په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١١

لە ئێوارەی سوتانی لانە لە لانەکەیدا..

شوان عوسمان   


لەو ئێوارە تەزیوەدا لە ساتی دەستلێبەردانت لەگەل هاوڕێ ودەستەخوشکە هۆلەندیەکانت، جەستەت زیاتر دەتەزا لە چاوەرێی ئەوەش نەبووی ئەو دەستلێکبەردانە کتوپڕە بێ بڕانەوە بێت ودوایی نەیەت، ئەو ئێوارە چەند کش ومات بوو لە هەستی نادیاریشتدا ئێوارەیەکی چەند جیاواز بوو وەکو ئێوارەکانی پێشووتر نەبوو بۆیە ئەوەندەی دیکە مات ببووی کە دەستت لە یاری وقسەی خۆش هەڵگرت، لە هەولی ئەوەدابووی لێیان جودا ببیتەوە، بەڵام ئەوان هەروەکو هەستیان بە هاتنەپێشەوەی رووداوێکی ناوەخت کرد بێت، هەولیان دەدا لەو بریارە ساردت بکەنەوە پێیان گوتی:


- " دەبا هەندێکی دیکەش لەگەل یەکتر بمێنینەوە.. پەلە مەکە..ئەوها زوو مەڕۆ...هێشتا زووە ".


ئەوان حەزیان دەکرد ئەوها زوو بە جێیان نەهێلیت وئەتووش حەزت دەکرد زیاتر بمێنیەوە، بەڵام ئەوەشت دەزانی ئێستا ماڵە گەرمەکەت بە گەرمی چاوەڕێنەو خوشک وبراکەشت برسیانەو ئارامیان لەبەر بڕاوەو دەیانەوێت زوو خڕ ببنەوەو دانییشن نانێکی گەرم بەیەکەوە بخۆن ،باوک ودایکیشت وەکو رۆژان لە سەر ئاگردانی چاوەڕوانی دەکوڵێن وئەگەر لە کاتی دیاریکراوی خۆت درەنگ تر بچیتەوە ماڵەوە، ئەوا بێ سێودوو بەزمێک روو دەدات ولێت توورە دەبن وتام لە چوونە دەرەوەکەی ئەو رۆژەشت نابینی، حەزت دەکرد دڵی دەستەخوشکەکانت نەشکێنی و وەختێکی زیاتریش لەگەلیاندا بمێنیەوە، بەلام ناچار بوویت دڵ نەشکاندنی باوک و دایکیشت هاوکات پێویست وگرنگ بوو، ئەتوو دەتزانی دایک وباوکت تا دەچیتەوە چەند دڵیان لە سەر دەستیان دەبێت، بەتایبەتی باوکت کە وەکو بۆرەپیاوێکی ئیسلام زۆرجار رەفتاری دەکرد وپێی دەگوتی:


- - کچەکەم دەبێت تۆ زیاتر ئاگات لە خۆت بیت تۆ کچی کوڕ نیت..


هەرچەندە تۆ لەو وڵاتە بە کچ لە دایک ببووی ولە وڵاتی دایکی دایکت روسیاو کوردستانی باوکت نەژیا بوویت، لێرەدا هەستت بە جیاوازی کچ وکوڕ نەکرد بوو، لێرەوە چاوت کردۆتەوەو هیچ شتێک لە بارەی کەلتوورو ئاکاری دایک وباوکیشت نەدەزانی، هەرچەندە هەردووکیان لە دوو وڵاتی جیاواز ودوو کەلتووری جیاواز هاتبوون وزۆر شتیان لەگەل یەکتر جیاواز بوو، بۆیە پێت وابوو ئاسان نیە شتێک لە ژیانتدا هەستت پێ نەکرد بێت، ئنجا ملکەچیی بیت، بەڵام مانەوەی شیرازەو رێسای خێزانەکەتان کە هەر پێنج لاتان لە سەری رێککەوتبوون گرنگ بوو تێک نەچێت وئەوەشت لە لا مەبەستی سەرەکی بوو، بەڵام نەدەکرا تۆش لە دابارانی بارانی وڵاتی دایک وباوکت چەترت لێرەوە هەڵکەی، لێرە دەژیت نەک لە وڵاتی ئەوان، ئەگەر وەکو ئێرە نەژیت و وەکو ئەوێش بژیت پێت وابوو زۆر شاز دەرئەچیت..


بەرەو ماڵەوە رووت وەرگێڕاوە بەدەم بزەیەکی تەڕو ئاوڕێکی تەڕتر بە رازو تاسەی بەیەکەوە گەیشتنێکی دیکە، بە دەست راوەشاندنێک ماڵئاواییت لێکردن وئەوانت بەجێهێشت، بەڵام هەرگیز ئەوەت نەدەزانی ئەو بەجێهێشتنە کاتی نیەو دوا ماڵئاواییشەو جارێکی دیکە نە گەڕەک ونە کۆڵان ونە دەم وچاوی یەکەیەکەی هاوڕێیەکانت دەبینیەوە...


کە بەرەو ماڵەوەش سەرت هەڵگرت و پێت خستە ئەودیو دەرگای حەوشەکە چاوت لەوە بوو سبەینێش وەکو جاران لە هەمان کاتدا بگەرێیتەوە ماڵەوە، بەڵام هەرلە بیری ئەوەشدا نەبووی ئەوە دواجارە بە پێی خۆت لەو دەرگایە بێیتە ژوورەوە جاریکی دیکەش ئاسان نیە بە ئیرادەی خۆت بچیتە دەرەوە، روخساری دایکت یەکەم روخسار بوو لەبەردەمت چەقی وبزیەکتان لەگەل یەک گۆڕیەوەو ئامێزیکتان لێکوەرێناو بە زمانێکی رووسی پەتییەوە یەک دوو وشەتان لەگەل یەک گۆڕیەوە، ئنجا رووت بەرەو باوکت وەرگێڕاو بە ماچێک هەناسەتان لەگەل یەک گۆڕیەوەو بە کوردی وزەردەخەنەیەکی کوردانەوە لێکبوونەوەو ئنجا وتت :
- "چۆنی بابە گیان ....".


پێش ئەوەی دەستت بشۆی لەگەل براو خوشکە گچکەکەت بە هۆلەندی ورووسی وکوردیەکی شڕو شەق چەند گاڵتەو قسەیەکی خۆشت کرد، بە دەوری مێزی نانخواردنەکە، دانیشتن ئەو مێزەی نزیکەی ١١ ساڵ دەبێت لەگەلتان هاودەمتانەو لێرەدا لە بن ئەو بنمیچەی سێ جۆر عەقلیەت وسێ سەلیقە کۆ بوونەتەوە، بەڵام بریار درا ئەگەر ناکۆکیش بن ئەوا نابێت ناکۆکیەکان لە سەر خوانی نان خواردن درێژە بکێشن ودەبێت بەتاڵ ببنەوە، لە نێوان سێ جۆر نان وتامی خواردنی جیاواز کێشەکانتان بە لاوە بنێن وبە قسەی خۆش وبزەی بەتام نانەکەتان بە لەزەتەوە بخۆن، بەلای تۆشەوە هەبوونی ناکۆکیش ئاسایی بوو چونکە زۆرجار لەگەل دایک وباوکت سەبارەت بەو مەسەلەیە مشومڕتان کرد بوو، بە تایبەتی دایکت کە دەیگوت:


- کچەکەم ئاساییە من وباوکت لەگەل ئێوەش کێشەمان هەبێت..چونکە ئێمە هەر یەکە لە وڵاتێک هاتووین..هەریەکەمان سیفات وسیمای نیشتمانێکمان هەڵگرتووە....


هەستت بە جیاوازیەکان کرد بوو، ئەویش لە دەرئەنجامی هەبوونی سێ ناسنامەی کەلتووری ونەتەوەیی جیاواز، جا لەسەر ئەوە رێککەوت بوون کە لە سەر ئەو مێزە دەبێت هەمووتان ئاسایی ببنەوە، بەڵام هەرگیز لە بیرەوەری ئەوەشدا نەبووی ئەو دانیشتنە خۆش وگەرمە دوا دانیشتن وگرد بوونەوەتان بێت بە دەوری ئەو مێزە پڕ تام وهەمەکەلتوورو هۆشمەندیە جیاوازە، دەنگی تەلەفزیۆنەکە جارێکی دیکە ئێوەی بە بەیەکەوە گرێدا ولە دەوری خۆی ئامێزی لێوەرێنان، هەریەکە لە لایەکی هۆلەکە نیشانەتان لە سەر شاشەکە گرت ولە بەرامبەریدا کڕومات لێی دانیشتن، هەر هەمووشتان لە سەر یەک خاڵی سەر هێلی جامەکە روانینتان قەتیس کرد..


هەموو رۆژێک لەو کاتانەدا لە بەرامبەر تەلەفزیۆن چوارمێخەتان دەبەست، ئەو کاتەش بایەخ وگرنگی تەلەفزینت دەهاتەوە بیر بە لاتەوە شتێکی گرنگی تەکنەلۆژیا بوو کە دەتوانێت هەمووتان لە یەک چرکەساتدا گرد بکاتەوە، مرۆڤ چەند لە رەنگ وناسنامەو تەمەن وکەسێتی جیاواز بێت لە بەرامبەر ئەو ئامێرە سەیرە هیچ جیاوازیەکی نامێنێت وبێدەنگ دەبێت و ورتەی لە دەم دەرناچێت وبە هێمنی گوێی بۆ شل دەکات، لە کاتی تەماشاکردندی ئەو شاشەدا هەموو نیگاو سەرنجە جیاوازەکانی تەمەن لە یەک پنتدا کۆ دەبنەوەو وەکو یەکتر شتەکان دەبینن...


ئەو دانیشنەی دوای نانێکی چەور بە چایەکی بۆنهێل وقاوەیەکی گەرم وبۆندار، لەزەتێکی دیکەی بە زارتان دەبەخشی، زۆرجار لە خۆت دەپرسی ئەو کەسانەی ئەو هەموو تام ولەزەتە خۆشانە وەردەگرن، چۆن دەتوانن بە چاوتروکانێک هەموو شتێک لە بیر بکەن ودەست لەو هەموو شتانە بەردەن وچۆن دەستیان دەڕواتە گەردنی یەکتر....


بەڵام لەو مەزەندەی ئەمڕۆکەدا نەبووویت کە ئەم دانیشنتە دوا خڕبوونەوەی خێزانی بێت وجارێکی دیکە نە تامی قاوەی سوتاوو نە بۆنی چای کوڵاوو نە دەنگی تەلەفزیۆنێک ونە تریقەی پێکەنینێکی منداڵانە هەبێت بانگتان بکات ودەستتان لە مل بکات وبە خەندەو ورتەورتێکی سازگار، ئەو هۆلە ساردو ماڵە خامۆشەی ئێستا بشلەقێنن وبیکەنە بەهەشتێکی پیرۆز ..


وەکو رۆژان دایکت هەستا چوو سەبەتێک مێوەی رەنگاورەنگی هێنا، تا بەر لەوەی خەو بتانباتەوە هەناوتان تەڕ بکەنەوەو شتێک بخۆن، وەکو جاران بە دەوری مێوەکەش ئەلقەتان بەست، میوەکانتان تام کردن وجارجاریش قسەیەک دەکرا، بەڵام قەت لە خەیاڵی تۆ دانەبوو ئەوە دوا شەوە بەو شێوە خۆش وجوانە لەگەل یەکترولە بن یەکترولە پاڵ یەکتر مێوەی تەڕ، قاش قاش بکەن وکەللەشەکری یەک دوو قسەی ترش وشیرینیش بشکێنن...


ئەو شەوە شەوێک بوو هەمو شتەکان لەبەرچاوی تۆ شیرین بوون بە تایبەتی دیمەنی بیرەوەریە ناسکەکانت لەگەل ماڵ وکەسە ئازیزەکانت، مەکتەب ومامۆستاو هاوڕێیەکانت، گەڕەک وبازاڕ نە دەستت نە زارت نە لووت وگوێچکەکانت لە بەیەکەوە رابواردنی کاتێکی زیاتر تێر دەبوون حەزت نەدەکرد شەوەکە وا زوو وبە ئاسانی لەبەر دەستت بڕوات دەست لەو لەزەت وتامانە هەڵگریت، هەستت دەکرد خەوی ئەمشەوە هەموو ئەو شتە خۆشانەت لێ دەدزێت وچرای رابردووت دەکوژێنێتەوە...


هەرچەندە کە تەماشای سیمای دایک وباوکت دەکرد بۆنی تەمێکی نائارامی وخەمێکت لە سەر رەنگیان هەست پێدەکرد، بەڵام نەتدەزانی سەرچاوەکەی چیەو بە شتێکی ئاساییشت دەزانی چونکە بەو دیاردەیە بە درێژایی تەمەنتان تا رادەیەک بەوە راهاتبوون، بۆیەزۆر کەللەت پێوە خەریک نەدەکردو لە بیر خۆت دەردەهێنا، بەڵام خۆ ئەوەشت نەهێنا بووە بەرچاوی خۆت لەوانەیە ئەوە دوا شەو بێت ئەو دوو روخسارە دڵ بە خەمە لە ژیانتدا ببینیەوەو جارێکی تریش سەختە لەبەردەمت دووبارە ببنەوە...


- - " لانە ئەوە بە چ خەریکی ئەلێی ئەمشەو ناتەوێ بخەوی... ".


- بە دەنگی باوکت راچەنی ونەتزانی چی بە بابت بلێی هەرچی شتێکیش بگوتبایە راست دەرنەدەچوو چونکە بە خۆشت نازانیت چیەو چ هەیە وچ روو دەدات لەو حالەتەش دەتزانی هەرشتێک لە زارت دەربچێت بابت بروایان پێ ناکات چونکە ئەو بابتەو باش دەتناسێت، نەشتئەزانی بۆ تۆ ناتەوێت بچیتە ئامێزی ئەو سەرخەوە نەگبەتیەی ئەوشەوە تا راستگۆیانە هۆیەکەی بزانیت، چەند سەرت لە خۆت سوڕما بوو ئەوەندەی دیکە سەرت لە پرسیارە پڕ گوماناویەکانی باوکت زیاتر دەسوڕما، بۆیە لەگەل خۆت وا مشتومڕت دەکرد:


- - باشە نازانم باوکم بۆ ئەوشەو بۆ ناچێت بخەوێت ولەبەرچ ئەیەوێت زوو بخەوم.


- بەڵام لەگەل ئەوەش بواری ئەوەت نەما بوو زیاتر لەگەل خۆت مشتومڕ بکەیت بۆیە کە چاوت بەرز کردەوە یەکاویەک چاوە سەوزەکانت لە چاوە سۆرەکانی باوکت گیر بوو، نیگای خەواڵووت بە شاخی ترسێک هەڵزنا، دوو چاوەکانی وەکو دوو کوورەی پڕ لە ئاگر ودوو پشکۆ دەرەوشانەوە ئەوە یەکەمجار بوو ئەوها چاوە گەشەکانی باوکت بە دوو چاوی پڕ سام وتۆقێنەر ببینی وەکو ئەوەی چاوی باوکێک نەبێت وچاوی کەسێکی دیکەی بێگانە بێت بەرچاوت کەوێت، ئەو کەسانەی لە فلیمە ترسناکەکانی باوکت، دەردەکەون کە جارجار لە تەلەفزیۆن تەماشیان دەکات ئەو کەسە لەبەردەمت دەبینرا بە هەڕەشەی چاوەکانی دەیەویست ترس بخاتە ناو چاوەکانت...


- - " بابە گیان ئەوە چیتە چاوەکانت بۆ ئاوا سوورو هیلاکن ... " .


- بە باوەش تێوەرکردنێکی باوکانە، باوکت قسەکانتی بڕی وبەردەوام بوونیان شتێکی زیادە بوو، تۆش هەروەکو ئەوە یەکەمجار بێت هەست بە ئامیزی باوکەکەت بکەی تامێکی دیکەی هەبوو، بۆیە بە رۆح وجەستەوە ئامێزت لەو ئامێزە گەرمەی باوکت کرد وحەزت نەدەکرد لە یەکتر جودا ببنەوە، ئاسانیش نەبوو جودا نەبنەوە چونکە بەیانی مەکتەبت هەیەو دەبێت زوو بخەویت، بەڵام ئەوەی بەلای تۆوە گرنگ بوو، ئەوە بوو کە بزانیت ئەو گڕەی خۆشەویستیە چیە ئەوها لە پڕ دەرکەوت ولە چ سەرچاوەیەکیش سەری هەڵگرتووە، بەڵام هەرچەند هەولت بدابایە هەر نەتدەزانی، چونکە ئەمشەو هەموو شتیکی راستی تەواو دەبێت، ئەمشەو دواجارە لەزەت لە گەرمی ئەو باوەشەو لەو ماڵەو لەو خێزانە بکەیت، نەتدەزانی چ ئاگرێکی رەشیش چاوەڕێتە هەموو شتێکی زیندووتان، هەر لە تەمەن ماڵ خەون حەز خۆزگەکەکانی ژیانی پێنج کەس دەبنە خۆڵەمێش وجگە لە تەونی بیرەوەری وماڵ وجەستەیەکی دوکەڵاوی بە قەقنەس شتێکی دیکە لە دواتان بەجێ نامێنێت..


- - " کچەکەم هیچ نیە ...ئەمشەو شەوێکە ئەبێ زوو بخەوین با هەموومان بەیەکەوە بین... نابێت کەسمان بە تەنیا بمێنێتەوە با هەموومان لەگەل یەک بین ولە یەکتر دانەبڕێین...ئەمشەو من عاشقێکی سوتاوم لە ناو گڕی خەمێک ئەسوتێم ..ناشمەوێ بە تەنیا بسوتێم..بە خۆشم نازانم بۆ دەبێت بسوتێم ..لەوانەیە گڕی رابردووی وڵاتەکەم بێت ..یان ئاگری خەم وکوێرەوەری دوورەوڵاتیە دێت ودەمسوتێنێت..".


- تۆش باوکت باش دەناسی ودەتزانی ئەو چەند بە گڕی دوورەوڵاتی رۆژانە دەسوتێت ودەمرێت هەرواش دەتزانی مەبەستی ئەوەیە..بەڵام باوکت بواری بیر کردنەوەی نەهێشتەوەو وا هاتە قسە :
- - " من نامەوێت تەنیا بم لە وڵات.. نەشتوانم ئێوە ببینم...نابێت لێتان داببڕێم... ناشمەوێت بە تەنیا لێرە لەسەرخۆ بمرم ..دەبێ هەموومان لەگەل یەک بین..من لە دووری ئێوە چرکەیەک چیە ناتوانم بژیم..حەز ئەکەم لە مردنیشدا بەیەکەوە بین...".


- لەگەل قسە بریندارەکانی باوکت لە خەیاڵەکانت راچەنی وگوێت بۆ قسەکانی هەڵخست وەکو ئەوەی یەکەمجار بێت ئەو قسانە ببیستیت بەلام لەگەل ئەوەی ئەوشەوە حەزت لەوە بوو نەنوویت وگوێ لە باوکیشت رادێری جۆرە ترسێکی شاراوەش هەبوو هەڕەشەی لێدەکردی بەلام نەتدەزانی ئەو هەستە لە کوێوە سەری هەڵگرتووە...


- - " کچە جوانەکەم وا باشە بچین بخەوین ئەو خەوە خەوێکی پیرۆزەو ئاسودەیی بۆ هەموو لایەک دێنێت لە هەموو شتێکیش خۆشترە.. با هەموومان بەیەکەوە بین.. هەموومان بەیەکەوە چاو لێک بنێین..بەیەکەوەش لە خەو هەستین ..ئێمە هەموومان هەر بەیەکەوە جوانین... ".


- ئەو قسانە هەرچەندە شتێکی تازەو بۆنی هەستێکی بۆنخۆش وناسکیان لی دەهات، بەلام ترسێکش هەبوو لە پشت پەردەیەکەوە سەرەتاتکێی چاو سوور کردنەوەیەکی دەکرد، لەوەی کە نازانیت چی روودەدات ئەمشەو یاخود سبەی چی دەبێت...


- لەو ماڵە ئاوەدان وباخە بۆنخۆش وپڕ جریوەجریوو مۆسیقا چڕینەی سێ هۆزارە نەشمیلەکان، دوای سەعات دووی شەو هیچ شتێکی وەکو خۆی نەما بوو نە رەنگ نە سیما نە دەنگ نە بۆن جگە لە چەند قیژەیەکی ناسک وهاوارێکی کورتخایەن کە کۆتاییان بە هەموو شتێک هێنا، لەو مالە خۆشەی دوێنێوە، ئەمشەو گۆڕا بۆ خەرابات وقەبرستانێکی پڕ لە ئاگرو خۆڵەمێش وپشکۆو تەرم، گەڕەکیش هەر هەموو دڵتەنگ وقوڕگ پڕ لە گریان رژانە سەرجادە، بەڵام هیچ کەس نەیاندەزانی بیر لە کێ بکەنەوە لە (لانە ) یان خوشک وبرا گچکەکەی یان دایک وباوکیان...


- پۆلیس وپیاوەکانی ئاگر کوژێنەوەش لەسەرەخۆ بەدەم ئاگر کوژانەوەو وردە وردە هەر پێنج جەستەکانیان دەهێنانە دەرەوە، لە سەر جەستەی سێ تەرمە گچکەکان بە ئاشکرا رۆحی پەپوولەیی سێ پەپوولەی سپی دەبینران وبە سەر ئەو ماڵە سوتاوە دەفڕین کە تێر بە گوڵی تەمەنی ناسکیان، رۆح وجەستەیان تامیان لە هەڵالەی ژیان نەکرد بوو بە دەستی جانەوەرێکی هارو دڕندە لاسکی ژیانیان لێ هەڵپڕوکا بوو، لە بڕی ئەوەی لە ئاگرو دۆزەخ دووریان بکاتەوە، بە خۆی ئاگری بۆ هێنان، لانەی خەون وخۆزگەکانیانی هەڵکڕوزاند، بەو فڕینەش لە سەر ئاسمانی ئەو ماڵەدا بە دەم چڕینی گۆرانیەکی جەرگبڕ پێداگرتنێک لە گەروویان هەست پێ دەکراو لە هەولی ئەوەشدا بوون، نەفرەت لەو دەستە نەگریسە بکەن کە مەرگی ناوەختیان بۆ هێنان وناشیانەوێت وابەستەیی بوونی خۆیان بەو باوک ودایکە سەر بەگێچەلە ببەستنەوەو لە سەفەری کۆچی جوانەمەرگی ناوادەیان، یاخی دەبن وهەنگاوێک لەگەلیان ناڕۆن، باوەڕیش بەوە ناهێنن کە مردوون ولە ژیان نەماون ودونیا بەجێ دێلن ......


- دوو تەرمە سوتاوەکەی دیکەش یەکیان وەکو کارمامزێکی خنکێنراوی بەر داوی راوچی، لە بەردەم چڕنووکی جانەوەرێک لە ئاخیر هەناسەو قیژەی هاواریدا قورگی خنکاوی بە مردن ئاشنا ببوو، جەستەکەی دیکەش رەق ورەپ وەکو دەهۆل هەردەفا بوو، لە قەوارەی ئاسایی خۆی دەرچوو بوو زۆر زەبەلاح وزلتر دەهاتە بەرچاو ئەوەندە نەمابوو بتەقێت، لەشێکی سامناک وبە ترس وترسناک کە بە هیچ شێوەیەک لە مرۆڤ نەدەچوو، دوو کەلبەی تیژو بەسامی لە ناو دەم چەقی بوون، لە سەر سەریشی دوو قۆچی گەورەی بلح روا بوون، بە جانەوەرێکی خەیالی زۆر دڕندە دەچوو هەرگیز بە باوکێک نەدەچوو، چونکە لە نێوان پەنجە سوتاوەکانی چۆڕاوگەی خوێنێکی سووری ئەو مامزو پەپوولانە یەکبینە دەڕژاو دەچۆڕایەوە....


١٠\٧\٢٠١١ - هۆلەندا - دێلفت
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک