په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠٢٤

لە دڵی ڕادیۆوە
(بۆ کۆچە پاییزییەکەی حیسامەدین ئەمین).

هۆمەر          


گەر بمهەوێت کورت و پوخت سووکە ئاوڕێک لە ژیانی مامۆستا و پەروەردەکار، نووسەر و شاعیر "حیسامەدین ئەمین"بدەمەوە، سێ قۆناخ دەگرێتەوە.


قۆناخی یەکەم ڕووی لە خودی ژینگەی سنە و دواتر خولی مامۆستایەتییە کە دەبێتە وانەبێژ و مامۆستای قوتابخانە لە کوردەواری و بگرە چەندان شاری فارسنشیندا. ئەم مێژووە ساڵانی خوێندنی ئەم کەسایەتییە لە شاری سنە و دواتر زانستگەی تاران دەگرێتەوە. بە واتایەکی ڕاستتر،ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی(١٩٤٥)لە سنە کۆتایی بە خوێندنی دواناوەندی دەهێنێت. ساڵی ١٣٣٧(١٩٥٨)لە زانستگەی تاران،لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی وەردەگیردرێت و لەو مەتەرێزە زانستییەوە درێژە بە خوێندنی باڵا دەدات. قۆناخێکی هەرە هەستیاری ژیانی حیسامەدین ئەمین کە ڕووی لە بواری پەروەردە و بارهێنانە و وەک مامۆستای قوتابخانە بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە ئەم ئەرکە گرینگە ڕادەپەڕێنێت. دواتر هەر لە تاران درێژە بە خوێندنی باڵا دەدات و بڕوانامەی ماستەر لە زمان و ئەدەبی فارسی وەردەگرێت و وەک مامۆستای قوتابخانە بۆ ماوەی چەندان ساڵ، وانە بە قوتابییان دەڵێتەوە.


لە ڕێی خوێندنەوەی نووسینی نووسەرێكی فارسینووسەوە بە ناوی "عیسا سەفا"لە بن سەردێڕی"مامۆستای یەکەم"،پتر پەی بە توانا و ژیریی و ئاستی باڵای زانستیی و هەروەها بەمشووربوونی حیسامەدین ئەمین لە هەمبەر چینی دەستکورت و هەژاری کۆمەڵگە دەبەین و تازە تێدەگەین سیما تیشکاوییەکانی نەتەوەکەمان تا لەژیاندان،چەندە تەنیا و غەریب و نامۆ دەژین. نووسەرێک کە بۆ چەند بەرە سەرچاوەی خزمەت و ڕاژەیە و چەندان نەوە پێدەگەیینێت،دواتر لە لایەن خودی نەوەی نوێوە پەراوێز دەخرێت و تا لەژیاندا دەبێت، غەریبانە دەژییت.


ئێمە چەند تەنیاین تا لەژیانداین و چەندە دەورمان جەنجاڵە بۆ مردن!


ئەم دەردە هەژێنەرە ئینتیزاری هەر هەموومان دەکات،بۆیە پێویستە کاری هەرەقەتی بۆ بکرێت و ئەمە گرینگەیش لە ڕێی پەروەردە و بارهێنانەوە مەیسەر دەبێت. گەرەک بۆ ژێرخانی کولتووریی کۆمەڵگە خەبات بکەین و وەک چلۆن لە پێناو دەستخستنی دەستکەوتی ماددییدا تێدەکۆشین،دە هێندە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز و پتەوی فەرهەنگی بۆ کۆمەڵگەکەمان هەوڵ بدەین. لە داد و ئینساف بەدوورە کە مرۆ پێشڕەوەکانی کۆمەڵگەکەمان لە هەر بوارێکی زانستیدا بەم چەشنە تا لەژیاندان،غەریبانە و بێناز بژین و هەرکە پەڕی ژینیان هەڵوەری،تازە ئەودەم جەنجاڵ بەپا بکەین و شینیان بۆ بگێڕین.


دواتر ئەم نووسەرە فارسینووسە باس لە خەمخۆرییەکانی حیسامەدین ئەمین وەک مامۆستای قوتابخانە دەکات کە چلۆن ڕێبازی ژیانی خودی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە چرا بۆ ئەم و دەیان قوتابیی دیکە.


بەڵام قۆناخی دووەمی ژیانی ئەم کەسایەتییە ڕووی لە دنیای میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییە. ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی(١٩٥٨)دەگەڵ ڕادیۆ کوردیی تاران دەکەوێتە هاوکاری و بەم چەشنە پێی بە ڕادیۆ دەکرێتەوە و سەرەتا وەک بێژەر دەست بە خەباتی میدیایی دەکات.


تا ساڵی ١٣٤٤(١٩٦٥)لەسەر خەباتی میدیایی لە ڕادیۆ کوردیی تاران بەردەوام دەبێت. پاش ئەوەی ڕادیۆ کوردیی تاران بۆ ساڵانێک وەشان و پەخشی دەوەستێت،بەشی زۆری خەباتکارانی ڕادیۆ کوردیی تاران دەگوێزرێنەوە بۆ ڕادیۆ کوردیی کرماشان و لەو شارەوە درێژە بە خزمەت و خەباتی خۆ دەدەن. هەر لەم سۆنگەیەوە حیسامەدین ئەمینیش لەبەر ئەوین و هۆگری بە کولتوور و زمانی کوردی،ڕوو لە شاری قەسری شیرین دەنێت و لەوێوە درێژە بە هاوکارییەکەی دەگەڵ ڕادیۆ کوردیی کرماشان دەدات. بە واتایەکی ڕاستتر،لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوییەوە تا ساڵی ١٣٥١(١٩٧٢)لە ڕادیۆ کرماشاندا کار دەکات. دواتر دەگەڕێتەوە تاران و لەسەر داواکاری کەسایەتی ناوداری کورد،دوکتۆر "محەممەدسدیق موفتیزادە"(١٣٦٣-١٣٠٠)(١٩٨٤-١٩٢١)،دیسانەوە لە ڕادیۆ کوردیی تاران درێژە بە هاریکاری دەدات و ئەم هاوکارییەیش تا ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی(١٩٧٨) بەردەوام دەبێت.


بەدرێژایی تەمەنی نێزیک بە ٨٠ ساڵەی ڕادیۆ کوردی لە پار و بەشی ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا (١٣٢٥ی هەتاوی،١٩٤٦ی زایینی)سەدان مرۆی خەباتکار و خەمخۆری زمان و چاندی کوردییمان پێ شک دێت کە لەم ڕۆچنەیەوە سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بوونە و هەوڵی بووژاندنەوە،بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی فەرهەنگ و زمانی کوردییان داوە. پڕ ڕوونە ناوێکی ناسراو و دیاری ئەم مەیدانە هەراو و بەرینەیش"حیسامەدین ئەمین"ە کە نزیکەی ١١ ساڵ لە ڕێی ڕادیۆ کوردییەکانی تاران و کرماشانەوە وەک سیمایەکی درەوشاوە،خزمەتی زمان و کولتووری کوردی دەکات و جێپەنجەی بەسەر دیرۆکی ڕادیۆ کوردییەکانەوە دیارە. ئەو قۆناخەی حیسامەدین ئەمین ڕوو لە ڕادیۆ کوردی دەنێت،دەیان سیمای نەتەوەیی و خەمخۆر لە ڕادیۆ کودییەکانی تاران و کرماشاندا مژولی خزمەت بە سامانی فەرهەنگیی کورد دەبن. دوکتۆر محەممەدسدیق موفتیزادە(١٩٨٤-١٩٢١)،شوکروڵڵا بابان(٢٠١٢-١٩٢٣)،خەسرەو خان شێخکانلوو(٢٠٠٤-١٩٢٥)هومایۆن کەمانگەر(١٩٤٢)،مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی(٢٠٠١-١٩١٣)،سوارە ئێلخانیزادە(١٩٧٦-١٩٣٧)،سەیید ئیبراهیم ستوودە(٢٠٠٠-١٩٢٦)،عەزیز عەلەوی(٢٠١٩-١٩٣٠)،سەیید جەلال نیزامی(١٩٥١)،سەیید تایەر هاشمی(١٩٩١-١٩١٥)،مەلا محەممەد ڕەبیعی(١٩٩٦-١٩٣٢)،دوکتۆر عابید سیراجەدینی(١٩٩٥-١٩٢٣)،میدیا زەندی(٢٠٠٨-١٩٤٠) و عوسمان ئەحمەدی(١٩٣٧)،تەنیا چەند ناوێکی دیاری ئەم بەستێنە دێنە ئەژمار. لەو چاخ و خولەدا ڕادیۆ بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت کە بە قۆناخی زێڕین دەناسرێتەوە،چونکە دەوری فێرگە بۆ هەر هەموو کورد دەبینێت. ئەم دەستکەوتە مەزنە بەر حیسامەدین ئەمینیش دەکەوێت.


دوا قۆناخ و سێیەم قۆناخ لە ژیانی حیسامەدین ئەمین ڕووی لە ساڵانی پاش خانەنشینبوونە کە دەگەڕێتەوە سنە و تا دوا ڕۆژانی ژین هەر لەم شارەدا دەمێنێتەوە. ئەم ساڵانە خەمساردییەکی فرەی پێوە دیارە کە بەشی سەرەکی بەرۆکی خۆی دەگرێتەوە کە لە هەمبەر چاپ و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانیدا کەمتەرخەم دەبێت کە دیارە ئەم پرسەیش بۆ خۆ گەلێک هۆ و هەگەری لە پشتە. بەشەکەی دیکەیشی ڕووی لە خەمساردی کۆمەڵگە بەرانبەر بەم کەسایەتییەیە کە وەک پێویست ئاوڕی لێ ناداتەوە.


چەندان جار لە نزیکەوە ئەم کەسایەتییەم بینیبوو و دەگەڵی قسەم کردبوو. مرۆیەکی سادە و ڕۆحسووک و ئارام بە جانتا گچکەکەی سەرشانی بە شەقامەکانی شاردا دەهات و دەچوو بەڵام تەنیایی و دۆخی سەختی ژیان و گوزەران ئەو بڕست و تاقەتەی لێ بڕیبوو تا پێکەوە بە وردی لەسەر مێژووی ڕادیۆ و گەلێک پرسی دی باس بکەین و ڕووپەڕی دوێنێ هەڵبدەینەوە. ئەمە قەدەری بە سەدان سیمای ناودیاری کوردە کە تا لە ژیاندان، بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن و هەرگیزیش وەک پێویست ئاوڕیان لێ نادرێتەوە. هەر بۆیە هەگبە ڕەنگاڵەییەکەی تەمەن دەگەڵ خۆ دەبەنە بن گڵ و کۆمەڵ لە خەرمانەیەک یادەوەریی ڕەنگین و زەنگین بێبەش دەبێت.


شیاوی ئاماژەپێدانە "حیسامەدین ئەمین"، ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی(١٩٣٦)لە شاری سنە دیدەی لە ڕووی ژیان هەڵدێنێت. بۆ خۆی دەڵێ،خەڵکی گوندی"باینچۆ"ی سنەیە.


سەد مخابنیش ئەم نووسەر و شاعیرە درەنگانی شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤(٦ی ئۆکتوبەری ٢٠٢٤)لە نێو ماڵەکەی لە شاری سنە بۆ هەمیشە چاوانی لێک دەنێت و هەگبەی ساڵانی خزمەت و خەمخۆری بە یادگار بەجێ دەهێڵێت.

_______________________________________________
ژێدەر:
• ماڵپەڕی عیسا سەفا،بەشی ئەدەبی  www.assasafa.net     
• ڕادیۆ کوردیی تاران لهـ‌ بهـ‌ردهـ‌م دهـ‌روازهـ‌ی دیرۆکدا،هۆمهـ‌ر نۆریاوی،گۆڤاری ڕێزان،ژمارە٣،ڕێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی
• وتووێژی گۆڕان نیوز دەگەڵ حیسامەدین ئەمین،ماڵپەڕی گۆڕان نیوز،گەڵاڕێزانی ١٤٠٢
• وتووێژی کوردپرێس دەگەڵ حیسامەدین ئەمین،بەشی فەرهەنگ و هونەر،٨ی تەمووزی ٢٠١٩

 

 

h_noryawi@yahoo.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک