په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

لێدوانی ناوه‌ندی چاک

له‌ دووهه‌مین کۆنفرانسی ڕۆژنامه‌نووسی سه‌باره‌ت به‌ دادگایی تاوانبارانی ئه‌نفال.


میوانه‌ به‌ڕێزه‌کان،که‌سوکاری قوربانیان
خوشکان برایان
نوێنه‌ری که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن


تاوانی ئه‌نفال که‌ نزیک 200 ڕۆژی خایاند و له‌ جه‌رگه‌یدا ڕۆژانه‌ نزیک 1000 هاووڵاتی سڤیلی کورد له‌ ژن و مناڵ و پیر و په‌ککه‌وته‌ بوونه‌ قوربانی ، تاوانێک بوو به‌ موو له‌ تاوانی هۆلۆکۆست و کۆمه‌ڵکوژی ئه‌رمه‌نییه‌کان جیاواز نه‌بوو ، ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ به‌عس ئه‌نجامده‌رێتی جگه‌ له‌و 7 تاوانباره‌ی له‌ خولی یه‌که‌می دادگایی تاوانباران وه‌ک تاوانکاری سه‌ره‌کی دادگاییکران ، له‌ پاڵیاندا 421 تاوانباری دیکه‌ وه‌کو تاوانبار ناویان هاته‌وه‌ ، که‌ 264 له‌وانه‌ کوردن و به‌شێکی زۆریان هه‌ر ئێستا له‌سه‌ر خاکی ئه‌و نیشتمانه‌ی که‌ خه‌ڵکیان له‌سه‌ری ئه‌نفال کرد ده‌ژێن ، که‌ به‌شێک زۆر له‌وانه‌ له‌ ترسی بڕیاره‌کانی دادگا پارساڵ کوردستانیان به‌جێهێشت ، وه‌لێ که‌ زانیان دادگا له‌ ئاستیانا بێده‌نگه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد پشتیوانیانن ، ئه‌وا هه‌موو گه‌ڕانه‌وه‌ کوردستان و به‌ ئیمتیازاته‌وه‌ ئێستا له‌ناو که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان ده‌ژێن ، دیاره‌ که‌سانێکی زۆری دیکه‌ گلاونه‌ته‌ ئه‌و تاوانه‌وه‌ و ناویان له‌و لیسته‌دا نه‌هاتووه‌ ، به‌هۆی تۆمارنه‌کردنی سکاڵا له‌ سه‌ریان (( ترسی که‌سوکاری قوربانیان لێیان و نه‌مانی ئه‌ندامانی خێزانی قوربانیان و بێئاگایی که‌سوکاریان له‌ تۆمارکردنی سکاڵا )) ، هه‌ر بۆیه‌ ناوی ئه‌وان له‌ لیستی تاوانکاراندا نه‌بوو .


تێپه‌ڕبوونی 16 مانگ به‌سه‌ر ده‌رچوونی بڕیاری دادگاو جێبه‌جێنه‌کردنی بڕیاره‌کانی تاکو ئه‌م چرکه‌ ساته‌ ، که‌لێنێکی گه‌وره‌ی سسته‌می دادوه‌ری و پرۆسه‌ی سیاسییه‌ له‌م وڵاته‌ ، سه‌لماندی له‌م وڵاته‌ سیاسییه‌کان بڕیارده‌رن له‌هه‌موو شتێکدا نه‌ک دادگا و که‌سوکاری قوربانیان و ئه‌وانیش ئاماده‌ن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان خۆیان سازش به‌ هه‌موو شتێکه‌وه‌ بکه‌ن ته‌نانه‌ت قوربانییه‌کانی لایه‌نه‌که‌یان و خێزانه‌که‌شیان .... .


ئێمه‌ لێره‌و وه‌کو سه‌دان و هه‌زاران جاری دیکه‌ باسی مه‌غدوری و بێمافی و برسێتی خۆمان ناهێنینه‌وه‌ به‌ر باس ، باسی ئه‌وه‌ ناکه‌ینه‌وه‌ ئه‌م 17 ساڵه‌ چ ژیانێکی تاڵمان هه‌بووه‌و جیاوازی داهاتمان له‌گه‌ڵ تاوانکاران زه‌وی و ئاسمانه‌ ، باسی ڕۆژه‌ تاڵه‌کانی مه‌رگه‌ساتی سه‌ختی ژیان و سوکایه‌تییه‌کان بۆ ئێوه‌ی وه‌کو جاره‌کانی دیکه‌ ناگێڕینه‌وه‌ ، به‌ڵکه‌ کۆمه‌ڵێک داخواز و داواکاری خۆمان ڕوو له‌ ڕای گشتی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان تایبه‌ت به‌ دادگایی تاوانبارانی ئه‌نفالکردنی که‌سوکاره‌کانمان ڕاده‌گه‌یه‌نین ، که‌ به‌شێکیان بریتین :


1- داواکارین سزای سه‌پاو به‌سه‌ر تاوانکارانی ئه‌نفال " عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید و پێنج هاوکاره‌که‌ی " به‌ زوترین کات بسه‌پێنرێت ، سیاسییه‌کان ده‌ست له‌ گه‌مه‌کردن به‌ مافه‌کانی قوربانیان هه‌ڵبگرن .
2- ئه‌و تاوانکارانه‌ی ناویان له‌ لیستی تاوانباران هاتۆته‌وه‌ و ژماره‌یان 421 که‌سه‌ ، دادگایی بکرێن ، هه‌موو مافێکی تاوانباران بۆ داکۆکیکردن له‌ خۆ پارێزراو بێت ، ته‌نها دادگایه‌ ده‌توانێت تاوانباری و بێتاوانی ئه‌و که‌سانه‌ دیاری بکات .
3- داواکارین دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ زووترین کاتدا ، لیستی ناوی تاوانکاران بداته‌ پۆلیسی نێۆده‌وڵه‌تی ( ئه‌نترپۆل) بۆ گرتنیان و دادگاییکردنیان ، مخابن ده‌بوایه‌ تاکو ئێستا ئه‌مه‌ بکرابایه‌ .
4- ژماره‌یه‌ک به‌رچاو له‌و تاوانکارانه‌ له‌ وڵاتی بیانی ده‌ژێن و ناسنامه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یان هه‌یه‌ ، پێویسته‌ دادگای باڵای تاوانه‌کان هاوکاری ڕێکخراوه‌ کوردییه‌کان و دادگای ئه‌و وڵاتانه‌ بێت بۆ به‌ دادگایی گه‌یاندنی ئه‌و تاوانکارانه‌ ، دیاره‌ دادگیکردنی ئه‌و تاوانبارانه‌ له‌و وڵاتانه‌ هه‌نگاوێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ جیهان ناساندنی کۆمه‌ڵکوژی کوردان .
5- داواکارین دادگاکانی کوردستان ، سکاڵای که‌سوکاری قوربانیان له‌ تاوانکاران به‌ جدی وه‌ربگرن ، مافی که‌سوکاری قوربانیان پێشێل نه‌که‌ن ، وه‌کو ئێستا په‌یره‌و کراوه‌ .
6- وزاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان کارکردن له‌سه‌ر دادگاییکردنی سه‌رجه‌م تاوانکاران به‌ بێ جیاوازی به‌ کاری خۆی بزانێت ، هاونگاو هه‌ڵبهێنێته‌وه‌ بۆ پشتیوانیکردن له‌م داخوازانه‌ ، ئه‌گه‌ریش نا ، ئه‌وا ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی که‌سوکاری قوربانیان بکات .
7- داواکارین له‌ هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان :
1- داڵده‌ی تاوانبارانی ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژی کورد نه‌ده‌ن و ده‌ست له‌م کاره‌ قێزه‌ونه‌ هه‌ڵبگرن ، که‌ ئێستا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و تاوانکارانه‌یان لای خۆیان حه‌واندۆته‌وه‌ .
2- داموده‌زگا حکوومی و حیزبی و سه‌ربازییه‌کان له‌ تاوانکارانی کۆمه‌ڵکوژی کورد پاککبکه‌نه‌وه‌ ، که‌ ئێستا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و تاوانکارانه‌ له‌ ده‌زگا سه‌ربازی و حکوومییه‌ هه‌ستیاره‌کاندان و به‌رپرسیارێتیان هه‌یه‌ .
3- هیچکه‌ فشاری جۆراوجۆر نه‌خه‌نه‌ سه‌ر که‌سوکاری قوربانیان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ مافه‌کانیان هه‌ڵبگرن ، که‌ هه‌ر ئێستا به‌هۆی ئه‌و فشاره‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ که‌سوکاری قوربانیان نه‌یانتوانی ئاماده‌ بن .
4- هه‌ر ئیمتیازاتێک داویانه‌ به‌ تاوانکاران بیبڕن ، له‌ مانگانه‌ی جۆراوجۆر و دابینکردنی حیمایه‌ و .....
5- داواکارین لیستی شه‌هیدان و قوربانیانی کۆمه‌ڵکوژی و زیندانیانی سیاسی و پێِشمه‌رگه‌ی دێرین شه‌فاف بێت و له‌ ناوی تاوانکاران پاکبکرێته‌وه‌ ، ئه‌و ناوانه‌شی تاکو ئێستا سڕاونه‌ته‌وه‌ ئاشکرا بکرێن ، له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌و که‌سو لایه‌نه‌ی به‌و کاره‌ قێزه‌ونه‌ هه‌ڵستاوه‌ .


هه روها داواکارین حکوومه تى ئیراقى له‌نزیکترین ده‌رفه‌تدا په‌یماننامه‌ی ڕۆما واژۆ بکه‌ن و دان به‌ دادگای تاوانی نێونه‌ته‌وه‌ی بنێن (ICC).


ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌شێکن له‌ داخوازه‌کانی ئێمه‌ ، به‌شێک له‌م خاڵانه‌ چه‌ندین جاری دیکه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م 17 ساڵه‌ی ڕابردوو داوامان کردووه‌ ، تاکو لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌کانی کوردستان له‌ ئاست داخوازه‌کانی ئێمه‌ ئاوا بێده‌ربه‌ست بن ، ساڵانێکی زۆری دیکه‌ش له‌ داهاتوو داوایان ده‌که‌ینه‌وه‌ ، وه‌لێ کۆڵ ناده‌ین تاکو به‌ده‌ستیان نه‌هێنین ، هه‌موو کات سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌ق و مه‌زڵومانه‌ ، بۆیه‌ش ڕاپێچانی سه‌رجه‌م تاوانکاران بۆ به‌رده‌م دادگا به‌ کارێکی حه‌تمی ده‌زانین ، ئه‌وه‌ی ئه‌وان لێی ڕزگار نابن دادگایه‌ .


لێره‌وه‌ سوپاسی ئاماده‌بوونی هه‌مووتان ده‌که‌ین ، که‌ به‌شداربوون له‌م کۆنفرانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ ، هیوادارین هه‌موو پێکه‌وه‌ هه‌نگاو بنێین بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی قوربانیان و چه‌سپاندنی یاسا و سه‌قامگیرکردنی دادپه‌روه‌ری .

 

 

ناوه‌ندی چاک- نووسینگه‌ی کوردستان-لقى گه رمیان
www.chak.be
www.chaknews.com

12-18-2008