په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٢\٢٠١٠

لە دهۆکدا، ئەوی بنووسێ دادگایی دەکرێت!
- لە پەراوێزی دەستگیرکردنی عەبدولڕەحمان بامەڕنی و هۆشەنگ شێخ محەممەد دا -


ڕابەر فاریق    


چەند ڕۆژێکە بە هۆی بڵاوکردنەوەی شیعرێکەوە، هۆشەنگ شێخمحەممەدی شاعیر و عەبدولڕەحمان بامەڕنیی سەرنووسیاری حەوتنامەی "چاڤدێر"، کە لە دهۆک بڵاو دەبێتەوە، بە تۆمەتی سووکسرنجدان لە بەهاکانی ئیسلام، دەستگیر کراون و لە نێو مزگەوت و ڕاگەیاندنە ئیسلامییەکانی دهۆکەوە، بەردەوام و بە شێوەگەلی جودا جودا، هێرش دەکرێتە سەر کەسێتییان. ئەو شیعرە، کە نێونیشانی "ئەز د ئەیفۆڕەکێدا"یە، لە ژمارە 102ی بەرواری 15ی 1ی 2010دا و لە لاپەڕە 8ی حەوتنامەی چاڤدێر، کە لە شاری دهۆکدا بڵاودەبێتەوە، بڵاو بووەتەوە. (1)


پارێک لەو شیعرە (من باس لەوە ناکەم، کە ئەمەی خوارەوە شیعرە، یان نا، بەڵکوو هەڵوەستە لەسەر زیندانیکردن و هێرشکردن و ترساندنی نووسەران، لە لایەن ئیسلامی نەک ئیسلام یەکانەوە دەکەم).


مزگەفت و مرۆڤ هەردوو دێ بنە
نڤیسین
گومبەت و مەمک
منارە و کیر
لێ جهێ وان بگوهوڕی دێ بنە
کارەسات
کارەسات ژی پەیڤەکە وەک نامویسێ
دوێنەیەکی دا.
ئایا ئەم دەقە لە کوێدا دژ بە بەها ئایینییەکانی ئیسلامە؟


ئەو دەقە شیعرییەی بڵاوبووەتەوە و نووسەری پێ تۆمەتبار کراوە، نەک هەر پێوەندیی بە بەهاکانی ئیسلامەوە نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە هیچ ئایینێکی تریشەوە نییە. لە دهۆکدا، چونکە ئازادیی ڕادەربڕین نییە و مزگەوتەکان و حزبە ئیسلامییە توندەڕۆکانی وەک یەکگرتوو و کۆمەڵ دەستیان بەسەر فیکری خەڵکەکانەوە گرتووە، بۆیە دەبینین لەسەر بچووکترین مافی ئینسان، نووسەران دەکرێنە نێو زیندانەکانەوە و یاسایش دژ بە هەموو جۆرە ئازادییەکی تاکەکەسییە. ڕاستییەکەی، ئەم سکاڵایەی مەلا ئایینییەکان و "دلۆڤان" ناوێک کردوویانە، ڕاستەوخۆ هەڕەشەن بۆ سەر هەموو نووسینێک و هەموو بیرکردنەوەیەکی جوایەز.


لەو ساتەوەختەدا، کە مەلاکان بە توندی هێرشیان کردە سەر ئازادیی بیروڕا، دەبینین ڕۆژنامەی "چاڤدێر" ڕوونکردنەوەیەکی ناپێویست بڵاودەکاتەوە و تێیدا داوای لێبوردن دەکات (2). ئەوە بێجگە لە دۆڕاندنی بەهاکانی کاری ڕۆژنامەڤانی و ملکەچکردن لە هەمبەر داوا نایاسایی و نامۆراڵییەکانی پیاوانی ئایینی، شتێکی تر نییە، لەبەر هیچ نا، تەنیا لەبەر ئەوەی: نە حەوتنامەکە هەڵەی کردووە، نە نووسەرەکەیش. پیاوانی ئایینی، لە بری ئەوەی پەنا ببەنە بەر دادگە، دەبوو پتر خۆیان ڕۆشنبیر بکەن و لە دەقەکە تێ بگەن، بەڵام چونکە ویستوویانە و دەیانەوێ دەق بخەنە نێو قاڵبێکی ئایینیی نایاسایییەوە و لە وەها ڕوانینێکی نائەقڵانییەوە بە دوای سەرکوتکردنی ئازادییە فەردییەکاندا دەگەڕێن، بە دووری نابینم لە ڕۆژانی داهاتوودا، هەر کەسێک کە بیانەوێ تۆمەتباری بکەن، بە بێ هیچ تۆمەتێکی بەڵگەیی، نەک هەر بۆ دادگا ڕایدەپێچن، بەڵکوو دەشێ لە مینبەری مزگەوتەکانیشیانەوە فەتوای کوشتنیشی دەربکەن. لە ڕابردوودا کەم نین ئەو جۆرە کارە ناشیرینانەی پیاوانی ئایینی، کە نووسەرانیان ڕووبەڕووی مەرگ کردووەتەوە، زیندووترین نموونەیش: کوشتی عەبدولخالیق مەعرووفە لە بەردەم ماڵی خۆی، کە پێش کوژرانی، مەلاکان بە شێوەگەلی جودا هێرشیان کردبووە سەر کەسێتیی و بە تۆمەتگەلێکی ناڕەوا، تۆمەتباریان کردبوو و لە دواجاریشدا بینیمان چۆن کوشتیان (3).


لە کوردستاندا، مەلا (نەک زانا، چونکە ئەگەر وەزارەتی ئەوقاف تەنیا زانایەکی تێدا بووایە، ئەو داوا بێمانایەی لەسەر ئەم دوو کەسە تۆماریان کردووە، بە زووترین کات دەیانکێشایەوە) لە بری ئەوەی بە کاری خۆی هەڵسێت و دیتران لە ئەرکە ئایینییەکان ئاگادار بکاتەوە، هەڵدەستێت بە سووکایەتیکردن بە کەسێتی و ناوی نووسەرانەوە.


چەند ڕۆژ پێش ئێستە ئەوەمان بیست، کە لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری دهۆکدا، هەر لەبەر بڵاوبوونەوەی ئەم شیعرە، مەلایەک، کە دوورە لە ئەرکی دینی و مۆراڵیی هەر ئینسانێک، لەسەر مینبەری مزگەوتەوە ڕاستەوخۆ بە هۆشەنگ شێخمحەممەدی شاعیری گوتووە: "بێ ئەخلاق"، ئەو جۆرە دەربڕینە بەرابەر بە کەسێک، کە تەنیا ویستوویەتی بنووسێت و بە دوور لە ڕەوت ڕێ بکات، بێجگە لەوەی ژەهرێکی کوشندەیە بۆ هەموو بەها جوانەکانی ئازادیی ڕادەربڕین و کوشتنی خەونی تاکە لە کوردستاندا، هاوکات دەبێت بە هۆکارێکیش بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی دواتردا، هەموومان (هەر یەکە و بە شێوەیەک و بە تۆمەتێکی پووچی مەلا و پیاوانی وەزارەتی ئاوقاف) بخرێینە ژێر جنێو و ئەقڵە دۆگماکانی پیاوە ئایینییەکانەوە.


بۆیە پێویستە هەموو ڕۆشنبیر و نووسەران (ئەوانەی بەم دۆخە گاڵتەجاڕییەی کوردستان، ناقاییلن) ڕاستەوخۆ هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن و لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنەوە فشار بخەنە سەر لایەنی پێوەندیدار، بۆ ئەوەی ئەم دوو نووسەرانە بە زووترین کات ئازاد بکرێن.


ئینسان، چونکوو ئاوەزی هەیە، هیچ پێویست بەوە ناکات، کە خۆی لەو شتانەوە بە دوور بگرێت، کە حاشاهەڵنەگرن. لەو شیعرەدا کە نووسەر بڵاوی کردووەتەوە (هەڵبەت مەبەست لەو پارچەیەیە، کە مەلاکان پێیان وایە دژ بە بەها ئایینی و ئیسلامییەکانە و لە سەرەوەدا دەقەکەمان نووسیوەتەوە)، بە شێوە پەخشانییەکەی، نووسەر ویستوویەتی بڵێت: "مەمک و مرۆڤ، هەردوو دەبن بە نووسین، یان دەکرێت بۆ نێو نووسین بگوێزرێنەوە؛ گومبەتی مزگەوت و کێریش، بەڵام ئەگەر بێتوو شوێنی هەر یەکێک لە (مرۆڤ)، (مەمک)، (گومبەت)، (کێر)، (مزگەوت) بگۆڕدرێت، کارەسات ڕوودەدات". ئەوەی لێرەدا باسی کراوە، نازانم بە چ پێوەرێک گورزە لە بەهاکانی ئیسلام؟


ڕاستییەکەی، مەلاکان و وەزارەتی ئەوقاف، بێجگە لە تۆمەتێکی پووچ، هیچ شتێکی تریان لەبەر دەستدا نییە، بۆیە پێویست وایە هەرچی زووترە، ئەم دوو نووسەرانە ئازاد بکرێن و ڕاگەیاندنەکان و مەلا و مزگەوت و وەزارەتی ئەقافیش، بە کاری خۆیانەوە سەرقاڵ بن و داواکانیان بکێشنەوە و داوای لێبوردن لە هەموو لایەک بکەن.


ئەوەی لە هەمبەر ئەو نووسەرانەدا کراوە، ئەگەر ئەمڕۆ نووسەرانی ئازاد لێی بێدەنگ بن، هیچ بە دووری نابینم کە سبەی ئێمەش بگرێتەوە و بە هەمان ماددە و لەسەر ئەو "بەها وەهمییانە"ی سەردەمی حوکمڕانیی بەعس، تۆمەتبار دەکرێین و دەخرێنە سووچێکی گرتووخانەی (زڕگە)وە.
________________________________________________

سەرچاوەکان:
(1) لەم لینکەی حەوتنامەی "چاڤدێر"دا، دەتوانیت شیعرەکە بخوێنیتەوە: http://www.cavder.com/pic/pdf/02.8.pdf

، یان لەم لینکەی سایتی (ئەمڕۆ)دا: http://www.emrro.com/lesrblawbunewe.htm
() لەم لینکەدا دەتوانیت داوای لێبوردنی حەوتنامەی "چاڤدێر" بخوێنیتەوە: http://www.cavder.com/viewhalwest.php?id=16
(2) بڕوانە ئەم لینکەی سایتی "چاڤدێر": http://www.cavder.com/viewhalwest.php?id=16

(3) بڕوانە ئەم لینکەی سایتی "دەنگەکان": http://www.dengekan.info/dengekan/6/3482.html


پەراوێزەکان:
* لەم بارەیەوە، لە سایتی (کوردستان نێت)دا بەیاننامەیەک لە لایەن (سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان)، بڵاو بووەتەوە. بڕوانە ئەم لینکە: http://www.kurdistannet.info/net/index.php/hemu/9614-2010-02-01-23-09-49.html
** لە سایتی (دەنگەکان)یش دا، هەواڵێک سەبارەت بە هەمان پرس، بڵاو بووەتەوە، بڕوانە ئەم لینکە: http://www.dengekan.info/dengekan/11/7998.html