١٤\١٠\٢٠١٥
لەگەڵ
مردن ناچمەوە قسان.

عەبدولموتەلیب
عەبدوڵا
بە قسان لەگەڵ
تاریکی ژیانم دەبڕی
لەگەڵ شەو چاومان لە چاوی یەک نابوو
جەستەم سیس
بینایم وەک چرای دزان کز
دڵ گەیشتبووە کۆڵانە تەنگەکانی تەسلیم بوونەوە
بیر لە چ بکەمەوە ھەر ئەوەیە
تاریکی بەر لەوەی بۆ شەو خۆی داکەنێ
بۆ من وەک گۆڕەپانی شەڕ
خۆی خستبووە سەر گازەرەی پشت
من چۆلەکەی تەریووی بەر مانگەشەو
نوغرۆی خۆم بووم
تاریکی لە فڕینم دەچۆڕا
وەک چۆن گوڵەبەڕۆژە دەکەوێتە بەر خۆر
کەوتمە نێو قسەی شەوان
بیر لە چ بکەمەوە ھەر ئەوەیە
ئاوڕدانەوەی تاریکی ریشی سپی کردم
مردن ھێلانەی لە سەرمدا کردبوو
قسەم بۆ نەدەھات
تەنھا لە خەودا زمانم دەگەڕا
تەنھا لە خەودا دەمم لە ژیان دەکوتا
دەزانم خەو قسان دەباتەوە بێدەنگی
ژیان دەباتەوە سەرەتا
من لەبەر مردن ئاگام لە خۆم نەبوو
لەگەڵ قسان ھەنگاوم دەنا
ئاگام لە خۆم نەبوو
ھاوڕێکانم پایزیان ھێنابووە بەر دەرگا
پایز بوو ئەو ھەموو گەڵایەی زەرد کرد
من نازانم بیرم لە چی دەکردەوە
بە کەوتنەخوارەوەی ژیان بە ئاگا ھاتمەوە
بۆنی بەیانی لە لووتم دەھات
رەنگی ئاسمانم دەناسییەوە
ھەستم بە پشکوتن دەکرد
بە ھاوڕێکانم دەڵێم وەرنەوە بۆنی دنیاتان لێدێ
شەو بەیانی باش لە شەوی پێشتر ناکا
لە تەماشاکردنی شەو ھەڵاتم
شەو چوو بەیان ھات
ھەموو ئەوانە خەون نین ئەوەی دەڵێم ئەوەیە
دووبارە دەستم لە دەستی ژیاندایە
ئاوڕدانەوەی تاریکی ریشی سپی کردم
ھاتمەوە بەر رۆناکی لەبەر خۆمەوە دەڵێم
لەگەڵ مردن ناچمەوە قسان
بە ریشی سپی لەگەڵ ھەتاو دەمێنمەوە.
١٢\٥\٢٠١٥
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|