په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١١\٢٠١٦

لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران رێز لە سینەماکاری کورد ھۆشەنگ میرزایی گیرا.

 

مەنسوور جیھانی


تاران - ٢٢ی تشرینی دووەم (ZNA)، لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران لە وڵاتی ئێران رێز لە سینەماکاری کورد "ھۆشەنگ میرزایی" گیرا.

بە ئامادەبوونی دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" سەرۆکی رێکخراوەی سینەمایی ئێران، "فەرید فەرخوندە کیش" سەرۆکی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆی جیھان لە شاری تارانی پێتەختی ئێران، ئەندامامی لێژنەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ، سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و ھەروەھا ھۆگرانی ھونەریی سینەما بە پێشکەشکردنی لەوحەی رێز لە سینەماکاری ئێلامی "ھۆشەنگ میرزایی" گیرا.

"ھۆشەنگ میرزایی" لەم رێوڕەسمەدا گوتی: لێرەدا یادێک دەکەم لە مامۆستای بلیمەتی سینەمای ئێران بەڕێز "عەباس کیارۆستەمی" کە ئێمە دەرچووانی سینەمای ئێران ئەزموونە بەنرخەکانی ئەم سینەماکارەین، ھەر بۆیە ناو بردن لەم زاتە مەزنە بووە ھۆی ئەوەی کە دەنگم بلەرزێت و نە تەنیا دەنگم بەڵکوو جەستەشم بلەرزێت، بە پێویستم زانی کە لێرەدا یادێکی لێبکەم و ھەست دەکەم کە ھەمیشە زیندووە.

گوتیشی: لە ساڵی ١٩٩٠ تا ئێستا سەرقاڵی سازکردنی فیلمم و کورتە فیلمەکانی من لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی کورتە فیلمی دنیا نمایشکراون، لەوانە: فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "تامپرە"، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ھات داکس"، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "بیلبائۆ" و کۆمەڵێک فیستیڤاڵی گرینگی دیکە کە لەڕاستیدا فیستیڤاڵی پلە یەکی کورتە فیلم و فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی لە جیھاندان.

ئەم سینەماکارە کوردە ئەوەیشی ئاشکراکرد: لەڕاستیدا لە ساڵی ١٩٩٠ تاکوو ئێستا نەبیندران و ھەمیشە سەرم سووڕمابوو کە بۆچی دەنگی من بە ھیچ شوێنێک ناگات و ھیچ کەسێک نییە کە گوێبیستی من بێت و بۆچی نابێت کە من ببیندرێم؟ ھەموو کاتێک خەمم دەخوارد.

میرزایی گوتیشی: رێژەی بەشداریی فیلمەکانم لە فیستیڤاڵەکان لە دەستم دەرچووە و نزیک بە ٥٠٠ لاپەڕە سی ڤی خۆم بە "فەرید فەرخوندە کیش" سەرۆکی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاراندا کە ئەویش بەڕاستی خەمی خوارد و گوتی زۆر سەیرە کە تا ئێستا ئێوە نەبیندراون. لێرەدا زۆر سپاسی بەرێزیان دەکەم، ئەو مرۆڤە منی بینی. زۆر سپاسی ھاوسەری بەڕێزم و کوڕە خنجیلانەکەم عەلی دەکەم کە ئەو ماوەیە ھەموو سەختی و رەنجی فیلمسازی منیان بە ئەستۆ گرت و منیان لە ژیانیاندا تەحەمول کرد و ھەموو سەختییەکانیان تێپەڕکرد.

ئەم سینەماکارە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: زۆرم بەم بابەتە فکرکردەوە، ھەمیشە فکرم دەکردەوە کە بۆچی نابیندرێم، بەڕاستی چ شتێک بووە ھۆی ئەوە؟ مەگەر من ھی ئەو خاک و نیشتمانە نیم؟ مەگە شانازییەکانی من ھی ئەو نیشتمانە نییە؟ بۆچی من نابیندرێم؟

"ھۆشەنگ میرزایی" لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: ھەموو فیلمەکانم بوونەتە ھۆی ئەوەی کە گۆڕانکاریی زۆر باش و پۆزێتیڤ لە کۆمەڵگادا بەدیبێنن. ساڵی ٢٠١١ فیلمێکم سازکرد کە سینەماکاری ناوداری یۆنان "تێئۆ ئانجێلۆپۆلۆس" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئاتێن" رێزی لەم فیلمە گرت و خەڵاتی گەورەی ئەم فیستیڤاڵەی پێشکەش بە فیلمەکە کرد. ئەم فیلمە چیرۆکی کوڕە کوردێک بوو کە بە ھۆی ئەڵغامەوە دەست و چاوەکانی لە دەستدابوو و بە لێوەکانی کتێبی برێلی دەخوێندەوە. ئەم کوڕە بە تەواوی لە ژیان بێتاقەت ببوو، بەڵام ئەم فیلمە ئەوەندە لە فیستیڤاڵە گرینگە جیھانییەکان نمایشکرا و درەشاوە کە ئەنجوومەنی کۆرانی سوید ئەو منداڵەیان بانگھشێت کرد و ئێستاکە ماستەری بەڕێوبەریی لە زانکۆی تاران دەخوێنێت.

سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بە سەرۆکایەتی "فەرید فەرخوندە کیش" و بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و ١٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٤١ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای ئێران" لە لقەکانی فیلمە چیرۆکییەکان، فیلمە دیکۆمێنتارییەکان، فیلمە ئەزموونییەکان و فیلمە ئەنیمەیشنییەکان، بەشی پێشبڕکێی "وڵاتانی ئاسیایی"، چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی و چەندین بەشی دیکە لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەچوو.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک