په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

           لە دەریـاچەى فرمێسـکدا مەلـەم نـەزانی.
شیرۆکە قەسیدە* بۆ: نووسینەوەی سەفەری نیشتمانى نامۆم.

 
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

لەم شەرحی دەردی غوربەتە لەم سۆزی هیجرەتە
دڵ وەختە ببآ بە ئاو و بە چـاوا بکا عبور ..
نالی

1
دڵت درەختە..دیدەت هەڵاڵەی
چاو نەپشکوتووی باغی بەهەشتە
هەناسـەت نەغمەی بارانـی وەشتە
نیگات ئەندێشەی شیعری خوێن گەرمە
+ ئـەی نازانم بۆ؟هەگبەی عەشقی تـۆ،
بۆ بەختـی سیام هەر دەرد و غەمـە !
* ئـەی بـەهرەی شیـعرم
دەستی عاتـیفەی پاکت درێژکە
خشپەی هەنـگاوی پاییــزی عومرم
دڵ و چاوی ڕۆح ،ئەکرۆژآ و ئەخوات ..
کە من عاشقی لێڕەوارێکی چڕو سەرکەش بم
دڵ لــە زیکرایــە و گـەڵای وەریووی پاییزیش
لەژێر پێما نامۆیــە
ڕێبوار عاشـــقە،مەسـت و دەروێشـە
عاشق سەرشێتە ،دێوانە و دڵپاک :
هاوسەری ڕازی کوێستانی دەشتە
ڕێبوار تێئەگا ،
کە دەشتی بێروون..سەرابـی زەبوون
بۆ بارانێـکی هەوری ئـاوارە..دڵ بریندارە
* ئەی بـەهرەی شیعرم کە من ڕێبـوار بـم
هێشـتا دوو دڵـم و گومانـم هەیـە
بۆ ساتێکیش بآ: بــارانی گریــاو ،
گێژەنــی سەری دەروێشم بخـوات ..
ڕێبوار تێئەگا و دیوویە گەلێ جار
عاشــق لە ئاسـتی مەرگـی گوڵێکا
دەشتی نـوغـرۆبـووی
نێـو ڕێژنـەی ئەشـک و
دەریـاچەی تـەمی نێو هەوران تەیکا ..
* ئـەی سۆزەکـەی خـۆم
کە من دەروێشی کەنـار بیابان و قووڵایی دەریا و
دوندی عەدەم و ( هەرد ) ی عەشقت بـم،
ئیدی ژان و غـەم ،
لە شەوی زاری تەنیایی منـا خەڵوەتگای دەردەو
زیکری جەسـارەتی ڕۆح لەناوئەبات !
گەنجێتی دڵم وەکو هەنجیری دەم گڕەی هاویـن
هەر زوو پێئەگات .!
بگەرە فـریا ..نامۆم و تەنیـا
تەنیایی وەختە:
خەون و یادگاری و هەناسەی عومری
بیرەوەریشم بە ناخی مەرگ و هەڵدێرا ببــات !
* ئەی بەهرەی دەریای خۆشی و ئازارم
چاک دڵنیابە ، لە نیشتمانی نائومێدییـا
چرای خامۆشی دەروون : ئــــاگرە
بۆ دەریاچەی عەشق ،فرمێسک هەورە..
+ ئەگەر چەشتووتە خۆت باش ئەزانی ،
پەرستگای عەشقێ
هەر زیکر و غەم بـــێ ، دەریاچەی دەروون
،بە هەوری ئاگر چۆن وێـران ئەبـآ !؟
* ئەی بەهرەی ژینـم
گەلێ لە مێژە کەشتـی ئەوینـم
وێستگەی ڕۆخی بەجێهێشتووە..
هەناسەی شەپۆل
.. شەپۆلی دەریـا لە قووڵاییا
پیرەژنێکی کوێــــــرە و
مەچەکی تەمــی گرتــووە ..
لە نێو شەپۆلی
نەهامەتییا نەمهێشت بخنکێم
هەر چاوەڕوان بووم
وەلێ چەپگەردی بەختم وای هانـــی:
شەوم گەرداو بـــێ
غەم خاوەن ماڵ بێ و منیش میوانی..!
بەختم وای هێـنا ، هەورێک لە ئەسرین..
بەسەر هەتاوی دەنگی نووساوما بپــەڕێتــەوە
بــەڵێ ! چەپگەردی ماتەم وای هێََـــنا
ئەستێرەی هیــوام بکوژێتــەوە
لە نێو سەردابــی گۆمی لیخنــا !
هەر لەو ساتەوە..هەتاکو ئەمڕۆو سبەی و
دوو سبەی
بۆ تەنها جارێ
شەقاوی هاوار بەدوومـــا نەهــات
تا ئاوی سپــی بیناییم داهات...
**
هەر منــم نوغرۆی نێو دەریاچەی غەم
بەلەم شکاوی سەوڵ بەجێـماو ..
وەک مـاسـی خنکاو ، ڕۆح سەرئاوکەوتوو
هەر منـم وەکو تاقە درەختی دەم ڕۆخی ڕووبـار ،
چەماومەتەوە بۆ
شەپۆلی عەشق، چاو فرمێسکاوی
بە درێژایی وەرزەکانی ساڵ..لاسکم وەریووە و
ڕەگم هەڵکێشراو بوومەتـە چەتری ئەسرینی گەڵاو
......گەردەلوولی ڕەش
کێ هەیە تاوێ،گەڵای حەسرەتـم بگرێـتە باوەش!
هەرمنـم شەیدای چاوی حەبیبەو دەروێشێکم وا:
لە خاک وخۆڵی عەرشی نالــی دا
قەرەجی وندای ڕێی هاتو نەهات !
هەر منـم چاوی گەشاوەی خۆر و
تریفەی مانگم ، قەت لێ هەڵنەهات !
**
ئەی بەهرەی شیعرم وەرە درەنگــە ،
سەرلەنوێ ئێمە با پەنجەرەیێ بە ڕووی تریفەی
ئەستێرەی بەختـا..پەخش و واڵاکەین
گەڵای وەریووی پایز نامۆیەو
باخچەی ڕۆخ دەریاش
وا چاوەڕوانی پیاسەی ئێمەیە
وا ڕۆژ درەنگە
دەستت بهێنە بابە دووقۆڵی سەفەرێکی تر،
بەرەو هەواری وەرزی باران و بەهەشتی وڵات
بێ ترس و پەروا،
بێ غەم و تەنیا بێوەی تەیبکەین
ئەستێرەی ئەشک و بەفر ماچ بکەین.!
2
* ئەی بەهرەی غەمی بوونی سەرمەدییم.
لە توێی ڕووباری چاوانی تۆوە من لە داییکبووم ،
لە نێو خانەقای میهر و سۆزەوە
نووری ئەوینـم بۆ تۆ ترووکاند
هەر بەو چاوانەش
دەریایەک ئەشکم بۆ تۆ هەڵوەراند !
**
عومرێکە ڕازی نێوان من و تۆ
ئێمە پێکەوە پەیمانماندا کە :
لەگەڵ بەهاری بەیەک گەیشتنا سەری پایزیی
داری موحیبەت بۆ تاهەتایی دابنەوێنین !
ئێمە هەردووکمان،
دروشمی عەشقی خۆبەخشکردن
وا فێری کردووین:
میوانی ئەشکی نێو چاوی یەک بین
عومـــرێکە ،عەشقی نێوان من و تۆ
کەچی وا ئێستا ، بۆ بەدبەختی دڵ ، بوویتە ئاگری
چاوی پەپوولە و باخچەیەک لە...گوڵ!
ئەم عەشقەی ئێمە ،وورشەی ئەستێرەی
ئاسمانی شوومە ..
لە گەرمەسێرا هەوری وەیشوومە...!
چونکە لام سەیرە:کە وەرزی خەندەی گوڵاڵە سوورە
وەشتی خەزانە و مژدەی مردنی بەدەمەوەیـــــە
دیارە تاوانیش هەر لە تۆوەیــــە !
**
نەمزانی دڵدار، کەسێکی شێتە و مەلی خەیاڵی
خەونی مردووان ئەگێڕنەوە ....
نەمزانی عاشق، دەروێشی مەستی لێڕەوارێکە و
شمشێری سووتان ،لە پەلی خستوون
بەدەم زیکرەوە وەک ماسی خنکاو
لەنزیک ڕۆخی دەریای گریانا
بەیتی هاوار و داد ئەڵێنەوە !
نەمزانی چاوی عەشق و سۆزی تۆ،مەلی ئاوارەی
بێ سەروشوێنن..هەردەم ئالوودەی هێلانەی مەرگن
لە نوێژی وجود.. یا لە بانیژەی کۆنە هەواریان
وەها تەرەبن
گومڕا بتۆرێن..
ئیدی تا بەهەشت نەگەڕێنەوە!
من نەمئەزانی یاسای سروشتە
دڵێ لە ڕقا ئاوا داڕزێ: چاوی ڕووبارێ
ئەبێ بداتە بەر نەعرەی تۆفان
ئەبێ بیداتە بەر گەردەلوولی شێخی پایزێ
بەگوێی درەختی بەهارا بچزێ !!
**
لە بەدبەختی هەنیەی ڕەشا من زۆر گریام
وەلێ گریان چاوی هۆشم ئەشواتەوە
ئەشکی گریان هێدی.. هێدی
ساڵی تەمەن ئەخواتەوە ..
هێندە گریا چاوی تەمەن لە گریانا خەونم ئەدی:
گەڵای درەختێکی سەوزیان زیندەچاڵکرد لەبەرچاوما
ئەودەمە حەزرەتی مەرگ میوانم بوو
پیرەژنێ:لە سیمای پاکی ساوایەکدا خۆیئەنواند
ساوایێ تازە زمانی ووشەی بدوێ
کوێرانە گڵۆڵەی سۆزو عەشقی تێکدەئاڵاند!
ئەودەمە ...ئەودەمە ،کۆتر و ئاسمان
باوەکوشتەی دەم فڕین بوون ..
هەور و چیا لەبەرچاوما کەوتبوونە سەمای سووتان
ئەستێرە لەدوای ئەستێرە:سەرەونخوون بە زنجیری
ئاگرینی دۆزەخەوە هەڵواسران !
ئەودەمە : لەخەوما خۆمم بینی
" وەکو درەختێکی چاوهەڵوەریووی
بەر زوقم و زریان ..
بوومەتە چەتری کڕێوەی گەڵا و تابووتی ناڵە و
قرچەی قەدێکی سووتاو سەربازی کەنەفتی
دەم خاک و هەردێکی سووتماک ..
بوومەتە خەونی هەڵبزڕکاوی هەوری بێ باران
+ نهێنی ڕازی ئەو خەونە و پەنهانی تەوێڵی
ئەو ڕەشەبا پیرە لە چاوی عەشقی بێدارا
هێڵنجی بە ئەفسوون ئەدا ..
_ ئێستا دڵنیام ، چۆلەکەی ژیان
دوژمنی گەمەی نێو بەفری شەوە
هەر چاوەڕوانی کازیوەی خۆرە
پەشێوی زەبری شەپۆلی خەوە ....!
**
نەگبەتییە:ڕێگەی ڕێبوارآ تەریک بێ و
نەگاتەجێ ! چ وەیشوومە !؟
خەم و شەفەق ، لێک ئاڵابن
ئامێز بۆیەک بکەنەوە..شەکراوی مەرگی
گوڵاڵەسوورەش لەگەڵ قرچەی هاوینێکا،
بەسەر پێوە بخۆنەوە ....!
چ وەیشوومە ! وڵاتی فرمێسک بێناونیشان بێ
پایتەختی دڵــت سەر بە ماتەم بێ !
 
3
گریانی دڵ ،
ئاهوناڵەی ڕۆژگارێکی تفت وتاڵە
هەرچەند نیگای چاوی ماندوو ،
بۆ ئاپۆرەی نیگەرا نی سەری قاڵە !
**
ئێستا نە وادەی گەڵاڕێزانە
نە گرمەی هەورە و نە قرچەی دوکەڵ
شەپۆلی عەشقە ، وەرزی بارانە
ئێستا نە وادەی شکۆفەی کۆچە و
نە ڕۆح کێشانە ..!
زیکری سۆزی دڵ ،
هێشتا دەروێشی زامی برینە..
وەرزی بارا نە و
چیای موحیبەت تا نێو قەد شینە..
خۆ هێشتا هۆرەی شمشاڵی دەستم زمانی لاڵە و
ئاهو نزوولەی دەنگم دەرنایـە
وەرزی ژووانـە و هێشتا ئاوازی چرپەو گۆرانی
زۆر بێ مەودایــە !
+ پیرۆز بێ سەفەر
ئەگەر دڵنیای بڕۆ کۆچ بکە با مەلی ئازار ،
بۆ تاهەتایی بەستەڵانی نێو دەروونی گەرمم
بێوەی تەی بکـــا !
با شەپۆلی سۆز، کەناری شەوی حەزی تەلبەندم:
بە کەف و خوڕەم..زیخ و چەو ڕێژکـا
بە ئاسوودەیی بڕۆ کۆچ بکە، بـــا ژا نـــێکی تر
بڕژێتە دەریای تەنیایی ژینی پڕ حەسرەتەوە
بە دڵـنیایی بڕۆ کۆچ بکــە ، با لە گریانا
سەری دەروێشم زیکری شەوانی ئومێدو هیوای
..... تیــــا بژێـــــــتەوە
بـــا دەشتــــی ســەفـەر ،
ڕووباری هۆشی مــن بــخوا تـــەوە .!
**
+ گەر ئیتر تـــەواو دووا بڕیــارتــانە :
بڕۆ کۆچ بــکە..
وەلێ پاش سەفــەر زۆر بە هێمنی
بێ خورپە و گریان چاوی تەمەنی
یادگاری و عەشقی من دەربهێنە
نەمامی دڕک و
چرۆی هەڵاڵەی شیعری جوودایی
لە بێ سرەوتیی خاکی دەروونی منــا بڕوێـــنە!
**
بەرەو کوآ ئەڕۆی !؟ قەت باوەڕ ناکـەم
دا یکی ئازیزت هێندەی ئەم دڵە ،
پڕ سۆز و میهرە ... نازی کێشابیت !
ئەو دڵـــەی بۆ تۆ و
دەردەسەری و بۆ ئازار خوڵقاو
ئەم دڵەی لەگەڵ گمەی کۆترا..نرکەی ئاگـــرا
پڕووشەی بــەفــرا ..
هەمیشە ئەگـــری و ناڵە ناڵیێتی!
+ بـەرەو کــوێ ئەڕۆی؟
باغی کوێستانە: دەشتی دەروونم
بۆ باڵندەی نـــاز بۆتە هێلانە
درەختی دڵ و هەواری ژینم..!
_ بۆ کوآ ئــــــەچی !؟
تاشە بــەردی چیا کەڵەکەی بەستووە
بەرد لەسەر بەرد، ژینێک لە بەرد ..
ئاسمانێک بــەرد، دەریایــــەک بــــەرد
هەر بەردە و دەرگــای بەهەشتی داخستووە
بۆ کۆچی دڵ مـــن زۆر گریـــام
وەلێ گریـــان سەردەمێکە و ئەبڕێتەوە
هەوری سەفەر:
یادگاری و خۆشەویستی ناگێڕێتەوە
نزیک بە دەریاچەی عەشقم ،
من زۆر گریام..
وەلێ گریان چاوی هۆشم ئەشواتەوە
ئەشکی گریان هێدی .... هێدی
ساڵــی تـــەمەن ئەخواتــەوە..!
**
لە هەواڵی کۆچی تۆدا دڵ زۆر گریـــا..
بە فتوای دەروێش و سۆفی دڵ کــە گریـــا
ئەسوتێنێ بەرد وچیا !
گەر سووتاشی ، ئاگر شوومە
تۆ یە ناخی مەرگــا ئەبات ..
بۆ کوێ ئەچی ََ؟ هەنگاوی تۆ:
پەی بە زەریای سەفەرنابات!؟


(*) شیرۆک / بریتییە لە شیعر + چیرۆک ، واتە هەر دەقێک خەسڵەتەکانی شیعروچیرۆکی لەیەک بابەتدا کۆکردەوە پێی ئەڵێین شیرۆک.