په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٦\٢٠١٩

لە جیاتی ھەر بندیوارێک خۆبەخشێک دامەزرێنن.


عەلی مەحمود محەمەد  


ماوەیەک لەمەوپێش بەناو خۆ بەخشەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی, لە میانی ناڕەزایەتییەکەیان دوشمی "لە بری ھەر بندیوارێک خۆ بەخشێک دامەزرێنن" یان بەرز کردەوە.

لە کوردستاندا بندیوار پێ ناسێکی لاستیکی ھەیە , زۆر جار ئەو بێوەژنە رەشپۆشە پیاو ئەنفالکراوەی کە بە دەردەسەری و جەفا منداڵەکانی دوای ساڵی ١٩٨٨ بەخێوکرد و بە دیاریانەوە دانیشت و پرچی سپیکرد, تا دەگاتە پێشمەرگەیەک دێرینی بەشدار لە خەباتی چەکداری کە ھەر چرکە ساتێکی ژیانی بۆخۆی تراژیدایەک بووە , یان ئەو بەردەستەی لە گوندێکی لادەست مانگانە بە ١٤٠ ھەزار دینار لە نەخۆشخانەیەک یان مزگەوتێک یاخود قوتابخانەیەک دامەزراوەو دەوام ناکات, تا دەگاتە ئەو ئەفسەرو پلە دارانەی تەواوی نێرینەی خزم و عێلی بە چەکدار نووسیوەو مانگانە موچەیەکی باش وەردەگرن و دەوامیش ناکەن, ھەموو ئەمانە زۆر جار بە یەک پێوەر بە بن دیوار دێنە ژماردن.

خۆبەخشیش کەسانێکن بێ ئەوەی کەس داوایان لێبکات ئەرکێک دەگرنە ئەستۆ بۆ خزمەتی چین و توێژێکی کۆمەڵگا, ئەمانە تا ئەوکاتە خۆبەخشن کە کارەکەیان تێکەڵ بە خۆژیاندن و بە دەست ھێنانی مادی نەبێت, کە لە بەرامبەر کارەکەیان موچەو پاداشتییان وەرگرت نابنە خۆبەخش.

لەم دروشمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم خۆبەخشانە لە بنەچەدا خۆبەخش نەبوونەو بە ھەڵە ئەو ناوەیان ھەڵگرتوە یان لە خۆ ناوە, بەڵکە ئەمانە کرێکار یان فەرمانبەری عەقدن , بۆ ئەوە بە ئیمتیازاتی کەم کارە کەن تا ھەلێکیان بۆ رێک بکەوێت دابمەزرێن, ئەمەش مافێکی شەرعی و رەوای خۆیانە و دەبێت مکوڕ بن لە داواکارییەکەیان وەلێ لە ھەمبەر نانبڕاو کردنی کەسی دی نا, کەسی خۆبەخش بێ ھیچ چاوەڕوانی و پاداشتێک کارەکانی دەکات و ناھێڵێت ئەوکارە ببێتە سەرچاوەی دەستکەوتی ئابووری .

کەواتە ئەم بەڕێزانە لە بنەڕەتەوە خۆ بەخش نین , وەلێ مافی خۆیانە دابمەزرێن و ئەو داوایە بکەن ,یان لە داھاتی کوردستان پشکێکیان بەر بکەوێت, بە پێی دابەشکردنێکی دادپەروەرانە, بە بڕینەوەی موچەی بنەڕەتی بۆ ھەمو تاکێکی بێکار یان ھەژاری کۆمەڵگا, یاخود دامەزراندن لە پێناو بە سفر کردنی ھەژاری لە کوردستان , واتا دامەزراندن لە کەرتی گشتی بە خاڵ بێت و لە پێناو بە سفر کردنی ھەژاری بێت و ھەموو کۆمەڵگا بەھرەمەند بێت لە کاری کەرتی گشتی , ھاوکات جێی خۆیەتی داوا بکرێت ئەوەی موچەی بۆ بڕاوەتەوە لە بڕی موچەکەی کارێک بکات, با ھەموو بەھرەمەند بین بە یەکسانی لە داھاتی وڵات.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک