په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٦\٢٠١٠

لە دبلۆماسی نهێنییەوە بۆ ڕیاکاری سیاسی.!
- دەربارەی بۆردومانی سنورەکان و هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان -


موزەفەر عەبدوڵا


بۆردومانە کوێرانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ڕژیمی ئیسلامی دژی ئینسانی ئیرَان، بۆ سەر ناوچەکانی قەڵادزەو چۆمان ، بە بە درێژایی نزیک بە بیست و قۆڵایی دوو کیلۆمەتر ، بۆتە هۆی ئاوارە بوونی هەزاران کەس و کوشتن و برینداربونیی چەندین کەسی تر،وە ئەمە نە یەکەمجارەو نە دواجاریش دەبێت.بەڵکو لە ماوەی هه‌ژده‌ ساڵی ڕابردووا بە بەرچاوی دەسەڵاتدارانی کوردستان و، زۆر جار بە هاوکاری ئەوان ، دەیان جار هێرشی وای کردوە. ئێستاش دوای چەند ڕۆژ لەو هێرش و بۆردومانانە ئینجا دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ڕێگای پارلەمانەکەیانەوە بۆڵە بۆڵێکیان لێوە هاتووە، کە نەک هەر هیچ کاریگەری یەکی نەبووە لەسەر ڕاگرتنی بۆردومانەکە ، تەنانەت بڕوا ناکەم هیچ کاریگەری یەکی دڵخۆشکەرانەشی هەبوبێت بۆ خودی خەڵکی ناوچە بۆردومانکراوەکان ،و گاڵتەی تەواویشیان بەو بۆڵە بۆڵە نەهاتوەو هیچ هیواو ئومیدێکیان نەبەستۆتەوە بە هەڵویستەکانیانەوە.


جا ئەگەر هەرکەسێک سەرنجی ڕاگەیاندنەکەی پەرلەمان بدات ،کە بە واژۆی سەرۆکی پەرلەمان، کەمال کەرکوکی یەوە، لە ڕۆژی 9 ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە ، یاخود سەرنجی قسەکانی ناوبراو بدات ،کە لە ڕۆژی 6 ئەم مانگە کردوێتی لەو کۆڕەی بۆ یادی ڕەشی خومەینی ساز درابوو لە شاری هەولیر لە ڕێگای سەفارەی ڕژیمی ئێرانەوە، کە کۆمەڵێ قسەی هەلەق و بەلەقی کردووە، بۆی دەردەکەوێت کە بەهەق ئیتر ئەم هەڵویست و ڕاو بۆچونانە ئەوەندە قێزەون و نازلن تەنانەت لە چوارچێوەی دبلۆماسی بۆرژوازی تێپەریوە وبۆتە ڕاو هەڵوێستێکی زۆر ڕیاکارانە.


من داوا دەکەم کە هەر کەس ئەگەر ئەو بەیانەو ئەو قسانەی کەمال کەرکوکی نەخوێندۆتەوە بچن بیخۆینەوە تا بۆیان دەرکەوێت کە ئاخۆ ئیتر چەندە ئەو ڕاو بۆچون و هەڵویستانە ڕیاکارانەیە و تەنانەت هەموو سنورەکانی عورفو عادەتی پەیوەندی نێو دەوڵەتی و دبلۆماسیشی تێپەراندووە_سەرەڕای ڕەخنەی ڕیشەیم لە پەیوەندی دبلۆماسی_و چۆتە خانەی ڕیاکاری و دوو ڕوویی ئاشکرا، کە بڕوا ناکەم دوا کەوتوترین و لاوازترین دەوڵەت و حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە جهاندا پەیڕەوی لێبکات.


هەڵبەت پەروەندەی ڕەشی سی ساڵەی ڕژیمی ئسلامی ئیرَان لە سەرکوت و تۆقاندن و ڕەشەکوژی و تیرۆری ناوخۆیی و نێو دەوڵەتی و لەسێدارەدان و سەنگساری ژنان و چەوسانەوەو سەرکوتی ڕەها بەرامبەر نیوەی کۆمەڵ، یانی ژنان ،و مناڵان و لاوان و خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ئێران، بە تایبەتی کوردستان، و ملپەڕاندن و لەسێدارە دانی ئاشکرای لاوانی دڵپڕ لە هیواو هەڵسوڕاوانی سیاسی و، کۆمەک و دەست گرتنی سەدان باندی لۆمپەنی ئیسلامی نێو دەوڵەتی و دەخاڵەت لە زۆربەی وڵاتان و دەیان سیاسەتو کردەوەی دژی ئینسانی تر. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم تاوانە ئاشکرایانەش، تەنانەت دژی خەڵکی کوردستانی عیراق و ئیران و تورکیاش کەچی ئەم بەناو بەرپرسانەی کوردستان هێشتا لە قسەو ڕاو هەڵوێستەکانیان بە هەزار ئەماو ئەگەر و بە شان و باڵا هەڵدانی خومەینی تاوانبارو وەسف کردنی بە ڕابەری چەوساوەکانی جهان ئینجا دەپاڕێنەوە لێیان تا تۆپباران و هیرَشەکانیان ڕاگرن و بەزەییان بەو خەڵکەدا بێتەوە.ئیتر ئەمە چ بەرگری کردنیکە لە هاووڵاتیانی خۆ!!


ئەمە زۆر زیاتر لە قسەکانی سەرۆکی پەرلەمانەوە دیارە کە لە کۆڕەکەی بۆ مەرگی خومەینی سازدرابوو لە شاری هەولیر.


هەڵبەت سێ بەشی زیاتری قسەکانی بریتی یە لە مەدح و سەناو پیاهەڵدانی خومەینی و بە ڕزگارکەرو بەرگرکەر و پشت و پەنای خەڵکی کوردستانی دەزانیت.لە دوای ئەو هەموو قسە ڕیاکارانەیە ئینجا داوادەکات کە هیرَشەکانیان ڕاگرن و بەزەییان بە خەڵکی موستەزعەفی کورددا بیتەوە.


بۆیە ئیتر ئەم قسانە ناچێتە ناو چوارچێوەی دبلۆماسیشەوە.بەڵکو دادەبەزێت بۆ ڕیاکاری بۆ ڕژیمێک کە تا بینەقاقای سورە بە خوینی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئیران و کوردستانی ئیران و ..هتد.


وە پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە ئەم پەرلەمان و سەرۆک پەرلمانە لە کاتێکدا ئەو لاڵانەوەو قسە ڕیاکارانەیە دەکەن ئێستا خۆیان باش دەزانن کە لەوپەری عیراقەوە، یانی خەڵکی ناڕازی بەسرە لە دەسەڵاتَی ڕژیمَی ئیسلامی بە نیازن خۆپیشاندان بکەن لە دژی ئیران و تۆپبارانەکەی و تەنانەت وێنەی ئەحمەدی نەژادو ئاڵای ڕژیمەکەشیان بسوتێنن.


دیارە ڕۆشنە ئەو خەڵکە لە خۆڕا نی یە ئەوەندە داخ لە دڵن لەم ڕژیمە ئیسلامی یە و دەزانن چۆن دەستی تاوانباری درێژ کردووە بۆ ناو قوڵایی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی عیرَاق و خەریکە بیکات بە بەشێک لە ئیران لە سایەی حکومەتە پاشکۆکەی عیرَاق.


بەڵام خەڵکی ئازادیخوازی عیراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، نابێت چاوەڕێیان لە ،ئەوەی پێی دەڵێن ناوەندو هەرێم، لەوە زیاتر بێت. چونکە ئەمانە بەهۆی ئەوەی خۆیان بە سواری تۆپ و دەبابەکانی ئەمریکا گەیشتونە بەدەسەڵات هەرگیز ممکن نی یە هیچ هەڵوێستێکی جەرئانە بنوێنن.


بۆیە ئەوە ئەرکی جەماوەری ئازادیخواز و هێزە و لایەنە ئازادیخوازەکانە کە دەنگی ناڕەزایەتی و هەڕەشەیان لە دژی ڕژێمی ئیسلامی بەرز کەنەوەو بڕژێنە سەر شەقامەکانەوە تا ئەو ڕژیمە ڕیسوا بکەن ،و تەنانەت هەر دامودەزگایەکی کە لە کوردستاندا هەیەتی وەدەری نێن .چونکە ڕژیمَی ئیسلامی ئیران نە خۆی و نە هیچ دامودەزگایەکی شەرعیەتی نی یەو تەنانەت لە چوارچێوەی پەیوەندی یە نێودەوڵەتی یەکانیش شوێنێکی شەرعی و ستانداردی یاسایی نی یە .هەموو ئەو دەزگایانەی هەیەتی لە سەفارەو کۆنسڵگەری و دەمودەزگای تری ڕۆشنبیری و بازرگانی و هەر شتێکی لەو چەشنە، هەموویان دامودەزگای جاسوسی و تیرۆریستی و ئینسان ڕفاندن و تۆقاندنە.وە لە18 ساڵی ڕابردوو ئەمە بۆ خەڵکی کوردستان چەندین جار ئاشکرا بووە کە چۆن باندو تاقمە تیرۆریستی یەکانی ئەو ڕژیمَە لە کوردستان تەڕاتێن دەکات. بە تایبەتی لە دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی بە گشتی و ،بە تایبەتی لایەنە بەرهەڵستکار و چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستانی ئیران کە دژی ئەو ڕژێمەن.


لە کۆتایی دا ئەوەش بڵێم کە پێویستە لەسەر جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان دەستبەرن بۆ بەڕێخستنی ناڕەزایەتی لە دژی بۆردومانەکانی ئیران و، هاوکات ئەو هەڵویست و قسە ڕیاکارانەیەی پەرلەمان و سەرۆکەکەیشی ڕیسوا بکەن لە هەر ناڕەزایەتی یەک کە بەڕێی دەخەن و هاوکات لە دەوری خواست و دروشمی بەرپاکردنی دەنگ دانێکی ئازادو گۆڕینی کوردستان بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ کۆببنەوە کە 15 ساڵە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و زۆرێک لە کۆمۆنیستەکان بەرزیان کردۆتەوەو کاری بۆ دەکەن.


بە دڵنیایی یەوە بە بێ بوونی کوردستان بە وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن قەوارەی سیاسی باوەرپێکراوی نێو دەوڵەتی و دامەزراندنی دەوڵەت و حکومەتێکی بەهێز و هەڵبژیردراوی ڕاستەوخۆی خەڵکی و وەلانانی دەسەڵاتی ملیشیایی وریاکارانەی ئەم حزبانە هەرگیز ممکن نی یە ئەم دەخاڵەت و بۆردومانانەی ڕژیمی ئیسلامی ئیران و تەنانەت تورکیاش ڕاگیرێت.


15\6\2010

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا