٧\٤\٢٠١٤
لە دیاربەکر وا
روویدا.
موراد تورک |

وەرگێڕانی: رێبوار
|
ئەم شارە ئەوەندە ئازاری تێداژیا توانی ٧
دۆزەخ لە دەرونیدا جێبکاتەوە ، لە هەمانکاتدا ئەوەندە بە هیواش بوو
توانی لە دەرونیدا ئاگری ٧ دۆزەخ خامۆش بکاتەوە.
لە ڕۆژێکی زۆر گەرمی ١٠ ی تەموزدا بە سەدان هەزار کەس لە شاری ئامەدا
لە گۆڕەپانی ( ئیستاسیۆن ) کۆببونەوە ، ئەوەندە گەرم بوو مرۆڤ دەیتوانی
بە دوری ٥٠ مەترێک دەزوی تیشکی خۆر بەدەست بگرێت ، ئەم گردبونەوەیە بۆ
ناشتنی تەرمێک بوو ، بەڵام گەل ئەم شینەی گۆڕی بۆ کەشوهەوایەکی
شۆڕشگێڕانە و بە شایی و دەهۆڵ و زوڕناوە سەرچۆپیان گرتبوو ، گەل
دروشمیان دەوتەوە و گۆرانی شۆڕشگێڕیان دەووت ، بەڵێ تێکۆشانی مانگی
تەموز لە زیندانی ئامەد لە نێوان چوار دیواریدا کلتورێکی بەرخودانی
جەماوەری خوڵقاندبوو ، بەڵام لەم خاکەدا ڕوحی ڕاستەقینەی بەرخودان لە
سەردەمی شێخ سەعیدەوە تاکو ئەمڕۆ بۆ یەکەمجاری بوو وەک ڕوبارێک ڕژابێتە
گۆڕەپانێکەوە ، ئەم ڕوحی تێکۆشانە کە ئەمڕۆ سەدان هەزاری لە چواردەوری
خۆیدا کۆکردۆتەوە ڕەنگ و بۆنی قۆناغێکی نوێی دەنەخشان.
١٥ ساڵ بووم ، باڵی تازە تروکاوی سترانە شۆڕشگێڕێکان بووم ، ئێمە ئەو
ئەسپە سپی و چاو شینە ئازادییە بووین لە گۆڕەپان و کوچە و کۆڵان و
پێدەشتەکاندا ئەو نەورۆزەی کە ساڵی جارێک دەهات و چاوەڕێی بوین کڵپەی
ناخمانی نەدەکوژاندەوە ، دڵمان وەک بروسکەی هەور لێی دەدا و پێمان
وابوو ئەمڕۆ یان سبەی شۆڕش بەرپا دەکەین ، ڕوحی خۆمان بەو سترانە
شۆڕشگێڕیە ئەفسوناویە وابەستە دەکرد کە پێمان وابوو خەڵەتێکی یەزدانییە
، چونکە ئێمە ئەو مەجنونانە بوین کە لە نێوان درزی بەردەوە بەدوای
ئازادیدا دەگەڕاین ، هەمیشە قەیتانی پێڵاوەکانمان بە توندی گرێ دەدا ،
لە جیاتی پشتوێن جامانەمان دەبەست ، هەرکاتێک چرپەیەکمان دەبیست
جامانەکانمان لە پشت دەکردەوەو دەموچاومان هەڵدەپێکا و دەستمان بۆ بەرد
دەبرد ، بە کۆمەڵ لە شوێنێکدا دەگیرساینەوە و ئاگرمان دەکردەوە بەڵام
سیمای ئێمە کە دڵۆپی بێ بەزەیی خوداوەندی لێ دەتکا بەردەوام لە چیاکانی
دەڕوانی ، چیاکان دور بوون بەڵام دیاربەکر تەخت ، باشا بۆچی چیای (
قەرەجە ) ئەوەندەی چیای ئارارات نزیک و بەرز نییە ؟ ، ئایا چیای (
ئانادۆک ) نەیدەتوانی بێت بۆلای چیای ( کرکلاک ) ؟ ، ئەی باشا چیاکانی
جودی و گابار و هێرەکۆل نەیاندەتوانی تەشریف بفەرمون و بێننە بەردەم (
نسکایە ) ؟ ، ئەی باشە بۆ ڕوباری دیجلە قوڵتر و خۆی ناکات بە دارستانێک
؟ ، بێگومان نەبینراوە چیاکان لە تەختایدا ڕی بکەن ، بەڵام دەبینرێت
بزوتنەوەیەک هەزار ساڵێک لەمەوبەر ڕوی لە چیاکان کردووە ، هەروەکو چۆن
لەبەرە بەیانی ٢١ ی ئادار کاوەی ئاسنگەر لەگەڵ نەوەکانیدا بە دەستی
چەکوش و بە هەزارەها مەشخەڵەوە لە چیاوە بەرەو پێدەشت بەڕێ کەوتن ئەم
١٠ ی تەموزەش بۆ شاری ئامەد مانای هەمان نەورۆز دەبەخشێت.
ئەو ڕۆژە کە ماتۆڕسوارەکان بەشداری کاروانی تەرمەکە بوون سەرێکی لە
ناوچەی ( ئۆفیس ) بوو لەسەر جادەی ( ئیستاسیۆن ) وە کاروانەکە دەهات
سەرەکەی تریشی بەدی نەدەکرا و هەموومان کەوتینە ناو جۆشوخرۆشەوە ،
کاتێک گەیشتینە ئەو ماشێنەی تەرمەکەی هەڵگرتبوو چاوم بە تابوتەکە کەوت
بە ئاڵای ( ئەرنەکە ) پێچرابوو ، بۆنێکی خۆشیان لێدابوو ، پیاوێکی
بەتەمەن ئاڵاکەی ماچکردوو دروشمی دەوتەوە و پاشان ووتی شەهید نامرن ،
تاکو مزگەوتی ( ئیستاسیۆن ) دروشموترایەوە ، تەرمی ( ویداد ئایدن )
هێنرایە ئەم مزگەوتە و شۆرییانەوە ، لەهەمانکاتدا لەسەر ماشێنەکە بە
بڵندگۆ ووتار دەخوێنرایەوە ، ئێمە منداڵانی گەڕەک لەژێر ئەو خۆرەتاوەدا
لەسەر رەسیفی جادەکەدا دانیشتبوین و خۆمان خستبوە بەر سێبەری کۆمەڵێک
پیاوەوە ، دوای شۆرینەوەی تەرمەکە جارێکی تر ئاپورەی خەڵکەکە کەوتنە
جوڵەوە ، ئاپورەیەک کە سەروبنی بەدی نەدەکرا لە پێشەوە بە پۆستەری
شەهیدان و بە ئاڵای سەوز و سوور و زەرد و ووتنی دروشمەوە بەرەو دەرگای
( ئورفە ) قەڵای شاری ئامەد بەڕێ کەوتین.
بەدرێژایی ڕێگا کوچە و خیابانەکان لەلایەن پۆلیس و تیمی تایبەتی
دەوڵەتەوە ئابڵوقە داربوو ، کاتێک نزیک دەرگای ( ئورفە ) بوینەوە ئەو
تیمی تایبەتانەی کە دەموچاوی خۆیان هەڵپێکا بوو کە لەسەر باڵەخانەی
دیواری قەڵاکە مەنزڵیان گرتبوو گەل بەرد بارانیانکردن ، لەدوای ئەم
بەردهاویشتنەو ووتنەوەی دروشمەکاندا کەسیان لەو ناوەنەمان ، لە دەرگای
( ئورفە ) وە کەمێک لە خواروی خیابانی قەڵاکەوە بەرەو دەرگای ( ماردین
) بەڕێ کەوتین ، لای دەستە ڕاستی ڕێگاکە باڵەخانەکانی سەر قەڵاکە
لەلایەن پۆلیس و تیمی تایبەتەوە گیرابوو ، لەلای چەپەوە لە پەنجەرەی
شوقەکانەوە و لە ماڵە قوڕەکانەوە گەل ئیشارەتی سەرکەوتنیان دەکرد و
دروشمیان دەوتەوە و سڵاویان لە ئاپورەی گەل دەکرد.
پەنجامەترێک مابوو بگەینە دەرگای قەڵاکە کە ناوی دەرگای (ماردین)ە
پۆلیس خەڵکەکەی ڕاگرت ، گروپەکەی ئێمە چواردەوری ئەو ماشێنەیان تەنی
بوو کە تەرمەکەی بەسرەوە بوو ، ئەو هەڤاڵانەی لە پێشەوە بوون ئاگاداری
هەڤاڵانی ئەرکدارەکانیان کردەوە کە دابنیشین ، بنکەی پۆلیسی دەرگای
ماردین ڕێک لە بەرامبەرمان بوو ، لەبەردەم ئەم بنکەی پۆلیسەدا بە سەدان
پۆلیسی دەمامک و دەستبەچەک راوەستابوون ، بەسەر باڵەخانەی دیواری
قەڵاکەوە چەندین تیمی تایبەت کە تەنها کەلە سەریان دەبینرا بەسەر
دیوارەکانەوە بوون ، گروپێک پۆلیس لەگەڵ گروپێکی پێشمانەوە خەریکی
مامەلەو سەوداکردنی ڕەوشەکە بوون ، لەناکاو هەرچی پۆلیسی ئەوێ هەیە
کەوتنە تەقەکردن لێمان ، هەموو خەڵک خۆیان لە زەوی درێژکرد ،
بەسەرماندا فیشەک وەک باران دەباری ، پارجە چیمەنتۆی سەر ڕەسیفەکان بە
هەموولایەکدا بڵاو دەبۆوە ، لە بڵندگۆی پاسی پێشەوەماندا کە
پەرلەمانتاری ئێمەی لەناودا بوو دەنگ بەرز بۆوە و دەیانووت ( تەقە
مەکەن .. تەقە مەکەن ) بە پێچەوانەوە دوای ئەم بانگەوازیە و
ئاگەدارکردنەوەیش بەڵام تەقە کردنی پۆلیسەکان هەر بەردەوام بوو بەڵکو
زیادیشی کرد ، کەسانێکی زۆر بریندار بوون ، دوای ئەوەی هەندێک
بەسکەخشکێ ڕۆیشتم دوایش هەندێک تەقڵەمداو توانیم خۆم بگەهێنمە پەنای
قاڵدرمەکانەوە ، فیشەک ئەم پەنایەی نەدەگرتەوە ، دوای ماوەیەک کە
تەقەکردن کپ بۆوە هێواش .. هێواش توانیمان جارێکی تر خۆمان کۆبکەینەوە
، کەلە شوێنی خۆم قیتبومەوە خۆم لە نێوان سەدان برینداردا بینیەوە ،
تەماشایەکی خۆمم کرد ، هیچم لێنەهاتبوو ، هێشتا نەهاتبومەوەسەر خۆم و
ئەو تاسەیەی بەسەرمدا زاڵ ببو هێشتا کاریگەری بەسەرمدا بەردەوام بوو
لەناکاو بە سەدان پۆلیس هێرشیان کردە سەرمان ، بۆئەوەی هێرشی پۆلیسەکان
واڵا دەربخەین دەستمان کرد بە بەرد بارانکردنی پۆلیسەکان ، هەندێک
پاشەکشێیان کرد ، جارێکی تر ئاپورەی گەل کۆبۆوە و هێواش .. هێواش
دەستکرا بە کشانەوەی بریندارەکان و هەڵگرتنەوەی تەرمی شەهیدان کە لەسەر
جادەکاندا درێژ ببوون ، سەوزایی بەردەم دەرگای ( ئورفە ) بەخوێن سوور
هەڵگەڕابوو ، شەقامەکان وەک گۆمێکی خوێناوی بەر تیشکی خۆر دەبریقایەوە
، لەم هێرشەدا هەموو ئامانجی هێزی دەوڵەت ئەوەبوو کە ئەم ئاپورەیە
نەگەنە گۆڕستانەکە بەڵکو دەیانویست کەسانێکی کەم بچنە گۆڕستانەکەوە ،
ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیەمان بهاویژتایە بەرخودانمان ئامانجی خۆی
نەدەپێکا ، ئەگەر خواستی هێزی دوژمن بهاتایەتەدی ئەوا روحی سەرهەڵدانی
ساڵی ١٩٩٠ لەم دەرگای ( ماردین ) ە تێکشکانێکی گەورەی بەخۆیەوە دەبینی
، دەستڕێژیکردنی سەر گەل و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و پەیامی هەڕەشەی
ئەوەی کە کۆمەڵکوژی زیاتر ئەنجام ئەدرێت لە جیاتی ئەوەی لە ڕوحی
ئاپورەکە ترس بڕوێنێت بەڵکو دیمەنی ئازایەتییەکی نیشاندا کە ئەو هێزەی
بێتە ڕێی سەروبنی دەکات ، ئاپورەی گەل دوای ماوەیەکی کەم جارێکی تر بە
چاونەترسانەوە بەناو دەرگای ( ماردین ) تێپەڕی ، گەل بەجۆشوخرۆشێکی
مەزنەوە گوێی خۆیان بۆ عینادی تێکۆشانی روباری دیجلە رادێرا بوو ، ئێرە
ئەوەندە قەڵاباڵغ بوو لە گۆڕستانەکە ئەگەر دەرزیت فڕێدایە نەدەکەوتە
زەوی ، بە هەزارەها کەس لە گوند و شارۆچکەکانەوە هاتبونە ئێرە ،
هەزارەها کەس لە گۆرستانەکە کۆببونەوە و سەرقاڵی هەڵکۆڵینی گۆڕێک بوون
، خاکەناز و قازمە ئەودەست و ئەم دەستی دەکرد ، دوای ئەوەی گۆڕەکە
ئامادەکرا ڕێگا کرایەوە و تابوتێک کەلە ئاڵایەک پێچرابوو بەسەرشانەوە
هێنرایە کەناری چاڵەکەوە ، مەلایەک سەرقاڵی قورعان خوێندنەوە بوو
یەکێکیش بە کامیرەی ڤیدیۆ دیمەنی گۆڕەکە و ئاپورەی جەماوەرەکەی دەگرت ،
دوایش تەرمەکە خرایە ناو گۆڕەکەوە ، داپیرەیەک بە کوردی دەیلاواندەوە و
دوایش هەر بە کوردی بۆ خەڵکەکە کەوتە قسەکردن منیش وەک هەموو کەسێک
چاوەکانم فرمێسکیان تێدا قەتیس ما ، کاتێک هەموومان خولەکێک راوەستاین
بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدان هەمووکەسێک بێدەنگ بوو ، لەناو ئەو بێدەنگییەدا
کە تەماشای ئەو بەرەوەم کرد بینیم تیمی تایبەت و پۆلیس بەرەو دەرگای (
ماردین ) ڕادەکەن ، راکردنی ئەم هێزی دەوڵەتە هەموو کەسێکی نیگەران
کردبوو ، دوای تەواو بوونی یەک خولەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان
مارشی ئەیرەقیب ووترایەوە ، دوایش لە گۆرستانەکە دەرچوین و دەستمان
کردەوە بە ڕێپێوان.
کاتێک بێدەنگانە بەسەر بەرزایەکەی دەرگای ( ماردین ) هەڵگژاین
زریپۆشەکان ڕێیان لێگرتین ، ڕاوەستاین و بەسەر ڕەسیفەکەدا دانیشتین ،
پۆلیس سەر بەرزایەکانیان گرتبوو ، بەسەر باڵەخانەی قەڵاکەوە لە دورەوە
تیمی تایبەت و پۆلیس سەرنگەریان لێدابوو ، رووی چەکەکانیان لە ئێمە
کردبوو ، هەموو کەسێک بۆ ئەوەی بزانێت چی بووە و بۆ ڕاوەستاین لەیەکتری
پرسیاریان دەکرد ، پۆلیس بە هەموومانی ووت بەهۆی ڕەوشی نالەبار و
دڵنیانەبونەوە لەبارەی ئاسایشەوە دەبێت ئەم خەڵکە نەک بە کۆمەڵ بەڵکو
بە شێوەی گروپ .. گروپ لە دەروازەی قەڵاکەوە گوزەر بکەن ، بەڵام ئەم
داخوازییەی پۆلیس لەلایەن گەلەوە قەبوڵ نەکرا ، بڕیاردرا کە گەل هەموو
بەیەکەوە دەچنە دەروازەکەوە و دوایش دەچنەوە ناو شار ، خەڵکانێکی
بێژمار لەسەر جادەکاندا دانیشتبوون کە سەروبنی دیار نەبوو ، ئەم
چاوەڕوانیە و بێدەنگییە کە ماوەی کاتژمێرێکی خایاند بە دەنگی چەپڵە
لێدان و لەگەڵ گوتاف ووتنەوەدا دیواری بێدەنگی ڕوخا ، هێواش .. هێواش
دەستمان کردەوە بە ڕێکردن و لەبەر ئەوەی بەسەر بەرزایی دەرگای ( ماردین
) هەڵدەگژاین هەموومان هەناسەسوار ببوین لەناکاو تەقەیان لێکردین.
وامانزانی ئاسمان بەسەرماندا ڕوخا ، تەقەیەکی زۆریان بەسەرماندا کرد
ئەوەندە کەوتبومە نیوان قەڵەباڵغێکەوە پێش خۆمم پێنەدەبینرا ،
پاڵەپستۆیەکی زۆر لەناو گەلدا هاتە ئاراوە و لەترسی فیشەک هەریەکە و
پەنای بۆ شوێنێک دەبرد ، بەڵام کەس شوێنێکی گیری بۆ ئەم مەبەستە
پێپەیدا نەدەکرا ، لەگەڵ سەدان کەسدا لەناوەڕاستی جادەکەدا خۆمان بەسەر
دەمدا درێژ کردبوو ، هەمووی لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە خۆیان بگەهێننە
لاچەپی پشت دیوارە بەرزەکە ، توانیم بە خشکاندن خۆم بگەهێنمە ئەو
پەنایە ، کە گەیشتمە پەنای دیوارەکە و لێژاییەکم بینی ، بەسەدان کەس بۆ
ئەوەی لە فیشەک خۆیان بپارێزن لە لێژایەکەوە خۆیان گل دەکردەوە ، کچێکی
گەنج کە بلوزێکی زەردی لەبەردابوو بینیم لە لێژایەکە خۆی فڕێدایە
خوارەوە و بە پشتا دای بە زەویدا و قاچێکی شکا ، خەڵکەکە بە برینداریش
خۆیان لە بەرزایەکەوە فڕێ دەدایە خوارەوە ، بەسەریەکدا دەکەوتن ،
ئەوانەی شانسیان یاوەریان بوو لە لێژایەکە دەکەوتنسەر خانووە قوڕەکان و
لەوێوە بازیان دەدا ، دەستمکرد بە ڕاکردن ، بە چەپ و راستمدا فیشەکیان
پێوە دەنام ، کەسانێکی زۆر بەبەردەممدا ڕایان دەکرد و بە سکە خشکێ
خۆیان گل دەکردەوە و خۆیان لە فیشەک دەپارێزا ، بەسەر پیلیکانی دیواری
قەڵاکە چومە خوارەوە و بەسەر ڕەسیفەکەدا خۆم گل کردەوە ، لەشم بەر شتێک
کەوت کە تەماشام کرد پیاوێکی بریندار بوو ، هیچ نەدەجوڵایەوە پێم وابێت
مرد بوو ، هەروەکو هەمووکەسێک دەستم نابووە سەر سەرم و پاشکەمێک سەرم
هەڵبڕی تەماشایەکی بنکەی قەڵاکەم کرد ، بینیم پۆلیس و تیمی تایبەت
ئەوەی بجوڵایەتەوە تەقەیان لێدەکرد ، گوێم لە هاوارێکی زۆری خەڵکە کە
بوو ، لە لێژایەکەی دەرگای ( ماردین ) بە دەیان کوژرا و بریندار
کەوتبوون ، کە ئەوناوەیان خەڵتانی خوێن کردبوو ، لەسەر شەقامەکانیش
ژمارەیەکی زۆری ئاڵای سوور و زەرد و کەسک و پێڵاو و کڵاو و چاویلکە و
جزدان و پاکەتی جگەرە و چەرخ و شقارتە کەتبوو ، پیاوێک کە کراسێکی سپی
لەبەردابوو سەرەرای ئەوەی دامێنی خەڵتانی خوێن ببوو کەچی هاوکاری ئەو
کەسانەی دەکرد کە لەسەر جادەکان کەوتبون و بریندار ببون و داوای
یارمەتیان دەکرد ، کابرا خۆی بریندار بوو لەناکاو فیشەکێک دای لەدەمی
کابراکە و بەلادا هات و تێگەیشتم کە مانەوە لەم شوێنە مەترسییە ، گوێم
لە دەنگێک بوو سەرم بەرز کردەوە بینیم کڵاوێکی پۆڵاینی پۆلیسێک
لەسەرەوە بەرەو خوار لێژدەبۆوە و لەبەردەمم گل بۆوە ، قیت بومەوە و
بەرەو بەنزینخانەی شار کەوتمە ڕاکردن.
لەچواردەوری بەنزینخانەکەدا بەدەیان برینداری لێبوو ، لەوەدەچوو کە
هەموو کەسێک پەنای بۆ ئێرە بردبێت ، ئەوانەی خەڵتانی خوێن ببوون و لە
شۆکدا بوون لەو ناوە دەسوڕانەوە و لەبەر خۆیانەوە دەیانووت دێنە ئێرە و
دەستڕێژمان لێدەکەن ، لەناو خۆمان کەوتینە باسی ئەوەی چۆن بەبێ ئەوەی
لێبدرێین لێرە ڕزگارمان دەبێت ؟ ، توانیمان چەند برادەرێک لێرە
دوربکەوینەوە ، توانیمان تاقیبی کەناری دیوار و شوێن پێی خوێنەکان
بکەوین و لە ژێر باڵەخانەی قەڵاکەوە بە گروپ ڕێمان کرد و توانیمان
خۆمان بگەهێنینە ناو شار.
لەدەستپێکی ناو شاردا خانوی تاک و خانووە قوڕەکان و کۆڵانە تەسکەکان و
شەقام و کۆڵانەکان و بە کورتی هەموو لایەک وەک دۆزەخی لێهاتبوو ، ئەو
ژنانەی لێدرابون و ئەو منداڵانەی دەگریان و ئەوانەی خەڵتانی خوێن ببوون
لەوەدەچوون کەلە ناو گۆڕەپانی جەنگێکەوە هاتبێتنەوە ، پێش ئەوەی بچمە
ناو کۆڵانێکی تەنگەوە وەستام و تەماشای باڵەخانەکانی قەڵاکەم کرد دەنگی
هاوار و قیژە و دەنگی تفەنگ و تۆپ و دەنگی کۆپتەر بەرز دەبۆوە و
دوکەڵێکی زۆری ئاگرم دەبینی ، ئەو هەزارەها کەسانەی کە لە مردن
ڕزگاریان ببوو خۆیان گەیاندبووە ناو شار و کەوتبونە ناو کۆڵانە
تەنگەکانەوە ، بەڕاکردن خۆیان دوور دەخستەوە.
کاتێک چوومە کۆڵانێکی هەڵقرچاوەوە کەسانێکی زۆری بریندار و ماندو بێ
تاقەتم بینی ، هەندێک لە ژنان دەرگای ماڵەکانیان کردبۆوە و خەڵکەکەیان
دەبردە ژوورەوە و هاوکاریان دەکردن ، ژنێکی پیر لەبەردەم دەرگا
باخچەکەیدا سەتڵێک ئاوی بەفراوی دانابوو ئەوەی تێدەپەڕی ئاوی ئەداپێی ،
منیش جامێک ئاوی ساردم خواردەوە ، لەبەردەم ماڵێکی تردا ژنێک نانێکی
گەرم و تەڕەپیازێک و دوو زەیتونی دامێ ، منیش بەدەمڕێوە کەوتمە
خواردنیان و لەناو کۆڵانە تەنگەکاندا کەڕێم دەکرد تەنها بیرم لەوە
دەکردەوە کە چۆن خۆم بگەهێنمە سەر شاخ.
ماڵپهڕی رێبوار
|