١٣\٣\٢٠١١
لە بیستەمین
ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ھەولێردا!
- چەند یاداشتێکی
سیاسی -

موزەفەر عەبدوڵا
کات و ساتەکانی پێش یازدهی
ئازار:
ھەر لەگەڵ تێکشکان و پاشەکشەی سوپای عێراق لە شەری کوەیت لەگەڵ
ئەمرێکاو ھاوپەیمانەکان، و داننانی سەدام و رژێمەکەی بە گشت داواکاری
یەکانی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئازاردا، زۆربەی ھەرە زۆری سەربازان و
پۆلیس و بەکرێگێراوەکانی تر، لە ئەفواج خەفیفەو دامو دەزگا
سەرکوتگەرەکانی، وەک موخابەرات و ئەمن و جەیشی شەعبی، لە شارو
شارۆچکەکانی کوردستانیش کەوتنە شڵەژان و دڵەراوکەو ترس لە راپەرینی
خەڵک. ھەر بۆیە بە تاکو بە کومەڵ ھەوڵیان دەدا لە سەربازگەکان و
موڵگەکانیان رابکەن وچەکەکانیان دانێن ،و یاخود ڕادەستی خەڵکی بکەن.ئەم
ترس و دڵەراوکی یە لە راپەرین و کەوتنە بەر رق و قینەی خەڵکەوە زیاتر
لە ناو ریزەکانی ئەفواج خەفیفەو بەکرێگیراوەکانی تری بەعس زیاتر پەرەی
دەسەند.ھەر بۆیەش رژێم لە ترسی راپەرینی خەڵک لە شارەکانی کوردستان
دەستی دایە دەرکردنی بریاری قەدەغە کردنی ھاتوچۆ لە سەرتاپای
کوردستاندا. بەڵام سەرەرای ھەمو ھەرەشەکانی وھەوڵو ھێرشەکانی، لە
دەسگیر کردن و زیندانی کردنو کوشتن و لە سێدارەدان، خەڵکی کوردستان ئەو
بریارەی بەعسیان نایە ژێر پێیانەوەو ھەر زوو ھاتنە دەرەوەو کەوتنە ناو
شەقامەکانەوە.ئەم بریارەی بەعس بە تایبەتی لە شاری رانیە زۆر بری
نەکردو خەڵکی ئازادیخوازی رانیە یەکسەر رۆژی 5-3-91بە راپەرین وەڵامیان
دایەوە.وە لەو ڕۆژەوە ئیتر رانیە بووە دەروازەی راپەرین و بە ماوەیەکی
کەم تەواوی سەربازگەو موڵگەکانی رژێم دەستیان بەسەردا گیرا. سەربازو
چەکدارەکانی رژێم یان ھەڵدەھاتن یان خۆیان دەدا بە دەستەوەو دەکوژران.
ھاوکات چەکو چوڵێکی زۆریش کەوتە دەستی خەڵک . ھەواڵی ئەم راپەرینەی
خەڵکی رانیە وەک ھەورە تریشقە بە ھەموو کورستاندا بڵێسەیداو زیاتر
گیانی بەرگری و ھەڵمەتی کرد بە جەستەی خەڵکیداو خەڵکی راپەریو بۆ
کۆتایی ھێنان بە ستەمی نەتەوایەتی لە دەوری دروشم و خواستی وەدەرنانی
ھێزی سەرکوتگەری بەعس کۆبونەوەو لە ماوەی 3 ھەفتەدا ئەو سوپا زەبەلاحو
درندە سەرکوتگەرەی بەعسیان لە زۆربەی زۆری شاروشارۆچکەکانی کوردستان
وەدەرنا.
ھەڵبەت تا ئەو جێگەیەی پەیوەندی بە یاداشت و یادەوەری منەوە ھەبێت لە
شاری ھەولێر وەک ھەڵسوراوێکی سیاسی و کۆمۆنیست،ئەوەبوو کە ئێمە بەر لە
5-6 ساڵ لەگەڵ دەیان کەسی تر خەریکی پێکھێنانی کۆڕو کومەڵ و ئەلقەو
گروپی چەپی و کۆمۆنیستی بووینو لە ژێر کەریگەری باسە سیاسی و فکری
یەکانی مارکسیسزمی شۆرشگێرو پاشان کومونیزمی کرێکاری مەنسور حیکمە دا
بووین .
ھەڵبەت ئەوەی زیاتر لێرەدا جێگای ئاماژە پێکردن پێت وەک رێکخراوی
کومونیستی لەسەروبەندی راپەرین و دوای راپەرین و روڵیان لەو دەوراندا،
رێکخراوی رەوتی کومونیست و یەکێتی خەباتی کومونیزمی کرێکاری بوون.دیارە
ئەمەی دوەمیان چەند مانگێک پێش راپەرین پێکھات.
بێ گومان جگە لەم دوو رێکخراوەیە کۆر و کۆمەڵ و گروپی چەپی و مارکسیستی
تر ھەبوو، بەڵام لەگەڵ رەوتی راپەرین و رووداوەکانی ئازارو سەرھەڵدانی
بزوتنەوەی شوورایی، کە بزوتنەوەیەکی نو ێ بووو ،بۆ یەکەم جار لە مێژووی
سیاسی کوردستان سەری ھەڵدا،لێک ھەلپێکران و لەم نێوەدا تەنھا رەوتی
کومونیست وەک یەک رێکخراوی مارکسیستی دیار و ناسراو داکوکیکار لە چینی
کرێکار و کومونیزم لە ئاستی کۆمەڵگە خۆی ناساندو مایەوەو بنکەو بارەگای
کردەوەو کەوتە کێشە و ململانێ لەگەڵ حزبە قەومی یەکانکە تا رادەی ھێرش
بو سەر بارەگاکانی رەوت لە لایەن بەرەوە گەییشت.
دیارە پێش راپەرینیش ئەم دوو رێکخراوەیە وەک دوو رێکخراوی چەپ کەم تا
زۆر روڵ و کاریگەری خۆیان ھەبوو لە زەمینە خۆش کردن بۆ راپەرین، بە
تایبەتی لە پێکھێنانی کومیتە شۆرشگێرەکانی راپەرین لە شاروشارۆچکەکانی
کوردستان.
بەھەر حاڵ ئەم رێکخراوو گروپانە سەرەرای ھەر ناکۆکی و جیاوازی یەک کە
ھەیان بوو و ،بەڵام ھەمویان لە یەک مەسەلەدا ھاوبەش بوون کە ئەویش
کەوتنە ژێر ھەژمون و کاریگەری ئاسۆی سیاسی و رەھەندە جھانی یەکانی
سەرجەم ئەو رووداوانەوە کە لەو سەروبەندەدا روویان دا.
تا ئەو جێگەیەش دەگەرێتەوە بەو رووداوانەوە لە ھەولێر، سەرەرای بریاری
قەدەغە کردنی ھاتووچۆ، ئێمە ھەر بەیانی زوو لە گەرەکی شۆرشەوە ھاتینە
دەرەوەو سەرەرای ھەرەشەی چەکدارەکانی بەعس، بەڵام ھەتا نزیک بازار
ھاتین. بەم شێوەیە لە زوربەی گەرەکەکانی تری ھەولیر تا نیوەرۆ بە
جەسارەتەوە خەڵک توانیان تەوقی قەدەغەی ھاتوو چۆ بشکێنن و برژێنە ناو
بازارەکانیشەوە.
ھەر ئەو رۆژانە گروپەکەی ئیمە بە ھاوکاری رێکخراوو گروپەکانی تر
توانیمان رێک کەوین لەسەر ئەوەی کە رۆژی 8 مارس بە بۆنەی رۆژی جھانی
ژنانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کۆکەینەوە لە گەرەکی بەلاشاوە ،کە
یەکێکە لە گەرەکە زەحمەتکێشنشینەکانی ھەولیر،و خوپیشاندانێک بەرێ بخەین
و نزیک بە 100-150 کەس بەشدار بوون لەو خوپیشاندانە نارەزایەتی یەدا.
لەوێدا خوپیشاندەران دروشمی دژی بەعسیان دەداو ھانی خەڵکیان دەدا تا
بێنە دەرەوەو بەشدار بن لە راپەڕین بۆ وەدەرنانی سوپای سەرکوتگەری رژێم.
وە ھەرلەو کاتەدا چەکدارێکی جەیشی شەعبی کە کەلەشینکوفێکی پێ بوو بەرەو
خوپیشاندەران ھات و ھەرەشەی لێکردن و بە خەڵکەکەی ووت ئەگەر بڵاوە
نەکەن ئەوە تەقەیان لێدەکاتو بانگی چەکداری تر دەکات تا خۆپیشاندەران
سەرکوت بکات.خۆپیشاندەرانیش گوێیان پێ نەداو ئەویش دەستی کرد بە تەقە
بەسەر خەڵکەکەدا و تا خەڵکەکە بترسێنێ و بڵاوە بکەن .بەڵام کەسێکێ
نەناسراو لە لایەکەوە تەقەی لەو چەکدارە جەیشی شەعبی یە کردو کوشتی و
پاشان چەکەکشیان برد .لە ئاکامدا خەڵکەکەش بڵاوەیان کردو ھەر داوی
کەمێک ئەو ناوە پر بوو لە چەکداری رژێم .
یەکیکی تر لەو خۆپیشاندانە گرینگانەی دوای ھەشتی مارس ئەوەی شارۆچکەی
خەبات و بەردەم پارێزگای ھەولێر بوو کە تیایدا چەند کەس لە
خۆپیشاندەران دەسگیرکراو کەسێکیش لەبەردم پارێزگای ھەولێر کوژرا لە
لایەن چەکدارەکانی ئامر فەوجی خەفیفەی ناسراو بە مامەند قەشقەیی . ئەو
کاتە مامەند قەشقەیی لەبەردەم پارێزگا ھەرەشەی لە خەڵکی ھەولێر دەکرد
کە ئەگەر راپەرن ئەوە دەست ناپارێزێ لە کوشتنی خەڵکی.ھەروەک چۆن ئەمرۆ
نەوزاد ھادی پارێزگارو بەرێوەبەری ئاساییش ھەرەشەی سەرکوتی خەلک دەکەن
ئەگەر نارەزایەتی دەربرن لەبەرامبەر پارتی. شایانی ئاماژە پێدانە پاشان
ئەو تاوانبارە بوو بە یەکێک لە بەرپرسەکانی پارتی .وە ئێستاش پارتی لە
ھەولێر بە پاڵپشتی ھەموو ئەو تاوانبارە بەکرێگیراوانەی بەعس سەرکوتی
خەڵکی ئازادیخوازی ھەولێر دەکات.
یانزەی ئازار:
بە پێویستی دەزانم لێرەدا ئاماژەیەکی کورت بەم رۆژە بدەم کە لە مێژووی
سیاسی کوردستاندا رۆژێکی دیارو ناسراوە. چ یانزەی ئازاری 1970 وچ
یانزەی ئازاری 1974 و ھەرەھا یانزەی ئازاری 75 .
بارزانی باوک لە بەرواری یەکەمدا رێککەوتن نامەیەکیان لەگەڵ رژێمی بەعس
مور کرد. بە پێی ئەو رێکەتنامەیە دەبوو حوکمی زاتی راستەقینە ،ھەر وەک
حزبە ناسینالێستەکان دەیان ووت، بدرایە بە بارزانی ،و بەشی زۆری
کوردستانیان بکەوتایەتە ژێر دەسەڵاتیانەوە.ئەم رێککەوتنە دەبوو لە
ئازاری 1974 دا بە تەواوی جێبەجێ بکرایەو راگەیەنرایە.بەڵام بە
پێچەوانەی چاوەروانی و ئەندێشەکانی سەرانی جولانەوەی قەومی کورد و
پارتی یەوە رژێم نەک ھەر ئەو خاڵانەی جێبەجێ نەکرد، بەڵکو لە ژێرەوە
لەگەڵ کومەڵێ لە سەرانی تری قەومی کە زور کات لە پاڵ بارزانی دابوون ،رێککەتوو
ھاوکاتیش لە ھەوڵی زەربە لێدان بوون لە بارزانی و جوڵانەوە قەومی و
عەشیرەتی یەکەی بارزانی.بەڵام ئەوەبو لە دوای ساڵێک شەرو کوشتارو ماڵ
وێرانی وئاوارەیی خەڵکی کوردستان و قوڵ بونەوەی زیاتری ستەم و قڵشتی
قەومی نێوان کوردو عەرەب ،بەعس کە لەم شەرە بەھۆی کۆمەکی ئەمریکاو
ئێران بۆ بارزانی، بەرەو شکست دەچو و، ناچار بوو بۆ شکست پێ ھێنانی
بارزانی کرنوش بەرێت بۆ شای ئێران ،و ئیمتیازێکی گەورەی سیاسی بدات بە
شا. بەم شێوەیە لە رژەکانی نزیک یانزەی ئازاری 1975 جوڵانەوەکەی
بارزانی کۆتایی پێھات .ھەروک بوو بە باو لە کوردستان و دەیان ووت
بارزانی ئاشبەتاڵی راگەیاند.
جا لەو کاتەوە تا راپەرینی ئازاری 91 ھەمیشە ئەم میژووەو ناو ھێنانێ
یانزەی ئازارەکان وێنەکانی بارزانی و جولانەوەکەی ،بە سەرکەوتن و
شکستەکانی یەوە، دەھێنایە بەر چاوی خەڵک.بەڵام لە ئازاری نەوەدو یەکەوە
،بە تایبەتی کە لە یانزەی ئازار، شاری ھەولێر راپەری و بەعسیان وەدەرنا،
ئیتر لەو کاتەوە ئەم راپەرینە ئەو ێنەیەی یانزەی ئازاری بارزانی تەواو
لە بیرو ھۆشی خەلکی دا کاڵ کردوە.نەک ھەر ئەمە بەڵکو وانەو ئەزمونێکی
زۆر بە کەڵک کە خەڵک وەریان گرت، سەرەرای ھەر نارۆشنی یەک لە ئاسوو
ئامانج و خواستەکان لە راپەریندا،ئەوەبوو کە ئیتر خەڵک نەک ھەر ترسی لە
بەعس شکا بەڵکوئەو چاوەروانی یەی کە ھەیانبوو لە جوڵانەوەی چەکداری
قەومی ئیتر نەیان ماو جوڵانەوەیەکی جەماوەری نوێ لە کوردستان سەری
ھەڵدا کە جولانەوەیەکی تەواو مەدەنی شاری بوو. تەواو شقلێکی جەماوەری و
ئازادیخوازی و مۆدێرنانەی پێوە دیار بوو وە لە ھەناوی ئەمەشدا
بزووتنەوەی شوورایی سەری ھەلدا کە تا رادەیەکی دیار مۆری نا بە
راپەرینەوەو بووە رەوتی رادیکالیزم لە رووداوکانی ئازاردا.
بە بروای من دەسنیشان کردنی ئەم خاڵە لە ئازاری 1991 و کێشانی ئەم
سنورە سیاسی یە لە نیوان جوڵانەوەی شار و جوڵانەوەی شاخ ،خاڵی
وەرچەرخان بوو لە میژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیەی نەوەدەکانی کوردستان
.
ئێوارەی 10ی ئازار...
ئێوارەی رۆژی دەی مانگ، یانی رۆژیک پێش راپەرین، لە ژیانی ھەموو خەڵکی
شاری ھەولێردا، چ ئەوانەی دژی رژێم بوون ،و چ ئەوانەش لەگەڵ رژێم بوون،
بە یەکێک لە رۆژە پر ھەستیارەکانی مێژووی نۆیی ئەو شارە دادەنرێت.چونکە
لە لایەک ترس و دڵەراوکەو بێ ئومێدی و ھەرەس، باڵی کێشا بوو بەسەر
کەمایەتی یەکی کەمی ئەو شارە کە سەر بە رژێم بوون . لە لایەکی تریشەوە
بەشی زۆری خەڵک پر جۆش و خرۆش و دڵ پر لە ھیواو ئومێد بوون تا بەخەبات
و ھەوڵی خۆیان رژێمی سەرکوتگەر لانی کەم لە ھەولێرو کوردستان دەرپەرێنن
.
ئەو رۆژە تا نیوەشەو زیاتر لە ھەموو رۆژو شەوەکانی تر ئێمە زیاتر
سەرقاڵ بووین و خەریکی نەخشە دانانی چرو پر تر بووین بۆ ھەڵمەت بردن و
داگیرکردنی موڵگەکانی رژێم. لە ھەمان کاتدا گروپمان دیاری کردبوو بو
پێش گرتن بەو سەربازانەی کە لە شارۆچکەکانی ترەوە ھەڵدەھاتن و ئەگەر
چەکیان پێبا لێیان وەردەگرتن. بەڵام لەسەر رێگا شۆرش و کۆیەشەوە کە
زوریان ھەر بە پیادە بوون بێ چەک بوون و خۆیان ھەر زوو لە دژی رژێم
دروشمان دەدا لە ترسی خەڵک .
سەیر لەوەدا بوو ھەموو چەکی ئێمە لەو رۆژەدا تەنھا یەک کەلەشینکوف و
دوو مەخزن بوو کە پر فیشەکیش نەبوون ،لەگەڵ 3 رومانە کە من زیاتر لە
سالێک بوو دەستم کەوتبوو لە ماڵەوە شاردبومەوەو بۆ رۆژێکی وەک ئەو
رۆژگارانە ھەڵمان گرتبوو.
شەو کە تاریک داھات و بێ دەنگ بوو تەنھا لە دەوری سەربازگەکانی رێگای
موسڵ جارجار دەنگی تەقە دەھات. ئێمەش کە کۆمەڵێ ھاورێ بووین و ماڵمان
لە پشت نەخۆشخانەی ولادەی شۆرشەوە بوو تا شەو درەنگ گفتو گۆمان کرد
لەبارەی ھەمو مەسەکانەوەو ھەر خەریکی پلان دانان بویین.بەڵام کاتێک بۆ
ماوەیەک پشومان داو سەرخەوێکمان شکاندو بەرە بەیان لەبەر تەقە خەبەرمان
بوەوە.کاتێ بە پەلە ھاتینە دەرەوە تەماشا دەکەین سەدان کەس رژاونەتە
ناو شەقامەکانەوەو تەنانەت خەڵکی شارۆچکەکانی دەوربەری ھەولێریش دوای
سوپای تێک شکاو کەوتون و شار پر ببو لە چەکدارو تەنانەت چەکدارەکانی
ئەفواج خەفیفەش خۆیان کردە سەنگەری خەلکی راپەریوەوەو ھەڵمەتیان دەبرد
بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی رژێم لە ئەمن و موخابەرات و سەربازگەکان
و..ھتد. ئەمە جگە لەوەی لە چەند لاوە پێشمەرگەش وەک باسیان دەکرد
ھاتبونە ناو شارەوە.دیارە لەو رۆژەدا کەس نەیدەزانی کێ پێشمەرگەیەو کێ
ھەونی یە.بەڵام ئەوەی کە گومانی تیا نەبوو لەو رۆژگارەدا ئەوەبوو کە
رژێم بە ھێزی ملیۆنی جەماوەر لە کوردستان پاک کرایەوە نەک ھێزی
پێشمەرگە .چونکە بە گوتەی خودی سەرانی یەکێتی و پارتی ھێزی پێشمەرگەی
ھەموو حزبەکان لەو کاتەدا کە مابوونەوە نەدەگەییشتە 500 چەکدار.
ئێمەش یەکسەر بەرەو ناوەندی شار ھاتین و لەو ساتەدا ئەو تاکە چەکەشمان
پێ نەبو. چونکە ئەو ھاورێ ێە ئەو شەوە لەگەڵ ئێمە نەبوو. کاتێ ھاتینە
ناو دادگای ھەولێر و پارێزگا ھیچ کەسی تیانەبوو. لە دادگادا تاپرێکمان
دەسکەوت و لەگەڵ خۆمان بردمان ،و بەرەو دائێرەی ئەمن، کە بەرامبەر
بینایەی پەرلەمانی ئێستا بوو. بە سەدان کەس بە ناوەراستی شەقامەکەوە بە
دروشم دان و ھوتاف کێشان بەرەو رووی ئەمن ھەڵمەتمان دەبرد. لە پرێکدا
دەسرێژی گولەیان لێکردین و چەند کەسێک بریندار و کوژران ،و ئێمەش ناچار
داوامان لە خەلکەکە کرد کە لەناوەراستی شەقامەکە نەمێنن و خویان بدەنە
پاڵ دیوارەکانەوەو بچنە ماڵەکانەوە.. کاتێ خۆمان شاردەوە تەقە نەما ،دووبارە
ھەڵمەتمان بردەوە. بەڵام ئەمجارەش ئێمەیان دایەوە بەر دەسرێژ ،و
لەوکاتەدا ژنێک لە تەکمەوە بوو لە ناوەراستی شەقامەکەو داوای جگەرەیەکی
لێکردم و منیش داوای لێبوردنم لێکرد کە پێم نی یە. وە پێم ووت دادە
گیان وەرە پاڵ دیوارەکە ئەوەتا تەقە لە ئێمە دەکەن. ھەر لەو کاتەدا من
رام کرد بۆ پاڵ دیوارەکە و بینیم کە ئەو ژەنە بە لادا ھات و منیش قۆڵیم
گرت و رامکیشا بە دوای خۆما و بینم ھەمو گیانی بووە بە خۆین .رووداوەکە
ئەوەندە بۆم تراژیدی بوو تەنانەت نەم زانی گولە لە کوێی داوە. ھەر
لەوکاتەشدا ئەوەندەم ھەست کرد کە چززەیەکی گەرم بە رانمدا ھات و ھەر
ئەوەندم زانی خۆشم ھێزم تیا نەماو و بەلاداھاتم و ئیتر بینیم خوێن بە
رانمدا دێتە خوارێ تومەز گوللەیەک لە دویی ناوەوە داوێتی لە سەرەوەی
رانم و لە دیوی دەرەوەی رانم دەرپەریوە.بەلام ئەوەی باش بوو کونی
کردبوو و گولەکە تیا نەمابۆوە.ئیتر وردە وردە ھێزم تیا نەماو کەوتمە
نێوان مەرگ و ژیانەوە. لەو چرکە ساتەدا ناچار بووم ئەو ژنە کە تەواو
ھەستم کرد گیانی تیا نەما دەستی بەردەم و رای نەکێشم و فریای خۆم بکەوم
.ھەڵبەت لەو ساتەدا من جگە لە کومەڵی ھاورێم ،خوشکێک و برایەکیشم
لەگەڵم بوون .کاتێ ئەوان زانیان منیش بریندار بوومە ، خێرا باڵیان گرتم
و لە ژێر لێزمەی گوللە رزگاریان کردم و رایان کێشام بۆ پاڵ دیوارەکەو
ئیتر ناچار بوین واز لەو ژنە بێنن کە تەواو بوو.ھەڵبەت یەک دوو رۆژ
دوای ئەوە بیستمانەوە گوایە ئەو ژنە کە تەمەنی لە 55-60 ساڵ دەبوو
خوشکی فارس باوەی بەرپرسی پارتی بووە. بەھەر حاڵ ئەوانەی لەگەڵم بوون
یەکسەر لە دەرگای ماڵێکیان داو نەیان کردەوە. خوشکەکەم زۆر بە تورەیی
کە تاپرە بێ گولەگەی پێ بوو،و بە قەد باڵای خۆی دەبوو، ھەر بە قۆناغی
تاپرەکە ئەوەندەی دا لە دەرگاکە، تا وای لەو ماڵە کرد بێن و دەرگاکە
بکەنەوە لە ترسا.
ھەڵبەت ئەو ساتانە کە مرۆڤ لە نیوان مەگ و ژیاندا دەبێت بیرو مێشکی
مرۆڤ ئەوەندە خێرا شتەکانی رابردوو بەبەرچاویا گوزەر دەکا ، وەک چۆن
فلیمێک زۆر بە خێرایی لێبدەی و تەماشای بکەی، وینەکان ھەموو بە خیرایی
دەرواو باش نایان بینی، ئاواش سەدان و بگرە ھەزاران وینەی جوراو جور
لەو چرکە ساتەدا دێتە بەرچاو .دیارە زیاتر ئەو وێنانەی ژیان کە زۆر
ھەستیارن لە ژیاندا دێنە بەرچاوو گوزەر دەکا.
بەھەر حاڵ یەکسەر کە بردمیانە ئەو ماڵەوەو لە دەرگەی پشتەوەیان بردمانە
دەرەوەو لە کۆڵانی پشتەوە ئەمبولانسێک وەستا بوو و یەکسەر کەسێک ھاتە
دەرەوەو،ووتی سەر بە پزیشکانی بێ سنورم ،من دیارە بە ئاگا بووم و ھاوری
یانیش لەوە سەریان سورما .ھات و تیمارێکی خێرای کردم و پاشان یەکێک لە
ھاورێکان کردمیانە سە شانی و بەرەو شەقامەکەی تەنیشت سینەما سەلاحەدین
رۆییشتین و یەکسەر کردمیانە ناو تەکسە یەکەوەو بردمیان بۆ نەخۆشخانەکەی
شۆرشی پشت ماڵی خۆمان .کاتێ گەیشتمە نەخۆشخانە و لەوێ دکتورێکی ھاورێی
خۆم بنینی،کە ناوی عومەر بوو،یەکسەر ھات بۆ لام .ئەویش جگە لە تەداوی
تەواو ، عیلاجی بۆ نوسیم و وتی باشتر وایە بمێنیتەوە .بەڵام کاتێ چاوم
بەو ھەمو بریندارو کوژراوە کەوت بە حەماسەوە بە ھەمویانم ووت بە ھیچ
شیوەیەک نامینمەوەو پێم ووتن ھاورێ یان من ھیچم لێ نەھاتوە لە چاو ئەو
ئەو خەلکەی ترەوە کە بریندا ببون و برینیان سەخت بوو .ئەوانیش ھەر
یەکسەر کردمیانە سەر عەربانەیەکی نەخۆشخانەکەو گەراینەوە بۆ
ماڵەوە.ئیتر تا چەند رۆژ نەم توانی دەرچم. بەڵام زۆربەی ئەو ھاوریانە
گەرانەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە ھێشتا نەگیرابوون.کاتێ کە ئێوارە گەرانەوە
ووتیان شار ھەمووی لە رژێم پاک کراوەتەوە.ئێتر تا چەند رۆژو ھەفتە
دەیان چیرۆکیان لەسەر زیندان و گرتوخانەکانی رژێم دەگێرایەوەو زۆریان
بە چیرۆکە ئەفسانەیی یەکان دەچون.
بەم شێوەیە و بە پێی ھەواڵە جۆراوجۆرەکان، گوایە لە رزگار کردنی ھەولێر
نزیک بە 100 کەس لە خەڵکی لە لایەن رژیمەوە کوژراوەو سەدانیش بریندار
بوونە.ئەمە جگە لە کوژرانی کەسانی سەر بە رژێم.
ئیتر ھەر ئەو شەوە لەگەڵ ھەموو ئەو ھاوری یانە کۆ بوینەوەو کەوتینە
قسەو باس و دەمان ووت دەبێت چی بکەین ؟؟؟!
دیارە من بە ناچاری تا 15-3 لە ماڵ مامەوەو نەمدەتوانی بە ئاسانی دەرچم.
دەیان ھاوری و ناسیاو دەھاتن بو لام و بەردەوام قسەباس و و گفتوگو بوو
لەسەر ئەوەی پیوستە شتیک بکەین.خەلکێ دەیان پرسیاریان دەکردو بی وەلام
بوون.بسی دەیان و سەدان گیرو گرفت و نەبونیان دەکردو دەیان داواو
خواستیان ھەبوو.بە گشتی خەلک بپیان پرسیار بوو باشە ئەوە بەعس نەماو
رووخا،ئەی کێ جێگەی دەگرێتەوە؟دەبێت چ جۆرە دەولەتێک بێتە سەر
کار؟داواکانی خەلک چۆن و کێ جێبەێی دەکات؟ئاوو کارەبا،کار و
خزمەتگوزاری و خوێندن و دەیان پێویستی تر کێ بەرپرسە لێیان؟
دەیان و سەدان پرسیار دەکرا لە لایەن ئەو خەلکەوە ەب بیرورای
جیاوازەووە کە دەھاتنە لای ئێمە.تەنانەت لە نێوان خوماندا چەندین
پرسیار لەم جۆرانە دەکران .
بەلام لەم کاتەدا تا ئێمە دەستمان بە کار کرد بەرەی کوردستان و
حزبەکانی ھەر لە یەکەم رۆژەکانەوە دەستیان کرد بە بنکەو بارەگا
کردنەوەو خۆیان بە زۆر بە دەسەڵاتداری شار دانا.ئەمە ئیتر لە ھەمو
راپەرین و شورشێکدا وایە کە دەسەڵاتێک رووخاو ھەر لایەنێکی سیاسی ھەوڵ
دەدات خۆی بە خاوەنی دەسەلات بناسێنی و مەشروعیەتی راپەرین و شۆرش و
شورشگێرێتی خۆی نیشان بداو خۆی بە خاوەنی کومەڵگا بزانێ .ئێمە ئەو چەند
رۆژەی سەرەتا نیگەرانیمان واقعیمان ھەبوو.دیارە ھۆکارێکی سەرەکی
لەمەشدا نەبوونی رێکخراوو حزبێکی سیاسی کۆمەلایەتی و رۆشن بوو بۆ ئێمەو
ھەڵخراندنی کۆمۆنیستەکان.
بێگومان ئەو چەند رۆژە قسەمان لەسەر شوراو دەسەڵاتداری شورایی دەکرد و
باسمان لە پێویستی رێکخراوێکێ سیاسی بۆ خۆشمان دەکرد.بەڵام لەگەڵ ھەموو
ئەم دەرک کردنە پێویستەش ملی ئەو کارە جدی یەمان نەدەگرتە بەر.
تا ئەوەبو ئێوارەی 15 مانگ کۆمەڵێ ھاوری لە سلێمانی یەوە بە سەیارەیەکی
سوپەری سپی یەوە ھاتن بۆ ماڵمان و وتیان بە نوێنەرایەتی شووراکانی
سلێمانی ھاتووین. ئیتر ئێمەش ئەو شەوە زۆر خۆش حاڵ بووین و تا نیوە شەو
قسەو باسو گفتوگومان کرد لەسەر شێوازی کردنەوەی بنکەی شوراکان . دیارە
ئێمە ھەر لە رێگای رادیوی ئەو کاتی یەکێتی یەوە ھەواڵی شوراکانمان پێ
گەیشتبوو بەڵام کاتێ ئەوان ھاتن ئیتر ھاندەرێکی زۆر باش بوو بۆ ئێمە.
ئەو شەوە گەییشتینە بریاری ئەوەی کە پێویستە سبەی بە خێرایی بنکەی
سەرەکی شوراکان بکەینەوەو ھەر ئەو شەوە دەیان کەسی تر ئاگادار کرایەوە
تا سبەی ئامادە بێت بۆ کۆبونەوە.سبەی سەعات 7 بەیان بە سەیارەی ئەو
ھاوریانە گەیشتینە لای پارێزگاو یەکسەر دەستمان بەسەر بیناکەی حزبی
سەوری کوردستان،کە سەر بە رژێم بوو، گرت، کە لە تەنیشت پارێزگادا بوو،
بە گەورەیی لێمان نووسی، بنکەی باڵای سەرکردایەتی شووراکانی خەڵکی
شۆرشگێر لە ھەولێرو ئەو ھاوری یانەش مورێکیشیان دروست کردبوو بەو
ناوەوە .
ئەو بەیانی یە تا سەعات نۆ نزیک بە زیاتر لە 200 کەسی چەپ و کومونیست و
ئازادیخواز بە ژن و پیاو کۆ بونەوەو پاشان دەستمان کرد بە قسەو باس.
شایانی باسە کاتی ئێمە ئەو بنکەیەمان کردەوە ھاورێ یانی رەوتی
کۆمۆنیستیش بارەگای رەوتیان کردبۆوەو لە پاڵ قەلاشدا بنکەی شورا
کرێکاری یەکانیان کردبۆەوە.لە راستیدا ئەمە برێ گرێو گۆڵەو سەرە گێژەی
لە بزوتنەوەکەدا پێک ھێنا.دیارە ئەمەش کۆمەڵێ ھۆکارێ خۆی ھەبوو لە
بۆچون و تێروانی نادروست و چەپی ناکۆمەڵایەتی و لەسەرو ھەمویانەوە
نەبوونی یەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری.
لەو کۆبونەوەیەدا من ووتاری دەسپێکم خوێندەوە.لەویدا ویرای ئاماژە دان
بە گرینگی راپەرین و کۆتایی ھاتن بە دەسەڵاتی رژیم و توانایی خەلکی
شورشگیر و بەریوە بردنی کومەڵگا لە لایەن خەڵک خۆیەوە، ئاماژەم بە
گرینگی رێکخراوی شورا و دەسەڵاتداریتی شورایی دابوو .
پاشان چەند ھاوریی تر ووتاریان خویندەوە لەوانە: شەماڵ علی و مام عەلی
و وەستا جەلال و عەبدوڵاو سۆران محمد، بە نوێنەرایەتی شوراکانی سلێمانی
وھیوا جەمیل و جەبار محمدو عوبێد خالدو چەندین ھاروێی تر،کە بە داخەوە
رەنگە ناوی زۆریانم لەبیر نەبێت .ئەمە جگە لەوەی کەسانێک ئەمرۆ لەم
بزوتنەوە دوور کەووتونەوەو وازیان ھێناوە بەھەر ھۆیەکەوە بێت و خۆیان
ئازادن ،رەنگە رازی نەبن لو پێویست نەکات ناوی یان بێنیم.
پاشان دەرگای گفتو گۆمان بۆ ئامادە بوان کردەوە و ئامادەبوانیش زۆر بە
گەرم و گوری دەیان کەس بەشداریان کرد.
بە شێوەیەکی گشتی زۆر خۆشحاڵ بوون بەو کۆبونەوەیەو بەرێ خستنی
بزوتنەوەی شورایی و دەسەڵاتداری شورایی خەڵکی شۆرشگێر.ئەو رۆژە تا
ئێوارە ئیتر ئەو بنکەیە جمەی دەھات لە خەڵک.خەڵکی ھەر داھات و دەچوو.
جۆرەھا چاوەروانی و داواو خواستیان ھەبوو.ھەر دوای ئەو ئەوقسەو باسانە
داوامان کرد لەو خەڵکە برۆن و بنکەی شوراکان لە گەرەکەکان بکەنەوەو
بەیانی وەرنەوە.
ئێتر ئەو رۆژە و تەواوی ئەو رۆژگارانە نەمان دەزانی خواردنو خواردنەوەو
ماندوو بون چی یە.من ھەر برینم لەبیر چوەوەو تەنانەت تا 31-3 کە رۆژی
ھێرشی رژێمو گرتنەوەی ھەولێر و ئاوارەیی بوو ئەو برینەم تەداوی
نەکردەوە.بەردوامیش لەسەری دەرۆیشتم و گوێم بە ئازاریش نەدەدا.تا دوای
ئاوارەیی لە شارۆچکەی سۆران گیرساینەوەو ئیتر خوێن لە رام دەچۆراو چوین
بو نەخۆشخانەی سورانو دکتۆرەکان پییان ووتم ئەگەر لەسەری برۆی تووشی
گرفتی گەورەت دەکات . بۆیە دەبێت ھەموو رۆژێک بێێیت بو چارەسەر.
وەک ووتم ئەو رۆژە تا ئێوارە لەو بنکەیە بووین و پاشان من و ژمارەێەک
لە ھاوری یان ھاتینەوە ماڵی ئێمە . بەشێکیان لە بنکەکە مانەوەو بۆ
بەیانی دووبارە سەدان کەس سەردانی بنکەکەیان دەکرد .بەم شێوەیە تا 21
مانگ زیاتر لە 50 بنکەی شوراکان لە گەرەکان کرایەوەو دەیانیان
کۆبونەوەی گشتی چەند ھەزار کەسی تیادا کرا کە خەڵکی گەرەکەکان بە پیاوو
ژەنەوە، بە پیر و لاوە لە 18 ساڵی بەرەو ژوور بەشداری کۆبونەوەکانیان
دەکرد.
ھاوری یان، بەھۆی برینەکەمەوە داوایان لێکردم کە من زیاتر لە بنکە
بمێنمەوەو سەردانی گەرەکەکان کەمتر بکەم . بەڵام تەنیا کۆبونەوەیەکی
گشتی کە تیا بەشدار بووم و یەکەم کوبونەوە بوو کوبونەوەی گشتی کارگەی
جگەرەی ھەولێر بوو کە لە قوتابخانەی خانوەکانی کارگەی جگەرە سازدرا کە
زۆربەی ھەرە زۆری کرێکارەکان بە ژن وپیاوەوە بەشدا بوون تیایدا.زیاتر
لە 2 سەعات قسەوباس کراو داواکرا کە کە کوبونەوەی داھاتوو ئەو خەلکە
نوێنەرانی خۆیان ھەلبژێرن وتیا بەشدار بن لە کۆبونەوەی سەراسەری
نوێنەرانی شار.
شایانی ئاماژە پێکردنە کە ھاور ێ یانی فراکسیۆنی کۆمۆنیزمی کرێکاری ناو
حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی ئەوکات رۆڵ و کاریگەری بەرچاویان بوو لە دەسبردن
بۆ ئەم بزوتنەوەیە لە ھەموو روویەکی سیاسی و عەمەلی یەوە.بە تایبەتی
ئەوان لە زۆر رووە رۆشنترو بە ئەزمون تر بوون لە سازدانی کۆبونەوە گشتی
یەکانی ناوەندە کرێکاری یەکانی گەرەکان و تاقی کردنەوەی شۆرشی 79 یان
ھەبوو لەبارەی بزوتنەوەی شورایی یەوە.ھەر لەم بارەوە رۆژی 22-3 ھاوری
یان رەحمان حسێنزادەو محەمەدی فەتاحی و موزەفەری محەمەدی و کۆمەڵێ
ھاورێی تر سەردانی ھەولێریان کردو چاومان پێیان کەوتو شەوێک مانەوەو
گفتوگۆی زۆرمان کرد لەگەڵیان و ھاتنیان و کۆبونەوەیان لەگەڵ ئێمە زۆر
سودمەند بوو.
رۆژی 21ی مانگ کە رۆژی نەورۆز بوو ھەوال گەیشت کە کەرکوک ئازاد
کراوە.ئێمەش ئێوارەی ئەو رۆژە لەبەردەرکی پاریزگا لەگەل ھاوری یانی
شوراکرێکاری یەکان و رەوتی کۆمۆنیست ئاھەنگێکیان گیراو کۆمەلێ لە ھاورێ
یان قسەوباسیان کردو ھەزاران کەس کۆبونەوە.
رۆژی 27-3 بانگەوازی کوبونەوەی گشتی نوێنەرانی شوراکان کرا لە بنکەی
سەرەکی تا کۆمیتەیەکی رابەری سەراسەری شوراکان ھەڵبژێردرێ.
لە کۆبونەوەی 27 مانگ زیاتر لە 250 کەس لە پیاو ژن لەسەرو 18 ساڵەوە بە
نوێنەرایەتی زوربەی گەرەکەکانی ھەولێرو ناوەندەکانی کارکردن و
فەرمانگەکان بەشداری کۆبونەوەکە بوون . لەوێدا کومیتەیەک بۆ رابەری
ھەڵبژێردراو ئەو کۆمیتە کاتی یەی یەکەم رۆژ ھەڵوەشایەوە.وە ھەر لەو
کۆبەنەوەیەدا دوای چەند سەعات لە گفتوگۆ دەیان بریارو بریارنامە دەرکرا
.ھاوکات دەستەیەکی کارگێریش ھەڵبژێردرا لە 25 کەس و ئەوانیش لە نیوان
خۆیان کاریان دابەش کرد.بەم شێوەیە تا 31مانگ کە رژێم ھێرشی کردە سەر
ھەولێر شوراکان بەردەوام بوون لە کاروبارەکانیان و دەستیان دەبرد بۆ
چارەسەری دەیان کیشەو گیرو گرفت .
رۆژی 30 مانگیش چەند کەس بە نوێنەرایەتی شوراکانی ھەولێر سەردانی
سلێمانی و کەرکوکیان کرد تا لەگەل نوێنەرانی شورای ئەو شارانە کوببنەوە
بو پێکھێنانی کۆمیتەی سەراسەری شوراکانی کوردستان.بەلام ئیتر ئەوەبوو
پێش ئەوەی ئەو ھاورێیانە بگەرێنەوە، ھەولێر لە لایەن رژێمەوە گیرایەوە.
بەلام رووداوێکی تری گرینگ لە 30 مانگدا ئەوەبو ، کە 3 کەس کە سەر
بەبەرە بوون و ئێمە پەیوەندی کومەلایەتیمان لەگەڵیان ھەبوو ھاتنە لامان
و ئاگاداریان کردینەوە کە بەرە کۆبونەوەیان کردوەو بریاریان داوە
لەبارەی بە زۆر داخستنی بنکەی شوراکانەوە .ئێمەش پێمان وتن کە
بەبەرپرسانی بەرە بڵێن کە ھێز نی یە بنکە بە ئێمە دابخات ئەگەر بەسەر
لاشەکانیشماندا برۆن .ئیتر لەو رۆژەوە زیاتر ئامادەباشیمان وەرگرت
بەرامبەر ھەرەشەی بەرەی کوردستانی.
دیارە ئەم ھەرەشەیەی بەرە لە دوای ئەو ھێرشانەی بەرە بوو کە لە سلێمانی
کردیانە سەر شوراکان و بە زەبری چەک دەیانویست شوراکان دابخەن.
بێگومان سەرانی بەرەو حزبەکانی لەسەرەتاوە بە تەواوی نەیان دەزانی کە
ئاسۆو ئامانجی ئەم بزوتنەوەو رێکخراوەیە چی یە. ھەروەک دامەزراوەو
رێکخراوێکی ریفۆرمیستی سادە سەیریان دەکردو بۆیان زۆر مەترسی نەبوو.
بەڵام کاتێ رۆژبەرۆژ شوراکان گەشەیان دەکردو خەڵک لە دەووریان کۆ
دەبونەوەو خەریکی بریوەبردنی کومەڵگا بوون و سیماو کارەکتەرەکانی
دەسەڵاتدارێتی جەماوەری یان تیا دەردەکەوێت و ھێزی چەکرداری ھەیەو لە
ژێرەوەو لە ناو گەرەک و جەماوەردا رەگ دادەکوتێ و لەسەرەوەش لە بنکەی
سەرەکی رۆژ بە رۆژ بریارنامەی سیاسی و کومەلایەتی و ئابووری سەبارەت بە
مافو ئازدی یەکانی خەلک دەردەکات ودروشمی ،شورا ئامرازی خەباتە، شورا
ئامرازی دەسەڵاتە،بەرزکردبۆوە، ئیتر بە تەواوی بۆیان رۆشن بویەوە کە
ئەمە بزوتنەوەیەکی سیاسی کومەلایەتی تەواو جیاوازو مەترسی ھەیە بو
دەسەڵاتیان. بویە ئیتر بۆیان تەحەمول نەکراو بریاری ھەڵوەشانەوەیان داو
ئەمەیان بە ئاشکرا لە رادێوکەیانەوە بە دەنگی فەرھاد سەنگاوی
راگەیاند،و وتیان کە شوراکانی ھەڵوەشاوەتەوەو کەس بۆ ھیچ کاروباریک
نەگەرێتەوە بۆ لایان. بە پێچەوانەی سەرەتای رۆژگارەکانی سەرەتایی
راپەرینەوە کە بانگەوازیان دەکرد، کە خەلکی ھەر کاروباریکیان ھەیە،
یاخود ھەر کەرەسەو دامودەزگایەکی دەوڵەتیان بردوە، بێگێرنەوە بۆ بنکەی
شوراکان.
بەم شیوەیە لە دوا رۆژەکانی مانگی ئازاریشەوە کێشەوململانێکانی نێوان
ئەم دوو بزوتنەوەیە، یانی بزوتنەوەی بۆرژوا قەومی و بزوتنەوەی کرێکاری
و کۆمۆنیستی نیشان دەدا بە تەواوی دەرکەوتن و خەڵکی ھەولیر لە دوای
دەرپەراندنی بەعس ئیتر شایەدی ئەم کێشمەکێشە بوون.
دیارە ھەر لەو رۆژگارانە ھەڵسوراوانی بزوتنەوەی شورایی جگە لە چەکدار
کردنی ئەندامانی شورای گەرەکەکان و بنکەی شورای سەرەکی و رێکخستنییان
لەسەر شێوازکی نوی و ھەڵبژاردنی بەرپرسی چەکداری، دەستیان بۆ چەندین
شێوازی تری رێکخراوی جەماوەری برد. بۆ نمونە ھەوڵیان دەدا بۆ پێکھێنانی
رێکخراوی شورشگێری ژنانی کوردستان و یەکەم کۆبونەوەش لە 20-3 لە بنکەی
شوراکان بە ئامادەبونی زیاتر لە 25 ھەڵسوراوی یەکسانی خوازی ژنان وەک
دەستەی دەمەزرێنەر کۆ بونەوە.
رۆژێ 31ی ئازار...
رۆژی 30 ئازار ئیتر ئەوە بۆ خەڵک روون بووەوە کە رژێم ھەندێ ناوچەی
ئازاد کراوی گرتوتەوە .وەک کەرکوک و خەڵکەکەش ئاوارە بوبون و ھێزیشی کۆ
کردبوە بۆ گرتنی ھەولێریش .لە ھەمان کاتدا پاشماوەکانی رژێم لە ناو
شاری ھەولێریش پەیتا پەیتا لێرەو لەوی گرفتیان بو خەڵک دروست دەکردو
پروپاگەندەیان دەکرد کە ئەوە سەربازانی رژێم لە دەوری شارن. بەم شێوەیە
شەوی 30-31 تەقە لەناو شار دەستی پێکردو ئەو شەوە چەندین کەس سەردانی
بنکەی سەرەکی شورایان کرد کە چەند جار سەیارەی بەرازیلی سورو سپیان
دیوەوەو تەقەیان لە بنکەو بارەگاکان کردوە.
ھەر ئەو شەوە زۆربەی کۆمیتەی باڵای شوراکان لە بنکە کۆبونەوەو بریاری
بەرگری یاندا.
ئەو شەوە دوای نیوە شەو ئیتر بە ئاشکرا تەقە دەستی پێکرد. کاتێ رۆژ
بووەوە ئیتر ھێزی حەرەس جمھوری لە دەوری شار بوو.
بەیانی سەعات حەوت سکرتێری کۆمیتەی باڵاو من بە سەیارەیەکی بەرازیلی بۆ
گفتوگۆ دوای ئەوەی ھەرەشەشیان کردبوو،بەلام ئێمە ھەر سەردانی بارەگای
سەرەکی بەرەمان کرد و سەرەرای ھەر کێشەو گرفتێک لە نێوانمان لەگەڵ
کوسرەت رەسوڵ و سەرباز، کە بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی بوو، باسی
بەرگریمان کرد .ئەوانیش وتیان بەرە لە ھەمو قوڵەکانەوە خەریکی بەرگری
یەو ئێوەش بچن لە قۆڵی مەخمورەوە بەرگری بکەن.چونکە ئەو قۆڵە پێویستی
بە ھێزی زۆرە.بەلام دوای بۆمان روون بووەوە کە ئەوە فێڵێکە لە شوراکانی
دەکەن و دەیانەویت ببینە قوربانی و پاشان ھەرواش دەرچوو.
بەم شێوەیە بەرپرسی گشتی چەکداری شوراکان چەکدارێکی زۆری کۆکردەوەو
بەڵام لەسەر رێگای مەخمور تووشی بەرەنگاری حەرەس جمھوری بوون و ئەوانیش
لە کوچەو کولانەکانی کوران کەوتبونە بەرگری. وە بە حوکمی ئەوەی کە رژێم
بە ھێزێکی گەورەو بە پاڵشتی دەبابە و کۆپتەرو تەیارە ھێرشی کردبوو،
ئیتر بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو سوپا گەورە پر چەکەی رژێم بێ سود بوو.
بەم شێوەیە تا نیوەرۆ سوپای رژێم تا ناوەراستی شار ھاتو و داگیری
کرد.لە ھەمان کاتیشدا خەڵکی لە ژێر تۆپبارانی دەبابەو توپو تەیارەو
کۆپتەر رووویان لە دەرەوەی شار کرد.جا چ بەرەو رێگای کۆیەو چ بەرەو
رێگای مەسیف و گوندەکانی دەوروبەری ھەولێر وەک بەحرەکەو ئەوانی تر.
ئەو رۆژە دەیەھا کەس کوژرانو سەدەھا بریندار بوون.بەڵام ئەوەی جێگای
سەرنجی خەڵک بوو لەم نێوەدا ئەوەبوو کە سەرانی بەرە بە ئاشکراو بە بێ
بەرگری ھەڵدەھاتن و خەریکی گوێزانەوەی بنەوبارگەو تالانی یەکانی خۆیان
و ماڵ و مناڵی بوون.
ھەڵبەت خەڵکێکی دڵسۆزی زۆر لەگەڵ ئێمە بەرگری دەکرد. بەلام تاکە لایەنی
سیاسی کە بە ئاشکرا بەرگری دەکرد شوراکان بوون. ھەربۆیە لەو بەرگری
یەدا زیاتر لە چەند ھەڵسوراوی جدی بزوتنەوەکەمان گیانی لە دەسدا لە
گەرەکی عەینکاوە.لەوانە ھاوری یان ھەر سێ برا فەرھاد و رەشادو... کاکە
سور راستگۆ..ھتد کە دوای ئاوارەیەکە ھەر لە عەینکاوە بە جلو بەرگی
خۆیانەوە کردبویاننە ژێر خوڵەوەو پاشان خۆمان دەرمان کردن و زوربەیمان
لە گورستانی شێخ مارف لە ھەولێر لە دوای مانگی ئایارەوە ناشتنەوە.
دیارە ئەو رۆژە کە زۆربەی شار گیرایەوەو سوپا چوار دەوری شاریشی گرتبوو
ئیتر ئێمە دەرچونمان ەب رووناکی زۆر سەخت بوو.بۆیە لە گەرەکی شورش
بەلای رۆژئاوایدا زۆربەمان لە مالی ھاوری ئاراس ماینەوە تا تاریکی
داھات.کاتی بە تەواوی تاریکی داھات بە دوای یەکداو زۆر بە ئاگایی یەوە
کشاین بەرەو دەرەوەی شارو بەردەوامیش تەقەمان لێدەکرا.بە تایبەتی کاتێ
سەعات نزیک نۆی شەو بوو لەسەر گردێکی بچوک لە نزیک بەحرەکە کۆببینەوەو
کۆمەڵی ژن و مناڵمان بینی و وتیان لە ھەولێرەوە رامان کردوە ھەر لەو
کاتەدا سوپای رژێم تەڵقە تەنورەیەکی ھەلداو ئەو ناوەی رۆشن کردەوە ھەر
یەکسەریش ئەو دەورەی ئێمەیان دایە بە گوللەو تۆپ.بەڵام خۆشبەختانە ھیچ
زیانێکی لێمان نەدا.ئیتر بە شەوەو بە منالو چەندین بریندارەوە کەوتینە
رێ بەرەی بەحرەکەو پاچان سوراینەوە بەرەو مەسیف.من بەبرینەکەی خۆمەوە
ناشار بووم جارناجارێک منالان لە کۆڵ بگرم .بەلام لە ھەموی سەختر بۆمان
بریندارێکی سەختی چەکداری ھێزی بروسکی سەر بەیەکێتی بوو،وەی خۆی باسی
دەکرد،لە شەری دوبس بریندار ببوو، ناشار بوین بەردەوام لە کۆڵی بگرین.
ئێتر ئەو شەوە بەردوام بەریوە بوین و بەیانی لەگەل خور کەرتن گەییشتینە
بناری شاخەی مەسیف و بۆ دەمەو نیوەرۆش گەیشتینە مەسیف . وە لەوێش خەلکی
زۆربەی رایان دەکرد.
پاش نیوەرۆژ رژێم لە ھەولیرەوە کەوتە تۆبباران کردنی مەسیف و بەڵام
سەرەرای ئەوەش ئەو شەوە ئێمە ھەر لە مەسیف ماینەوەو لەوێش لەگەڵ دەیان
ھاوری ی تر یەکمان گرتەوە لەوانە ھاوری ئازاد ئارمان بوو.
دوا سەرنج و پەیامی کۆتایی....
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەم ڕاپەرینەی خەڵکی ھەولێر وەک زۆربەی
راپەرینی شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان، سەرەرای خاڵە گرینگ و
بەھێزەکانی ،و خاڵە لاوازی و کەمو کوری یە سیاسی ی کومەڵایەتی یەکانی
،بەڵام وەک پێشتریش ئاماژەم بۆدا، گەورەترین دەرس و تاقی کردنەوە
ئەوەبوو کە ئیتر خەڵک بەو راستی یە گەییشت کە جەماوەری ئازادیخواز
دەتوانی بە ئیرادەی یەکگرتوانەی خۆیان ھەر دەسەڵاتێکی سیاسی نەک ھەر
پاشەکشە پێ بکەن لە پێناوی خواست و ئامانجەکانیان، بەڵکو مومکنە
بیشیروخێنن.ھاوکات دەرسێکی تر بو خەڵک بە گشتی و بزوتنەوەی کرێکاری و
کومونیستی بە تایبەتی، مەسەلەی سەرھەڵدانی بزوتنەوەی شورایی بوو لە ناو
جەرگەی ئەو راپەرینە.وە لێرەوە ئیتر ھەم بۆ خەڵک و ھەم بۆ چینی
بۆرژوازی کوردو حزبە قەومی یەکانی روون بۆوە ، وەک ووتمان، کە
بزوتنەوەیەکی تەواو جیاواز بە خواستو ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و
ئابووری و فەرھەنگی جیاوازەوە سەری ھەڵدا و کەوتە کێشەوململانێ لەگەڵ
حزبە قەومی کانەوە لە زۆر مەیدانەوە.
بەڵام لە ڕوویەکی تریشەوە ھەر چۆن راپەرینی گشتی خەڵک کەوتە ژێر ئاسۆو
ئامانجی ئەو حزبانەوەو سیاسەتەکانی ئەمریکاوە، وەک زۆربەی رووداوە
جھانی یەکانی ئەو دەورانە، ئاواش ئەم ئاسۆ سیاسیانە باڵی کێشا بەسەر
تێروانین و بۆچون و ئاسۆی سیاسی بزوتنەوەی ئێمەشەوە.
وە پەرش و بڵاوی بێ حزبی یەتی بزوتنەوەی کومونیستیش لەم نێوەدا
گەورەترین خاڵی لاواز و کەموکوری بوو .وە ھەر ئەوەش بوو کە خودی
بزوتنەوەی شوراییش ھەر لە سەرەتاوە بەرەو رووی لاوازی و کەموکوری و
بگرە ھەڵەو خۆشباوەری زۆر ھات و تا رادەیەک زۆر پەرش و بڵاوی و بێ
ئینسجامی پێوە دیار بوو .
دیارە ئەمرۆ ئێمە کە دوای بیست ساڵ یادی راپەرین دەکەینەوە لە
کاتێکدایە ئەم یادە ھەر بە راپەرینێکی تر دەکەینەوە بەلام لە
ھەلومەرجێکی ناوخۆیی و ناوچەیی و جھانی زۆر زۆر جیاوازداو تەواو بە
ئیجابی یەوە بە قازانجی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازانەوە.
خەلکی کوردستان بە تەواوی ئەمرۆ دروشم و قسەو بۆچونە سیاسی یەکانی
ئیمەیان بەرامبەر ئەحزابی قەومی زیاتر بو رۆشن بۆتەوە.ھەر بۆیە ئەمرۆ
دوای بیست ساڵ لە دەسەلاتی رەشی ئەمانە،لەسەرکوت و بێکاری بێمافی و
ئاوارەیی و ،دەیان دیاردەی تر، لە سایەی ئەم حزبانەدا ،خەڵک دەستیان
داوەتەوە راپەرین بۆ بەدی ھێنانی خواستە سیاسی و ئابوری و کومەلایەتی
یەکانیان .جا ئەگەر چی ئەم راپەرینەی ئەمرۆ تەنھا ناوچەکانی سلێمانی و
کەرکوکی گرتوتەوەو نزیک بە 3 ھەفتەیە بەدەوامەو دەسەلات سەرەرای ھەر
ھەولێک ناتوانێت کۆتایی پێ بێنێ، بەلام بە داخەوە ئەم راپەرینە ھێشتا
سەراسەری نەبوتەوە بەھۆی سەرکوتی لەرادەبەدەری پارتی بۆ خەڵک لە
شارەکانی ھەولێرو دھۆک و ئەوانی تر.بەڵام بێگومانە کە سەرەرای ھەر
ھەوڵێکی سەرکوتگەرانەی پارتی خەڵکی ئازادیخوازو نارازی بە تایبەتی
نەوەی نوێ ،بە دەسەلاتی دوو دەیەیەی پارتی و یەکێتی ، فرسەت ھەر
دەقۆزنەوە تا راپەرن لە دژی سەرکوت و بێمافی و دکتاتۆریان.
11\3\2011
ماڵپهڕی موزهفهر عهبدوڵا
|