لە بیست و چوار کاتژمێر تەنها سێ کاتژمێر بۆ ژیان. *
ئێمە لە گۆرستانێک دا دەژین .. گۆڕستانێکی تاریک تاریک .. لە هەر بیست و چوار کاتژمێر دا سێ کاتژمێرمان هەیە ، بۆ ژیان بۆ بینین بۆ پیاسە بۆ سەما .. ئێمە خێلی مردووەکانین ، لەم گۆڕتاستانەماندا هەموو شوێنێک تاریکە ، ماڵەکانمان کۆڵانەکانمان شەقامەکانمان گەڕەکەکانمان باخچەکانمان هەموو شوێنێک . لەم مەملەکەتەی ئێمەدا هەموو شتێک ڕەنگی مردنی گرتووە . مردن مردن مردن ... لە بیست و چوار وەرز تەنها سێ وەرزمان هەیە ، بۆ بینین و هەناسەدان و فڕین .. بۆ ئاوێزانبوون و پێکەنین و خەون بینین . باقی کاتژمێرەکانی تر و وەرزەکانی تر و سەدەکانی تر دەبێ بمرین . هەر لەو گۆڕستانەی ئێمەدا ، گەڕەک و شەقام و باخچەی ڕوناک ڕوناکیش هەیە .. ئاسمان و ئەستێرەی ڕوناکیش هەیە . بەڵام ئەم گەڕەک و شەقام و باخچە و ئاسمان و ئەستێرە ڕوناکانە هی ئێمە نین . هی کوێخا و مافیا و جەللاد و سەرکردەکانمانە .. ئەوانەی بە خوێن و کەللەی سەر و مردنەکانی ئێمە گەیشتن بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆیان . ماڵەکەی ئەوان ڕوناکە وەک بەهەشتەکەی خودا .. لە ماڵەکەی ئەواندا پەریەکانی خودا هەمیشە سەمایان بۆ دەکەن و ..... .
لە بیست و چوار کاتژمێر هەر بیست و چوار کاتژمێریان هەیە بۆ بازرگانی و ڕابواردن و ژیان . ئەوان دەڵێن سروشت و زەمەن بۆ ئێمە هاتوونەتە بوون . هەموو شتێکیان لە ئێمە دزیوە ، ڕەنگە جوانەکانی سروشت و تریفەی مانگ و تەنانەت کازێوەی بەیانیانیش . لەم گۆڕستانەی ئێمەدا دوو دنیای جیاواز هەیە زۆر جیاواز . وەک جیاوازییەکانی ، دنیای ( ڕەش و سپی ) و ( ڕوناکی و تاریکی ) . وەک بنیادەمی دوو کیشوەر و دوو ئاسمان و دوو ئەستێرەی جیاواز واین . وەک دوو جەمسەرەکەی باکوور و باشووری دنیای موگناتیس واین . خوێنەرانی خۆشەویست لەم گۆڕستانەی ئێمەدا جیاوازی و شتی لەوە سەیرتریش هەیە . بەڵێ ، ئەوان لەگەڵ ئێمە جیاوازن زۆریش جیاواز .. ئەوان ماڵەکان و گەڕەکەکان و شەقامەکان و ئاسمان و ئەستێرە و بەهەشتەکانیان ڕوناک ڕوناکە .. بەڵام ، بیر و خەون و خەیاڵ و ئەشکەوتی چاوەکانیان تاریک تاریک . ئەوان هەمیشە و لەوەتەی هەن هەر لەگەڵ ئێمە جیاواز بوون .. هەمیشە ڕۆحیان تاریک بووە ، ئومێدەکانیان تاریک بووە ، ویژدانیان تاریک بووە ، هەموو شتێکی مرۆڤانەیان تاریک بووە . لە ماڵە ڕوناکەکانی خۆیان هەر خەریکی ئاهەنگ سازکردنن بۆ مافیا و کوێخاکانی وەک خۆیان . هەر خەریکی کڕنووش بردن و ماچکردنی ڕوومەت و گەردنە ڕەشەکانی مافیا و کوێخاکانی وەک خۆیانن ! . کاتێک پێیان دەڵێین با ماڵەکانی ئێمەش تۆزێک ڕوناک تر بێت ، لەم گۆڕستان و مردنە ڕزگارمان بێت و ئازاد بین .. پێمان دەڵێن ، بێدەنگ بن ( ئەوە خەونی شاعیرانەیە ! ) . کاتێک پێیان دەڵێین ، بۆ ماڵەکانمان وا تاریک بێ . ئەی ئەم هەموو گڕو ڕۆشناییە چیە لە شارەکەی بابە گوڕگوڕمان .. ! ( سەدوچل ) سوێند و قورئانمان بۆ دەخۆن و (سەدوچل ) هەقایەتی مێشەمان بۆ دەڵێن و بە تابووتی ( سەدوچل )ەوە شاری پڕ لە گڕمان دەخەنە نێو گۆڕەوە .
جا لەم گۆڕستانەی ئێمەدا ئەم مانگە مانگی
بیرەوەری و بۆنەکانیشە ، بۆنەکانی وەک ( هەشتی مارس و ڕاپەڕین و یادی
هەلەبجە و جەژنی نەورۆز ) و ... ئینجا لە بیست و چوارکاتژمێر تەنها سێ
کاتژمێرمان هەیە ، بۆ ڕۆشنایی و بۆ هەناسەدان و خەون بینین و بۆ ژیان !
ئاخۆ دەبێ لە مانگەکانی داهاتوودا ، لە بیست و چوار کاتژمێر چەند
کاتژمێرمان پێ ڕەوا ببینن ؟! ڕەنگە هیچ .. هیچ هیچ هیچ . هیچ وەک خەون
و خەیاڵ و بەها مرۆڤایەتیە هیچەکانیان . خوێنەرانی ئازیز و خۆشەویست ،
نامەوێت زیاتر سەرتان بیەشەنم و باسی گەندەلی و مردنەکانی نێو ئەم
گۆڕستانەی خۆمانتان بۆ بکەم نەوەک زیاتر دڵتان پڕ بێت و بڕشێنەوە ..
تەنها شتێکم ماوە حەزدەکەم پێتان بڵێم ئەویش ئەوەیە : ئێمەی مردوو لەم
گۆڕستانەمان گەر بمانەوێت ، ئێمەش وەک مرۆڤ لە بیست و چوار کاتژمێرهەر
بیست و چوار کاتژمێرمان هەبێت بۆ ڕۆشنایی و بۆ بینین و بۆ ژیان .. وا
پێویست دەکات بەر لە بیست و چوار وەرزی تر ئەم مافیا و کوێخا و
بازرگانانی کەللە سەر و ژیان و بوونمان شاربەدەر بکەین . بیاننێرینەوە
نێو ئەشکەوتەکانی کە وەک ئاسمانەکانی نێو خەون و چاوەکانیان تاریکە ،
بڕژێینە سەر شەقامەکان و داوای ڕۆشنایی و ژیان و ئایندەمان بکەین !
لەمە بترازێ ، ڕێگەی ترمان نیە بۆ دەربازبوون .. بۆ ژیان و بۆ ڕۆشنایی
.
|