەورەوە لە
چاواڕوانی مەرحەمەتی بەعس و گەڕانەوەی ئەنفالکراوەکاندا بوون لە دوای
شکستی خەباتی چەکداری 12 ساڵەی خولی دووەم، بانگەوازی کۆتایی بزاڤی
پڵنگەکانی تامیل لە پارلەمانەوە لە لایەن سەرۆکی سریلانکا ماهیندار
رجاباسکا درا، بە کوشتنی سەرکردە ئەفساناوییەکەیان " فیلۆ بیلای
براباکاران "و تەسلیم نەبوون تا دوا چرکەی ژیان مانەوە لە سەنگەر،
کۆتایی بە بزاڤە چەکدارییەکە هات ، ئەمجارەیان جەنگەڵە چڕ و پڕەکانی
جافنەش لە پەلاماری داگیرکەر نەیانی پاراست ، ئەو 15000 پڵنگە سیانید
لەملەی هەموودەم چاوەڕوانی مەرگ بوون خاوەندی هێزی دەریایی و ئاسمانی
مەشق پێکراوی بەورەو لە خۆبردوو ، لە بەرامبەر هێزی بەرامبەر و
کەرتبوونی ناوخۆ و نەگریسی جوگرافیا بە چۆکدا هاتن و خوێن ساردانە
قەسابیکران ، بەمەش خوداوەندی ڕۆژ وەک لە لایەن تامیلییەکانەوە
گوزارشتی لێکرابوو بە سوتاندنی تەرمەکەی و فڕێدانی خۆڵەکەی بۆ ناو ئاوی
ئۆقیانووس ، بوەوە بەفریاد ڕەسی تامیلەکان و لە چاوەڕوانی گەڕانەوەین
بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پڵنگەکانی کۆبکاتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە لە تێکۆشان
بۆ سەربەخۆیی ،بە ناچاریش دوای چەندین ڕۆژ نکۆڵیکردن پڵنگەکان دانیان
نا بە گیان لەدەست دانی سەرۆکەکەیان، ئەو سەرۆکەی نەتەوەی لە
پەرتەوازەیی دەرهێنا و هێزی پێبەخشی و بۆ یەکەمجار لە مێژووی چارەکی
خاکی سیلانی ڕزگارکرد ، لە 6-9-1988 بەهەمان شێوە سەدام حوسێن دوای
پرۆسەی بەدناوی ئەنفال ، دوای ئەوەی بستێک خاک نەما و کێوەکانیش لە
داڵدەدانی کورد کەوتن ، سەدام حوسێن بە بانگەوازی لێبوردنی گشتی پەیامی
کۆتایی جوڵانەوەی کوردی دا ، ئەو لێبوردنەی هەموو کوردی گرتەوە جگە لە
ئەنفالکراوان و تاڵەبانی ، تاڵەبانیش بەهۆی شکاندنی پەیماننامەکەی ساڵی
1983 و هێنانی سوپای ئێرانەوە ، کەچی تامیلییەکان جگە لەوەی سوپای
وڵاتانیان نەهێنا بگرە سەرەک وەزیرانی هیندیشیان تیرۆرکرد ، لە
ڕابردوودا ئەو پڵنگانە ئەوەی بووە لەمپەر لە بەردەمیان چەندە بەهێزیش
بووایە لایان دەدا ، هەر بەو هۆیەوە سەرۆک وەزیرانی هیند و سەرۆکی
سریلانکا و وەزیری دەرەوەیان تیرۆرکرد ، سەرۆکێکی دیکەشیان بە خەستی
بریندارکرد و پیاوەکەشیان کوشت ، ئایا ئێستا لە قارەمانانی ئەم شکستە و
لە قەسابیکردنی سەرانیان دەبوورن ؟؟ ، وەڵامی ئەم پرسیارە لە ئایندە
پڵنگە زامدارە سیانید لەملەکان داهاتوو دەیدەنەوە .
سەرۆکی سریلانکا ماهیندار رجاباکسا ڕۆژی 19-5 لە کاتێکدا لە پارلەمان
پەیامی سەرکەوتنی دا ، هاوکات بە زمانی تامیلی داوای چارەسەرێکی خۆماڵی
نەک مۆدێلی دەرەوە دەکات بۆ کێشەی تامیلییەکان ، لەسەر بنچینەی
فەلسەفەی ئاینی بودی ، ئەو ئاینەی توندو تیژی ڕەت دەکاتەوە ، وەلێ
ئەوەی سەرۆک کردی بەرامبەر بە تامیلییەکان دڕندەییەکی بێوەێنە بوو ،
تامیلەکان 18% دانیشتوان سریلانکا پێک دەهێنن ، لە ویلایەتەکانی باکور
و ڕۆژهەڵایەتی باکوری سیلان زۆربەن ، لە بەرامبەردا سینهالییەکان 74%ی
دانیشتوان پێک دەهێنن .
پڵنگەکانی تامیل سوپای سریلانکایان بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ تۆمەتبارکرد ، بەوەی خەڵکی سڤیلیان کۆمەڵکوژی
کردووەو سەرکردەکانی باڵی سیاسی بزووتنەوەکەیان لە کاتێکدا ئاڵای
سپییان بەرزکردبوەوە گولەباران کردووە .
چین و روسیا و یابان و تورکیا و ڤیتنام و لیبیا دژ بە بڕیاری هودنەی
مرۆڤایەتی بوون لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند بکرێت ، کە وڵاتانی
ڕۆژئاوا داوایان کردبوو ، بە بیانووی ئەوەی کێشەکە ناوخۆییە و پەیوەندی
بە ئاسایشی نێو دەوڵەتییەوە نییە . هەرچەندە ڕۆژئاوا هەر بۆخۆیان
پڵنگەکانی تامیلیان خستە ناو لیستی تیرۆرەوە ، دەرگای قەڵاچۆکردنیانیان
خستە سەر پشت .
تامیل و بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل.
تامیلەکان لە 4 وڵاتدا هەن ، وەلێ لە دوو وڵات هیندستان " تامیل نادۆ –
سریلانکا " ، لە چوارچێوەی خاکی دیاریکراودا دەژێن،90%یان لە هیندستانن
، واتە لەو دوو وڵاتە خاوەند نیشتمانی خۆیانن . کۆی گشتی 74 ملیۆن
تامیلی لە جیهاندا هەیە و تاکو ئێستا وڵاتی سەربەخۆیان نییە ، بەم
شێوەیەی خوارەوە دابەش بوونە بەسەر ئەو وڵاتانەدا :
هند 63 ملیۆن لە ویلایەتی تامیل نادۆ " تامیل نادۆ 130058 کم
چوارگۆشەیە و 62 ملیۆنە ".سریلانکا 2،5 ملیۆن ، مالیزیا 1،5 ملیۆن ،سەنگافورە
250000 . زۆربەیان بە ئاین هندۆسین لەگەڵ کەمایەتیەکی ئیسلام و کریستان
.
بەشیک لە تامیلەکان سریلانکا ، ئینگلیزەکان لە تامیل نادۆی هندستانەوە
بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی چا هێنایانیان ، ئیتر ئەو دەڤەرە بووە
نیشتمانیان و لێی نیشتەجێ بوون .
لە ساڵی 1948 تا 2002 نزیک 38 گروپ بۆ سەربەخۆیی تامیل کاریان کردووە و
تێکۆشاون ، دواترینیان پڵنگەکانی تامیل بوو .
براباکارانی لاو لە ساڵی 1975 پارێزگاری جفنەی تیرۆرکرد ، لەوساوە تا
ئێستا ژیانی لەناو خەباتی چەکداریدا بردە سەر ، لە 54 ساڵیدا پاش
بەرگری گیانی بەختکرد .
نووسەری ژیان نامەی فیلۆ بیلای براباکاران بە ناوی نارابان سوامی دەڵێت
: براباکاران عەقڵی درووستبوون و گەشەی بزووتنەکەیە ، ئەگەر تا دوا
دڵۆپ بەرگری بکات و خۆی بەخت بکات دەبێتە سەرکردەی ئەفسانە ، هەڵبێت
دەبێتە جێگای ڕەخنەی هەوادارانی ، لەبەر ئەوەی لە بەرگریدا گیانی
بەختکرد ، بۆیە بە سوتاندنی لەبیر ناچێتەوە و لە هەموو جیهان پرسەیان
بۆی دانا.
بزووتنەوەی ڕزگاری تامیل ئیلام لە ساڵی 1976 دامەزراوە ، بۆ دان نان بە
مافی کەمایەتی تامیل ، ئەم هێزە دەرچووی خولگەی مەشقی باڵان و خاوەند
هێزی دەریاوانی و ئاسمانی و هەواڵگری بەهێز بوون ، توانیوایە
لەسەرتاسەری جیهان ڕەوەندی تامیلی لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە ،
هاوکارییەکی مادی لە بن نەهاتوو پەیدا بکەن .
ئەندامانی پڵنگەکانی تامیل ڕاهێنراوی مەشقی سەربازی توند بوون ، جگەرە
و ئەلکهول ناکێشن و ناخۆنەوە ، خاوەند دسپلینێکی سەربازی توندبوون .
هەموویان دوو دانە حەبی سیانیدیان لە ملدابوو ، لە کاتی تەنگانەدا
دەیخۆن ،بۆیە دیلکردنیان زۆر زەحمەتە ، ئاماری بەکار هێنانی ئەو حەبە
سیانیدانە نییە لە دوا نەبەردیاندا .
ساڵی 1977 ، لە هەڵبژاردنی پارلەمانی سریلانکادا بەشداریان کرد ،
توانیان نوێنەرایەتی تامیلییەکانیان بەدەست بهێنێت و نوێنەرانی بچێتە
پارلەمانەوە، وەلێ لە ساڵی 1978 دا ، حکوومەتی سریلانکا بۆ ئەوەی
بەریان پێبگرێت ، بڕگەیەکی زیادکرد لە دەستوور ، بەوەی بەشداربووان
پێویستە یەکێتی خاکی سریلانکا بپارێزن ، لێرەوە دوریانیان خستەوە لە
پارلەمان .
میکل کلارک لە تایمزی بەریتانی نووسی : سریلانکا بە هاوکاری سەربازی
چین سەرکەوت . لە ساڵی 2007 چین هەموو جۆرە چەکێک دەدات بە سریلانکا
بەرامبەر بە دروستکردنی مینای مهامبونتونا لە باشوور .
بە پێی وتەی نووسەر لە ساڵی 1945 نیوەی بزووتنەوە چەکدارییەکان لە
جیهان ئۆتۆنۆمیان وەرگرتووە، چارەکیشیان تاکو ئێستا سەرکەوتوو بوونە.
پڵنگەکانی تامیل چەندین کردەی سەربازی گەورەیان ئەنجامدا لە پاڵ
تیرۆرکردنی پارێزگاری جفنە و وەزیری دەرەوەی سریلانکا و .... وەک
تیرۆرکردنی راجیف گاندی سەرۆک وەزیرانی هیند لە ساڵی 92 ، سەرۆک کۆماری
سریلانکا بریماداسایان لە ساڵی 1993 .
فنتاغمورسی مۆرلسان ناسراو بە کارونا یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی
پڵنگەکان لە ساڵی 2004 بە خۆی و 6000 چەکدارەوە لە پڵنگەکان جیابونەوە
، پڵنگەکان دەوڵەتیان تۆمەتبارکرد بەو کارە ، چین ڕۆڵی گێڕا لە
جیابونەوەی کارونا و 6000 چەکدار و یارمەتی سەربازی کۆڵۆمبۆ ، حکوومەت
کەڵکی لەو 6000 چەکدارە وەرگرت ، بۆ قەڵاچۆکردنی هاوڕێکانیان ، مەرگە
ساتەکە لێرەوە دەستی پێکرد ، لەو چرکە ساتە لەدایک بوو یەک ڕیزیان لە
دەستدا . لە ساڵی 2006 ەوە 6261 کوژراو و 29551 بریندار لە ڕیزەکانی
سوپای سریلانکا کەوت ، کۆی گشتی ڕاپەڕینی چەکداری تامیلییەکان نزیک
75000 قوربانی لە هەردوولا لێکەوتەوە لە ماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا .
سریلانکا لە نێوان ساڵانی 1971 بۆ 1987 بەرەو ڕوی بزووتنەوەی چەکداری
ماوی بوەوە، کە لە سنهالییەکان پێک دەهات ، دەیان هەزار کوژرا لەو شەڕە
ناوخۆییە ، ئەنجامەکەی بەوە گەیشت ماویەکان بوونە هێزێکی فەرمی و ئێستا
لایەنێکی کاریگەرن لە ئیتلافی دەسەڵات .
دوای گەڕانەوەی ئەو چەکدارانەی تامیل بۆ ڕیزەکانی حکوومەت ، ئەوانەی
جیابوونەوە بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیان کرد پارساڵ ، لە
ڕۆژهەڵات ئەنجامی زۆر باشیان هێنایەوە .هاوکات هاوپەیمانی نیشتمانی
تامیل کە نزیکن لە پڵنگەکانەوە لە ساڵی 2004 توانیان 22 کورسی پارلەمان
لە کۆی 225 کورسی بهێننەوە .
پڵنگەکان کە خاوەند ڕێکخستنێکی پۆڵاین و بەربڵاون لە دەرەوە ، 200000
تامیلی تەنها لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەن ، کەناڵی سەتەلایتی خۆیان هەیە ،
ساڵانە 300ملیۆن دۆلار لە دەرەوە کۆدەکەنەوە ، لەو ناوچانەی دەسەڵاتدار
بوون دەوڵەتۆکەیەک خاوەند ئۆتۆریتەیان دروستکردبوو .تامیلەکان لەو
ناوچانەی باڵا دەست بوون بە تایبەت لە دوورگەی جفنە ، دادگایان
دامەزراند ، شێوازی خۆیان لە دەسەڵاتدارییەتی بەڕێوە دەبرد ، کە وێنەی
سەرۆکی خۆشەویست و بێوێنەیان لە هەموو شوێنەکان بەرز کردبوەوە ، لە ناو
دادگا گەنجان بڕیاری شۆڕِگێرانەیان تیایدا جێبەجێدەکرد ، بڕیاری توند
بەرامبەر دزان و سەرپێچیکەران تا بڕیاری هەڵواسین . نەیارانی سیاسی
خۆشیان تەسفیە کرد و چەندین جار تەقاندنەوەیان لە بەرامبەر خەڵکی سڤیل
ئەنجامدا ، پڵنگەکان هەموو بزووتنەوەکانی دیکەی تامیلیان سەرکوتکرد ،
لە ساڵی 1986 دا 175 ئەندامی بزووتنەوەی تیلۆی شەقامیان لە ناو جێگای
خەودا کوشت ،لە هەشتاکان 30 بزووتنەوەی بەرگری تامیلی هەبوو
هەموویانیان پاکتاوکرد ، تەنها خۆیان مانەوە ، بەمەش تێسرەواندیان لە
ژیانی سیاسی دا لە ناو تامیلییەکان ، خۆیان بوون بە هەموو ، کە نەشمان
لە دوایان هیچ نەما .
لە دوای ساڵی 1948ەوە کە سیلان سەربەخۆیی وەرگرت ، خوێندن بە زمانی
تامیل قەدەغەکرا ، ئینگلیزەکان لایەنگری تامیل بوون ، خوێندن و کاریان
بۆیان دابینکرد ، وەلێ دوای سەربەخۆیی ئەو دەسکەوتانەیان هەموو لە
دەستدا ، لێرەوە کێشەکان دەستی پێکرد .
چین کە ئێستا یەکەمین وڵاتی پشتیوانی سریلانکایە ، 6 فرۆکەی جەنگی بە
خۆڕایی دا بە سریلانکا ،بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت دەستی بگات بە
بەندەری هامبانتۆتا، کە بە 1 ملیار دروستی دەکات و لە 2010 دەکەوێتە
بواری کارکردنەوە ، بۆ ئەوەی زەمانەتی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی بکات ،
لەبەرامبەر ئەمە هیندستان و ئامەریکا ترسیان لێنیشتووە بە گەیشتنی بەو
دورگەیە . وەزیری بەرگری کە برای سەرۆکە گوتابەهایا راجسکی ڕۆڵی چینی
بەرز نرخاند . هاوکات سریلانکا لە کۆبونەوەی داهاتووی پەیماننامەی
شەنگەهای بەشداری دەکات . ساڵی 2009 بودجەی سەربازی سریلانکا 1،7 ملیار
دۆلار بوو ، کە دەیکردە نزیک 5% کۆی بەرهەمی نەتەوەیی وڵات . هاوکات بۆ
بەهێزکردنی سوپا هەموو هەڵاتوانی سەربازیش بانگکرانەوە بۆ خزمەتکردن.
حکوومەت پێویستی بە کۆمەکی نێو نەتەوەییە بۆ هاوکاری پەنابەران و
هەڵگرتنەوەی کێڵگەی مین .لەم ماوانە داوای 1،9 ملیار دۆلار قەرزی کرد
لە بانکی جیهانی ، هیلاری کلنتۆن وتی کاتی نییە .
سریلانکا دوای سەرکوتکردنی پڵنگگەکانی تامیل ، بڕیاریدا هەڵبژاردن لە
دوو ولایەتی باکوری تامیل بکات کە پێشِتر دەستی پێنەگەیشتبوو، هەندێک
لە چاودێران پێیان وایە ئەمە هەلێکی لەبارە بۆ داننان بە مافی
تامیلەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەکەیان ، ئەگەر سریلانکا ئەم هەلە لە
دەستبدات ، ئەوا دەرگا لە بەردەم هەموو ئەگەرەکان بە دەستپێکردنەوەی
خەباتی چەکداری واڵایە ، خەباتی چەکداری بۆ پڵنگەکان کە خاوەند دەیان و
سەدان هەزار ئەندامن و ئیمکاناتێکی سەربازی و هەواڵگری و دارایی
مەزنیان هێِشتا لەبەردەستە سانایە ، سەرچاوەی کۆمەکە مادییەکانیان لە
دەرەوە گەرمترە لە جاران .
لە ساڵی 1987 ەوە ، بۆ 13 جار دەستوری سریلانکا هەموار کراوە ، لە
دواترینیان کە نەخرایە بواری کارەوە مافی دەسەڵاتدارییەتی هەرێمەکان
سەلمێنراوە ، دەتوانێت وەڵام بە زۆر داواکاری تامیلەکان بداتەوە ،
ئێستا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت سەرۆک هەنگاو بۆ دان نان بە مافی
تامیلەکان بنێت و یاسا جێبەجێبکات .هیندیش لەوانەیە داوای جێبەجێکدنی
دەستووری ساڵی 1987 دەکات ، بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە پاَەپەستۆی
تامیلیەکان هیندستان کە خوازیاری پشتیوانی هیندن لە تامیلەکان .
هەندێک لە چاودێران پێیان وایە شەڕی سریلانکا ، شەڕی بە وەکالەتە لە
نێوان بودی چینی کە سنهالییەکان نوێنەرایەتی دەکەن ، وە هیندۆسی هیندی
کە تامیلییەکانن .
دان نەنان بە تاوانی شەڕ و تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی.
ڕۆژی پێنج شەممە 28-5 ی ئەمساڵ ، سریلانکا سەرکەوتنێکی دیکەی دیبلۆماسی
بەدەست هێنا لە بەرامبەر تامیلەکان ، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە
نەتەوە یەکگرتووەکان کە بارەگاکەی لە جنێفی سویسرایە ، ئامادە نەبوو
لێکۆڵینەوە بکات لە تاوانی جەنگ کە سوپای سریلانکا ئەنجامیان دابێت ،
کە نزیک 7000 هاووڵاتی سڤیلی تامیلی کوژراون بە دەست هێزەکانی حکوومەتی
سریلانکا ، لە لایەن سوپاوە تەقە لە ڕۆژنامەنووسان کرا و پێشێلی
ئاشکرای مافی مرۆڤ و ئازادییەکان کرا .
لە بەرامبەردا تامیلەکان تاوانبار کران بە پێشێلکاری و هاوکات ستایشی
ڕۆڵی حکوومەتی سریلانکا کرا بەرامبەر هەڵوێستی لەسەر 300000 پەنابەری
تامیلی .ئەوەی شایانی ئاماژە پێدانە وڵاتانی فەرەنسا و بەریتانیا
سەرپەرشتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەکەن ، کە
17 ئەندامی هەیە .پێشتر هەموو پێشبینیان وابوو سریلانکا تاوانبار بێت ،
تەنها یەک ئەگەر لە ئارادا بوو ئەویش ئەوە بوو پڵنگەکان تامیل
هاووڵاتیانیان وەک قەڵغانی مرۆڤی بەکار هێنابێت .
ڕۆژی 29-5 ڕۆژنامەی بەربڵاوی تامیزی لەندەنی بڵاوی کردەوە کە 20000
تامیلی کوژران ، لەم ئامارە پشتی بە وێنە سەتەلایتەکان وبەڵگەنامەکانی
نەتەوە یەکگرتووەکان بەست .لە بەرامبەردا نافی بیلای نوێنەری نەتەوە
یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند پڵنگەکان خەڵکی سڤیلیان وەک
قەڵخانی مرۆیی بەکارهێناوەو مناڵانیان چەکدار کردووە .هاوکات جۆن هۆلمز
یارمەتیدەری سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆڤایەتی ڕەتی
کردەوە ژمارەی قوربانیانی خەڵکی سڤیلیان دیاری کردبێت ، وەلێ ڕایگەیاند
لە ساڵی 1983 ەوە تاکو ئێستا بە گشتی 80000بۆ 100000 مرۆڤ بۆتە قۆچی
قوربانی .
سیلان و سریلانکا.
هندییەکانی باشوور لە سەدەی 14 زاینی لە باکوری سیلان ئیماراتی تامیلی
خۆیان دامەزراند ، لە سەدەی 16 پورتگال و سەدەی 17 هۆڵەندا سیلانیان
داگیرکرد و کردیان بە کۆڵۆنیالی خۆیان ، لە ساڵی 1796 ز یدا بەریتانیا
ئەم دوورگەیەی کۆڵۆنیاڵیکرد پاش ئەوەی هۆڵەندا پاشەکشەی لێکرد ،
ساڵی1802 سیلان بە فەرمی بووە بەشێک لە بەریتانیای گەورە ، لە کاتی
جەنگی جیهانی دووەم ناوەندی کۆکردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو بۆ
لێدانی ژاپۆن ،لە 4 فیبریوەری ساڵی 1948 ز یدا سیلان توانی بە شێوەی
ئاشتیانە سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و ڕزگاری بێت لە دەست ئینگلیزەکان ،
لە ساڵی 1972 بە فەرمی ناوی لە سیلانەوە گۆڕا بۆ کۆماری سریلانکای
دیموکراتی سۆسیالستی . ئەم دوورگە ستراتیجییە پانتاییەکەی 65610 کم
چوار گۆشەیە .
لە ساڵی 1860 ەوە چای بەرهەمی یەکەمی وڵاتی سریلانکایە ، جیمس تایلۆر
بۆیەکەمجار لەم وڵاتە چای چاند ، یەکەم کارخانەی چای لە ساڵی 1873 لە
سیلان کرایەوە ،فەزڵی سەرکەوتنی بەرهەمهێنانی چای لە سیلان بۆ ئەو
کەسایەتییە دەگەڕێتەوە ،کە لە لوتکەی بەرزایی 3000 بۆ 8000 پێ دەچێنرێت
،تاکو ساڵی 1971 ز ، کۆمپانیاکانی ئینگلیزی 80% بەرهەمی چای سیلانیان
بۆ خۆیان پاوانکردبوو .
سریلانکا تەنها 31 کم لە هیندستانەوە دورە ، ئاوهەوایەکی سازگاری هەیە
لە گەرمترین وەرزەکانی ساڵدا پلەی گەرمای لە 31 پلەی سەدی سەرناکەوێت .
هەروەها سریلانکا جوانترین دوورگەیە لە جیهان ، بۆیە ساڵانە ژمارەیەکی
زۆر گەشتیار سەرەڕای بوونی توندو تیژی بۆ گەشت و گوزار ڕوی تێدەکەن ،
کەچی 1،5 ملیۆن سریلانکی لە دەرەوە کار دە کەن نزیک 90% لە وڵاتانی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن بە تایبەت وڵاتانی کەنداو ، لەبەر هەژاری ئەو
دیمەن و ئاوهەوا سازگارە بەجێدەهێڵن لە نالەبارترین باردا لە بیابانە
گەرمەکانی کەنداو کارەکەری ماڵان دەکەن .
لە ساڵانی دوایدا سریلانکا ئابوورییەکەی بەپلەیەکی باش گەشەیکرد ، کە
بەم شێوەیەی خوارەوە بوو : 2006 "7،7%" ، 2007 "6،8" ، 2008 "6%"
هەرچەندە خەرجی گرانی شەڕ ڕێگر بوو ئەم گەشەکردنە ببێتە هۆی باشترکردنی
باری ژیانی هاووڵاتیان ، لە پاڵ زەرەرو زیانەکانی تسۆنامی ، کە لە
کۆتایی کانونی یەکەمی ساڵی 2004 دا ڕویدا و بووە هۆی ئەوەی 31000
هاووڵاتی بمرن 6300 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بن ، هاوکات بووە هۆی ئاوارە
بوونی 443000 هاووڵاتی سریلانکی ، زیانە مادیەکانیشی گەیشتە 1،5 ملیار
دۆلار . بە پێی هێزی کڕین کۆی بەرهەمی نەتەوەیی وڵات بە پێی ئاماری
ساڵی 2008 دەگاتە 91،9 ملیار دۆلار ، وەلێ بە پێی نرخی دۆلار و
ستانداردی جیهانی 38 ملیار دۆلارە لە ساڵی 2008 . داهاتی تاک بە پێی
هێزی کڕین لە 2008 دا گەیشتە 4300 دۆلار .
هێزی کار 34،7% لە کەرتی کشتوکاڵ ، 26،1% لە کەرتی پیشەسازی ، 39،2% لە
کەرتی خزمەتگوزاری کار دەکەن ، پیشەسازییەکانیش زۆربەیان پیشەسازی
سووکن .
لەم وڵاتە دابەشبوونی چینایەتی هاووڵاتیانی دابەشکردووە ، 10%
هەژارترین بەشی کۆمەڵگا خاوەندی تەنها 1،1% سەروەت و سامان و داهاتن ،
بەڵام10% دەوڵەمەندترینان 39،7% ی داهاتی وڵات بەدەستیانەوە بووە بە
پێی ئاماری ساڵی 2004 .
سریلانکا وێڕای ئەوەی بەردەوام لەبەردەم شاڵاوی تەقینەوەو شەڕ و
پەلاماری سروشتدا بوو ، کەچی لە کۆتایی 2008 دا تەنها 3،364 ملیار
دۆلار یەدەکی هەبووە ، لە بەرامبەردا 12،99 ملیار قەرزار بووە ، کە
ئەمەش بەردەوام لە بەرزبونەوەدا بووە و قازانجیشی هاتۆتە سەر .
بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
وەک وتمان لەم وڵاتە 1،5 ملیۆن لە وڵاتانی دەرەوە لە بوارە
جۆراوجۆرەکان " خزمەتکاری ماڵان ، کاری قورس ، کاری سێکسی .... "
کاردەکەن ، سریلانکا لە لیستی ڕەشی وڵاتانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوەیە
و لەم بوارەدا کارنامە و فایلێکی زۆر ڕەشی هەیە بە تایبەتی لە بواری
بەکارهێنانی منداڵ لە بواری کاری سێکسی سێگۆشەی تایلەند-سریلانکا-فلپین
لە پێشەوەی جیهانن ، بازرگانی بە مرۆڤ بۆ کۆیلەداری و کاری سَیکسی
یەکێکە لە ناشرینییەکانی ئەو وڵاتە . بە سوکایەتی تەماشاکردنی
هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە لە دەرەوە ،پەلاماری سێکسی و زەوتکردنی پاسەپۆرت
و بازرگانیکردن بە مناڵان و ناردنیان سەربازگەی کاری زۆرە ملێ
وایکردووە سریلانکا ناشرین بێت لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا ،
کارنامەی سریلانکا بۆ کۆتایی هێنان بە کۆیلەداری خراپە بۆیە
نەیتوانیووە ئەو گومان و ناشرینیانە لەسەر خۆی لاببات .
پارتە چەپگەراکانی سریلانکا.
بە پێچەوانەی زۆر لەوڵاتانی جیهان ، بەشێکی زۆر لە پارتە چەپگەراکانی
سریلانکا زۆر دژایەتی تامیلەکان دەکەن ، بەهۆی ئەوکارە توندو تیژیانەی
گەریلاکانی تامیل هانای بۆ دەبەن کە زۆرجار خەڵکی سڤیلی تامیلیشی
گرتۆتەوە لەم پەیەندەدا دانیشتووانی شاری جافنە یەکەم قوربانین ، وێڕای
دەرکردنی موسڵمانەکان لە ناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەویان کە زیاتر لە 100000
هاووڵاتی گرتەوە ، تاکو ساڵی 2007 کۆی گشتی 460000هاووڵاتی ئاوارە بوون
، هاوکات نەخوێندنەوەیەکی بابەتیانەی کێشەکە بە پێی باوەڕی یەکسانی
مافی نەتەوەکان و دیاریکردنی ئازادانەی مافی چارەی خۆنوسین ، لەم
بوارەدا زیاتر وەک سۆسیال شۆفینیستەکان بیرە کەنەوە ،سەرباری
بەشدارییان لە دەسەڵات داکۆکی لە حکوومەت دەکاتە ئەرکیان ، بۆیە
زەبروزەنگی دەوڵەت لە بیردە کەن ، بەرەی گەلی سریلانکا ناسراو بە JVP
خاوەند 39 کورسی پارلەمانەو خاوەند هێزیێکی گەورەی جەماوەرییە و و باڵی
سیاسی گەریلا ماویەکانە کە لە ناوەڕاستی هەشتاکان کۆتاییان بە خەباتی
چەکداری هێنا ،شەریکە بەشی دەسەڵاتە ، وێڕای ئەوەی داوای دابەشکردنی
سەروەت وسامانی وڵات دەکات بە یەکسانی بەسەر پێکهاتەکانی وڵات بە
تامیلیشەوە، کێشەکەیان لە کێشەی ئابووری و نایەکسانی کەڵک وەرگرتن لە
سامانی وڵات دەبینێتەوە، پڕۆژەی بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی لەسەر
بنچینەی یەکسانی مافی نەتەوەکان نییە ، مافی نەتەوەکان لە زەبرو زەنگی
پڵنگەکان جیاناکاتەوە . تەنانەت زۆر جار بە بەهانەی مەترسی بۆ سەر
نیشتمان و بوونی حکوومەت لە قۆناغی شەڕدا چاو لە داخوازیەکانی کرێکاران
و ڕەنجدەرانی سنهالیش دەبوێرێت ، ڕازیان دەکات باجی شەڕ بدەن . هاوکات
حیزبی کۆمۆنیستیش 2 کورسی لە پارلەمان هەیە ، کە پارتی دایکی بەرەی
گەلی سریلانکایە ، دوو لایەنی دیکەش 3 کورسیان لە پارلەمان هەیە .
کۆی گشتی چەپگەران لە پارلەمان خاوەند 44 کورسین لە کۆی 225 ، چەپگەرا
بە مانای چەپی مارکسی ، وێڕای ئەوەی لە دەرەوەی پارلەمان دەیان گروپی
چەپگەرای ترۆتسکی و ماوی و ناسیۆنالستی هەن ، ترۆتسکیستەکان
لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی کەمیان هێناوەتەوە ، وەلێ بۆ چارەسەری کێشەی
تامیل دیدێکی ئەنتەرناسیۆنالیان هەیە و خوازیاری مافی چارەنووس و
چارەسەری ڕیشەیی کێشەی تامیلەکانن لەسەر بنچینەی یەکسانی مافی
نەتەوەکان سریلانکا .
بە گشتی سۆسیال دیموکرات و نەتەوەیی و چەپ و ڕاست و ئاینی و عەلمانی
جگە لە چەند گروپێکی چەپگەرای ناکاریگەر ، هەموو لە سەرکوتکردنی
تامیلییەکان هاوڕان ، لە درێژەی 25 ساڵی ڕابردوودا هەموو بە جیا یان بە
یەکەوە سەرکوتی ئەو بزووتنەوەیان کردووە .
هۆڵەندا
|