٩\٤\٢٠١٤
له ئێستاوه
پیرۆزبایی له براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان.

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا
دیموکراسی وه‌ک چه‌مکێکی سیاسی بۆ به‌ڕێوه‌بردن و دیاریکردنی سیسته‌می
ده‌وڵه‌ت، ته‌نیا خۆی له هه‌ڵبژاردندا نابینێته‌وه، وه‌ک له پێناسه
باوه‌که‌یدا خه‌ڵکی لێی تێگه‌یشتوون، به‌ڵکو رێزگرتن له که‌مینه‌و سه‌روه‌ری
یاسا‌و پێشێل نه‌کردنی مافی به‌رانبه‌رو ئاڵۆگۆڕی ده‌سه‌ڵات به‌هۆی
بڕیاری جه‌ماوه‌ره‌وه‌و ئازادی قسه‌کردن و چاپه‌مه‌نی و بوونی رێکخراوه
مه‌ده‌نییه‌کان و هه‌روه‌ها سه‌ندیکا پیشه‌ییه‌کان و ...، ئه‌مانه له
بنه‌ماکانی دیموکراسین و له‌ناو ئه‌وانه‌شدا هه‌ڵبژاردن گرنگی تایبه‌تی
خۆی هه‌یه که پرسه پێوه‌ندداره‌کانی ده‌وڵه‌ت له رێگه‌ی بڕیاری تاکه‌کانییه‌وه
یه‌کلایی ده‌کاته‌وه، به‌و مانایه‌ی گه‌ل خۆی حکومی خۆی ده‌کات، چونکه
نوێنه‌ری متمانه پێکراوی خۆی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ده‌ست نیشانکراوه،
ئه‌وکات ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌شی هه‌بێت ره‌خنه‌کانی ئاراسته‌ی ئه‌و که‌س و
لایه‌نه ده‌کات که ده‌نگی بۆی داوه‌و کۆی کۆمه‌ڵگه‌و رێکخراوه
سیاسییه‌کان تۆمه‌تبار ناکرێن.
ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش واته چوونه ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه، شکست و سه‌رکه‌وتنی
تێدایه، هه‌م بۆی هه‌یه براوه بیت هه‌میش ده‌بێت چاوه‌ڕێی متمانه
پێنه‌به‌خشینی جه‌ماوه‌ر بکه‌یت که ئه‌مه‌شیان به مانای شکست نایه‌ت،
به‌ڵکو به‌مانای ئه‌وه دێت که هێز و رێکخراوی سیاسی تر هه‌ن کاری
باشتریان کردووه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ناو کۆمه‌ڵگه له چوارده‌وری به‌رنامه
ستراتیژییه‌کان بۆ به‌رێوه‌بردن و ئاڕاسته‌کردنی کۆمه‌ڵگه کۆبکه‌نه‌وه،
که‌واته قه‌بوڵکردنی ئه‌نجامه‌کان رێزگرتنه له مافی ده‌نگده‌ر که
ئازادانه ده‌نگ به‌و کاندیده یاخود ئه‌و لیست و حیزبه ده‌دات و
پێیوایه خه‌ونه‌کانی به‌دی ده‌هێنێت یاخۆ متمانه‌ی پێی هه‌یه، ئه‌وه‌ی
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ناشیرین ده‌کات، ناڕه‌زایی ئه‌وانه‌یه براوه‌ی
پرۆسه‌که نابن، ئه‌وکات کۆی پرۆسه‌که ده‌ده‌نه به‌ر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌و
ته‌نانه‌ت بیریان ده‌چێته‌وه جه‌ماوه‌ر خاوه‌نی بڕیاره نه‌ک ئاره‌زووی
بردنه‌وه‌ی ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب، چونکه ئاره‌زووی برده‌نه‌وه له
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا لای هه‌موو لایه‌نه‌کان له ترۆپکدایه، به‌ڵام
خۆ ناکرێت هه‌مووان هه‌ر براوه‌ی زۆرینه‌بن، بۆیه‌ش رێزگرتن و
پیرۆزبایی کردن له لیستی براوه به‌یه‌کێک له خاڵه هه‌ره گرنگه‌کانی
پرۆسه‌ی دیموکراسی هه‌ژمار ده‌کرێت.
ئه‌گه‌رچی دیموکراسی له بنه‌ڕه‌تدا به‌ر له‌وه‌ی چه‌مکێکی سیاسی تازه
بێت، کولتووری هه‌ندێ له کۆمه‌ڵگه‌کانی به‌شه‌ریه‌ته، واته ئه‌گه‌ر
دیموکراسی له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا له بنه‌ڕه‌تدا کولتووری یه‌کتر قه‌بوڵکردنی
تاکه‌کان نه‌بێت، زه‌حمه‌ته پرۆسه‌که به‌بێ ئارێشه بچێته پێشه‌وه،
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت ئه‌و کولتووره له باشووری کوردستانداو به‌گشتیش
له‌ناو کورددا به‌هۆی له‌بارنه‌بوونی هه‌لومه‌رجه مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی
و سیاسی و نه‌بوونی کیانی سه‌ربه‌خۆ غیابه، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له‌وه‌ته‌ی
هه‌یه له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌یاره‌کانی دووچاری کێشه‌ی جۆراوجۆر بۆته‌وه‌و
ئه‌مه‌ش هۆکار بووه دیموکراسی له کوردستان تازه بێت و هێشتاکه نه‌بووبێته
کولتووری تاکه‌کان، که‌واته قه‌بوڵکردنی ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن
خاڵی به‌هێزی پرۆسه‌که ده‌بێت و هۆکاری پێکه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له
تێڕوانین و بۆچوون و ئینتیمای سیاسی تاکه‌کان ده‌بێت و ئه‌مه‌ش وا ده‌کات
نموونه‌یه‌کی جوان به نه‌یاره‌کانمان بده‌ین و بڵێین ئێمه ده‌مانه‌وێت
به ئاشتیانه بژین.
٣٠\٤ی
ئه‌مساڵ له سه‌رجه‌م عێراقدا هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت و باشووری کوردستانیش
ده‌چێته سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه، ئێمه له‌وه ده‌گه‌ین له‌ناو
عه‌ره‌به‌کاندا به‌هۆی هه‌ستی تایه‌فی و عه‌شیره‌تگه‌رایی و ململانێی
سوننه‌و شیعه ده‌رئه‌نجامه‌کان وه‌ک پێویست قه‌بوڵ ناکرێن و ره‌خنه‌بارانی
یه‌کتری ده‌که‌ن به‌مه‌سه‌له‌ی ته‌زویرکردن و داننه‌نان به براوه نه‌بوون
له پرۆسه‌که‌دا، خۆ ئه‌گه‌ریش بزانن لایه‌نێک براوه‌ی بێ ته‌زویریشه
هێشتاکه رێز له براوه‌ییه‌که‌ی ناگرێت، وه‌ک چۆن مالیکی شکستی هێنا
له هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام پێداگری زۆری کرد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رۆکی
حکومه‌ت و به‌هۆیه‌وه عێراقی دووچاری ده‌یان قه‌یرانی سیاسی و ئابووری
و ئه‌منی کرد، به‌ڵام له دواییدا به‌هۆی ره‌چاوکردنی دۆخه مه‌ترسیداره‌که،
عه‌لاوی که براوه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو ته‌نازولی بۆ مالیکی کرد‌و مالیکیش
وه‌ک سه‌رۆک حکومه‌ت ده‌ست نیشانکراو به‌مه‌ش زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره به‌ر
هه‌یکه‌لی دیموکراسی که‌وت له عێراقداو ئه‌وه‌تا مالیکی ده‌رکه‌وته
دیکتاتۆرییه‌کانی به‌ده‌رکه‌وتوون، له‌رێزنه‌گرتن له‌سوننه‌کان و
زیندووکردنه‌وه‌ی ململانێ تایه‌فی و دروستکردنی کێشه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی
کوردستان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زۆربه‌ی دامه‌زراوه گرنگه‌کانی وڵات و
رێزنه‌گرتن له لایه‌نه سیاسییه‌کانی تری عێراق و بیرکردنه‌وه‌ی تاکڕه‌وانه
له فه‌رمانڕه‌واییکردنی ده‌وڵه‌تدا. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه دۆخه‌که
ره‌نگه له باشووری کوردستاندا جیاوازتر بێت، چونکه ئێمه کێشه‌ی عه‌شیره‌ت
و مه‌زهه‌بگه‌رایی و تایه‌فیمان نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ململانێی سیاسی
حیزبه‌کانه، که‌واته گرنگترین شت ئه‌وه‌یه حیزبه‌کان له‌کاتی راگه‌یاندنی
ده‌رئه‌نجامه‌کاندا پیرۆزبایی له لیست و کاندیدی براوه بکه‌ن جا ئه‌و
لیست و کاندیده هه‌ر لایه‌ن و که‌سێک بێت، ئه‌وکات پرۆسه‌که بۆ کورد
سه‌رکه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ست ده‌هێنێت و ده‌توانین نموونه‌ی جوان
پێشکه‌ش بکه‌ین له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوای راگه‌یاندنی
پرۆسه‌که یه‌کتریمان به ته‌زویرکردن و پێشێڵکاری تۆمه‌تبار کرد له‌کاتێکدا
ئه‌و تۆمه‌تبارکردنه یاسایی و لۆژیکی نه‌بوو، ئه‌وکات پرۆسه‌که
ناشیرین ده‌که‌ین و ناتوانین به شه‌قامی جیهانی بڵێین ئێمه‌ش خاوه‌نی
کولتووری دیموکراسین و ده‌توانین هاوشانی وڵاته دیموکراسییه‌کان
بڕۆینه پێشه‌وه‌و به‌شداربین له شارستانێتی جیهانیدا له‌رووه پۆزه‌تیڤه‌که‌یه‌وه،
چونکه جیهان هه‌نووکه چاوی بڕیوه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه، به‌تایبه‌ت
وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان که له‌رووی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و مه‌ده‌نییه‌وه
له ژێر سفردان و گرنگه بۆ جیهان له‌ناو ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌دا میلله‌تێک
دیموکراسیانه بیر بکاته‌وه‌و به‌شداری بکات له بونیادنانی شارستانێتی
جیهانیدا به‌لایه‌نه باشه‌که‌یدا، ئه‌وکات ئێمه ئیشی بۆ بکه‌ین و نه‌که‌ین
پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست ده‌هێنین، پشتگیری نێوده‌وڵه‌تیش نموونه‌که‌ی
ئیسرائیله که هه‌رچی وڵاته ئیسلامییه‌کانه به‌تایبه‌ت ئێران و عه‌ره‌به‌کان
دژایه‌تی ئه‌زموونی ئیسرائیل ده‌که‌ن، به‌ڵام چونکه پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی
هه‌یه، ناتوانن چۆکی پێدابده‌ن و ئه‌ویش رۆژ دوای رۆژ پێشده‌که‌وێت،
خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می کۆماری مه‌هاباد کورد پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوایه
ئێستاکه کوردیش له ناوچه‌که‌دا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی ده‌بوو، هیچ
گومانیش له‌وه‌دانییه زیاتر له عه‌ره‌ب و فارسه‌کان پێشکه‌وتنی به‌خۆیه‌وه
ده‌دی، ئه‌وه‌تا باشوور له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵام له‌رووی
دیموکراسی و ئازادی چاپه‌مه‌نی و یاساوه زۆر له ئیران و به‌شێک له
وڵاتانی عه‌ره‌بی باشتره، هیچ نه‌بێت له هه‌رێمدا رۆژانه خه‌ڵکی له
سێداره نادرێن، وه‌ک له ئێران‌دا ده‌بینرێت که ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ی
نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێناوه.
پیرۆزبایی کردن له لایه‌نی براوه‌و قه‌بوڵکردنی ئه‌نجامه‌کان، به‌قه‌د
خودی پرۆسه‌که گرنگه، ئه‌گه‌ر هه‌موو ساڵ جارێک هه‌ڵبژاردن بکرێت، به‌ڵام
له‌لایه‌ن هێزه سیاسییه‌کانه‌وه دان به ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که
نه‌نرا، ئه‌وه هیچ نه‌بووه، بگره دروستکردنی دۆخێکی مه‌ترسیداریش
دێنێته کایه‌وه‌و باری سایکۆلۆژی تاکه‌کانیش به ئاڕاسته‌ی دژایه‌تی و
ناکۆکیدا ده‌بات له‌وه‌ی تاکه‌کان ناتوانن به ئاسانی بینینی یه‌کتر له
سه‌رشه‌قام و له‌ناو فه‌رمانگه‌و له کۆڵان و له‌ناو مارکێت و له سه‌یرانگه‌کان
و شوێنه گشتییه‌کاندا قه‌بوڵ بکه‌ن، هه‌مووانیش ده‌زانین ئه‌مه سوود
به پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه ناگه‌یه‌نێت، کۆمه‌ڵگه‌ی پێشکه‌وتوو، ئه‌و
کۆمه‌ڵگانه‌ن که تاکه‌کانی یه‌کتری قه‌بوڵ ده‌که‌ن و رێز له بۆچوونه
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فیکرییه‌کانی یه‌کدی ده‌گرن و به یه‌که‌وه
ده‌ژین.
ماڵپه‌ڕی
شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا
|